پەیامەکەی سەدر: دەرفەتە بۆ پارتیی و سونەکان!

شه‌ریف عەلی
  2022-05-17     599

لە ئێستادا سەدر بەھێزترین کاراکتەری سیاسیی گۆڕەپانی عێراقە، چونکە ھاوکێشەی سیاسیی عێراق بە بێ حسابکردن بۆ ڕەوتی سەدر، ئاکامێکی کاریگەری نابێت.

پارتیی و زۆرینەی سونەکان ھەنگاوێکی کاریگەریان نا کە ھاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەدر بەست بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا. بە واتایەکی تر: لە دوای ٢٠٠٣ ەوە تەنیا ھەنگاوی کاریگەر بو کە عێراقییەکان خۆیان ھەوڵ بدەن بۆ پێکھێنانی حکومەت و لە ھەڕەشەکانی ئێران نەترسن!

سەرەتا دەرەفەتیان بۆ ھەڵکەوت کە بەزویی سەرکەوتو بن و حکومەت پێکبھێنن. بەلام پارتیی کاندیدێکی دیاری کرد بۆ سەرۆک کۆمار کە ئێران دەیتوانی لە ڕێگای دادگای عێراقەوە «کە ئامێری دەست ئێرانە»، ڕیسەکە لە بەرەی سەدر+پارتیی+زۆرینەی سونەکان بکاتەوە بە خوری. پارتیی دەبو سەرەتا کاندیدێکی دابنایە ئێران نەتوانێت ڕێی لێ بگرێت، یاخود بیانوی پێ بگرێت! چونکە زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق لە تەخشانکردنی سامانی عێراق و گەندەڵییەوە تێوەگلاون، ھەر لە مام جەلالەوە تا مالیکیی، عەبادی، مەشعان جبوری، ھوشیار زێباری و بەرھەم ساڵح. 

دواتر ئێران کە ڕێڕەوی لەمپەردانانی دۆزییەوە، دیسانەوە دادگای عێراقی، وەک کارتێکی دەست خۆی بەکارھێنایەوە کە 'یەک لەسەر سێی پەکخەر' دژی 'زۆرینەی پەرلەمانیی'، بکاتە «یاسایەکی نایاسایی!».

ئێران ھەنگاوی زۆر زیاتری لە ڕێگای بەکارھێنان و بە سیاسیی کردنی دادگای عێراقەوە نا و، یاسایەکی نادەستوری دژی نەوت و گازی ھەرێم دەرکرد و، دواتریش بڕیاری دا کە مەشعان جبوری پەرلەمانتاری سونەش، کە پشتوانی بەرەی سەدر+پارتیی بو، لە پەرلەمانیی عێراق، دوربخاتەوە. بێگومان ئێران «دادگای فیدراڵیی عێراق»، بۆ مەبەستی تریش بەکاردێنێت!!!

پارتیی و سونەکان ھێشتا خەبەریان نەبۆتەوە کە چیی بکەن دژی ئەم دادگایەی عێراق کە بوەتە ئامێری دەستی ئێران!
بەڵام سەدر نەترسانە دوێنێ ڕایگەیاند: ''دادگای عێراق بەسیاسیی کراوە!''.

دوا بەدوای پەیامەکەی سەدر، دوێنێ شەو لایەنگرانی سەدر لە کەربەلا خۆپیشاندانیان کرد و پشتوانییان لە پەیامەکەی سەدر کرد!

پەیامەکەی سەدر، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پارتیی و زۆرینەی سونەکانیش ڕەخساندوە کە بە خۆپیشاندانی بەرفراوان و یەکگرتو، شەقام بجوڵێنن لە ژێر دروشمی: ''دادگای عێراق بەسیاسیی کراوەو، بە نایاسایی ڕێگا لە زۆرینەی پەرلەمانیی دەگرێت''.

گەر پارتیی و سونەکانیش ھەنگاوێکی وا بنێن، لە ئاستی نێودەوڵەتیی و ھەرێمیی و ناوخۆییش پەیامێکی کاریگەر دەبێت دژی ھەنگاوەکانی ئێران کە لە ڕێگای بەکارھێنانی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە، دەیگرێتەبەر.

لە ڕاستییش دا، ئەگەر پارتیی و زۆرینەی سونەکانیش خۆپیشاندانی بەرفراوانی جەماوەریی سازبکەن دژی ''بەسیاسیی کردنی دادگای فیدراڵیی عێراق''. ئەوا پەیامێکی جەماوەریی-گورزاویی دەبێت کە لە ئێران-سێیەکی پەکخەری دەسرەوێنن! 

سەدر بە پەیامەکەی دەرەفەتێکی زێڕینی بە پارتیی و سونەکانیش بەخشی کە جەماوەر بجوڵێنن دژی ''بەسیاسیی کردنی دادگای فیدراڵیی عێراق''. پرسیارەکە ئەوەیە: پارتیی و زۆرینەی سونەکان بۆچی ئەم دەرەفەتی جوڵاندنی شەقامە ناقۆزنەوە!؟

بۆچی بە جارێک سەدر و پارتیی و زۆرینەی سونەکان لە شاروشارۆچکەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بگرە دەرەوەی عێراقیش، خۆپیشاندانی بەرفراوانی یەکگرتو ڕێک ناخەن دژی ''بەسیاسیی کردنی دادگای عێراق''!؟

ھەنگاوێکی وا کاریگەری دەبێ. تەنانەت گەر ھیچ کاریگەرییەکیشی نەبێت، ئەوا لای جەماوەریی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بایەخ بۆ ئەندامانی ئەم دادگا فیدراڵییەی عێراق ناھێڵێتەوە. ھەروەھا لای جەماوەریی عێراقیش ئەم ھێزانە خۆیان بە عێراقیی دەناسێنن، تا ئێرانیی! 

ئەم یەکنەگرتوییە جەماوەرییەی پارتیی و زۆرینەی سونەکان لەگەڵ پەیامەکەی سەدر، دەیسەلمێنێ کە پارتیی و زۆرینەی سونەکان زیاتر بەدوای پۆستەوەن، تا ئەوەی وەک سەدر بڕوایان بە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە ھەبێت، نەک حکومەتی تەوافوقیی!

ئەوەی سەدر دژی ئێران کردی، ھەم لە مکوڕبونی لە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە و، ھەمیش لەوەی بە ئاشکرا ڕایگەیاند: ''دادگای عێراق بەسیاسیی کراوە''، کاریگەرترین گورز بو کە بە ئاشکرا لە ھەژمونی ئێران درابێت لە عێراق دا لە پاش ٢٠٠٣ وە.

سیاسەت بەپێی قۆناغە. لەم قۆناغەدا سەدر دژی ئێرانە. گەر ئێستا ئەوە نەقۆزیتەوە بۆ ئەوەی خۆت بەھێز بکەیت و کارتەکانی دەست ئێران لە عێراق لاوازتر بکەیت. ئەی چیی دەکەیت ئەگەر چەند ساڵێكی تر 'سەدر و ئێران' ببنە ھاوپەیمان دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێم!؟ 

کەوابو، ئێستا کە سەدر دژی کارتەکانی ئێران لە عێراق، وەستاوەتەوە، دەبێت پشتوانی بیت. چونکە تا ھەژمونی ئێران لە عێراق لاوازتر بێت: ھەرێمی کوردستان بەھێزتر دەبێت. پێچەوانەکەشی ھەر ڕاستە!

 

پارتیی لە سیاسەت دا، ھەم خاوەو، ھەمیش زۆر جار بە حەزەرەوە ھەنگاو دەنێت. ئەو جۆرە مامەڵەیە بۆ کایەی سیاسیی گەر ھەندێکجار قازانجی لێ بکات. ئەوا بێگومان ھەندێکجاریش زەرەری تێدا دەکا و دەرفەتی تێدا لە دەست دەدات.

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×