ماوه‌یه‌كه هه‌ردو زلهێزی جیهانیی ڕوسیا و چین، هه‌ڕه‌شه‌كانیان بۆسه‌ر ئۆكرانیا و تایوان چڕتركردۆته‌وه.
له ده ساڵی ڕابردو دا، ڕوسیا هێدی-هێدی ویستویه‌تی قوڵایی پێگه‌ی جیۆستراتیژی خۆی له وڵاتانی هاوسێ و نزیكی خۆی زیاتر بكات و، چینیش زیاتر فۆكه‌سی خستۆته‌وه‌سه‌ر تایوان و قوڵایی ستراتیژی باشوری ده‌ریای چین.
ڕوسیا توانی نفوزی بباته ناو كریمیا، كازاخستان، بیلاڕوسیا و تا ڕاده‌یه‌كیش ئه‌رمینیا.
چینیش له ڕێی كۆمپانیا ئابورییه زه‌به‌لاحه‌كانیه‌وه، مه‌به‌ستێتی قوڵاییه‌كی ستراتیژی بازرگانی جیهانیی به‌خۆیه‌وه گرێ بدات. به جۆرێك ده‌یه‌وێت تا بیست ساڵی داهاتو، پرۆژه زه‌به‌لاحه بازرگانییه-جیهانگیره‌كه‌ی له ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه، ڕوه‌و باشوری ده‌ریای چین بكاته ڕێڕه‌وی سیاسه‌تی ئابورییه ستراتیژییه‌كه‌ی.
مه‌به‌ستی ڕوسیا و چین ته‌نیا داگیركردنی ئۆكرانیا و تایوان نییه. به‌ڵكو ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ی لای خواره‌وه‌یان هه‌یه:-
یه‌كه‌م: ڕوسیا و چین وه‌ك دوو زلهێز ده‌یانه‌ویت به ئه‌مریكای زلهێزترینی جیهان بڵێن: سه‌رده‌می تاك جه‌مسه‌ری كۆتایی هاتوه‌و، پێویسته حسابێكی تر له ئاستی جیهانیی دا بۆ ڕۆڵی ئه‌وان بكرێت. به‌و مانایه‌ی له ڕێی جوڵاندنی سوپا له‌لایه‌ن پۆتینه‌وه له سه‌ر سنوره‌كانی ئۆكرانیا، ڕوسیا مه‌به‌ستێتی به ئه‌مریكا بڵێت: سیستمی تاك جه‌مسه‌ری جیهانیی پێویسته دابڕێژرێته‌وه‌و، تاك جه‌مسه‌ری كۆتایی هاتوه و، ده‌بێت ڕۆڵی زیاتر به روسیا له‌سه‌ر پرسه‌كانی جیهان، دانی پیادابنرێت و قبوڵ بكرێت.
دووه‌م: ڕوسیا و چین ده‌رفه‌تی په‌رشوبڵاوی و لاوازی ئه‌وروپایان قۆستۆته‌وه. به جۆرێك له بیست ساڵی ڕابردو دا، ڕوسیا و چین له ڕوی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازییه‌وه به‌هێز و زه‌به‌لاح بون. به‌ڵام ئه‌وروپا لاواز و دابه‌ش بوه. به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچونی به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا. لاوازبون و یه‌كنه‌گرتویی وڵاتانی ئه‌وروپا بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ڕوسیا له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپادا به‌هێزتر ده‌ربكه‌وێت و، ته‌نانه‌ت بشبێته هه‌ڕه‌شه‌ی ستراتیژی له‌سه‌ر وڵاتانی خۆراوای ئه‌وروپا. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌شه كه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هێز ره‌وانه‌ی هه‌ندێ ولاتی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بكات له ترسی هه‌ڕه‌شه ستراتیژییه‌كانی ڕوسیا له‌سه‌ر ئه‌وروپا. به‌مه‌رجێك به ئیستاشه‌وه ئه‌ڵمانیا بۆچونی جیاوازه له فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا له به‌رانبه‌ر ڕوسیا. ڕوسیاش ده‌یه‌وێت ئه‌و نه‌رمینواندنانه‌ی ئه‌ڵمانیا و یه‌كڕیزنه‌بونی ئه‌وروپا، بقۆزیته‌وه.
-
سێیه‌م: ڕوسیا ده‌یه‌وێ به ئه‌مریكا و ولاتانی ناتۆ بڵێت: هه‌بونی ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی، توركیا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا له خاكی ئۆكرانیای هاوسێی قبوڵ ناكات. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت خۆی وه‌ك جه‌مسه‌رێكی جیهانی بسه‌لمێنێ و، سنور بۆ فراوانخوازیه جیهانییه‌كانی، ئه‌مریكای زلهێترینی جیهان له‌سه‌ر سنوره‌كانی دابنێت.
-
چواره‌م: ڕوسیا و چین هه‌ستیان به‌وه كردوه كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هه‌ره‌شه‌كان له‌سه‌ر ناوخۆی وڵاته‌كانیان لیبرالیزمی ئه‌مریكیی و به‌نده‌كانی دیموكراسییه‌ت و مافی مرۆڤی جیهانییه. ڕوسیا به‌م ئۆپه‌راسیۆنه زه‌به‌لاحانه‌ی ده‌یه‌ویت به ئه‌مریكا و ناتۆ بڵێت: پێویسته ده‌ستێوه‌ردان له ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر نا: ڕوسیا ده‌توانێت ببێته هه‌ڕه‌شه‌ی جددی له‌سه‌ر ئۆكرانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا.
پێنجه‌م: هێنانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و، به‌هێزكردنی توركیا-ئازربایجان و، هه‌وڵی توركیا بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێك بۆ گه‌یاندنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌موی به چاودێری ئه‌مریكایه. هه‌مو ئه‌م كارانه‌ش له چوارده‌وری ڕوسیا ئه‌نجام ده‌درێن كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئابوری-ستراتیژیی و ئه‌منین له‌سه‌ر ڕوسیا.
-
تێفكرینه ستراتیژییه‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا له دبلۆماسیه‌تی ستراتیژی نێوان ئه‌مریكا-ناتۆ له‌لایه‌ك و، ڕوسیاش له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ندێك سازش بۆ روسیا ده‌كه‌ن كه ئۆپه‌راسیۆنه هه‌ره‌شه ئامێزه‌كانی كه‌م بكاته‌وه؟ یان نه‌خێر: ئه‌مریكا وه‌ك زلهیزترینی جیهان له روسیای قبولناكات خۆی وه‌ك جه‌مسه‌رێك قووت بكاته‌وه!؟ ئایا گه‌مارۆی ئابوری ئه‌مریكی-ئه‌وروپی ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕوسیا و چین كه‌متر بكه‌نه‌وه!؟ یاخود نه‌خێر: ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی روسیا و چین هێنده پێشكه‌وتوه كه ئه‌و دوو زلهێزه مل به خواسته‌كانی ئه‌مریكا-ئه‌وروپا ناده‌ن و فراوانخوازییه‌كانیان له سنوره‌كانی ئۆكرانیا و تایوانیش تێده‌په‌ڕێنن!؟
شه‌ریف عه‌لی: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نیوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.