ڕوسیای نەتەوەیی ترسناكتر لە ڕوسیای كۆمۆنیستی!

محەمەد خۆشناو
  2022-05-07   

سزایەكی وایان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە كە لەمێژوودا نموونەی نەبووە ، وڵاتەیەكگرتووەكان و خۆرئاوا هەموو ئەو هۆكارانە كۆدەكەنەوە كە دەبنە مایەی داچۆڕان و لاوازكردنی ڕوسیا بە بەكارهێنانی ئەو چەكانەی كە لەبەردەستیاندایە : سەربازی و ئابووری و دارای و سیبرانی و ڕاگەیاندن بە هەموو ئامرازەكانی و گووشاری سیاسی بۆسەر وڵاتە جیاجیاكان و كۆكردنەوەیان لەو جەنگە و وا لە جیهان بكات بەپێی قسەی بیرمەند و نوسەری ئەمەریكی نعوم تشۆمسكی «نزیكبوونەوە لە ترسناكترین قۆناغەكانی مێژووی مرۆڤایەتی » ئەمە جگە لە ئابلوقە لەسەر شانۆ و مۆسیقا و ئەدەبی ڕوسی ، ئاخر نمایش نەكردنی سمفۆنیای چایكۆفسكی یا نەخوێندنی ڕۆمانووسی گەورە دیستۆفسكی لەهەندێك وڵاتاندا چ پەیوەندی بە جەنگەوە هەیە؟ هەمان شتیان بەسەر ئەڵمانیا هێنا مۆسیقا و سمفۆنیەكانی ڤاگنەر-یان قەدەغەكرد چوونكە هیتلەر گوێی لێدەگرت و ئێستاش لە ئیسرائیل مۆسیقای ڤاگنەر قەدەغەیە ، ئەم هەموو سزا و ئابلوقانەم وەكو سزا و ئابلوقەكانی سەر ئەڵمانیای دوای جەنگی یەكەمی جیهان دێتە بەر چاو كە بەڵێنامەی« ڤێرسای  » یان بە ئەڵمانیا مۆركرد كەتیایدا زەویەكی زۆریان لەو وڵاتە دەبڕاند و مەرجی قورسی ئابووریان بەسەریدا سەپاند و سوپاكەیان زۆر لاوازكرد و ڕەچاوی تایبەتمەندی نەتەوایەتی ئەڵمانیا لە دابەشكردنی خاكەكەی نەكرا و  ، ئەو هەموو ستەمە بوو وای لە گەلی ئەڵمانیا كرد لە دەوری هیتلەر كۆببنەوە و جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسێت ، هەر دەڵێی مێژوو بە شێوە و جۆرێكی دیكە لەو سەردەمەدا دووبارە دەبێتەوە ، ڕوسیا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە وڵاتەكەی لە ناوەوە و درەوەدا بۆتە گۆڕەپانی جەنگ و پێی وایە كە هۆكاری هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت ئامانج لێی ئایدۆلۆجیای سۆشیالستی نەبوو ، بەڵكە ئامانجەكە وجودی خودی ڕوسیا بوو ، بە بەلگەی ئەوەی كە لێدانەكان لە ڕوسیا دوای داڕمانی یەكێتی سۆڤیەتیش بەردەوام بوو و ، ڕوسیا ئابلووقە دەدرا كە وازی لە شوعیەت هێنابوو و پەیمانی ئەتڵەسی لە پێشڕەوی بەردەوام بوو و قوڵایی وڵاتەكە ئیختراق دەكرا و دەورە درابوو بە شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگ ، وەك ئەوەی كە دەبێت ڕوسیا باجێك بدات كە كەمتر نەبێت لەو باجەی ئاڵمانیا لە جەنگی یەكەمی جیهانی دای… پۆتین پیاوێكی كەللە ڕەقە مەرجەكانی خۆرئاوا قبوڵ ناكات و ملكەچ نابێت ، ئەو چاك دەزانێت كە ئۆكراینا شەڕی بەوەكالەت لەجیاتی وڵاتەیەكگرتوەەكان و خۆرئاوا دەكات كە ڕۆژانە بەجۆرەها موشەك و چەكی نوێ دڕژێنیتە ئەو وڵاتە و ڕێگرن لە سەرخستنی هەر دانوستاندێك لەنێوان هەردوو لایەنی ڕوسی و ئۆكراینی بەئامانجی داچۆڕاندنی ڕوسیا ، چونكە ئەمەریكا دەترسێت ، ترسی ئەو وڵاتە هەندە كەمتر و تووندتر و قوڵتر نیە لە ترسی ڕوسیا و چین ، چونكە وڵاتە یەكگرتووەكان هەر لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە تاكە هێزی گەورە بووە و ڕاهاتووە كە دوا ووشە و كاریگەری لەسەر هەر پارچەیەكی ئەم زەویەدا هەبێت و ناتوانێت قبوڵی ئەوە بكات واز لە عەرشی خۆی بهێنێت یان هیزێكی دیكە بەشدار بێت لەگەڵیدا ، وڵاتەیەكگرتووەكان و پەیمانی ناتۆ پێیان وایە كە ترسی ڕوسیای نەتەوەیی هێندە كەمتر نیە لە ڕوسیای كۆمۆنیستی ، ئەو ڕوسیایەی كە بڕیاری وای لەدەستە كە هەڕەشە لە خۆرئاوا بكات و ، بۆیە باڵی عەولەمە كە نوێنەرایەتی پارتی دیموكرات لە ئەمەریكا دەكات پێیان وایە كە ڕوسیا ترسناكتر لە چین چونكە دەتوانێت لە ڕێگەی غاز و نەفتەوە یا لەڕێگەی هێزەوە بەسەر ئەورپادا باڵادەست بێت و ، بێ ئەوروپاش ئەمەریكا لە لووتكەدا نابێت ، بەڵام سەرمایەدارە نەتەوەییە  ئەمریكیەكان پێیان وایە كە ڕوسیای نەتەویی لەوانەیە ببێتە هاوپەیمان بەڵام ئەژدیهای چینی كە ئیستا براوەی گەورەیە ترسناكیەكەی زۆر گەورەتر و زیاترە….ڕوسیا وایدەبینێت كە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە پارچەكانی لاشەی خاكەكەی و هاوڵاتیانی كۆبكاتەوە كە بەهۆی داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت پەرشوبڵاوبووبونەوە بۆیە ئێستا نزیكەی بەتەواوی كۆنتڕۆلی ناوچەكانی هەرێمی دۆمباس كردووە و بەڕێگاوەیە بەرەو باشوور و ئۆدسیا تا لەئایندەدا خۆرهەڵاتی ئۆكراینا بە پردێكی زەمینی بیبەستێتەوە بە كریما« قرم» ، لەبەرەیەكی دیكەی جەنگەكەدا ئەمەریكا هەوڵیدا لەڕووی ئابووریەوە هەرەس بە ڕوسیا بێنێت بەڵام رەدی ڕوسیا بریتی بوو لە سەپاندنی ڕۆبل بەرانبەر ناردنی غاز و نەفت و دانەوێڵە و شتی تر ، بەمە لێدانێكی گەورەی لە دۆلار دا و رۆبل هێزەكەی خۆی گەڕاندەوە كە بەهۆی سزاكان لەدەستی دابوو ، ئەمە ئەمەریكا و ئەوروپای زیاتر تووڕەكرد و رەدی ئەمەیان بە چڕكردنی پاڵپشتیكردنی سەربازی بۆ ئۆكرینا دایەوە و لەگەڵ كۆكردنەوەی حەشاماتێكی گەورەی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×