ئایا بکوژی مامۆستاکانی زانکۆ: لە «وتەکانی بافڵ»ەوە، ئیلھامی وەرنەگرتوە!

شه‌ریف عەلی
  2022-06-29     1016

لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکار قەبیلەیی گروپەکانی کوردستان دا، ھەمو شتێکی پیرۆز «بێ-قیمەت و بێ بەھا» کراوە!

خوێندن و زانستگا، مزگەوت و شوێنەکانی پەرستن، نەخۆشخانە، دادگاکان، تا دەگات بە شەھید و نیشتیمان: ھەر ھەموی بێ نرخ کراون!

لەولا، کوڕی بەرپرس: خاوەن زانکۆیە، بڕوانامە دابەش دەکا، پلەی زانستیی بە مامۆستای زانکۆ دەدا، خودی زانکۆ لە ئەو نرخی کەمترە. چونکە زانکۆ ھی ئەوە. ھەروەک چۆن ئۆتۆمبێلێک دەکڕی و لە بێ-یاسایی دا چۆنت بوێت وا لێی دەخوڕیت!

لەملاش، بەشێکی بەرچاوی مامۆستاکانی زانکۆ: قبول خاسی سکرتاریەتی جەلال تالەبانیی و یەکێتیی بون.


وتە ئاشکراکراوەکەی بافڵ کە ساڵی پار بە خوێندکارەکانی وت: ''ھەر مامۆستایەکی زانکۆ لێپرسینەوە بکات و لە ئامادەنەبونتان غیابتان بدات، من لە زانکۆ دەری دەکەم''.


دەرخەری ئەوەیە جەلال تالەبانیی چۆن بافڵی پەروەردە کردوە. چونکە بافڵ لەسەر دەستی ئەو پەروەردە کراوەو، وتەکەشی تێڕوانینی ڕاستەقینەی جەلال تالەبانیی دەسەلمێنێت بۆ باڵاترین ناوەندی زانستیی کە زانکۆ یە!


ئیتر چۆن خوێندکاران ئیلھام لە «وتەکانی بافڵ!!» وەرناگرن!


دیسانەوە، لە بەردەرگای قوباد تالەبانیی، چوار سەد و پەنجا مامۆستای زانکۆی سلێمانیی، کە یەکێتیی غەدری لێ کردون، درانە بەر شەق و، سەروچاو و قاچوقولیان شکا، خوێنیان لێ ھێنرا، پەراسویان شکا!


قوبادیش ھەر پەروەردەی دەست جەلال تالەبانییە! کاتێک ئاوا بە ئاشکرا بەرپرسە باڵاکانیان سوکایەتی بە مامۆستاکانی زانکۆ بکەن، ئیتر چۆن خوێندکارێک «کە بەدەر بێت لە ڕەوشتی ئەکادیمیی» ھەڵناستێت مامۆستاکانی بداتە بەر گوللە!


ئیتر چۆن نەوەکانی بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی: ئیلھام لە سەرۆک بافڵی یەکێتییەکان و سەرۆک مام قوبادییان و، کوڕی بەرپرسەکانی پارتیی وەرناگرن!؟


ئیتر چۆن نەوەکانی بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی: ئیلھام لە وتەکانی «دەرکردنی مامۆستاکانی زانکۆ لە حەزی بافڵی یەکێتیی» و، «پەراسو شکاندنی مامۆستاکانی زانکۆ بە دەستی جەلادەکانی مام قوبادییان» و، «شکاندنی شکۆی زانکۆکان لەلایەن کوڕە بەرپرسەکانی پارتیی»، وەرناگرن!؟


لای من: کردەوەکەی ئەو کوڕە بەرپرسەی پارتیی، ڕاستگۆیانەتر بو بۆ ئەو پەروەردەیەی کە لەسەری پەروەردە کراوە، ھەتا بەیاننامەی بەرپرسە باڵاکانی گروپە قەبیلەییەکانی کوردستان لە بارەی ئەو تراژیدیایەوە. چونکە کوڕی بەرپرسەکەی پارتیی ھەمان ئەو ڕەفتارەی جێ بە جێ کردوە کە بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی منداڵەکانی خۆیانیان لەسەر پەروەردە کردوە. بەڵام بەیاننامەکانی بەرپرسەکانی گروپە قەبیلەییەکانی کوردستان دووڕووانەیەو لەگەڵ کردەوەو ڕەوشت و پەروەردەی خودی ئەو بەرپرسانە یەکناگرێتەوە.


کوڕە بەرپرسەکەی پارتیی، تراژیدیایەکی نەخولقاندوە کە نامۆ بێت بە دەسەڵاتی قەبیلەیی گروپەکانی کوردستان. بەڵکو ئەوەی ئەنجام داوە کە بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی لەسەری پەروەردەیان کردوە!

دەیانجار دیومانە کە پۆلیس و ئاسایش و جل ڕەشەکانی ئەم گروپە قەبیلەییانە: مامۆستای ڕیش سپیی و نوسەریان داوەتە بەر شەق و کەتەر و تا دەگاتە فیشەک! بۆیە ئەم ڕوداوە تراژیدییە نامۆ نییە بە دەسەڵاتییان، بەڵکو ڕەنگدانەوەی حەقیقەتی دەسەڵاتی ئەم گروپە ستەمکار قەبیلەییانەیە!

مێژوو ھەزاران جار سەلماندویەتی: ''زاڵم، زەواڵی دەبێتە نسیب''.

زەمانە، حەشدی شەعبی داگیرکەری لە گروپەکانی ستەمکار قەبیلەیی کوردستان ڕاست کردۆتەوە!

دوو مانگ پێش ئێستا لە بابەتێکی سایتی ئاوێنە نوسیم: ''داگیرکردنەوەی بیرە نەوتەکانی ھەرێم، بە مانای ھەبونی ئەجێندای پراکتیکی ڕوخاندنی قەوارەی ھەرێم دەگەیەنێت!''.

ئەم گروپە قەبیلەییانەی کوردستان و منداڵەکانیان ھێندە زوڵم و ستەمیان لە خەڵک کردوە، گەر حەشدی شەعبیی داگیرکەرییش نەبێ، ھەر عاقیبەتیان دەبینین!

مێژووی کۆتا خەلیفەی عەباسیی و ھاتنی مەغۆلەکانیش دەزانین!


کاتێک ئەو ڕۆژگارانەم بیر دەکەوێتەوە کە دەیان زوڵمیان لە زانکۆ لێ کردم و، سەرم بۆ دانەنەواندن و حسابم بۆ نەکردن، دڵنیاتر دەبم کە: مرۆڤە زاڵمەکانی ناو دەسەڵاتە گومڕاکان، زۆر ترسنۆکن! بێگومان تریش دەبم کە: بەرپرسەکان و جەلادەکانی ئەم گروپە قەبیلەییانە بێ سەنگتر دەبن لە بەرچاوی میللەتدا و، ئایندەشیان دەبینین!
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×