دۆست دروستکردن….دوژمن پەیداکردن!

محەمەد خۆشناو
  2022-04-16   

ئەگەر ئنسکلۆپیدیایەکی نوێ هەبێت بەناوی«چۆن بێ مامۆستا دۆستەکان دەکەینە دوژمن» ئەوە هەرێمی کوردستان جێیەکی باشی لەو ئینسکۆپیدیایە تۆمار دەکات.
ئێمە لەئاستی ناوخۆدا ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر خەریکی دروستکردنی دوژمنین ، گوشاری ژیان لە بێزاری و ناڕەزایی خەڵک و کێشەوململانێی ناشەریفی حزبەکان و بەرپرسەکان کە هەر خەریکی بەرژەوەندی خۆیانن و لەبیربردنی خەون و ئاواتەکانی گەلەکەمان کە وایکردووە رقوکینە و لێکترازان و تووڕەیی و بێمتمانەیی فراوانتر بێت کە ئەمە دروستکردنی دوژمنە لەناوخۆدا ، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە لە دروستکردنی دۆست لاوازین.
دەرگای کەناری ئارامی کۆمەڵگە و وڵاتان بەدروستکردنی دۆست و هاوڕێ لەناوەخۆ و دەرەوەدا دەکرێتەوە ، دۆست پەیداکردن ئاسان نیە و قورسە چونکە دروستدەکرێت واتە«صناعەیە» ، بۆئەوەی دڵنیابیت لەو دۆستایەتیە کە دروستی دەکەیت ، دەبێت کەسەکە یا حزبەکە یا بەرپرسە باڵایەکە لەخۆشی و ناخۆشی و تەنگانە و ئەو شتانەی کەبەسەری دێت بەسەرکەیتەوە.
نیکۆلۆ مکیاڤیلی لە کتێبی « الامیر»دا ئامۆژگاری دەسەڵاتدار دەکات و دەڵێت : دۆستەکانت بپارێزە و ، هەمیشە هەوڵبدە دوژمنەکانت بۆخۆت ڕابکێشیت.
دروستکردنی دوژمن ئاسانە دەتوانیت بەچاوتروکانێک دوژمن دروستبکەیت…ئێمەی کورد زیاتر دوژمنمان دروستکردووە لەوەی دۆست دروستبکەین لەهەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا….ئاسانی دوژمن دروستکردن وەک ئەو نموونەیە : جاری واهەیە بێ مەبەست و نیەت دوژمن دروست دەکەیت ، کە دەچیتە شوێنێک سڵاو لەهەموویان دەکەیت بەڵام بێ ئەوەی ئاگات لەخۆت بێت بەسەر یەکیان تێپەڕ دەبیت و سڵاوی لێناکەیت ، کەسەکە یەکسەر بارگەیەکی سلبی بەرانبەرت لەکنەخۆی جێدێلێت ، لەسەر ئاستی حزبەکانیش کاتێک بەربەرەکانی حزبێک دەکەیت و فرامۆشی دەکەیت و بچووکی دەکەیتەوە و یا کە دووچاری ناخۆشی هات ڕوویلێوەردەگێڕێت ئەمە خۆی لەخۆیدا دروستکردنی دوژمنە.
دروستکردنی دۆست و دوژمن وەکو دروستکردنی بونیاتنان و تێکدانە ، بیناکردن پێویستی بە نەخشە و پلان و دیدگا و کات و خۆماندووکردن هەیە ، بەڵام تێکدان ئاسانە پێویستی بەوانە نیە کە باسمانکرد ، هێنانەدی دۆست پەیداکردن قورس و زەحمەتە بەڵام دەبێتە مایەی هێز و ئەمانەتی زیاتر…کەیەکێک رەخنە لەحزب یا دەسەڵات دەگرێت یا ئۆپۆزۆسیۆنێکی ڕاستەقینەیە بەرانبەر دەسەڵات ، نابێت تەخوین بکرێت یا بەخراپترین تۆمەت تاوانبار بکرێت ، بەمە تۆ دوژمن بەدەستی خۆت بۆخۆت دروستدەکەیت.
ئێستا ئێمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە دروستکردنەوەی دۆستایەتی و دەستلەملانێی گەلەکەمان هەیە و ، پێویستیمان بە ئاشتەوایی حزبەکان و دۆستایەتی دەرودراوسێ و وڵاتان هەیە.
تێکەڵکردنی دۆست و دوژمن زەرەری گەورەی بەدوادادێت ، تۆ ناتوانیت دیندارێک و تووندڕەوێک تێکەڵی یەکتری بکەیت ئەمە دوژمن بۆ ئیسلام زیاتر دەکات ، ترساندنی تاک یا کۆمەڵەگا یا برسیکردن و ڕق ئەستووری بەرانبەری  دروستکردنی دوژمنە کە ئاکامی ماڵوێرانی دەبێت و ئەوکاتە هەموو دۆستەکانی جیهان دادت نادات و  بەهانەتەوە نایەن پشتت تێدەکەن وەک ئەو پشتێکردنەی ئەمەریکا لە شای ئێران-ی کردوو و دەیان نموونەی تر.
ڕاگەیاندن لەهەموو وڵاتانی جیهاندا گەلان کۆدەکەنەوە و لەنێوخۆیاندا یەکیان دەخەن لەبەردەمایاندا و ، هۆشاری و بیر و ڕاستی بڵاودەکەنەوە ، بەڵام ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە ڕاگەیاندنی ئێمە بەهەموو ئامرازەکانیەوە  بە دەستلەپشدانی حزب هانی دروستکردنی دوژمن دەدات ، ڕاگەیاندن دەتوانێت بە ڕۆلی ڕاستەقینەی خۆی هەڵسێت لە ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان و خستنەڕووی بۆ گفتووگۆکردن و بڕواپێهێنان لەهەر کارێکی نەخوازراودا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستکردنی دوژمن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×