ئەو پێوەرانە چین کە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێدەپێورێت؟!

محەمەد خۆشناو
  2021-07-12   
ترسناکترین شت لەو هەلانەی کە پێی هەلدەستین ، بریتیە لە گشتاندنی حوکم«تعمیم الحكم» بەسەر کەسێک ، لایەنێک ، توێژێک ، ولاتێک یا حکومەتێک ، هەندێک جار کێشەیەک یا گیروگرفتێک لە هەرێمی کوردستان روودەدات ، چەندین جار گوێم لە هەندێک بەرپرسی حکومەت بووە و ، دەلێن لەبەر میراتی کابینەی پێشوو بووە ، وەک ئەوەی کابینەی پێشوو زنجیرەیەک هەلە و شکستی دراماتیکی لەسەر ئاستەکانی سیاسی ، ئابووری ، تەندروستی ، خزمەتگووزاری.. هتد ئەنجامدابێت و ، ئەو هاتۆتە سەر وێرانە خاکێک کە دەبێت سەرلەنوێ بونیاتبنرێتەوە!!
تۆ ئەگەر بتەوێت شتێک هەلسەنگێنیت ، دەبێت پەنا بۆ پێوەر ببەیت ، خوێنکارێک کە دەچێتە زانکۆ بۆ وەرگیرانی لە یەکێک لە کۆلیژەکان ، پێوەرەکەی نمرەکانیەتی ، ئەگەر بتەوێت پارچە زەویەک بپێویت ، پێوەرەکە مەترە ، هەتا چوونە بەهەشت و دۆزەخ ، پێوەری خۆی هەیە ئەویش ژیننامەی کەسەکە و کاروکردەوەکانیەتی.
ئەگەر بتەوێت شتێک هەلسەنگێنیت ، پێویستە ماملە لەگەل ئەو راستیانەی کە لەسەر زەوی هەیە بکەیت و ، هەولبدەیت خۆبەدوور بگریت لە سۆز و ئینیباع و ، هەمیشە وانە و پەند لە ئەنجامەکەیە ، بێ پێوەر ناتوانین هیچ شتێک بپێوین.
چەند سالێک لەمەوبەر ، بەهۆی گەشانەوەی نەوتی ، هەرێمی کوردستانیش گەشانەوەیەکی ئابووری و دارایی بەخۆوە بینی ، خەلکی لە کەمدەرامەتی و مام ناوەندیەوە بەرەو خۆشگووزەرانی وەرچەرخاند و ئاستی بژێوی و داهاتی تاکەکان باش بوو و ، پرۆسەیەکی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەیەکی تەواو کوردستانی گرتەوە ، بە کۆتایی هاتنی زەمەنی نەوتی دۆخی هەرێم شلەژا ، بەلام سەرباری ناخۆشی و دژواری دۆخەکە بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە بەردوام بوو  و ، هەرێمی کوردستان بازدانێکی گەورەی بەخۆوە دیت ، ئەمە وای لە ناحەزان کرد کە چاویان بەو پێشکەوتنانە هەلنەیەت و ، بەربەستی گەورە بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسە سەرتاپاگیریە دابنێن ، هەر بۆیەش هەندێک لە سەرانی دەسەلاتدارانی عێراق پارەیان لە کوردستان بری و ، پروپاگەندەی ئەویان بلاوکردەوە ، کە ئەم پێشکەوتنانەی کوردستان لەسەر حسابی هاولاتیانی باشوور و ناوەراستە.
هەر سەرۆک حکومەتێک یا سەرۆکی ولاتێک ، ئەگەر بیەوێت شتێک بەدیبهێنێت ، نموونەیەک دەکاتە پاشخانی خۆی ، بۆ ئەو شتەی کە دەیەوێت بەدیبهێنێت ، ئەگەر بیەوێت شارێکی دواکەوتوو لە رووی خزمەتگووزاری ، رێگاوبانی خراپ و عبەسی و شوێنی ناشیرین و هەرەمەکی… هتد نەهێلیت ، ئەوە دەبێت لەناو مێشک و خەیالتدا نموونەی شارێکی جوان بکاتە پێوەر و مقیاس تا شارە دواکەووتوەکە وەک ئەو لێبکات ، دەشێت لەناو عەقلی سەرۆکی کابیەنەی پێشووی حکومەتی کوردستان ، ئەم نموونەیە و دەیان نموونەی هاوکوف بۆ سەرانسەری کوردستان هەبووبێت و ، دەستیکرد بە هێنانەکایەی ئەم نموونانە ، بەلام نەناردنی پارە و دابەزینی نرخی نەوت و شەری داعش و بارگرانایی پەنابەران ، قەیرانی ئابووری و دارایی دروستکرد ، کە رێی لە تەواکردنی نموونەکان گرت ، بەلام پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە رێگەی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەوە بەردەوام بوو ، بەلام وێرای هەلە و کەموکوری و کێماسی ، لە هەموو بارێکدا ئەو سەردەمە پرشنگدارترین قۆناخی حوکمرانی و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانە.
پێوەری کابینەی پێشوو و ئەو کابینانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی کرد ، ئەو وێنانەن کە لەبەچاوە ، وێنە دەدویت و ، وێنە بەزمانێک دەئاخفێت ، کە زۆر راستگۆتر و زێدە رەوانترە لە ووشە ، پیشەگەرانی رۆژنامە کاریگەری وێنە لەسەر خوێنەر بەرانبەر کاریگەری ئاخاوتنیان تاقیکردۆتەوە ، ئەمە وێنەیە وا لە گەشتیارانی باشوور و ناوەراست دەکات ، کە دێنە هەرێمی کوردستان لە سۆشیالمیدیا جوێن بە بەرپرسانیان بدەن و ، بلێن وەرن سەیری تۆری رێگاوبانی نێودەولەتی ، تۆنێل و باخچە و پارکی جوان و شار و شارۆچکەی پان و پۆری خاوێن بکەن ، بزانە ئەمانە چیان کردووە!!
ئەگەر بمانەوێت حوکم بدەین ، لەسەر هەموو کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دەبێت ئێمە خۆمان لە حوکمدان لەسەر کەسەکان بەدوور بگرین ، هەتا ئارەزوو وامانلێنەکات لە راستی دوور بکەوینەوە ، چونکە چۆن پێداچوونەوە بەسەرکەوتنەکانیان بکەین؟ بە ئەنجامەکان هەلیاندەسەنگێنین… هەریەک لەمانە کە دەستەلاتی گرتەدەست ، هەرێمی کوردستان چۆن بوو و بەچ شێوەیەک وەریگرت؟ دوای کۆتایی هاتنی ماوەی بەرێوەبردنی ئیدارەکەی ، بەچ شێوەیەک بەجێیهێشت؟
بەم شێوەیە پێویستە حوکمدان لەسەر ئەو سەرۆک کابینانە ئەوها بێت : کە دەسەلاتی گرتەدەست ، هەرێمی کوردستان چۆن بوو ؟ و چۆنی جێهێشت بۆ ئەوەی دوای خۆی ؟ پێوەر و مقیاس بۆ کابینەکانی پێشوو ، بەچاک و خەراپیەوە ، زۆر و هەمەجۆرەن ، رێژەی گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە ، مافی مرۆڤ و داکۆکی لە ژن و ئازادی رۆژنامەگەری ، وەبەرهێنان ، خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان ، خوێندن و فێربوون..هتد ، لەهەمووی گرنگتر ئەو حالەی دەروونی هاولاتی تێیدا دەژیت ، پربایەخترین دەسکەوت ئەو کاتە بوو ، کە سەرۆکی حکومەتی پێشوو ، بەئازایانە سینگی دابەر دوژمن و ناحەز ، کە لەرێگادابوون هەرێمی کوردستان بەرەو دۆزەخ ببەن و ، لەرێگەی هەندێک ولات و بازرگانەوە بیرفێنن و ، « ئەو» بوو کوردستانی لە گۆشەگیری نێودەولەتی دەرهێنا و ، حەرەکەی زەمەنی ناچار کرد ئاراستەی خۆی بگۆرێت.
کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەر هەموویان تەواوکەری یەکترین ، هەمووی پێکەوە لە هەلە و کەموکوری و سەرکەوتندا هاوبەشن.
راچێتەی سەرکەووتن لەبەردەمماندایە ، بۆچی لەو شوێنەوە دەستیپێنەکەین ، کە سەرکەوتووەکان کۆتاییان پێ هێنا ، لەبری ئەوەی هەموو جارێک ئەو رەورەوەیە دابهێنینەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×