لە گۆڕانکارییەکانی عێراقدا، لاھور چی بکات!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-08-18     1229

ئێستا دیم کە وەزیرەکەی سەدر، گاڵتە بە کۆبونەوەکەی دوێنێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، دەکات. شاھیدن سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە بابەتێکی ئاوێنەدا نوسیم، ڕاوێژکارەکانی پارتیی: پارتیی بە ھەڵەدا دەبەن و ئەگەر پارتیی بەگوێیان بکات، ئەوا بۆی ھەیە شەقامی عێراقیی وەک چۆن دژی 'مالیکی، خەز عەلی، بافڵ، عامری، حەکیم و عەبادی'یە، دەبێتە دژی پارتییش!

 

شاسواریش ھەڵەی کرد کە دوێنێ بەشداری کۆبونەوەکەی بەغدادی لەگەڵ ئەو ھێزانەدا کرد کە شەقامی عێراق لە دژیانن! دەبو شاسوار لەم دۆخەدا کۆبونەوە، ڕەدبکاتەوە! ئایا پلاسخارت بە شاسوار و پارتیی وتوە: بەشدار بن!؟

 

پارتییش دەبو بە ھەندێک گەرەنتییەوە، بەشداری ئەو کۆبونەوەی بکردبایە!!! کێ ئەڵێ بە زارەکیی پێشنیار بۆ پارتیی نەکرابێ، بەڵام ئایا بەڵێنی زارەکیی، پراکتیک دەکرێ!؟

 

ئێستا مادەم شاسواریش ئەیەوێت لەوبەرەیە نزیک ببێتەوە، ئەکرێ لاھور سەر دەربێنێت. 

 

لاھور گەر سیاسییانە مامەڵە بکات، دەکرێ لەم دۆخەدا ھاوگوتاری سەدر بێ و، بەردەوام بەیاننامەو پشتیوانی بۆ شۆڕشی شەقامیی عێراق، لە کوردستانەوە دەرببڕێت! 

 

دەکرێ لەم ساتەدا، لاھور بڕوات لەگەڵ ملازم عومەر، عوسمانی حاجی مەحمود، مام ڕۆستەم، عومەری سەید عەلیی و ڕوناکبیرە سەربەخۆکان، بەرەیەکی جەماوەریی پێک بێنن و، ببنە ھاوپەیمانی شۆڕشی سەرشەقامیی عێراق!

 

تەنانەت گەر «بەرەی ھەماھەنگی» و پارتیی و سونەکان و نەوەی نوێش، بتوانن حکومەتێکی نوێ پێک بێنن بۆ سەرپەرشتی کردنی ھەڵبژاردنەکانی داھاتو و، گەر شۆڕشی شەقامی عێراق، بە کاتتیش بوەستێنرێ، ھەر سەرھەڵدەداتەوە.

 

کورتوپوخت: بەریتانیا و ئەمریکا لە سیاسییە گەندەڵەکانی عێراق، وەڕس بون. بۆیەشە نا ڕاستەوخۆ پشتیوانی سەدر و شەقامی عێراق دەکەن. چونکە دەزانن گەر لە تەکتیکیش دا سەدر و شەقامی عێراق بتوانرێ کپ بکرێنەوە لەلایەن گروپە گەندەڵە عێراقییەکانی بەرەی ئێرانەوە، ئەوا لە ستراتیژ دا عێراق بەمشێوەیە نابرێت بەڕێوە.

 

لە سیاسەت دا پێویستە مرۆڤی سیاسیی کەمێک نەفەس درێژ بێت!

 

 ستەملێکراوان و ئازادیخوازانی کوردستان، زۆر پەرتەوازەن. چونکە دامەزراوەیەکی مۆدێرنی سیاسیی نییە، کە ھەموان کۆبکاتەوە، کە ستراتیژ و تەکتیکی داھاتو دیاری بکرێت. کە کۆمەڵێک مرۆڤی نەتەوەیی و ئەکادیمیست و، مێژوو پاک، لەخۆ بگرێ و ڕێک بخرێن لە ڕێکخراوێکی نەتەوەویست و نیشتیمانپەروەر دا.

 

ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەی گروپە گەندەڵە کوردییەکانن. لە سیاسییە کۆنەکان: ملازم عومەر، عوسمانی حاجی مەحمود و عومەری سەید عەلیین. لە سیاسییە نوێیەکانیش لاھوری شێخ جەنگییە کە پێشتر بە گەندەڵییەوە تێوەگلاوەو دەبو بە بەیاننامەی فەرمی «داوای لێبوردن»ی لە خەلکی کوردستان بکردبایەو، بیگوتبایە: ''بەڵێن دەدەم ھەرگیز ھەڵەکانی ڕابردوم دوبارە ناکەمەوەو، بەخۆمدا چومەتەوەو، پشتیوانتان دەبم و، تا ماوم دەبمە جەنگاوەرێکی بەرەی گەل!''.

 

ئەمانە و ڕوناکبیرە سەربەخۆکان، دەتوانن بەرەیەکی مەدەنی مۆدێرن، بە ئۆرگانیزە بکەن. پێموایە: ئێستاش لە ناو گۆڕانیش دا، مرۆڤی پاکی تێدا ماوە. بەڵام ھەموان پەرتەوازەن. گرنگە «بەرەیەکی لیبراڵ-نەتەوەیی»، پێک بێنن، کە گوتاری ئەو بەرەیە ھاوتەریب بێت لەگەڵ گوتاری شۆڕشی سەرشەقامی عێراق، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەللی کورد و، بڕوای تەواو بە ئازادییەکانی تاکە کەس و ئازادی ڕەخنەگرتن. 

 

ئەو بەرەیە دەکرێ سەرەتا نەفەری یەکەمیان نەبێ و، لیژنەیەک بەڕێوەیان ببات. گرنگترین وەسیلە بۆ ئەو بەرەیە دامەزراندنی «ڕاگەیاندنێکی شۆڕشگێڕانەی مەدەنی»یە. 

 

چەقی ئەو بەرەیە پێویستە شاری سلێمانی بێت. چونکە ئێستا ھەم ناڕەزایی خەلک لە سلێمانی لە لوتکەدایەو، ھەمیش سلێمانی لە ڕوی مێژووی بزاوتی شۆڕشی سەرشەقامیی و ڕەخنەگرانەوە، پێگەیشتوترە و، پاشخانی کەڵەکەبوی ھەیە. بەڵام ھەمو پنتێکی خاکی کوردستان، وەک یەک: پیرۆزە!

 

 سیاسەت و دەرفەت جیایەو، پیرۆزییش مەسەلەیەکی ترە!

 

ئێستا دەبو لاھور بەردەوام سەردانی عوسمانی حاجی مەحمود، مام ڕۆستەم، عومەری سەید عەلی و ملازم عومەر و ھتدی بکردبایە. نەدەبو پاڵی لێ بداتەوەو، بڵێت: ''ئایا لەم دۆخەدا چی باشە بکرێت!؟''.

دەبو ڕاگەیاندنێکی تۆکمەی پێکبھێنایە!

 

ئەو بەرە لیبراڵ-نەتەوەییە گەر پێک بێن، دەتوانن خەلکی کوردستان ھوشیاربکەنەوە، ھەم چ بۆ بایکۆتی یەکگرتوانەی دەنگدان، ھەم چ بۆ ئەگەری شۆڕشی سەرشەقامیی. چونکە وەک خستمەڕو، لە ئێستادا گرنگە بەرەیەک لە کوردستان ھاوتەریبی بەرەی شەقامی بەغدا، دژی گروپە گەندەڵەکان بێتەکایەوە. ئەیڵێمەوە: شۆڕشی شەقامی بەغدا گەر لە ماوەی کورتخایەنیش دا کپ بکرێت، لە ماوەی درێژخایەن دا ھەر دێتەوە بون. چونکە ھێندەی من لە نوسەرانی خۆراوایی تێگەشتبم، ئەمریکا و بەریتانیا لە بەرەی ھەماھەنگی شیعەکان وەڕس بون و، بە سەرچاوەی دروستکردنی میلیشیا و گەندەڵیی و نائارامیی عێراق، دەیان ناسێنن! ئەو بەرەیە دەکرێ وەک «گوتار» دژی ھیچ وڵاتێکی ئیقلیمی نەبێ! مرۆڤی سیاسییش دەبێ نەفەسی درێژ بێ!

 

ئەم چەند دێڕەی سەرەوەم، وەڵامێک بو بەخێرایی،  بۆ دوو بەڕێز کە ھەفتەیەکە پرسیاریان کردوە: ئایا لەم گۆڕانکارییانەی عێراق، لاھور شێخ جەنگی، چی بکات!؟

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەولەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×