ڕێکەوتنی مەککە!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-08-11     37

ئەم هەفتەیە هەر یەک لە عەرەبستانی سعودییە، تورکیا و پاکستان، ڕێکەوتنامەیەکی بەرگری هاوبەشیان واژۆ کرد. بەپێی ڕێکەوتنامەکە ئەگەر هەر یەکێک لەم دەوڵەتانە رووبەرووی هیرش و پەلاماردان بێتەوە، بەمانای هێرشە بەسەر هەر سێ وڵاتەکە. ئەو هاوپەیمانیەتییە سێ قوڵییە، وەک ڕێکەوتنامەیەکی بەرگری و زۆرێکیش وەکو هاوشێوەی هاوپەیمانیەتی ناتۆ، لەناوچەکە، بەڵام بۆ وڵاتانی ئیسلامی" سوننە" ئاماژەی پێدەکەن.

ئەم ڕێکەوتنامە یان هاوپەیمانیەتییە، یەکێک لە ئاکام دەرهاوێشتەکانی گورزی ٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٣ و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئیرانە، لەچوارچێوەی ئارایشی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدا.

جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئیران، دۆخی تەواوی ناوچەکەی بەرەو ئاڵوگۆری بەرجەستە بردووە، یەکێک لە بەرجەستەترین ئەو ئاڵوگۆرانە، تێکچوونی دۆخی ئاسایی وڵاتانی ناوچەکەو کەنداو بوو. کەنداو کە جێگایەکی ئارام و خاوەنی ئاسایش بۆ سەرمایەو سەرمایەگوزاری بوو، لەگەڵ بەرین کردنەوەی جەنگ لەلایەن ئیرانەوە، بەمەبەستی چەند بەرە کردنەوە جەنگ دژی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی و هەراسانکردنی، گۆڕدرا بە گۆرەپانێکی نا ئەمن و لەوەش زیاتر کاریگەری خستە سەر بازاری وزەو نەوت و ئابوری ئەم ناوچەیەو جیهان.

ئەمریکا کە خاوەنی ڕیکەوتنامەی تایبەت لەگەڵ هەر کام لەو وڵاتانەی کەنداو و لەبەرامبەردا خەریکی دادۆشینیان بوو، پارێزگاری لە ئاسایشی ئەو وڵاتانەی بە یەکێک لە ئەرکەکانی خۆی دەزانی، بەڵام لەم جەنگەدا دەرکەوت بوونی هیزەکانی ئەمریکا تیایاندا، لە جێگای ئەوەی لە حاڵەتی جەنگ و مەترسیەکانی بۆسەریان رۆڵ و نەخشی خۆی بگێرێت و پاراستنیان وەکو پێویست لە عۆدە بگرێت، بەکردەوە بووە هۆکارێک بۆ نائارامی و سەرچاوەیەکی مەترسی بۆسەریان، بەتایبەتی کە پشتیوانی بێ سنوری ئەمریکا لە ئیسرائیل و کردەوەکانی، تەواوی ناوچەکەو وڵاتەکانی خستبووە بەردەم هەژموون و هەڕەشەی واقعی و نزیک مەوداو دریژ مەودا، جیا لەوانە بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە توانایەکانی بۆ بەرگری لە وڵاتانە لەو ئاستەدا نەبوو، کە ڕیگری تەواو لە موشەک و شەپۆلە درۆنیەکانی ئیران بکات. ئەو واقعیەتە هەر زۆر زوو بەشی زۆری بەرپرسانی وڵاتانی کەنداوی لەو مەترسییە بێدار کردەوە و ناچاریکردن بەدوای ڕێ و شوێنی تردا بگەرێن بۆ بەرگری لە خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان.

هەر کام لە ولاتانی بەشدار بوو لەو هاوپەیمانیەتیەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێکەوتنامەکەیان بەرگرییەو دژی هیچ وڵات و دەوڵەتێک نییە، بەڵام لەدنیای واقعیدا و لە جەرگەی ململانێ و جەنگێک کە سایەی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کێشاوەو بۆتە هۆی سەرپێخستنی ریزبەندی نوێ، ناتوانرێت تەنها وەکو ڕیکەوتنامەیەکی سادە و بێ مەترسی لێک بدرێتەوە. هاوپەیمانیەتی سێ وڵات کە توانای ئابوری، و سەربازی و جیوسیاسی و تەنانەت ئەتۆمی، کۆیان دەکاتەوە بە ناسنامەیەکی مەزهەبی!! هاوبەشەوە لە دڵی هەلومەرجێکی ئاڵۆزکاو ناسەقامگیری ئیستادا، ناکرێت وەکو ڕێکەوتنامەیەکی سادە و ئاسایی تەماشا بکرێت، لەوەش زیاتر پیشبینی دەکرێت وڵاتانی تر پێوەی پەیوەست بن، یان هاوپەیمانیەتی تر پێک بێن.

ئەم حاڵەتە لە پێگرتنی هاوپەیمانیەتی سەربازی و بەرگری و ئاسایشی نوێ و تازە، ناوچەکە دەکاتە مەیدانی چەندین جەمسەری گەورەو بچوک لەپاڵ بلۆک بەندییە ناوچەیی و جیهانیەکاندا، ئەوەش هیندەی ڕیگایەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن و پاراستنی ئاسایش، دەتوانرێت مەترسی جەنگی فراوانتری واوەتر لە دەوڵەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت. واتە جەنگی جەمسەرو هاوپەیمانیەتیەکان جێگای جەنگی وڵاتی بگرێتەوە.

بێگومان ئەو هاوپەیمانیەتییە، کە رەنگدانەوەو دەرهاویشتەی جەنگ و مۆری ناتوانایی ئەمریکایی پێوەیە لە پاراستنی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بە زیانی ئەمریکا و لەوانەشە بەچوونە دەرەوەی هیزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە تەواو بێت. ئەوەش وادەکات ئەو وڵاتانەو وڵاتانی تری ناوچەکە، بەناچاری ڕێی و شوێنی بەرگری بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان بگرنە بەر و توناییە سەربازییەکانیان فراوانترو بە‌هیزتر بکەن، و  لەپاڵ هەر هاوپەیمانیەتێکی پێشوویاندا، کەڵک لە هاوپەیمانیەتی ناوچەیی تازە، وەربگرن.

دەوڵەتی ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە نیگەرانی ئەم ڕێکەوتنەو هەر هاوپەیمانیەتیەکە کە لەناوچەکدا پێک بێت، چونکە باڵانسی هێز دەگۆرێت و پێگەی ئیسرائیل دەشڵەقێنی و لاوازی دەکات.

ئێران وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی، لە مەودای نزیکدا ئەم ڕیکەوتنە بە سودی خۆیی و تەنانەت سەرکەوتنێک تەماشا دەکات، بەتایبەت ئەگەر ئەو هاوپەیمانیەتییە و ئەو ویستەی ئیران کە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، رووبدات. چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەزیانی دەوڵەتی ئیسرائیل و بە سودی ئیران تەواو دەبێت. نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کەئەگەر  ئیران لەم جەنگەدا سەرکەتوو بێتە دەرەوە، بە‌هیز تر لە پێش جەنگ دەردەکەوێت و لە ناوچەکەدا پیگەی خۆی قایم دەکاتەوە.

 تا ئەو جێگایەی بەوە دەگەڕیتەوە کە ئایا ئەم هاوپەیمانیەتییە دەتوانێت لە دنیای واقعیدا پیادەبکرێت، دەتوانرێت لە حاڵەتی هێرش بۆسەر یەکێک لەو وڵاتانە هەرسێ وڵات هاوئاهەنگی بکەن و بەرگری لە بەرژەوەندی هاوبەشی یەکتر بکەن، ئەوە مەسەلەیەکی تایبەت و دەشی جێگای مشتومڕ بێت. ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست بەجیا لە دەوڵەتەکان، چەندین بکەری نادەوڵەتی بەهیز تیادا کاران، لە هەندێ شوێن هەژموونیان لەخودی دەوڵەت زیاترە، تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی ئەو دەوڵەتانەیان بە دەستەوەیە یان دەوڵەتی نافەرمی بە‌هیزن لە دەوڵەتە رەسمیەکەدا.

هیرشی حوسییەکان یان حزب اللە و حەماس و گروپە چەکدارەکانی عێراق، بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا، چۆن دەکرێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت... ئایا هیرش بۆسەر سعودییە لەلایەن حوسیەکان یان گروپەکانی عێراقەوە، دەتوانرێت ببیتە هۆکارێک بۆ وەڵامدانەوەی هەر سێ وڵات بۆسەر گروپەکان؟ ئایا هیرش بۆسەر ئەو گروپە چەکدارانە کە راستەوخۆ خۆیان بە بەشیک لە هیزی بەرگری "مقاوەمە" دەزانن کەدەوڵەت و جەمسەریکی وەکو ئیران پشتیوانیان دەکات، یان لە عێراقدا نوێنەرایەتی سیاسی دەکرێن، و بەشیان لەحکومەت و پەرلەماندا هەیە، نابێتە هۆی هەڵگریساندنی جەنگی ناوچەیی... ئەوانە پرسیار گەلێکی واقعیین، کە لەداهاتوودا دەکرێت وەڵام وەربگرنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×