نا بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان، بەڵی بۆ گۆرینی فۆڕمی دەسەڵات!!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-08-26     28

هەوڵەکانی بۆرژوازی کورد، بەتایبەت پارتی و یەکێتی بۆ ڕێکەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، چر بوونەتەوە. جیا لەوانە بەشێکی زۆر لە نووسەر و کادرانی ڕێگەپێدراوی حزبی و ناحزبی، پێداگری لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و گرنگی بوونی حکومەت و پەرلەمان دەکەن. تەنانەت هەمووان نەبوونی پەرلەمان و حکومەت بە مەترسی لەسەر "قەوارەی هەرێم" دەزانن و هاواریان بڵندتر و بڵندتر دەبێت.

ئامانجی سەرەکی پارتی و یەکێتی و سەرجەم ئەو ریزە لە کادر و نووسەرانی بۆرژوازی کورد، لەکاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، بۆ هێشتنەوەی دۆخی ئێستا و بۆ ڕێگریکردنە لە هەر ئاڵوگۆڕیکی بەرچاو و بەرجەستە لەدۆخی سیاسی هەرێمدا. بۆ بەرگریکردنە لەو فۆرمە لەدەسەڵاتی مایەپوچ و شکستخواردوی بۆرژوازی کورد کە نزیکەی سێ دەهەو نیوە، بۆتە مۆتەکەی سەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستان.

فۆرم و ئەلگۆی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، حزبۆکراتی، میلیشیایی و بنەماڵەیی و خۆبەستنەوەو کەڵک وەرگرتنە لە ململانێیی جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان. ئەم فۆرمە کۆسپێکی سەرەکی بەردەم پێکهێنانی هەر حکومەتێکی پێناسەکراو هەر پەرلەمانێکی بۆرژوازیی و هاوکات ڕێگرییەکی گەورەیە لە بەردەم هەر چاکسازی و ئاڵوگۆڕێکی پێشرەوانە.

بۆرژوازی کورد و ئەوانەی پێداگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان!! و پێکهێنانی حکومەت!! دەکەن، دەیانەوێ جیگەو ڕێگەی نمایشی و پوچی حکومەت و پەرلەمانێکی کارتۆنی، پیرۆز بکەن. دەیانەوێ ئۆباڵی، کەمی موچەو دواکەوتنی، نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان، گرانی و بێکاری، دزی و تاڵانی، لەسەد رێگاوە باج و سەرانە سەندن، وێران بوونی کەرتی تەندروستی، خویندن و پەروەردە، سەرکوت و بێمافی هەزار سەرە، بخەنە پاڵ نەبوونی حکومەت و پەرلەمان!!. ئەوە لە کاتێکدایە خەڵکی کوردستان و هەر ئینسانێک ئەگەر ویژدانی هەرزان فرۆش نەکردبیت دەزانێت، کە ئەم دۆخە لە سەختی ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان، بە بوونی "حکومەت و کارای پەرلەمانیشەوە"، واقعیەتیكی حاشاهەلنەگری کۆمەڵگەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بووە.

چینی کریکار و خەڵکی ستەم لێچووی کوردستان، لە زیاتر لە سێ دەهەی رابردوودا، ئەزموونی نۆ کابینەی حکومی! و چەند خولی پەرلەمانی! هەیە، لەژێر سایەی ئەم کابینە حکومی و خولی پەرلەمانانەدا، نەک بەرەوپیشچوونێک و باشبوونێک لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان پیک نەهاتووە، بەڵکو تاهاتووە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەو خراپتر چووە، خزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەکان وێران و بەرەو نەمان رۆشتوون، تەنانەت نزیکەی دەهەو نیوێکە گەورەترین کێشە بۆ موچە کە مافێکی زۆر سەرەتایی بەشی هەرەزۆر هاوڵاتیانە دروست بووە. پاشەکەوتی موچە، لێبرین و دواکەوتنی، دەستی ناوەتە بینەقاقای فەرمانبەرانەوە. سیستەمی تەندروستی بەشیوەیەکی گشتی وێران بووە، خویندن و پەروەردە کارەساتە، کیشەی ئاو کارەبا چارەسەر نەبووە، لە بەرامبەر بەو دۆخە کە چینی کریکار و هاوڵاتیان رووبەرووی بوونەتەوە، کەمایەتییەکی حزبی و بنەماڵەیی، لەسەر بنەمای دزینی قوت و وێرانکردنی ژیانی هاوڵاتیان، بەهەشتیکی خەیاڵیان بۆخۆیان خوڵقاندووە. بە ئەندازەی بەرینبوونەوەی هەژاری و گرانی و نەبوونی و بێمافی، ملیۆنیر و ملیاردیرەکان زیادیان کردووە، نەک تەنها سەرۆکی بنەماڵە حزبییەکانی دەسەڵات، ملیاردیرن، بەڵکو مناڵی دەسەڵاتی بنەماڵەکان، خاوەنی دەیان کارگە، کۆمپانیا، پرۆژەو زانکۆ و رێکخراوەی جیاجیان و توانای تەخشان پەخشان کردنی ملیۆنان و دەیان ملیۆن دۆلاریان هەیە. هەموو ئەمانە بەبەرچاوی بەبوونی "حکومەت و پەرلەمانەوە" پیکهاتوون.

 دۆخی ئیستا بەرهەمی ئەم فۆرمە لەدەسەڵات و ئەو ئەلگۆیە لە حکومەت و پەرلەمانی دیکۆر و قورمیشکراوی حزبییە. بۆیە گیڕانەوەی دۆخی نەخوازراوی ئیستا و سەختی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بۆ نەبوونی حکومەت و پەرلەمان درۆیەکی یەکجار گەورەیە. حکومەت و پەرلەمان!!، جگە لەدوو پارچە لە مەکینەیەکی وێرانکەری حزبی زیاتر شتیكی تر نین، حکومەت و پەرلەمان بۆ بۆرژوازی کورد، روپۆشیکن بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی و رەوایەتی بەدریژەدان بەم فۆرمە لە دەسەڵاتی وێرانکەر و ماوەبەسەرچوو. دەسەڵاتیک کە لە بنەرەتدا ناکۆکە بەئەلگۆ و فۆرمی دەسەڵاتی بۆرژوازی پیناسەکراوی ئەم سەردەمە بە حکومەت و پەرلەمانیشەوە.

دەسەڵاتی بنەماڵە لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێچەوانەی دەسەڵاتە بۆ ماوەیەکانی بەشیک لە وڵاتانی دنیا، کە لەگەڵ ئەوەدا بنەماڵە جێگاو رێگای تایبەتی ماوە، بەڵام لەپاڵیدا چەندین دەزگاو دامەزراوەی یاسایی و حقوقی و سەربازی و ئەمنی، سەربەخۆ ئامادەییان هەیەو تەنانەت چاودێرن بەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بۆماوەییدا و سنوریان بۆی دیاری کردووە، لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی بنەماڵەیی، خاوەنی هەموو شتیکە. لە حزبەوە بۆ هیزی چەکدار. لە ئاسایشەوە بۆ قەڵەمرەوی زۆنی. لە دادگاو یاساوە بۆ پەیوەندییەکان. لەسەرچاوەکانی داهاتەوە بۆ ئابوری و تەنانەت هەلی کار...تاد واتە هیچ شتێک نییە بنەماڵە قۆرغی نەکردبێت. تەنانەت دزی و تاڵانی بەسیستەم کراوە، موچەی وەزیر و گزیرەکان، ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و راوێژکارە زۆر و بێکارو بێدەنگەکان و جیاوازی خەیاڵیان بە بەراورد بە موچەی کارمەند و کرێکارێکی شارەزا، ئەو راستییە نیشان دەدات کە ئەوەی پێی دەوترێت سیستەم، دارێژەری دزی و تاڵانییە و ئەو دزی و تاڵانیە ئاشکرایەشی بەیاسایی کردووە.

ئەم واقعیەتە لەدۆخی سیاسی کوردستاندا، وەلانانی فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی، کردۆتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر و دەستبەجێ. گۆرێنی ئەم فۆرمە لەدەسەڵات هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە بەرووی گۆرانکاری و هاوکات پێشمەرجی هەر حکومەت و پەرلەمانێکی ئاسایی بۆرژوازییشە. ئەوەی کۆسپە لەبەردەم حکومەت و پەرلەمانێکی باوی و ئاسایی بۆرژواییدا، لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا، دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی لایەنێکی هەرە سەرەکیەتی. ئەو دەسەڵاتە بەجۆرێک بۆگەن بووە، کە پیگەی خۆی نە تەنها لای هاوڵاتیان و جەماوەری کوردستان، بەڵکو لای دۆستە جیهانی و ناوچەیییەکانیشی بە ئاستیکی زۆر لەدەستداوە. شیوەنی بۆرژوازی کورد و پارتی و یەکێتی بۆ پەرلەمان و حکومەت!!، شیوەنە بۆ لاواز بوونی پیگە سیاسییەکەیان چ لە ئاستی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکەدا.

گێرانەوەی ئابڕو بۆ کارنامەی ناسیونالیزمی کورد، بە پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ناکرێت، پینەکردنی کارنامەی ئەم دەسەڵاتە بە هاتوهاوار بۆ دامەزراوە بەناو یاساییەکانی بۆرژوازی، بەجێگایەک ناگات... پێشمەرجی هەر  حکومەت و پەرلەمانێکی شێوە باوی بۆرژوازی تیپەڕینە لە فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و باڵادەستی بنەماڵەیی... هەر حزب و لایەنێکی سیاسی ئەگەر خوازیاری ئاڵوگۆری بنەرەتی و بەرجەستە لە دۆخی ئیستای کوردستان و تێپەڕین لەو فۆرمە لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بێت، ناچارە خواستی کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی لە ئەولەویەتی کارەکانی بێت، لە راستای ستراتیجیەتی خۆیدا. ئەگەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بایی تاڵە دەزویەک بڕوایان بە دیموکراسی بۆرژوازی هەیەو دەیانەوێت حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بەشیوەی یاسایی و لێک جیابکرینەوە، لەجێگای ئەوەی ئەوە بەشێک بن لە هاوار بۆ کاراکردنەوەی "پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەت"، دەبێ خوازیاری کۆتاییهێنان بە فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی بن و لەدژی بجەنگن.

 هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەش ئەگەر خوازیاری فۆمێکی تری دەسەڵات و جیا لە ئەلگۆ و فۆرمی بۆرژوازی و پەرلەمانتاریزمن، وە دەیانەوێت دەسەڵاتی ئازادانەو بەردەوامی لەخوارەوەی جەماوەری، کە ئیرادەی راستەوخۆی هاوڵاتیان مەبنایە، جیگای دەسەڵاتی بۆرژوازی بگرێتەوە، بەهەمان شیوە دەبێت یەکێک لە ئەولەویاتە سەرەکیەکەی کۆتاییهێنان بە فۆرمی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی و حزبی بێت، وەکو کۆسپێکی سەرەکی بەردەم جوڵانەوەی شۆرشگیرانەو ئازادیخوازنە لە راستای بەدیهێنانی ستراتیجیەتی کۆتایی خۆیدا، کە بنیاتنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی و خاڵی لەچینەکان و ستەم و بیمافی و هەڵاواردن و چەوساندنەوەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×