كاوێژ كردەیەكە لە لایەن ئاژەڵی وەكو ڕەشەوڵاخ و و مەڕو بزنەوە ئەنجام دەدرێت . كاتێك ئەم ئاژەڵانە دەچنە لەوەڕگاكان و گژوگیاو پوش بە خێرایی ئەخوۆن بۆ ئەوەی زۆگەدەیان پڕبكەن و لە كاتی حەسانەوە ئەوان دەتوانن ئەو گژو گیایەی خواردویانە هێشتا هەرس نەبوە لە ڕێگای هێلنجەوە جارێكیتر بیگێڕنەوە ناو دەمیان و بەهێواشی بیجون و دوایی قوتی ئەدەنەوە بۆ ناو گەدەیان و بە ئاسانی هەرس دەبێت . ئەم كردەیە ( عەمەلیە ) پێی دەگوترێت كاویژ، ئەوەشی ئەم كردەیە دەكات پێی دەگوترێت كاوێژكەر.
بۆیە ئەگەرسەرنج بدەن كاتێك دەبینن چەند ڕەشە وڵاخێك یان مێگەلێك مەڕو بزن لە كاتی حەانەوەدان و لە ژێر سێبەری دارێك كەوتون ، هەمویان بە یەكەوە دەمیان دەجوڵێت . ئەوە خواردنەكەی ناو گەدەیانەوە كە گەڕاندویانەتە ناو دەمیانەوە جارێكیتردەیجونەوە ، واتە كاوێژی دەكەنەوە . لێرەدا كاوێژكردن مانای دوو بارە كردنەوە دەگەیەنێت . واتە جارێكی ترجونەوەی ئەو خواردنەی سەرەتا لە دەمیەوە چۆتە ناوگەدەیەوەو دوایی هێناویەتەوە ناو دەمی و ئەم جارە زۆر بە هێواشی و لەسەرخۆ دەیجوێتەوەو تەواو وردی دەكات و دوای ئەوە دەیخاتەوە ناو گەدەیەوە .
ئێستا دێینە سەر پێناسەی وشەی ڕاوێژ . ڕاوێژ بە مانای پرس و ڕاكردن دێت بە كەسێك سەبارەت بە بابەتێكی دیاریكراو . ڕاوێژ وشەیەكە پانتاییەكی گەورە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا دەگرێتەوە . مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی هەر كارێك لە هەر بوارێكدا بێت لە بابەتی سیاسەتكردن ، بازرگانی ، بواری پزیشكی ، كشتوكاڵ بەخێوكردنی مەڕو ماڵات ، دامەزراندنی كارگەی وەبەرهێنان ......هتد . پێویستی بە ڕاوێژكردن و پرس و ڕاكردن هەیە چونكە هیچ كەسێك نییە لەم جیهانەدا شارەزایی تەواوی هەبێت لە هەموو شتێكدا . لە بواری كشتوكاڵدا بەردەوام لێكۆڵینەوەو داهێنانی تازە دەكرێت و بەرهەمی تازە بەرهەم دێت ، سەبارەت بە بواری سیاسی هیچ سەركردەیەك نییە شارەزایی تەواوی هەبێت لە بوارەكانی، سیاسی و دیبلۆماسی ، بازیرگانی ، پیشەسازی ، چەنگ و چۆنیەتی دروستكردنی پەیوەندی دروست لە نێوان خۆیی وڵاتانی تردا . سەركردەی شارەزاو سەركەوت و ئەوەیە بۆ هەموو بوارێك ڕاوێژكارێكی هەبێت بۆ ئەوەی ڕاوێژی پێ بكات . بۆنمونە سەیركەن دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا لە چ بارودۆخێكی سیاسیدایە . ئەم پیاوە ڕاویژكاری هەیە بۆ نێوان ئەمەریكاو ڕوسیا ، وڵاتانی ئەوروپا ، ئەفەریقا ، وڵاتانی لیبیا تا دەگاتە مەغریب . چەندین ڕاویژكاری هەیە بۆڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ڕاویژكاری تایبەتی هەیە بۆسوریا ، بۆ لوبنان ، بۆ وڵاتانی خلیج بۆ ئەفغانسان . ڕاوێژ كاری زۆری هەیە بۆ بواری بازرگانی و زۆر شتیتر .
هەر سەركردەیەك كە ڕاوێژكاری نەبێت و بڵێت خۆم هەموو شتێك ئەزانم وپێویستم بە ڕاوێژكار نییە بێشك ئەوە یان سەركردەیەكی دیكتاتۆر یان نەزانەو هەرگیز سەریش ناكەوێت و وڵات بەرەو وێران بون ئەبات . كەواتە سەركردەی سەركەوتوئەو كەسەیە كە خۆی بڕوای بەو ڕاستییە هەبێت كە هەموو شتێك نازانێت و پێویستی بە ڕاوێژی كەسانی شارەزا هەیە .
كەواتە وشەی ڕاوێژ بەمانای پرس و ڕاكرن و وەرگرتنی بیرو بۆچونی كەسانی شارەزا دێت لە هەر بوارێكداو بۆ هەر مەبەستێك بێت . ئەوكەسەشی كە ڕوێژی پێ دەكرێت و بیروبۆچونی وەردەگێرێت لە هەر بوارو بابەتێك دابێت پێی دەگوترێت ڕاوێژكار . سەركردەی سەركەوت و ئەو كەسەیە كە كەسانی شارەزاو لێزان دكاتە ڕاوێژكاری خۆی و لە هەمان كاتیشدا گوێیان بۆ دەگرێت و بە قسەیان .
ڕاوێژو ڕاوێژكار لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكدایە ؟.
ئەگەربلێم هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتێكی تۆكمەو یەكگرتوو ئیدارە دەدرێت ، ئەوە ڕاست دەرناچی و ئەو حكومەتەی ئێستا هەمانە تەنها ناوە. لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان بە كردەیی لە لایەن دوو بنەمالەی بارزانی و تاڵەبانییەوە ئیدارە دەدرێت بەڵام لە ژێر ناوی یارتی و یەكێتیدا . ئەوەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 بۆ یەكەم جار پێك هێنراوە ، لەسەردەمی مامجەلال خۆیەوە كە هەم سەرۆكی یەكێتی بوەو بۆ دوو خولیش سەرۆك كۆماری عێراق بوەوتا ئێستا كە بافڵی كوڕی سەرۆكی یەكێـتیەو برابچوكەكەی جێگری سەرۆكی حكومەتە دوای ئەوەش سەبارەت بە پارتی كە مسعود بارزانی سەرۆكیەتی و كوڕەكەی سەرۆكی حكومەتەو برازاكەی سەرۆكی هەرێمە ، كە بەحساب ئەمانە سەركردەی میللەتن و لە بواری سیاسیشدا ناسراون ، هیچ كامێكیان بڕوایان بە ڕاوێژی هیچ كەسێكیتر نەبوە لە خۆیان و نزیكەكانی خانەوەدەكەیان زیاتر . ئەوان هەمیشە خۆیان لە هەموو كەس بە شارەزاترو داناترو لێزانتر زانێوە و هەربەلایانەوە حەیاچون بوە پرس و ڕا بەكەس بكەن و بەلای ئەوانەوە ئەوە نەنگی بووە .
پرسیار ئەمەیە : ئایا كەسیان لە دەوری خۆیان داناوە بەناوی ڕاوێژكارەوە ؟. ئەوەندەی من لە نزیكەوە ئاگاداربم هەمویان بە پۆل خەڵكانێكی زۆریان لە دەوری خۆیان بەناوی ڕاوێژكارەوە دامەزراندووە ، بەڵام بۆ هیچ كارێك پرس و ڕایان پێ ناكەن و لە بری ئەوەی ئەم ڕاوێژكارانە پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتان و ئەحزابی ترو كەسایەتی ناسراوی سیاسی بۆ ڕیك بخەن ، ڕاویژكارەكان خۆیان وەكو خەڵكیتر دەبێ مۆڵەت وەرگرن بۆ بینینی ئەم سەركردانە . ئەم بینینەش بۆ ئەوە نییە كە ڕاوێژپێشكەش بەسەرۆكەكان بكەن ، بەڵكو بۆ كاری خۆیانە . ئەی كەواتە سودی هەبونی ئەم هەموو ڕاوێژكارانە چییە كە خەرجییەكی زۆریان هەیە ؟. هەبونی ڕاوێژكار لای سەركردەكانی ئێمە بۆ ئەم مەبەسەتانەیە :
1-كەسانێكی بێ ئیشی زۆریان بەدەورەوەیە بۆ ئەوەی لە حیزبەكە نەتورێن ، ناوی ڕاوێژكاریان لێ دەنێن و موچەی باش و بەلاشیان پێ ئەدەن .
2-یەكێتی و پارتی بەردەوام خەریكی ئەوەن خەڵكی لە یەكتری هەڵگێرنەوە ، كەسانی هەل پەرست و بێ كەسایەتی زۆر هەیە لە پێناوی پارەدا خۆیان دەفرۆشن .لەو حاڵەتدا ئەگەر كەسێك لەناو پارتییەوە چوە ناو یەكێتی یان بە پێچەوانەوە یان لەناو حیزبەكانیترەوە چونە ناویان ، لە شوێەنێك بەناوی ڕاویژكارەوە دایان دەنێن تەنها بۆ ئەوەی پارەیان پێ بدەن . لەوحاڵەتدا نە كەس ڕاوێژیان پێ دەكات و نە ئەوانیش لە خەمی ئەوەدان ڕاوێژیان پێ بكەن چونكە ئەوان بۆ پارە ئەمبەرو ئەو بەر دەكەن . نمونەی زۆرم لایە بەڵام بە باشی نازانم ناوی كەس بهێنم .
3- خۆ ئەگەر ئەو سەركردانە ڕاوێژكاریش دانێن لە ناچاری و لەترسی لۆمەی ئەم و ئەو ، هەرگیز كەسێك ناكەنە ڕاوێژكار كە لە خۆیان شارەزاتر بێت ، چونكە وەكو لە سەرەتاوە باسمكرد سەركردەكانی ئێمە پێیان شەرمە ڕاویژ بەكەس بكەن و ئەوان كەسانێك دەكەن بە ڕاویژكار كە زۆر بچوك و بێ كەسایەتی بن و هەرگیز نەتوانن قسە لە قسەی ئەواندا بكەن ، ئەو بەناو ڕاوێژكارانە ئەركیان ئەوەیەئەمان هەرچییەكیان گوت بڵێن : بەڵی قوربان فەرمایشتی جەنابتەو هەرچی جەنابت بیفەرموی ئەوە ڕاستە . لە ئەنجامدا هەبونی ڕاوێژكار لە هەرێمی ئێمە لە دوو بواردا خۆی دەبێنێتەوە یان بە بارێكیتردا بڵێین بۆ دوو مەبەستە : یەكەم : بۆ رازیكردنیان بۆ ئەوەی بەملاو ئەولادا نەڕون بیانكڕن . دووەم : بۆ ئەوەیە ئەگەرئەمان خۆیان لە هەر بوارێكدا قسە بكەن ڕاست بێ یان ناڕاست ، ئەم ڕاوێژكارانە لێدوانەكانی ئەوان دوو بارەو سێ بارە ئەكەنەوە بە ترش وخوێوە . واتە قسەكانی سەركردەكان كاوێژ دەكەنەوە . كەواتە بواری ڕاوێژكاری بۆتە بواری كاوێژكاری .
4- مەترسی دانانی ڕاوێژكاری لەو جۆرە كە نە شارەزاییان لەهیچ شتێكدا هەیەونە بۆ ئەوەش دارنراون تا پرس و ڕایان پێ بكرێت تەنها بۆ كاوێژكردنەوەی قسەكانی سەركردەكانە چۆنكە ئەوانە هیچ ڕابوردویەكیان نییەو بەردێكیان نەخستۆتەسەر بەردێك بۆ كورد ، ئێستا لە سایەی بارودۆخێكەوە كە بۆیان هەڵكەوتوە بونە خاوەنی موچەی باش و سەیارەو خانوو ، جگە لەوەش لە لایەن خەڵكیشەوە دەسكەوتیان دەبێت چونكە خەڵك دێت بۆلایان و داوایان لێ ئەكەن ئێشیان بۆ بكەن . ئەوانەش بە حوكمی ئە وەی ڕاوێژكاری سەرۆكن بەرپرسی فەرمانگەكان دەناسن و كار بۆ خەڵك ئەكەن و دەسكەوتیان دەبێت، لە هەموو ئەمانە خرابترئەمانە هەرگیز گلەیی خەڵك و ناڕەزاییەكانی جەماوەر ناگەیەنن بە سەركردەكان ولێیان دەشارنەوە ، لەئەنجامدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم دەسەڵاتە لای خەڵك ناشیرینتر دەبێت بە هۆی ئەوەی ئاگایان لە كاروبارەكان نابێت چۆن بەڕێوە دەچن . ئەم كاوێژكارانە هەرگیزئەو شتانە ناگەینن بەسەرۆی خۆیان كە لەبەرژەوەندی گشتیدابێت ، لەترسی ئەوەی شوێنەكەیان لە دەستبدەن.
سەركردەكانی كورد ئامادەن گەورەترین زیان بە گەل و نیشتمان بگەیەنن ، بەڵام هەرگیز ئامادە نابن و ڕیگا نادەن كەس قسە لە قسەیاندا بكات چونكە ئەوە بە حەیاچونی خۆیان دەزانن . ئەمە جۆرێكە لە نەخۆشی دەرونی لە ئەوەشەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەم سەركردانە تا ئێستا قۆتاغی خێڵ و هۆزو بنەماڵەییان تێنە پەڕاندوە بۆیە ناتوانن ببن بە حوكمڕانێكی باش و سەركردەی كارێزمای میللەت ، چونكە سەركردەی كارێزما بە كەسانێك دەكرێت كە زۆر سنگ فراوان و كراوەو لێبوردەبن و هەموو هاونیشتمانیەك وەك ئەندامێكی خێزانەكەی خۆی سەیر بكات و ئاگای لە شێوازی ژیان و گوزەرانیان بێت ، نەك هەموو شتێك بۆخۆیان ببەن . تا ئێستا تەنها نیلسۆن مەندێلاو غاندی توانیویانە ببنە سەركردەی كارێزمای میللی. بۆپشت ڕاستكردنەوەی ئەمە دەمەوێت ئەوەتان بیر بێنمەوە كە سەرۆك بارزانی بریاریدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدات .
زۆرینەی میللەتی كوردو سەدان خەڵكی شارەزاو لێزان تكایان لێكرد لەبەر ئەوەی ئێستا كاتەكەی گونجاو نییە بۆ ڕیفراندۆم و پشتیوانی نێو دەوڵەتیمان نییە بۆ ئەوەی توشی زیانی گەورە نەبین ، ڕیفراندۆم نەكات ، یان هیچ نەبێ دوای بخات بۆ كاتێكی گونجاوتر ، سەرۆك بارزانی نەك بە قسەی خەڵكی كوردی نەكرد ، بەڵكو بەقسەی هاو پەیمانانیشی نەكرد لە سەرۆی هەموویانەوە ئەمەریكا كە زۆر پشتیوانی كوردیان كردوەو داوایان لێ كرد بۆ ماوەیەك دوای بخات . لە وەڵامدا وتی مادام هەموتان داوام لێ دەكەن ڕیفراندۆم نەكەم ، ئەوە من بڕیارم دا هەر بیكەم چونكە سەرخستنی قسەی خۆی لاگرنگتر بوو لە دەستدانی نیوەی زیاتری خاكی هەرێم . هەرچەندە وتی من بەرپرسیارم لە دەرئەنجامەكەی ، بەڵام ئایا هیچ بەرپرسیاریتێكی هەڵگرت ، وازی لە سیساسەت و بریاردان و قسەكردن بەناوی كوردەوە هێنا ؟.