ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی سی-ئای-ئەی: عێراق دوو جۆر چەکی کیمیاویی‌و، ئێرانیش یەک جۆر چەکی کیمیاویی لەخەڵکی هەڵەبجە داوە!

شه‌ریف عەلی
  2023-03-14     1052

خوێنەرانی بەڕێز، وەک لە بابەتی 'کێ ئەندازیاری ڕاپەڕین' بو، بەڵێنم پێدان کە چەند بەڵگەنامەیەکی زۆر نهێنیی سی-ئای-ئەی لەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بڵاو بکەمەوە. فەرمون لەم بابەتدا بەڵگەنامە [زۆر نهێنی]یەکانی ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی سی-ئای-ئەی لەسەر پرسی کاریگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە شەڕی ئێران و عێراق دا، ببینن. 

 

چەند هاوڕێیەک لینکی پەیجێکی نزیک لە پارتییان بۆ ناردم، کە وادیارە بابەتەکەی پێشومیان لە (ئاوێنە) بە دڵ نەبوە، نوسیویانە: '' شەریف عەلی دەڵێت: ئیتلاعات ڕاپەڕینی کوردستانی کرد! سودی چییە بڵێیت: قوربانیانی هەڵەبجە دوو هەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوە. ماوەیەکە بەڵگەنامەی تەزویر بڵاودەکرێتەوە''.

من لە کوێی بابەتەکەم دا نوسیومە: ''ئیتلاعات ڕاپەڕینی کوردستانی کرد!؟''. بۆچی ڕەفتارێکی ڕەوشتئامێز ناگرنەبەر کە بابەتەکە بە تەواوی لە پەیجی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە، نایبەن و بڵاوی ناکەنەوە.

هەزارجاری تر دەیڵێم: "دەیان بەڵگەنامەی سی-ئای-ئەی جەخت دەکەنەوە کە کاتێک سەددام هێرشی کردۆتەسەر کوەیت، بەشی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵدەستێ سەرکردەکانی حیزبی دەعوەو یەکێتیی بانگ دەکات، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئایدیای ڕاپەڕین (بیرۆکەی ڕاپەڕین) یان هەبوە بۆ هەمو عێراق بە ئامانجی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی (جمهوری ئیسلامی عێراق) لە عێراق دا، کە ببێتە لقێك لە ڕژێمی ئێران. واتە: ئەجێنداکەی ئێران لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کورد دا نەبوە. دوای ئەوانیش بەشی ئیتلاعاتی پاسداران لایەنەکانی تریش بانگ دەکات. بەڵام ڕونە ئەوەی ڕاپەڕینی [بە کردەوە] کرد نەتەوەی مەزن و شۆڕشگێڕی کوردستان بو".

ئێستاش دەڵێم: چەندان بەڵگەنامەی سی-ئای-ئەی جەخت دەکەنەوە کە ئێران چەکی کیمیاوی لە جۆری [کلۆریدی سیانۆجین] لە دژی خەڵکی هەڵەبجە لەڕێگەی تۆپخانەکانییەوە بەتۆپی ١٥٥ ملم بەکارهێناوە. تەنانەت ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی سی-ئای-ئەی لەیاداشتەکەیان بۆسەروی خۆیان، هێندە زانیاری دەقیقیان پێگەشتوە کە وێنەی یەکێک لەو تۆپانەشیان بە یاداشتەکەیانەوە هاوپێچ كردوە کە ئەو جۆرە گازە کیمیاوییەی تەقاندوە (هاویشتوە). بۆیە ئەگەر تۆزقاڵێك ڕەوشت و ویژدانتان هەبێت، ئەمجارەش ناڕۆن لەپەیجەکانتان بڵێن: "شەریف عەلی دەڵێت ئێران چەکی کیمیاوی لەهەڵەبجە داوە". بەڵكو یا بابەتەکەم کە لەئاوێنەدا هەیە، بە تەواوی بیبەن و لە پەیجەکانتان دایببەزێنن. یان بڵێن: شەریف عەلی دەڵێت بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکانی سی-ئای-ئەی وادەڵێن! یاخود هیچ بە ناوی منەوە لە پەیجەکەتان بڵاومەکەنەوە".

ئینجا لە ڕوی نەتەوەیی و توانای زانستیشەوە، لەچوار زانکۆ وانەبێژ بوم و خەڵکێک هەن لە نزیکەوە دەمناسن. [هەرگیز ئامادە نیم وەسفی خۆم بکەم، یان هیچ پلەوپۆست و پارەیەکم لەمیللەتەکەم بوێ، چونکە هەمیشە بەسەربەرزانە ژیاوم]. ئەوانەشی شاهیدن دەزانن لەزانکۆ دەیان غەدرم لێ کرا. ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٤ بخوێننەوە لەسەر ئەو غەدرە ئاشکرایانەی لێم دەکرا، بەڵام هەر کۆڵم نەدەدا. کار گەشتە ئەوەی ناوی من لە لیستی زەوی پێدان دەربێنن و، هاوڕێکانم کە لە یەک ڕۆژدا دامەزرابوین و، لە یەک ساڵ دا ماستەرمان خوێندبو، زەوییان وەرگرت. خیانەتە نەتەوەییەکانی من ئەوەبو: دوو جار بەشدار بوبوم لە گردبونەوە بۆ ئازادی ئۆجەلان. سێ جار لە زانکۆی سلێمانی کۆڕم لەسەر قاسملو گرتبو. سەدان نوسینم لەسەر زوڵم و ستەمکاریی ئەم گروپە کوردییانە دژی میللەت نوسی بو، تا دەگات بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی تریشم. خەڵکێک هەن دەزانن زۆر ڕاشکاوم لە دەربڕینی بۆچونەکانم و، وەڵاهی تا ئێستا لە ژیانم دا کەسم نەدیوە لە خۆم زیاتر [کوردستان و کورد]ی خۆش بوێت، واتە لە خوێنم دایە.

ئەوەندەی بەم تەمەنە کەمەوە دژی داگیرکەرانی کوردستان نوسیومە، چ بە کتێبەکانم، چ بە چاوپێکەوتنەکانم و کۆڕەکانم و، چ بە بابەتەکانم: ئەوپەڕی بێویژدانییە کە مرۆڤ نادیدەی بکات! بەلام ئەمە بەو مانایە نایەت چاو لە ستەمکارییەکانی گروپە کوردییەکان و مێژوی هێنانی داگیرکەران، لە یاد بکەم. ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە ڕەوشتی زانستییم لا بدەم! ئەمە بەو مانایە نایەت کە لەوە تێنەگەین بۆچی کیمیاباران و ئەنفال ڕوی دا؟ فاشیستی ڕژێمی سەددام پرسە کردارەکییەکەیە، ئەی فاکتەکانی تر نابێت شیکارییان بکەین و بە بەڵگە بیسەلمێنین!؟

خۆ ئەگەر شتێک بزانم بە زیانی بەرژەوەندی گشتی میللەتەکەمە، با بەڵگەنامەشم دیبێت. خۆم دەپارێزم. بۆ نمونە: دەیان بەڵگەنامەم خوێندۆتەوە کە باس لە کردەوە [ت]ییەکانی پەکەکە دەکەن لە ئەوروپا دژی ئەوانەی لێیان جیابونەتەوە. [هەرگیز] ئامادە نەبوم بڕۆم کۆیان بکەمەوە و بڵاویان بکەمەوە، چونکە پێشبینیم ئەوەبوە کە زیان لە ناوبانگ و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەم دەدات.

سەبارەت بەوەی دەیانەوێت خەڵک لە خشتەببەن، کە گوایە: "کێ دەڵێت ئەو بەڵگەنامانە تەزویر نەبن!؟".

 بەڵگەنامە [زۆر نهێنییەکانی بەریتانیا و سی-ئای-ئەی] بە "شەریف عەلی" تەزویر ناکرێ و، بۆچونی [گەمژانە] مەخەنەڕو. خەڵکی کوردستان تێگەشتون و، ساویلکە نین و، زۆر لە ئێوە هوشیارترن. من ناونیشان و ژمارەی ئەم فایلە بەڵگەنامەییە [زۆر نهێنی]یە دادەنێم. کۆپی لاپەڕەکانی فایلەکەش بە ئینگلیزی دادەنێم، بڕۆن پیشانی [بەشی سیاسیی] کنسوڵی ئەمریکای بدەن لەهەولێر، یاخود پیشانی باڵوێزخانەی ئەمریکای بدەن لە بەغداد.

خوێنەری بەڕێز، چەندان بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی هەن ساغی دەکەنەوە کە عێراق لە ڕێگەی فڕۆکەوە دوو جۆر چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە داوە، کە بریتین لە:

١-گازی خەردەل.

٢-گازی تابون.

بەڵگەنامەکان بە پشت بەستن بەو کاربەدەستە باڵایانەی ئێران کە زانیارییان بە سی-ئای-ئەی داوە ساغی دەکەنەوە کە ئێرانیش یەک جۆر چەکی کیمیاویی بە تۆپی ١٥٥ ملم لەخەڵکی هەڵەبجە داوە، کە بریتییە لەگازی کیمیاوی:

Cyanogen Chloride ، واتە بە کوردییەکەی دەبێتە: کلۆریدی سیانۆجین.

لەوکاتەدا ڕژێمی عێراق ئەم جۆرە چەکە کیمیاوییەی نەبوە. ڕژێمی ئێران هەیبوەو لە کارگەکانی چەکی کیمیاوی خۆی بەرهەمی هێناوەو، لە ڕوی بازرگانی چەکی کیمیاویشەوە هەندێکجار بە لیبیاشی فرۆشتوە. ئەم جۆرە لە چەکی کیمیاوی ترسناکترین جۆری گازی کیمیاوییەو، بکوژێکی خێرایەو، دەبێتە هۆی خنکاندنی مرۆڤ و، بڕینی ئۆکسجین لە خانەکانی خوێن دا و، خامۆشکردنی کرداری هەناسەدان. ئەو کەسانەی ئەم جۆرە چەکە کیمیاوییەیان بەردەکەوێت (هەڵی دەمژن) ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خوێن، سییەکانیان، چاوەکانیان و دەمولوتیان دەکات. ئەو کەسانەشی گەر تۆزقاڵێک لەم گازەیان بەربکەوێت (هەڵی بمژن)، گەر تەنانەت کەسەکە بشمێنێت، ئەوا لە دورمەودادا مرۆڤ توشی چەندان نەخۆشی دەرونیی، نەخۆشییەکانی خوێن، نەخۆشییەکانی  سییەکان، لاوازی توانای بینین، نەخۆشییەکانی قوڕگ دەبێت و، پێستیش توشی وشکبونەوە دەکات.

چۆنێتی بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە کیمیاوییە لەلایەن ئێرانەوە. بەپێی بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکان، ئەم جۆرە چەکە لە ڕێگەی هەمو جۆرەکانی تۆپەوە لە تۆپخانەکانەوە بەرەو ئامانجەکە هەڵدەدرێت (دەتەقێنرێت). ئەم جۆرە چەکە بەتایبەت لە ڕێی تۆپی ١٥٥ ملمەوە دەهاوێژرێت. سی-ئای-ئەی هێندە زانیاری وردیان لەلابوە کە وێنەی یەکێک لە تۆپەکانیشی داناوە کە هەڵگری ئەم جۆرە چەکە کیمیاوییە بوە لە کاتی تەقاندنیی دا.

خۆم لە کارەساتی هەڵەبجە منداڵێکی سێ ساڵان بوم بەسەر پشتی دایکمەوە. دواتریش لە خێمەدا لەئۆردوگای هەرسین بوین. پاش ساڵێک ئینجا هاتینەوەو، ڕژێمی سەددام لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە ڕایگوێزاین بۆ ئۆردوگای بەرحوشتر لە دەشتی هەولێر. گوایە سەددام نیازی وابوە ئەنفالمان بکات. بەڵام ڕوخانی دەسەڵاتی سەددام لە باشوری کوردستان، بوبەهۆی مانەوەمان لە ژیان. پرسیارێکی سادەم هەیە: یەکێتیی و پاسداران سەرەتا ڕێگەیان نەدا خەڵکی شاری هەڵەبجە لە شارەکە هەڵبێن و بڕۆنە دەرەوە. بەلام لە هەمان کاتدا یەکێتیی هەستا بانکی هەڵەبجەی دەتەقاندەوەو، پارەی خەڵکی شارەکەی دەبرد. ئایا ئەگەر یەکێتیی ئامانجی مانەوەبو لە شارەکە: بۆچی بانکەکەیان تەقاندەوە؟ بۆچی پاسداران و یەکێتیی و پێشمەرگەی گروپەکانی تر دەکەوتنە تاڵانکردنی دوکانەکان و ئەو ماڵانەی کە خاوەنەکانیان هەڵهاتبون!؟ واتە: بۆچی لە لایەک خەلکەکە لە ناو شاردا بەبارمتە کرابو، کەچی لەلایەکی تر بانک و ماڵ و دوکانەکانیان تاڵان دەکرا، ئەگەر پلانی بە کوشتدانی خەڵکی مەدەنی لە پشت ئەو کارەوە نەبوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی دا سەددامی پێ تاوانبار بکرێ بە قازانجی ئێران!؟ کەچی زۆر زو سی-ئای-ئەی بەو پیلانە دەزانن. ئەوەشی تا هەتایە بوبە قوربانییەکی زۆر تراژیدی، تەنیا خەڵکی هەڵەبجە بو!

سەیر ئەوەیە: لە هەمو شەڕەکانی ئێران و عێراق کە دەیانجار چەکە کیمیاوییەکانیان لە دژی سوپاکانی یەکتر بەکارهێناوە، کەچی تەنیا یەکجار ئەم گازە زۆر بکوژە بەکارهێنراوە، ئەو جارەش ئێران لەخەڵكی هەڵەبجەی داوە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە: زۆربەی جار هەر لەبەرەکانی شەڕەکانیان لەپێنجوێنەوە تا بەسرەو فاو بەچەکی کیمیاویی لەسوپاکانی یەکتریان لەناو شەڕگەکان و شاخەکان داوەو، بەهەزاران سەربازیان لەیەکتر کوشتوە. کەچی لەهەڵەبجە، هەم عێراق و هەم ئێرانیش ڕاستەوخۆ لەشارەکەیان داوە و خەڵکە مەدەنییەکەیان کردۆتە ئامانج. چونکە شارەکە کوردنشین بوە، نە هی عەرەب بوە و نە هی فارس! بەئەمەشدا دەردەکەوێت کە پلانێکی تۆکمە لەپشتییەوە هەبوەو، ئێران زۆر لێزانانە پلانەکەی بۆ ڕێکخستوە!

چەندین بەڵگەنامەی تری سی-ئای-ئەی دەیسەلمێنن یەکەم هێزی کوردی کە پێشی سوپای پاسداران کەوتون بریتی بون لەپارتیی. پارتیی پێشی سوپای پاسداران کەوتون بۆ گرتنی حاجی ئۆمەران لە مانگی هەشتی ١٩٨٣. دوابەدوای ئەوە، سەددام دێتە هەولێرو، بەڵگەنامەکان دەقی قسەکانی سەددامیان بڵاوکردۆتەوە، کە بەشێکی کورت لە قسەکانی ئەمەیە: "گروپی تێکدەری کوڕانی بارزانیی و گروپە تێکدەرەکانی تری کورد هەرکاتێک خۆیان دێن و شەڕمان دەکەن: با بیکەن. بەڵام ئەگەر جارێکی تر هەر گروپێک لەم تێکدەرانە پێشی سوپای مەجوسی داگیرکەر بکەون بۆ داگیرکردنی هەر شوێنێک لەخاکی عێراق، سوێند بە خوا تەواوی ئەو شوێنە بە هەمو شتێکییەوە دەسوتێنین".

سەرەڕای ئەم لێدوانانەی سەددام، دواتر یەکێتیی بەردەوام پێشی سوپای پاسداران کەتوە، بەتایبەت دوای ڕێکەوتنی ساڵی ١٩٨٦ ی نێوان پاسداران و یەکێتیی. واتە: ئایا ئەگەر یەکێتیی پێش سوپای پاسداران نەکەوتبایە ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانی هەڵەبجە بەو شێوە تراژیدی و ترسناکە ڕوی دەدا؟ ئایا ئەگەر هێرشی یەکێتیی-پاسداران بۆ سەر شاری سلێمانی، پێش گەشتنیان بە شاری سلێمانی، نەشکانایە، چ تراژیدیایەکی ترسناک بەسەر خەڵکی شاری سلێمانیی دەهات!

زۆرجار دەبیستم سەرکردەکانی یەکێتیی دەڵێن: کیمیابارانی هەڵەبجە بو بە هۆی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەددام!

بەڕاستی ئەم بۆچونە ئەوپەڕی ناهوشیاری سیاسیی و دبلۆماسییە. بەڵکو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وای دەخواست کە ڕژێمی سەددام لەساڵی ٢٠٠٣ بڕوخێنێت. بۆچی پێتانوایە کە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨ بەوردی زانیاری لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە نەبوە!؟ ئەی بۆچی ئەوکاتە ڕژێمی سەددامی نەڕوخاندو تەنانەت لێپرسینەوەشی لەگەڵ نەکرد؟ چونکە ئەوکاتە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وای دەخواست. ئینجا خۆ یەکێتیی کە پێشی پاسداران بۆ سەر سلێمانیی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکوک دەکەوت، ئەو کارانەی بە ئامانجی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەددام نەبو. بەڵکو یەکێتیی ڕێکەوتنی لەگەڵ پاسداران هەبو کە وەک بەشێک لە هێزەکانی پاسداران پێكەوە گورز لە ڕژێمەکەی سەددام بدەن. بۆ ئەمەش تەنیا لە پێناو بەدیهاتنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی-پاسداران، یەکێتیی دەیانجار بە ئاشکرا نابەرپرسیارانە پێش سوپای پاسداران دەکەوت و، بیانوی دەدایە دەست ڕژێمی فاشیستی سەددام کە خەڵکی کوردستان ئەنفال و کیمیاباران بکات! ئەگەر یەکێتیی خەڵكی مەدەنی کوردستانی بەلاوە گرنگ بو: بۆچی چەندانجار ئەمەی چەندبارە دەکردەوەو هەر سوپای پاسدارانی دەهێنایەوە!؟

ئایا شۆڕشگێڕبون بریتییە لە لوتکەی بەرپرسیارێتیی لە پاراستنی کەرامەت و شکۆ و سەروماڵی نەتەوەکەت و تێکۆشانی یەکسانیی، یاخود بریتییە لەوەی تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی گروپەکەت، بەردەوام نەتەوەکەت وەک ئاژەڵ تەماشا بکەیت و بەسەر لوغم دا بیانبەیت!؟ لە کام قاموسی سیاسیی دا هەیە بەوە بوترێت شۆرشگێڕبون!؟

خوێنەری بەڕێز، ئەم ٢٤ لاپەڕەیە کە بە ئینگلیزی لە خوارەوە دەیبینیت، یاداشتێکی ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی سی-ئای-ئەییە بۆ حکومەتی ئەمریکا، ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی سی-ئای-ئەی لەسەر ئەم زانیارییانە ساغ بونەتەوەو، لە ڕێی کەسانی متمانەپێکراو بە خۆیان ئەم زانیارییانەیان پێگەشتوەو، لە پۆلینبەندی زانیاری سەلمێنراو بۆ حکومەتی ئەمریکایان بەرزکردۆتەوە. یاداشتەکە سەرۆکی سی-ئای-ئەییش تێیدا بەشدار بوە.

چەندین جۆر بەڵگەنامە هەن. بەڵگەنامەی نا-نهێنیی، بەڵگەنامەی نهێنیی و، بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی. ئەو بەڵگەنامانەی کە [زۆر نهێنی]ین و لەلایەن ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی هەواڵگری بۆ سەرۆکی وڵات بەرز دەکرێنەوە، بە یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی بەڵگەنامەکان دادەنرێت. چونکە زۆرینەی زانیارییەکانی ساغ دەکرێتەوە، ئینجا ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی دەزگا هەواڵگرییەکە بۆ سەرۆکی وڵاتی بەرز دەکەنەوەو، لەگەڵ زانیارییەکانیش دا، هەندێکجار تێبینیی و پێشنیاری خۆشیان دەخەنەڕو.

لە لاپەڕە پێنج دا، خشتەی ژمارە یەک دانراوە، کە لە خشتەکەدا پۆلێنبەندی کراوە کە  ئێران چەکی کیمیاوی لە جۆری گازی کلۆریدی سیانۆجین لە ڕێی تۆپی ١٥٥ ملم هاویشتوە (تەقاندوە).

لە لاپەڕە شەش دا، کاتێک دێتەسەر باسی هێرش دژی بە کوردەکان لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ بە توندی دەستی پێکردۆتەوە. دواتر دێتەسەر باسی ئەوەی کە لە مانگی چواری ساڵی ١٩٨٧ ەوە سەددام هەستا بە دانانی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای کە بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆی عێراقە، وەک سەرپەرشتیاری سیاسەتی لەناوبردنی کورد. ئینجا دێتەسەر باسی کیمیابارانی هەڵەبجە و، بە ڕونی هاتوە کە عێراق و ئێران هەردوکیان چەکی کیمیاوییان دژی خەڵکی هەلەبجە بەکارهێناوە.

لە لاپەڕە حەوتی ئەم یاداشتە زۆر نهێنییەش دا، خشتەی ژمارە دوو هاتوە. لە خشتەی ژمارە دووش دا، دیسانەوە ڕونکراوەتەوە کە ئێران چەکی کیمیاوی لە جۆری گازی کلۆریدی سیانۆجین لە دژی خەڵکی هەڵەبجە بەکارهێناوەو سەدان کەسی کوشتوەو، عێراقیش دوو چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە داوەو ئەویش سەدان کەسی کردۆتە قوربانیی.

لە لاپەڕە ١٨ ش دا، وێنەی یەکێک لەو تۆپانە دانراوە کە توانای هەڵگرتنی گازی کلۆریدی سیانۆجین هەبوە لە کاتی هاویشتن (تەقاندن)ی دا.

ڕونە خوێنەر حەوسەڵەی وەرگێڕانی ٢٤ لاپەڕە بەڵگەنامەی بۆ بابەتێکی ڕۆژانە نییەو، دورودرێژە. تەنیا دەکرێت بڵێم: ئەوا گرنگترین جۆری بەڵگەنامەی زۆر نهێنییم خستەڕو کە ئێرانیش چەکی کیمیاوی لە جۆری گازی کلۆریدی سیانۆجین لە ڕێی تۆپی ١٥٥ ملمەوە دژی خەڵکی هەڵەبجە بەکارهێناوە. بەڵآم گروپە کوردییەکان لە ئێمەیان کردۆتە فریادڕەسی خەڵکی هەلەبجە. لە یادمە لە شەڕی ناوخۆ، ئێران هاوکاری بزوتنەوەی ئیسلامیی دەکرد لە هەڵەبجە، کەچی هاوکات لەولاشەوە چەکی بە یەکێتیی دەدا، هەر خۆشی وەک ناوبژیوان بە دانیشتنی نێوانیان هەڵدەستا! ئەمە ئەگەر نابەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ناهوشیاری سیاسیی و ئۆپۆرتۆنیستیی سەرکردەکانی کورد نەبێ: چی ترە، کە ئاوا زۆر بە ئاشکرا دژی یەکتر بەکاریان بێنێت!؟

ئەمەش زانیارییە لەسەر بەڵگەنامەکە و بڕۆن بەدواداچون بکەن، لەسەر فایلی بەڵگەنامەکە ئاوا نوسراوە:

 

سی-ئای-ئەی

زۆر نهێنیی

یاداشتی ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری ناوەندی سی-ئای-ئەی

بۆ ئاگاداربونتان: کۆی زانیارییەکان لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانمان و سەرچاوە پەیوەندیدارەکانمانەوە هەتا ڕۆژی ٢٠ - ٣-١٩٨٨، بەدەستمان گەشتون.

ژمارەی بەڵگەنامە: NI IIM 88-10004C

بەرواری نوسینی بەڵگەنامەکە: ٢٢- ٣- ١٩٨٨

بەرواری ڕێگاپێدان بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکە لە ئەرشیفی سی-ئای-ئەی ڕۆژی: ٨-١٠-٢٠١٠

کاتێک هەر بەڵگەنامەیەکی [زۆر نهێنی] ڕێگای پێ دەدرێت کە لە ئەرشیفخانەی سی-ئای-ئەی دا بڵاوبکرێتەوە، ئەوا خەت بەسەر Top Secret ەکەدا دەهێنرێت. بەو مانایەی ئیتر ئاشکرا کراوە!

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×