-
چه‌ند ساڵێكه، چه‌ندین جار، مێژووناس و كه‌سایه‌تیی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند (كاك مه‌ریوان حاجی ئه‌حمه‌د واله)، له ڕوی په‌رۆشییه‌وه بۆ میژوو داوام لێ ده‌كات كاتێك سه‌ردانی ئه‌رشیفخانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانیی ده‌كه‌م، هێنده‌ی كاتم ده‌بێت، ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش بكه‌م كه له‌لایه‌ن سیخوڕ و ئه‌فسه‌رانی ئینگلیزه‌وه له‌سه‌ر هه‌مه‌وه‌نده‌كان نوسراوه.
ئه‌ڵبه‌ته ئینگلیزه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئهرشیفخانهیان له‌سه‌ر كورد هه‌یه و، به پێچه‌وانه‌ی پڕۆفیسۆر د.كمال مه‌زهه‌ر و د.نه‌جاتی عه‌بدوڵا و نوسه‌رانی كورده‌وه كه ده‌ڵێن: ((ئینگلیزه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا نه‌وتی كه‌ركوكیان دۆزیوه‌ته‌وه)). من به‌ڵگه‌نامه‌م دۆزیوه‌ته‌وه كه ئینگلیزه‌كان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه نه‌وتی كرماشان و كه‌ركوكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌و، هه‌ر به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ش: له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه ئینگلیزه‌كان ته‌نسیقی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌كانی عه‌نكاوه و كورده مه‌سیحییه‌كانی ویلایه‌تی موسڵ (باشوری كوردستان) و كرماشان دا هه‌بوه.
به‌هه‌رحاڵ، ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره جێی تێڕامان بێت: بۆچی له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست، هۆزی هه‌مه‌وه‌ند زۆرترین چاویان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی ئینگلیز و گه‌وره دبلۆماتكارانی وه‌ك (مارك سایكس)، كه دواتر بوبه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیی، له‌سه‌ر بوه؟ یاخود به جۆرێكی تر بڵێم: بۆچی هه‌مه‌وه‌نده‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده تا ساڵی 1925 زیاتر له هه‌مو هۆزه‌كانی كورد (ته‌نانه‌ت زیاتر له هه‌ندێك له میرنشینه‌كانی كوردیش) زۆرێك له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیا باسیان ده‌كات!؟
-
پێموایه چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه:-
1-به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیا نوسیویانه: هه‌مه‌وه‌نده‌كان هه‌ره شهڕانیترین هۆزی كوردن كه ملیان بۆ عوسمانیی و قاجارییه‌كان نه‌داوه تا باجیان پێ بده‌ن و، به‌رده‌وام گه‌وره‌ترین كۆسپبون له به‌رده‌م عوسمانیی و قاجاره‌كان دا. ئه‌م هۆكاره وایكردوه كه سیخوڕه‌كانی ئینگلیز له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌وه بكۆڵنه‌وه: ئایا هه‌مه‌وه‌نده‌كان كێن و بنه‌چه‌یان چییه و كه‌سایه‌تییه‌كانیان كامانه‌ن كه به‌رده‌وام شه‌ڕی عوسمانیی و قاجاری ده‌كه‌ن!؟ بۆیه ئه‌و زه‌مه‌نه به‌دواداچونی وردیان له‌سه‌ر كردون.
-
2-له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا ساڵی 1924، هه‌مه‌وه‌نده‌كان چه‌ندین كه‌سایه‌تیی به‌ناوبانگیان له ئاستی (میسۆپۆتامیا به‌تایبه‌ت و، ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیی و قاجاری) هه‌بوه. دوان له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی هه‌مه‌وه‌ند به‌رده‌وام جێی سه‌رنجی ئینگلیزه‌كان بون و هه‌ره كاریگهرهكانیان بون.
یه‌كه‌میان: جه‌وانمیر ئاغا (جوامێر ئاغای هه‌مه‌وه‌ند) كه چه‌ندین جار له‌شكری هاوبه‌شی (هاوپه‌یمانێتی هۆزه كوردییه‌كان و عوسمانییه‌كان) و قاجارهكانی تێكشكاندوه‌و، دواتر میرنشینێكی له كرماشان تاوه‌كو خانه‌قین دامه‌زراندوه كه قه‌سری شیرین ناوه‌نده‌كه‌ی بوه و، قه‌ڵای سه‌خت و پته‌وی تێدا بنیاد ناوه به‌ناوی (قه‌ڵای جوامێر ئاغا) و، قه‌ڵه‌مڕه‌و و سوپای تایبه‌ت به خۆی هه‌بوه.
دووه‌میان: مه‌حمود ئاغای خدر ئاغای هه‌مه‌وه‌ند (مه‌حمود خدر: خله په‌زه). چه‌ند هۆكارێكیش وای كردوه كه ئینگلیزه‌كان ته‌ركیزیش بخه‌نه‌سه‌ر ئه‌م سه‌رۆك هۆزهشیان. شه‌ڕانی بونی مه‌حمود خدر كه سواره‌ی هه‌مه‌وه‌ندی بردوه بۆ شه‌ڕی ڕوس و ئه‌فسه‌ری ڕوسی به‌دیل گرتوه‌و هێناویه‌تیه‌وه بۆ سلێمانیی و، بۆ یه‌كه‌مجار یه‌كه‌م كارخانه له سلێمانی له‌لایه‌ن ههمهوهندهكانهوه به‌و ئه‌فسه‌ره ڕوسه خراوه‌ته‌گه‌ڕ (بڕواننه به‌ڵگه‌نامه ئینگلیزییه‌كان كه هاوپێچی ده‌كه‌م بۆ سه‌لماندنی ڕاستییه‌كان).
-
هه‌روه‌ها، كاتێك جوامێر ئاغا له ده‌عوه‌ت و دانوستان دا له‌لایه‌ن فارسه قاجاره‌كانه‌وه، شه‌هید ده‌كرێت. هۆزی هه‌مه‌وه‌ند پهراكهنده ده‌بن. ئهحمهدوهندییهكان و به‌شێكی تریان به كرماشان و هه‌مه‌دان دا په‌رش و بڵاوده‌بنه‌وه، به‌شه‌كه‌ی تریشیان دێنه‌وه ڕوه‌و قه‌ره‌داغ و بازیان. لێره‌دا عوسمانییه‌كان و هۆزه كوردییه‌كان (خۆتان ناوه‌كانیان له به‌ڵگه‌نامه هاوپێچكراوهكان دا بخوێننه‌وه!) پێكه‌وه هێرش دهكهنهوهسهر هه‌مه‌وه‌نده‌كان، له‌شكری عوسمانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پهراكهندهبونی هه‌مه‌وه‌ند ده‌قۆزێته‌وه‌و ڕوه‌و دوو شوێنی دور جینۆساید (ئه‌نفال)یان ده‌كات. به‌شێكیان بۆ ته‌ڕابلوس و لیبیا و ئه‌فریقا. به‌شه‌كه‌ی تریشیان بۆ ئه‌ده‌نه. ئه‌وه‌ی لای ئینگلیزه‌كان زۆر جێی سه‌رنجه: مه‌حمود خدر و هه‌ندێك له سواره‌كانی هه‌مه‌وه‌ند له لیبیاوه به شه‌ڕی پارتیزانی له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، وڵات به وڵات دژی عوسمانییه‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن و، كۆڵ ناده‌ن تا ده‌توانن كوردستان بدۆزنه‌وه‌و، ئه‌و به‌شه كه‌مه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نیشتیمانی خۆیان. ئه‌دمۆنز پێی وایه: ((ناوازه‌ترین داستان له مێژووی خێڵ و هۆزایه‌تی جیهان دا، ئه‌و داستانه‌یه كه هه‌مه‌وه‌نده‌كان به پارتیزانانه له لیبیاوه تا كوردستان چه‌ندین شه‌ڕیان دژی سوپای عوسمانییه‌كان ئه‌نجام داوه‌و توانیویانه كوردستان بدۆزنه‌وه)).
-
لێره‌دا بابه‌تێك كه زۆر جێی سه‌رنجه، ئه‌وه‌یه: كاتێك مه‌حمود خدر و سواره‌كانی هه‌مه‌وه‌ند دێنه‌وه بۆ كوردستان، مه‌حمود خدر به زوویی ئه‌توانێت هه‌مو عه‌شیره‌ته‌كانی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند یه‌كبخات و ببێته‌وه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ سه‌ر سوپاكانی عوسمانیی و قاجاره‌كان. به‌تایبه‌ت ئه‌مجاره هه‌مه‌وه‌نده‌كان فێری ئه‌و ستایله‌ی شه‌ڕ ده‌بن كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی پارتیزانیی و بۆسه (كه‌مین) بۆ له‌شكره‌كانی عوسمانییه‌كان له ناوچه‌كانی باشوری كوردستان (ویلایه‌تی موسڵ) ده‌نێنه‌وه، ئه‌وا به‌خێراییش ژن و مناڵه‌كانی خۆشیان له‌و ناوچانه‌ی سوپای عوسمانی پێی ده‌گه‌ن، لاده‌به‌ن و ده‌گوازنه‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بوه جارێكی تر سوپاكانی عوسمانی نه‌توانن ژن و مناڵه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان كه هاتونه‌ته‌وه جینۆساید و ئه‌نفال بكه‌نه‌وه. بۆیه سوڵتانی عوسمانی ناچار ده‌بێت داوای دانوستان له مه‌حمود خدر و سواره ناوداره‌كانی هه‌مه‌وه‌ند بكات. پاش هه‌وڵه‌كانی والی به‌غدای عوسمانی بۆ ڕێكخستنی ئه‌و دانوستانانه له ئاستی باڵادا، كاتێك دانوستان له‌لایه‌ن سوڵتانی عوسمانیی و وه‌فدی هه‌مه‌وه‌ند به سه‌رۆكایه‌تی مه‌حمود خدر له ئه‌سته‌نبوڵ دێته‌كایه‌وه، سوڵتانی عوسمانی چاوی له‌سه‌ر مه‌حمود خدر ده‌بێت وه‌ك كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌می هه‌مه‌وه‌نده‌كان و كه‌سایه‌تیی ده‌ره‌جه یه‌كی هه‌ره شه‌ڕانی دژ به عوسمانییه‌كان له ویلایه‌تی موسڵ (باشوری كوردستان) دا. چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه (كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده) میرنشینه‌كانی كورد له‌ناوچو بون، ته‌نیا مه‌حمود خدر و پارتیزانه‌كانی هه‌مه‌وه‌ند دژی عوسمانیی و قاجاری مابونه‌وه و به ئه‌نفال و جینۆسایدكردنیش بۆ لیبیا هه‌ر له‌ناو نه‌بران. بۆیه سوڵتانی عوسمانی له ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا فه‌رمان ده‌رده‌كات كه (مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند) بكاته (تابوری گشتی ویلایه‌تی موسڵ: جه‌نه‌راڵی سه‌ربازی: فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ویلایه‌تی موسڵ) و، له دانوستانه‌كه‌دا مه‌حمود خدر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش پێداگری ده‌كات كه هه‌مه‌وه‌نده‌كان هه‌ر باج به ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ناده‌ن. سوڵتانی عوسمانی به‌و داوایه‌ش ڕازی ده‌بێت له پێناو ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له ویلایه‌تی موسڵ (باشوری كوردستان) دا نه‌هێڵێت.
-
ئه‌ڵبه‌ته كاتێك مه‌حمود خدر به فه‌رمی ده‌بێته فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌ربازی ویلایه‌تی موسڵ، ئه‌وكات سنوری ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌كانی له باكوری ویلایه‌تی به‌غداوه تا لێواری كرماشان درێژ بوه‌ته‌وه. واته: حوكمی سه‌ربازی مه‌حمود خدر زیاتر بوه له سنوره‌كانی ئێستای باشوری كوردستان به كه‌ركوك و خانه‌قینیشه‌وه. خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه گه‌وره‌یه‌ی كه سوڵتانی عوسمانی به مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ندی ده‌به‌خشێت، له‌كاتێكدا مه‌حمود خدر دوژمنی هه‌ره سه‌ختی عوسمانییه‌كان بوه‌و پێشتر ده‌یان شه‌ڕی له دژیان كردوه، ئه‌یسه‌لمێنێت كه له‌و كاته‌دا مه‌حمود خدر كه‌سایه‌تی هه‌ره باڵای ناو هه‌مه‌وه‌نده‌كان و باشوری كوردستان بوه. بۆیه‌شه كه سوڵتانی عوسمانی ناچار بوه ئه‌و پله‌وپایه گه‌وره‌یه‌ی پێ بدات. وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فاش له دوایین كتێبی دا نوسیویه‌تی: ((مه‌حمود خدر له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی شه‌ڕانی بونیی و ئازایه‌تییه‌كه‌یه‌وه ناوبانگی له هه‌مو كردستان دا به (خله په‌زه) ده‌ركردبو)).
-
جێی ئاماژه‌شه كاتێك كه سوڵتان دانی ناوه به ده‌سه‌ڵاتی میر مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند وه‌ك (تابور) جه‌نه‌ڕاڵی گشتی لێپرسراوی سه‌ربازی ویلایه‌تی موسڵ. له‌وكاته‌دا مه‌حمود خدر ئه‌و هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه‌و هه‌ستاوه زۆرێك له هه‌مه‌وه‌نده‌كان و كورده‌كانی له یه‌كه كارگێرییه‌كان هه‌ر له موسڵه‌وه تا سلێمانی دامه‌زراندوه و موچه‌ی له‌سه‌ر حسابی خه‌زێنه‌ی عوسمانیی، بۆ بڕیونه‌ته‌وه، كه پێشتر عوسمانییه‌كان فه‌رمانبه‌ری عه‌ره‌ب و توركمانیان بۆ هه‌مو ئه‌و یه‌كه كارگێڕیانه ده‌هێنا. به‌ڵام مه‌حمود خدر ده‌ستی به دامه‌زراندنی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و كورده‌كان، كرد. ئه‌وه‌ش لای ئینگلیزه‌كان سه‌رنجڕاكێش بوه كه هۆزێكی كورد بتوانێت سوڵتانی عوسمانی كه گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌ت بوه ناچار بكات كه سه‌رۆكه‌كه‌یان بكاته لێپرسراوی سه‌ربازی ویلایه‌تی موسڵ و، پێشتریش به‌رده‌وام باجیان نه‌داوه به ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیی و، به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش ده‌شبێت له باجدانیش ببه‌خشرێن.
-
زیاتر له‌وانه‌ش، به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز زۆر گرنگیان به ڕزگاركردنی شێخ مه‌حمود به برینداری له ساڵی 1908 له‌لایه‌ن مه‌حمود خدر و سواره‌كانی هه‌مه‌وه‌ند له موسڵ داوه. چونكه كاتێك ڕۆژێك پێشتر موسڵاوییه‌كان به به‌ردبارانكردن شێخ سه‌عیدی باوكی شێخ مه‌حمود ده‌كوژن و شێخ مه‌حمودیش به برینداری به دیل ده‌گرن، بۆ ڕۆژی دواتر فه‌رمانی له‌سێداره‌دان بۆ شێخ مه‌حمود و هاوڕێكانی ده‌رده‌كه‌ن. به‌ڵام مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند بهغیرهتبونهكهی وای لێ ده‌كات كه به زوویی فریای (شێخ مه‌حمود و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دا دیلكرا بون) بكه‌وێت و، ئابڵوقه‌ی موسڵ بدات و، له ده‌ست موسڵاوییه فاشیسته توندوتیژه‌كان ڕزگاریان بكات و، بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سلێمانی.
-
هه‌روه‌ها، ئینگلیزه‌كان زۆر بایه‌خیشیان به‌و نامه‌یه داوه كه مه‌حمود خدر له سه‌ره‌تای ساڵی 1918 دا له گوندی قهرهتامۆرهوه بۆ ئینگلیزه‌كانی ناردوه كه ئه‌وكات ئینگلیزه‌كان گه‌شتونه‌ته كه‌ركوك و، داوا له ئینگلیزه‌كان ده‌كات فهرمانڕهوایهتییهك بۆ كوردستان دابمه‌زرێنن له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئینگلیز دا، به‌وه‌ش كورده‌كان شه‌ڕی ئینگلیزه‌كان ناكه‌ن (له یه‌كێك له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه هاوپێچی ده‌كه‌م، جه‌نه‌ڕاڵی ئینگلیز مه‌یجه‌ر ڕۆوز له به‌غداوه نامه‌یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌نێرێت و باس له گرنگی سواره‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و داخوازییه‌كه‌یان ده‌كات كه توانیوانه ناوچه‌كانی خۆیان له ده‌ست توركه‌كان ڕزگار بكه‌ن). دوای ئه‌و نامه‌یه‌ی مه‌حمود خدر، ئینگلیزه‌كان هه‌م مێجه‌ر نۆئیل و هه‌میش مێجه‌ر سۆن و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێكی عه‌ره‌ب ده‌نێرنه گوندی قه‌ره‌تامۆر بۆ لای مه‌حمود خدر و پێشنیاری بۆ ده‌كه‌ن كه ده‌سه‌لاتێكی بۆ داده‌مه‌زرێنن. به‌ڵام مه‌حمود خدر ده‌سه‌لاتدارێتیی بۆ خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌و، له پێناو یه‌كگرتویی كورددا، له بری خۆی، پێشنیاری شێخ مه‌حمود ده‌كات. بۆیه له جاری دووه‌می دانوستاندنه‌كان دا شێخ مه‌حمودیش به‌شداری ده‌كات له دیوه‌خانی مه‌حمود خدری سه‌رۆك هۆزی هه‌مه‌وه‌ند له گوندی قه‌ره‌تامۆر له ساڵی 1918 دا. ئینگلیزه‌كان به‌ڵێن ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌حمود خدر ده‌سه‌ڵاتێك بۆ شێخ مه‌حمود دابمه‌زرێنن به‌مه‌رجێك شێخ مه‌حمود په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ توركه‌كان دا بپچڕێنێت. هه‌رچه‌نده شێخ مه‌حمود له‌وێ دا ئه‌و به‌ڵێنه به ئینگلیزه‌كان و مه‌حمود خدر ده‌دات. بۆیه ئینگلیزه‌كان دانیان به حوكمڕانی شێخ دانا له ساڵی 1918 له سلێمانیی دا و مێجه‌ر نۆئیلیان كرده ڕاوێژكاری. به‌ڵام له ساڵی 1919 بۆ ئینگلیزه‌كان سه‌لما كه شێخ مه‌حمود هه‌ر به‌نهێنیی ته‌نسیقی له‌گه‌ل توركه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌بوه و هه‌یه و، ته‌نانه‌ت نامه‌ی كه‌مال ئهتاتوركیشی له ساڵی 1918 ه‌وه هه‌ر به نهێنیی به به‌رده‌وامی بۆ هاتوه‌و، پلانی هێرشی تورك-شێخ مه‌حمود بۆ دانبهسهر هێزه‌كانی ئینگلیز و هتد داڕێژراوه. بۆیه ئینگلیز ده‌سه‌ڵاته‌كانی شێخیان به مێجه‌ر سۆن دا و شێخیان له ده‌سه‌لات دورخسته‌وه‌و هتد!!
-
3-هۆكارێكی تر كه وای كردوه ئینگلیزه‌كان گرنگی به هه‌مه‌وه‌نده‌كان بده‌ن ئه‌وه‌بوه هه‌ر بێگانه و سیخوڕێكی ئینگلیز له كه‌ركوكه‌وه ڕوه‌و سلێمانی هاتوه، هه‌مه‌وه‌نده‌كان دیوهخاندار و میرخاس بون و، له دیوه‌خانه‌كانیان دا شوێنی بێگانهكانیان كردۆته‌وه. سیخوڕه‌كانی ئینگلیز كه هه‌ندێكیان خۆیان به فارس و ئه‌رمه‌نی له قه‌ڵه‌م داوه (بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی تێكه‌ڵاوی ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كانی ناو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ببن و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه ڕێگریان لێ نه‌كرێت)، زۆر به سهخاوهتیی و ئازایه‌تیی و خواردنه خۆشه‌كانی هه‌مه‌وه‌نده‌كان سه‌رسام بون. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بواری ئه‌سپسواری (سواره)ی ههمهوهندهكانیشیان نوسیوه. هه‌رچه‌نده مێجه‌رسۆن پێی وایه: ((ئهحمهدوهندییهكانی كرماشان لقێك نین له هه‌مه‌وه‌نده‌كان چونكه زۆرێكیان كوردی شیعه‌ن)). به‌ڵام هه‌ندێك له ئینگلیزه‌كانی تر كه ئه‌و سه‌رده‌مه به‌دواداچونیان كردوه ئهحمهدوهندییهكانی كرماشانیشیان به لقێكی سه‌ر به هه‌مه‌وه‌نده‌كان له قه‌ڵه‌م داوه و پێیان وایه له بنه‌ڕه‌ت دا سه‌ر به هه‌مه‌وه‌ندن و به (ئهحمهدوهندی چهڵهوی) ناویان هێناون كه به‌شێكیان به شیعه كراون. ئینگلیزه‌كان زۆر سه‌رسامبون به جۆری ڕه‌سه‌نی ئه‌سپه‌كانی ئهحمهدوهندییهكان. بۆیه‌شه به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه كه ئینگلیزه‌كان چه‌ندین جار ئه‌سپیان له هه‌مه‌وه‌ند و ئهحمهدوهندییهكان كڕیوه‌و له كرماشانه‌وه بردویانه‌ته كه‌نداو و له‌وێشه‌وه بردویانه‌ته داگیرگه‌ی هیند و، ئینجا بۆ بازاڕه‌كانی شاره‌كانی مانجسته‌ر و له‌نده‌نیان بردوه، كه ئه‌و زه‌مه‌نه له نێو بازرگان و پیاوه ناوداره‌كانی به‌ریتانیا خواستی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ئه‌سپه ڕه‌سه‌نه كوردییه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان هه‌بوه. چونكه كاتی خۆی یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره ناسراوه‌كانی هه‌مه‌وه‌نده‌كان ئه‌وه‌بوه كه له‌وه‌ڕگای گه‌وره (گاوداری گه‌وره) و تایبه‌تی ئه‌سپ به‌خێوكردن و ئه‌سپ-سواریان هه‌بوه. هه‌م بۆ كڕین و فرۆشتنی ئه‌سپ و، هه‌میش بۆ سواره جه‌نگاوه‌ره‌كانیان. بۆیه هه‌مه‌وه‌نده‌كان و ئینگلیزه‌كانیش له‌و نه‌ریته‌دا هاوبه‌ش بون كه زۆر حه‌زیان به ئه‌سپی ڕه‌سه‌ن و ئه‌سپ-سواری بوه. ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه ئینگلیزه‌كان ئاماژه‌شیان به‌وه‌ش داوه كه هه‌مه‌وه‌نده‌كان كچه‌كانی خۆشیان فێری ئه‌سپ-سواری كردوه.
-
4-یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی كه ئینگلیزه‌كان له زۆرێك له به‌ڵگه‌نامه‌كانیان باسی هه‌مه‌وه‌نده‌كان ده‌كه‌ن: ئازایه‌تی ژنانی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و به‌شداری كردنیان بوه له شه‌ڕه‌كان دا. مارك سایكسی ئه‌فسه‌ری ئینگلیز كه دواتر بوبه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیی، له باسی ئازایه‌تی ژنانی هه‌مه‌وه‌ند دا چه‌ند نمونه‌یه‌ك دێنێته‌وه كه به چاوی خۆی دیوێتی یاخود له نزیكی ڕوداوه‌كه دا بوه. یه‌كێك له‌و نمونانه‌ی كه چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه، باس له‌و ڕوداوه حه‌قیقییه ده‌كات، كاتێك پیاوه‌كانی هه‌مه‌وه‌ند له هێرش و گه‌ڕان دابون (ڕه‌نگه ڕۆشتبن بۆ شه‌ڕی دژی عوسمانییه‌كان، یا قاجاره‌كان، یان ڕوسه‌كان)، له‌وكاته‌دا هۆزه‌كانی جاف (جافه‌كان) ئه‌وه به ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵ و موڵكی هه‌مه‌وه‌نده‌كان به‌تایبه‌ت بۆ بردنی مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان. به‌ڵام دوانزه كچی هه‌مه‌وه‌ند جلوبه‌رگی باوكیان ده‌پۆشن و بۆسه‌یان بۆ داده‌نێن و به سواره‌یی شوێنی جافه‌كان ده‌كه‌ون و، ده كه‌سیان لێ به‌دیل ده‌گرن. نۆیان ده‌كوژن و، یه‌كێكیان به دیلی ده‌هێڵنه‌وه و، سه‌رو ڕیش و سمێڵ و برۆی ئه‌تاشن و، جله‌كانی له‌به‌ر دائه‌كه‌نن و، ده‌ستێك جلی ژنانه‌ی پێ له‌به‌ر ئه‌كه‌ن و، پێی ئه‌ڵێن: بڕۆ به سه‌رۆكه‌كانی جاف بڵێ ئه‌مه ته‌نیا كچانی هه‌مه‌وه‌ند توانیان ئاوا بكه‌ن، ئیتر با پیاوه‌كانیان بوه‌ستێت (واز له پیاوه‌كانیان بهێنن!).
-
بنه‌چه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و سه‌رۆكه‌كانیان و ناوچه‌كانیان.
به‌ڵگه‌نامه‌كان به وردی باسی بنه‌چه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و سه‌رۆكه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده خودی هه‌مه‌وه‌نده‌كان خۆیان بۆچونی تریش ده‌گێڕنه‌وه. به‌ڵام وشه‌ی هه‌مه‌وه‌ند له ناوی جۆرێك هه‌ڵۆ هاتوه به ناوی (هوما)، كه هه‌ڵۆی به‌خت یاخود باڵنده‌ی به‌خته. (وه‌ند)یش به مانای نه‌وه‌و وه‌چه دێت. وشه‌كه كه (هوماوهند)ه و، ئینجا بوه‌ته هه‌مه‌وه‌ند. بۆیه‌شه به‌شێكی ئینگلیزه‌كان (ئهحمهدوهندهكان و حهمهوهندهكان و ههماوهندهكانی كرماشان-لوڕستان-هه‌مه‌دان)یش به لقێك له هه‌مه‌وه‌نده‌كان داده‌نێن. به‌تایبه‌ت له ئێران دا شاخی (هه‌ماوه‌ند) هه‌یه و، به‌شێكیشیان له (شاخی بێستون)ی كرماشانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانیش دا نیشته‌جێن.
هه‌تا سه‌رده‌می جه‌وانمیری به‌گزاده‌ی چهڵهوی هه‌مه‌وه‌ند (جوامێر ئاغا)، خودی جوامێر ئاغا كه میرنشینێكی له كرماشانه‌وه تا خانه‌قین كه ناوه‌نده‌كه‌ی قه‌سری شیرین بوه دامه‌زراندوه. دوای شه‌هیدبونی جوامێر ئاغا، به‌شێكیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هه‌ر له كرماشان-هه‌مه‌دان دا ماونه‌ته‌وه. ئه‌و به‌شه‌ی تریان كه دێننه‌وه ڕوه‌و قه‌راخ و بازیان: ئه‌وانه‌یانن كه جینۆساید و ئه‌نفال ده‌كرێن بۆ (ئه‌فریقا، لیبیا، جه‌زائیر، یه‌مه‌ن، ئه‌لبانیا، بولگاریا، ئه‌ده‌نه، قوبرس و، لوبنان).
له ده‌ورانی مه‌حمود خدریش دا، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ستاوه، له پێناو یه‌كێتی هۆزه‌كه‌ی دا بۆ ئه‌وه‌ی به كاریگه‌ر له ئاست ڕوداوه‌كاندا بمێننه‌وه و له موسڵه‌وه تا سلێمانی ده‌سه‌ڵاتدار بن و ئیتر نه‌توانرێت ئه‌نفال بكرێن، ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی هۆزی هه‌مه‌وه‌ندی دروست كردوه كه له سه‌رۆكه‌كانی هه‌مو عه‌شیره‌ته‌كانی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند، پێكهاتون.
وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌كان به وردی ئاماژه‌یان پێ داوه، هه‌مه‌وه‌نده‌كان له یه‌ك به‌ره بابن به ناوی چهڵهوی (چه‌له‌بی)، واته هه‌مویان نه‌وه‌ی چهڵهبن. له‌وێوه چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی ده‌بێت (سه‌فه‌ر: عه‌شیره‌تی سهفهروهند، به‌گزاده: عه‌شیره‌تی به‌گزاده، ڕه‌مه‌زان: عه‌شیره‌تی ڕه‌مه‌كی، ڕه‌شید: رهشهوهنییهكان، سێته‌به‌سه‌ر و هتد. هه‌ر خوێنه‌رێك حه‌زی كرد خۆی به‌ڵگه‌نامه‌كان بخوێنیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناوی هه‌مویان یه‌ك به دوای یه‌ك بزانێت).
-
به پێی تۆماركراوی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ریتانیی تا ساڵی 1919 ، ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند كه مه‌حمود خدر دایمه‌زراندوه، كه من ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌یان له كۆتا دانه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه هاوپێچ ده‌كه‌م (ده‌قاوده‌ق ده‌توانن سه‌یری ئینگلیزییه‌كه‌شی بكه‌ن)، ئه‌م سه‌رۆك عه‌شیره‌تانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدا بوه:-
یه‌كه‌م: به‌گزاده‌ی چهڵهوی، ئه‌م عه‌شیره‌ته سه‌رۆكه‌كه‌یان كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گه له تیره‌ی فه‌قێ قادری ڕه‌سوڵی چهڵهوییه. جێگره‌كه‌ی ناوی موشیر موحه‌مه‌د مام سولێمانه. موشیر سه‌رۆكایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مام سولێمانییهكانیش ده‌كات.
دووه‌م: ڕه‌شید (ڕهشهوهنییهكان)، ئه‌م عه‌شیره‌ته سه‌رۆكه‌كه‌یان مه‌حمود ئاغای حوسێن عه‌زیز به‌هرام ڕه‌شیده.
سێیه‌م: سه‌فه‌ر (سهفهروهنییهكان)، ئه‌م عه‌شیره‌ته سه‌رۆكه‌كه‌یان مه‌حمود ئاغای خدر كه‌ریم سه‌فه‌ره.
چواره‌م: ڕه‌مه‌زان (ڕهمهكییهكان)، ئه‌م عه‌شیره‌ته سه‌رۆكه‌كه‌یان ئه‌مین قادر حه‌یده‌ر عومه‌ر ڕه‌مه‌زانه.
پێنجه‌م: سێته‌به‌سه‌ر، ئه‌م عه‌شیره‌ته سه‌رۆكه‌كه‌یان سوله‌یمان ئه‌حمه‌د گوڵ خاتونه.
-
جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش هه‌ندێكجار عه‌شیره‌تی تر تێكه‌ڵی هه‌مه‌وه‌نده‌كان بون، بۆ نمونه: به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز هه‌ندێكجار تیره‌ی جاف تێكه‌ڵی هه‌مه‌وه‌نده‌كان بون و هه‌ندێكیان ڕۆشتونه‌ته ناو ههمهوهندهكانهوه. بۆنمونه، له ساڵی 1880 شاترییهكانی جاف به‌سه‌رۆكایه‌تی (عه‌زیز شاوه‌یسی شاتری) هه‌ڵده‌ستن هێرشده‌كه‌نه سه‌ر سه‌رۆكی جافه‌كان كه (محه‌مه‌د پاشای جاف) ده‌بێ و ده‌یكوژن. دواتر شاترییهكان هه‌ڵدێن و وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌ڕۆنه ناو ههمهوهندهكانهوه. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌مه‌وه‌نده‌كان به‌هۆی له‌خۆگرتنی شاترییهكانهوه باجێكی قورس بده‌ن. چونكه دواتر عوسمانییه‌كان و جافه‌كان به‌هۆی داڵده‌دانه‌ی شاترییهكانهوه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌مه‌وه‌نده‌كان. (بڕواننه ئه‌م به‌ڵگه‌نامه ئینگلیزییه هاوپێچكراوانه كه به وردی باسی شاتریهكان و په‌نایان بۆ لای هه‌مه‌وه‌نده‌كان ده‌كات و كوشتنی مه‌حمود پاشای جاف ده‌كات).
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیادا هه‌مو ئه‌م عه‌شیره‌تانه به هۆزی هه‌مه‌وه‌ند له قه‌ڵه‌م دراون كه عوسمانییه‌كان هه‌ولیان داوه لێكیان په‌رته‌وازه بكه‌ن. عه‌شیره‌ته‌كان ئه‌مانه‌ن: ((به‌گزاده‌ی چهڵهوی، سهفهروهندی چهڵهوی، ڕهشهوهندی چهڵهوی، ڕهمهوهندی چهڵهوی، سێتهبهسهری چهڵهوی، سۆفییهوهند، بیریایی جوتیار، كافرۆشی جوتیار، چنگینی جوتیار، ئهحمهدوهندی چهڵهوی و، حهمهوهند)).
-
له كۆتایی دا نابێت ئه‌وه له یاد بكه‌م، چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی كه‌می به‌ریتانیی تا ساڵی 1940یش ناوی هه‌ریه‌ك له (یونس ئاغا مه‌حمود خدر، كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گ، حه‌مه ئه‌مین فه‌قێ قادر، موشیری حه‌مه‌ی مام سولێمان و، عارف ئاغا كاك عه‌بدوڵا) ده‌هێنێت. به‌ڵام له پاش ساڵی 1940 ه‌وه ئیتر به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیا زۆر به كه‌می باسی هه‌مه‌وه‌نده‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌وه‌یه كه له دوای ساڵی 1914 ه‌وه هه‌مه‌وه‌نده‌كان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان له كوردستان نه‌ماوه. چونكه پێشتر جوامێر ئاغا و مه‌حمود خدر هه‌یانبوه. دواتریش كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گ و هه‌ندێك كه‌سایه‌تی تری هه‌مه‌وه‌ند له 1919 ه‌وه تا ساڵه‌كانی 1927-1931 سه‌ر له‌شكری سوپای شێخ مه‌حمود بون. بۆیه له پاش ئه‌و زه‌مه‌نه‌وه، زیاتر به‌ڵگه‌نامه‌كان باس له ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی شێخ مه‌حمود ده‌كات له 1919 ه‌وه تا ساڵی 1956. له ساڵی 1930 یشه‌وه تا ئێستا به‌ڵگه‌نامه‌كان باسی ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌كان ده‌كات و، له ساڵی 1963 ێشه‌وه تا ئێستا باسی ده‌سه‌ڵاتی تاڵهبانییهكانیش ده‌كات له پارێزگای سلێمانی دا.
كه‌وابو، له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا سه‌ره‌تا سه‌ده‌ی بیست (به‌تایبه‌ت له 1850 وه تا 1918) هه‌مه‌وه‌نده‌كان جوامێر ئاغا و مه‌حمود خدریان هه‌بوه كه میری به‌ناوبانگ بون و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و میرنشین و نفوزبون له موسڵه‌وه به‌ناو كه‌ركوك - سلێمانی دا تا كرماشان و قه‌سری شیرین، بۆیه نزیكه‌ی ئه‌و حه‌فتا بۆ سه‌د ساڵه له ناو به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز دا زۆرترین باسیان كراوه. چونكه ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌یان هه‌ر ته‌نیا سه‌رۆك هۆز نه‌بون، بگره كه‌سی یه‌كه‌می ناوچه‌كه‌ش بون.
--
تێبینی:-
1-كاتێك به‌ڵگه‌نامه به‌ریتانیه‌كان باس له مه‌حمود خدر ده‌كه‌ن له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه له ناو هه‌مه‌وه‌نده‌كان دا به (ئاغاكهمان) و (ئاغا) بانگیان كردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، باسی دوو كه‌سایه‌تیی تری هه‌مه‌وه‌ندیش ده‌كه‌ن كه ئه‌وانیش ئه‌و سه‌رده‌مه خانه‌دان بون به ناوه‌كانی (ڕه‌شید ئاغای هه‌مه‌وه‌ند و مهموهد ئاغای هه‌مه‌وه‌ند). من زۆر گه‌ڕام هیچی زیاترم له‌سه‌ر (ڕه‌شید ئاغا و مهموهد ئاغا) ده‌ست نه‌كه‌وت. به‌ڵام دوو جار وه‌ك كه‌سایه‌تیی خاوه‌ن دیوه‌خان ناویان ده‌هێنرێت كه سیخوڕه‌كانی ئینگلیز له دیوه‌خانه‌كانی ئه‌وانیش دا حه‌واونه‌ته‌وه. بۆیه به ئامانه‌تی مێژووم زانی كه ناوی ئه‌وانیش بخه‌مه‌ڕو.
-
2-ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه سه‌یره، نوسه‌رانی كورد و عه‌ره‌ب كه به‌شێكی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیزیان دۆزیوه‌ته‌وه‌و له چه‌ند كتێبێك دا وه‌ریانگێڕاوه بۆ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی، كه‌چی ناوی (مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند)، یان لایانبردوه یاخود گۆڕیویانه. بۆ نمونه: د.نه‌جاتی عه‌بدوڵا له وه‌رگێڕانی (به‌ڵگه‌نامه‌كانی مێجه‌ر سۆن دا) له شوێنێك دا ناوی مه‌حمود خدری لابردوه و ناوێكی تریشی گۆڕیوه. به‌ڵام كاتێك له نوسخه‌ی ڕه‌سه‌نی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز وردبومه‌وه كه ئاماژه به ناوی (مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند) ده‌كه‌ن و، به‌شێك له نوسه‌رانی كورد و عه‌ره‌ب ناوه‌كه‌یان گۆڕیوه. ئه‌و وته‌یه‌ی ناپلیۆن هاته‌وه یادم كه وتویوتی: ((گه‌ر ده‌یانجار ده‌ستكاری ڕوداوێكی ناو مێژوو و خاوهندارهكهشی بكرێت، عاقیبه‌ت ئه‌و ڕوداوه هه‌ر ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و هه‌ر ده‌بێته‌وه به موڵكی خاوه‌نه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی)).
-
3-له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه هاوپێچی ده‌كه‌م، لیستی ناوی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی هۆزی هه‌مه‌وه‌ندی تێدایه كه تا ساڵی 1919 له‌لای به‌ریتانییه‌كان تۆماركراوه. ئه‌توانن ناوه‌كانیان له ناو به‌ڵگه‌نامه هاوپێچكراوهكانیش دا بخوێننه‌وه.
--
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.