بێ زەحمەت پرسیارێك؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-10-15   

   بەشی   پێنجەم

ڕۆژێك لەڕۆژان لەخۆت پرسیوە گەلی كورد لەپێناوی چیدا خەبات دەكات ؟.

بۆچی تا ئێستا گەلی كورد نەیتوانیوە مافەكانی خۆی دەستەبەر بكات ؟.

  لە بەشی چوارەمی ئەم باسەدا بە گشتی باسی ڕۆڵ وگرینگی سەركردەی كارێزمامان كرد بەتایبەتی لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا . زۆر بە پێویستم  زانی باسی سەركردەكانی شۆڕشی ئایلولی سالێ 1961 بكەم لە باشوری كوردستان بۆ ئەوەی بزانین  ئایا هیچیان خاوەنی خەسڵەتی سەركردەی كارێزما بوون.  لەبەشی چوارەمدا باسی مەلا مستەفام كرد وەكو سەركردیەكی كوردی ئەوسەردەمە . لەم بەشەدا دەمەوێت باسی سەركردەیەكی تری كورد بكەم .      

        مەسعود بارزانی كوڕی مەلا مستەفا

مەلا مستەفا خاوەنی چەندین كوڕ بووە بەڵام دوای وەفاتی تەنها ئیدریس و مەسعود وەكو جێگرەوەی خۆی دەركەوتن  . بەڵام دوای وەفاتی مەلا مستەفا  بە ماوەیەكی كەم ئیدریسی كوڕیشی  ئەمری خوای كرد و مسعود بارزانی  بووبە كەسی یەكەمی بنەمالەی بارزانی . لەئێستادا نێچیر بارزانی كوڕە گەورەی ئیدریس بارزانی وەكو جێنشینی باوكی دەردەكەوێت و ڕۆڵی گرینگی هەیە هەم لەناوحكومەتی هەرێم و هەم لەناو بنەمالەكەی خۆشیاندا . مەسرور بارزانیش كە كوڕەگەورەی مەسعودبارزانییە، وەكو جێنشینی باوكی دەردەكەوێت و ئەویش ڕۆڵی گرینگی هەیە  هەم لە ناوحكومەتی هەرێم و هەم لەناو بنەماڵە كەشیاندا .

 بە بۆچونی هەموو كەسانی ڕۆشنبیرو بە ئاگا مەسعود بارزانیش و كوڕەكانی خۆیی و ئیدریس بارزانی و هەموو ئەوانەی تری بنەمألەكەیان، هەمان بۆچون و ڕێچكەی مەلا مستەفایان هەیە  لە چۆنیەتی سەركردایەتی و ڕابەرایەتی گەلی كورد ولەپێناوی ئازادی و گەیشتن بەئامانجەكان.  ئەگەر چی ئێستا ئەوان لە قۆناغێكی زۆر جیاوازی ئەوكاتەی مەلا مستەفا ڕابەرا یەتی شۆڕشی دەكرد دەژین، بەلام تا ئێستا عەقڵیەتی خێڵ و هۆزیان تێنەپەڕاندووە ، كە ئەوە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ئەم سەردەمەدا ناگونجێت . لەبەر ئەوەی ئەمانە هەمیشە بەرژوەندی خۆیان و خێڵ وهۆزو نزیكەكانی خۆیان زۆر لا گرنگترە لە كۆی بەرژوەندی میللەتی كورد، بۆیە بیانەوێت یان نەیانەوێت ، پێیان خۆشبێت ، یان ناخۆش بەلای جەماوەرەوە ئەوان بونەتە ڕێگرو لەمپەڕ لەبەر دەم وەرگرتنی مافەكانی كورد ،چونكە ناكرێت كۆی بەرژوەندی گەلیكی داگیركراوی دابەشكراوی چەوساوە، بچوك بكەیتەوە لە ناوبەرژوەندی تەنها بنەماڵەیەك و هۆزێكدا . باسەكەی ئێمە  ڵەسەر سەركردەی كارێزمای میللەتێكی بەش خوراوە . باسی ئەوەمان كرد كە مەلا مستەفا بەهەموو خەبات و تێكۆشان و ناوو ناوبانگیەوە نەیتوانی ببیتە خاوەنی نازناوی كارێزما ، بەهەمان شێوەش مەسعود بارزانیش بەم جۆرە بیركردنەوەی ئێستایەوە  نەیتوانیوەو ناشتوانیت  ببێتە سەركردەی كارێزما .

 سەد مەخابن شانسی مەسعود بارزانی زۆر لەباوكی زیاتر بوو بۆ ئەوەی ببێتە  سەركردەیەكی دیاری  كورد، چونكە باروۆخی سیاسی جیهان زۆر جیاوازترە لەسەردەمی بارودۆخی سیاسی سەردەمی مەلا مستەفای ڕەحمەتی باوكی ، بەلام بەهۆی كورت بینی لەبواری سیاسیداو بە هۆی ئەوەی زۆر وابەستەیە  بەبنەمألەو هۆزەكەی خۆیەوە و بەرژوەندی گشتی هەموومیللەت  لەبەرژوەندی تەنها بنەمالەكەی خۆیدا دەبێنێت ، نە تا ئێستا توانیویەتی  ببێتە سەركردەیەكی كارێزماو نە ئەوهەڵەشی لەبەردەمدایە كە لەداهوشدا ببێتە  سەركردەی كارێزما ، چونكە لەبەشی چوارەمدا ئاماژەمان بەهەموو خەسڵەتەكانی سەركردەی كارێزما  كرد، بەلام زۆر كەم لەوخەسەڵەتانە بونیان هەیە لە مەسعود بازانیدا.  وەكو دەریش دەكەوێت كوڕە گەورەكشی كە مەسرور بارزانییەو ئێستا سەرۆكی حكومەتەو مەسعود بارزانی كاری بۆ دەكات كەببێتە جێنشینی خۆی ، واتە ببتە كەسی یەكەمی بنەمألەی بارزانی هیچ ئومیێدو ئاسۆیەكی رونی تێدا بەدی ناكرێت كە ببێتە سەركردەیەكی كارێزمای جێگەی ڕەزامەندی میللەت و ڕێك لەسەر ڕی وشوێنی باوكی ئەڕوات و ئەوەش  لەگەڵ سیاسەتی ئەم سەردەمەدا ناگونجێت .

   بۆچی مەسعود بارزانی  نەیتوانی ببێتە سەركردەیەكی كارێزمای كورد ؟.

مەسعود بارزانی دوای ڕاپەڕینی سالی 1991 ی جەماوەری خەڵكی كوردستان زۆر هەلی زێرینی بۆ هاتە پیشەوەو دەیتوانی خۆی بكاتە سەركردەی هەموو كورد .بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ئەوهەلانە بقۆزێتەوەو بیانخاتە خزمەتی میللەتەوە ،  سەدان هەڵەی زۆر كوشندەی تری  ئەنجامدا . من لێرەدا  وەكو تانە لێدان  باسی هەڵەكانی مەسعود بارزانی ناكەم ،چونكە هەموو مرۆڤێك و هەموو سەركردەكانی جیهان بەردەوام هەڵە دەكەن و هیچ كەس مەعسوم نییە لەهەڵە . بەڵام كێشەی مەسعود بارزانی ئەوەیە  نەگوێ بۆكەس دەگرێت و نەدانیش بەهەلەكانی خۆیدا دەنێت وبەردەوام گەلی كورد ڕادەكێشێتە ناوكێشەی ئاڵۆزەوە . من لێرەدا تەنها باسی دوو هەڵەی زۆر كوشندەی بارزانی سەرۆك دەكەم . من كاتی خۆشی لەنوسێنێكمدا ، باسی دووهەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مەسعود بارزانی ودوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مام جەلالم كردبوو . لەبەر ئەوەی پەیوەندی ڕاستەو خۆیان بەم باسەوە هەیە ، لێرەدا باسی دووهەڵەكەی سەرۆك بارزانی دەكەمەوەو لە دوایشدا لەباسی مامجەلالدا ،باسی دوو هەڵەكەی ئەویشتان بۆ ئەكەم .

یەكەم هەڵەی ستراتیجی  زۆر گەورەی سەرۆك بارزانی :

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم:  ئەوەتەی كورد خەباتی دست پێكردووە لەباشوری كوردستان ، گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر خاكی كوردستان بۆتە ئامانج و ستراتیج . كەركوك لای پارتی دڵی كوردستان بوو، لای یەكێتیش  قودسی كوردستان بوو .بەڵام سەد مەخابن دواجاركەركوك بوو بە قوربانی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی .  دەبێ هەموو كورد بزانێت لەم قۆناغەی ئێستادا هیچ وڵاتێكی جیهانی لەگەڵ ئەوەدا نییە ، بە فەڕمی دان بەكوردستان بوونی كەركوكدا بنێت ، چونكە بەرژەندی ئەوان لەگەڵ ئەواندا یەكتر ناگرێتەوەو ئەگەر ئەوە بكەن بەمانای هەڵوەشانەوەی عێراق دێت و ئەوەش قابیلی قبول نییە . بەڵام ئەگەر كورد عاقڵانەو ژیرانە  هەڵس وكەوتی بكردبایە ،بارودۆخەكەی باش هەڵسەنكدایە، ئەگەر بەفەرمیش كەركوك نەخرایەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، مۆركی كوردستان بوونی هەر پێوە دەماو وەكوئێستا داگیر نەدەكرا . گەورەترین هەڵەی مەسعودبارزانی ئەوەبوو كە تاك لایەنە ، بەبڕیاری خۆی ، بێ گوێدانی ڕاو بۆچونی  ڕۆشنبیران  و خەمخۆرانی میللەت و بێ گوێدانە داوای ئەمەریكا كەوەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكا نامەیەكی 700 وشەیی بۆ سەرۆك بارزانی نوسیبو  كە داوای لێكردبوو تەنها یەكساڵ بڕیاری ڕیفراندۆم دوابخات ، هەرچی بیەوێت بۆی دەكات .بەڵام نەك سەد جار مەخابن ،  هەزار جار مەخابن ،سەرۆك بارزانی  بەقسەی ئەمەریكاشی نەكرد . كورت بینی سەرۆك بارزانی لەوەدابوو ، دەبوو بۆ پرسێكی ئاوا نەتەوە یەكگرتوەكان ولانی كەم پشتیوانی چەند دەوڵەتێكی زلهێزی جیهانی مسوەگەر بكردایە ، ئەوكات بڕیاری ڕیفراندۆمی بدایا ، بەڵام بێ هیچ لە ئەمانە تاك لایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی داو بەوهۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانی  لەدەستداوچۆن ئەوهەموو خەڵكەی توزخورماتو قەتل وعام ودەربەدەر كران .ئەی بە چاوی خۆتان نەتان بینی لەوماوەیەدا چۆن سەربازێكی عێراقی پەتی خستە ملی جوتیارێكی كوردەوە لەسەر ئەوەی بەرگری لەداگیر كردنی  زەویەكەی كردبو، ئێستا لەبری ئەوەی سزای سەربازەكە بدەن ، سزای جوتیارەكەیان داوە بە غرامەی یەك ملیۆن دیناروكەسێكی دڵسۆزی كورد سزاكەی بۆ داوە . ئایا ئێستا مەسعود بارزانی چی بەخۆی دەڵێت ،لە كاتێكدا ئەودیمەنە ناخۆشە بەچاوی خۆی ببێنێت ، ئێستاش نەك پەشیمانی دەردەبڕیت ، شانازی بەو بڕیارەوە دەكات و بڕیاری ڕیفراندۆم بەسەنەدی خاوەن دارێتی كەركوك دەزانێت  ،چونكە ئەوتا ئێستا بەعەقڵیەتی خێڵ سیاسەت ئەكات و لەسیستەمی خێڵایەتیدا ، سەرۆك خێڵ هەر گیزهەڵە ناكات .

دووەم هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆك :

لە ساڵی 1964 كە كێشە كەوتە  نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی و مەلا مستەفاوە ، تا ئەمڕۆ میللەتی كورد دەناڵێنێت بەئەنجامی ئەو ناكۆكیەو بە هۆیەوە كارەساتی زۆر گەورەو جەرگ بڕ بەسەر میللەتدا هاتون كەلە ژمارە نایەن و ئەگەر باسیان بكرێت دەیان كتێبی دەوێت لەسەریان بنوسرێت.  لەدوای وەفاتی مەلا مستەفا ناكۆكیەكان كەوتە نێوان  مەسعود بارزانی لە لایەك و مام جەلال ونەوشیروان مستەفا لە لایەكی ترەوە . قەدەری زەمانە وای هێنا مامجەلال و نەوشیروان مستەفا هەردوكیان  وەفتیان كردوو، مەسعود بارزانی لەگۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا بێ ڕكەبەر بەتەنیا مایەوە. سەرەڕای ئەوەی مەیدانەكە بۆ سەرۆك بارزانی چۆڵ بوو ، بەڵام ئێستاشی پێوە بێت نەیتوانی ببیتە سەرۆكی هەموو باشووری كوردستان  . پرسیار ئەمەیە بۆچی ؟

ئەگەر سەرۆك بارزانی خاوەنی دیدگایەكی فراوان بوایە ،دوور لە روحی تۆڵەكردنەوە ، دەبوو بیر بكاتەوە هەردوك نەیارەكەی لە ژیاندا نەماون ئێستا خۆی تاكە سواری مەیدانە . دەبوو ئەوكاتەی كاك نەوشیروان ئەمری خوای كرد خێرا   بهاتایە سلێمانی و تا دوو ڕۆژ بەشداری پرسەكەی بكردبایەو دوایی دەستی هەردوو كوڕەكەی كاك  نەوشیروانی بگرتایەو بچویایە  ماڵی مام جەلال  وپێی بگوتنایە بەدرێژایی ڕۆژانی شۆڕش من وباوكی هەردوك لاتان نەیاری یەكتری بوین و شەڕی یەكتریمان كردووەو زیانی زۆرمان بەدۆزی كورد گەیاندووە . ئێستا ئەوانە لە ژیاندا نەماون و ئێستا كەس نەیاری من نییە . (ئەم قسەیە بەواتای ئەوە دێت (من ئێوە بەنەیاری خۆم نازانم، واتە ئێوە لە ئاستی مندا نین ) . دوای ئەوە پێێ بگوتنایە پەیمان ئەدەم لێرە بەدواوە من ئێوە بە برازای خۆم دەزانم وبۆ هەتا هەتایە كۆتایی بە كێشەكان دێنم .دوای ئەوە كاك نێچیرو كاك مەسروری ڕاسپاردایە ، كۆمەڵێك پڕۆژە لەسنووری سلێمانی ئەنجام بدەن . بۆ نمونە : تەواوكردنی گەیاندنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ . تەواوكردنی ڕێگای دووسایدی سلێمانی كەلار ، سلێمانی ڕانییە، شەقامی 100 مەتری سلێمانی . لەوكاتەشدا هیچ كامێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەو ئاستەدا نەبوون ، جێێ مام جەلال وكاك نەوشیروان بگرنەوە نە كاك بافڵ و قوبادیش لەوئاستەدا بون شوێنی مامجەلال و كاك نەوشیروان پڕبكەنەوەو هێواش هێواش سەرۆك بارزانی دەبوو بەسەرۆكی ڕاستەقینەی هەموو باشووڕ .بەڵام هەزار مەخابن سەرۆك بارزانی هەر ئامادەی پرسەكەی كاك نەوشیروانیش نەبوو . ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە زۆر خۆشحاڵ بووە بە  وەفاتی كاك نەوشیروان ودوژمنی دووەمیشی لەكۆڵ بۆوە .  كاتێك ئێرانییەكان ئەوبارودۆخەیان بینی ، بیریان كردەوە كە یەكێتی بكەنە لایەنگری خۆیان و كەی ویستیان بەكاریان بهێنن . بۆیە شیعەكانی عێراقیان ڕاسپارد كە گرینگی بە كوڕەكانی مامجەلال بدەن وهاوكاریان بكەن پێگەیان بەهێز بكەن لەناوحكومەتی عێراقیدا ، واتە ئامادەیان بكەن بۆ دژایەتی پارتی لەكاتی پێویستدا . ئەنجامەكەی هەرواش دەرچوو، ئێستا سەیركەن باقڵ تاڵەبانی لەبەرامبەر مەسعود بارزانی ڕاوەستاوەوخۆی دەبێنێتەوە . ئەگەر ئەوبارودۆخەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان لەئارادایەو ماوەی دووسالە هەڵبژاردن ئەنجام دراوەو نەتوانراوە حكومەت پێك بهێنرێت ، سەردەمی مام جەلال خۆی بوایە ، لە پێناوی بەرژوەندی كوردا سەردانی سەرۆك بارزانیشی دەكردوو سازشیشی بۆدەكرد. بەلام سەیركەن لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی لە باوكی ڕەقترە . ئەمەی سەرەوەكە باسم كرد ئەوە دەگەیەنێت ، كەسەرۆك بارزانی نەیاریشی نەبێت ،خۆی نەیار بۆخۆی دروست دەكات و ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی  خاوەنی پاشخانێكی خێڵەكییەو تا ئێستا نەیتوانیوە سنوری خێل تێپەڕێنێت و بەجۆرێكی جیاوازهەڵ سوكەوت بكات كەجیاوازبێت  لەگەڵ ڕابوردوو، چیتر بیر لە تۆڵە كردنەوە نەكاتەوەو ڕیزەكانی گەلەكەی بەهێزبكات و هەوڵ بدات هەموو هاوڵاتیان بە یەك چاو تەماشا بكات ، لەگەڵ خەمەكانیان دابیت بیر لە ئایندەی میللەت بكاتەوە . بۆیە زۆر بەداخەوە سەرۆك بارزانی هەموو هەلە زێرینەكانی لەدەست داو نەیتوانی ببێتە سەركردەیەكی كارێزمای ڕاستە قینە . وەكوئێستا دەردەكەوێت تەنانەت ناتوانێت یەكێتی بنەماڵەكەی خۆشی بپارێزێت و كێشەی زۆریان هەیە . لەكاتێكدا ئەمری خوا بكات ، بەدوور نازانرێت كێشەی گەورە لەنێوان ئەندامانی بنەمالەكەیدا دروست  نەببێت چونكە ئێستا ژمارەیان زۆر بووەو بەرژوەندیش زۆر بووە . هیوادارم هیچ ڕونەدات  چونكە ئەوەش لەبەرژوەندی كورد نابێت .

 

  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×