پەروەردەو فێرکردن وەک پڕۆژەیەکی دەرباز بوون!

محەمەد خۆشناو
  2022-10-23   

ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ برادەرێک کە مامۆستای زانکۆ و کەسێکی ڕۆشنبیر بوو ، دەردەدڵی خۆمان لە خەمی دۆخی خراپی نێوماڵی کورد و خۆنەبانکردنی هەندێک بەرپرسانی دەسەڵات و دوورکەوتنەوەیان لە خەڵک و پرسە نیشتیمانیەکان و بەدوکەوتنی پۆست و پلە و پارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نەبوونی تروسکایەکی هیوا و ئەو شتانە دەڕشت….بەخەیاڵی خۆمان«نازانم خەیاڵێکی ڕەوایە یان نا؟» ئەوەمان خستەڕوو باشە ئەگەر لەڕووی سیاسی نەتوانرێت خۆزگەکان بەدیبێت ئایا دەتوانین لە ڕێگەی خوێندن و فێربوون وەکو سەنگاپورا و مالیزیا و ڕواندا… هتد ئەو نیشتیمانەی خۆمان پێشبخەین و تەکانێکی گەورەی پێبدەین؟! بۆ نا خۆ ڕواندا دۆخی زۆر لەئێمە خەراپتر بوو بە چەند ساڵێک ئاسەواری شەڕی ناوخۆیان نەهێشت و  وڵاتەکایان وا ئاوەدانکرد و بووژاندەوە ،  ئێستا پێی دەڵێن سەنگاپورای ئەفریقیا.
 

نکۆڵی لەوەناکرێت کە دۆخی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان خەراپە و ، ئاستی هەندێک هەندێک زانکۆ چۆتە ناو چڵپاو و ، خوێنکار کە دەردەچێت ئاستی زانستی و مەعریفەی نزمە و ناتوانێت لە گۆڕەپانەکە خۆی بسەلمێنێت و ، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێنکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و دەچنە ماڵەوە و بێکار دەمێننەوە یان کارێک دەدۆزێتەوە کە هیچ پەیوەندی بە تایبەتمەندی«تخصص» ئەوەوە نیە ، ترسناکیەکە لێرەیە کە ئەو هەموو ژمارەیە چەکدار نەکراون بە مەعریفە و مەشق و ڕاهێنان لە پسپۆریەتی ئەو بڕوانامەیەی کە بەدەستیهێناوە واتە کەسێکی کارامە نیە  بۆیە لەبازاڕی کاردا کەس وەریناگرێت ، بەمەش بڕوانامەکەی ڕاستگۆیی ووندەکات و ناتوانن ڕۆل بگێڕن لە بوژانەوە و گەشەپێداندا.
 

من ئەو پسپۆری و شارەزایی وام نیە بۆ ڕووچون بۆ نێو مەلەفی فێرکردن یا تەعلیم و هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی خوێندن و زانست ، مەلەفی فێرکردن بە سروشتی خۆی مەلەفێکی ئاڵۆزە کە لەنێویدا دەیان کێشە و تەنگوچەلەمەی تێدایە ، ئەو تەنگوچەلەمانە هەرتەنها پەیوەست نیە بە لایەنی ماددی تایبەت بە ژێرخان لە نەبوونی ژمارەی پێویست لە قووتابخانە و زانکۆ لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنکاران و ، تەجهیزکردنیان بە نوێترین دەزگای پێشکەوتوو ، بەڵکە پەیوەستە بە شێوازی ئیدارەدانی ئەو تەعلیمەیە کە ئەو هەموو خوێنکارەمان خستۆتە دەست کەسانێک کە زۆربەیان  وەک پێویست ئامادەنەکراون بۆ ئەرکەکانیان و ، دابەزینی ئاستی مامۆستا لەهەموو قۆناغەکاندا ، واتە لایەنی مەعنەوی و مرۆیی تایبەت بە ئامادەکردنی مامۆستا و بەرزکردنەوەی توانای زانستی و مەشقپێکردن لەسەر ئامرازەکانی نوێ و هۆشیارکردنەوەی ڕۆشنبیری و زهنی خوێنکار ، جگە لەمە هۆکارێکی دیکەی داڕمانی تەعلیم ، پەیدابوونی وانە و قووتابخانەی تایبەت کە کۆتایی بە ڕۆلی پەروەردەی قووتابخانە هێنا و ، مامۆستای ناچارکرد لەبەر دۆخی خەراپی بژێوی هەندە بەجدی نەپڕژێتە وانەووتنەوە و ، هەندێکی دیکەش لە خوێنکار و مامۆستایان  وازیان لە قووتابخانە هێنا  لە پێناوی وانەی تایبەت ، کە ئێستا بۆتە بازرگانی و داهاتی لە پزیشک و ئەندازیار و دەرمانساز زیاترە.
 

فێرکردنی بنەڕەتی قووتابخانە کە وەک بناغەی خانوو بنچینەکەیە کە «12» ساڵ لە تەمەنی خوێنکار دەخایەنێت ، ئەمە ئەم چەند ساڵەیە کە دەبێتە ئەستوندە  بۆ هەر وڵات و کۆمەلگەیەک و بنچینەی پڕۆژەی نیشتیمانیە بۆ هێنانەدی خەون و ئاواتەکان ، بەڵام چۆن ئەو ئەستوندانە بەهێز دەکرێن و لەترسناکی دەپارێزرێت!! ئەمە بە دەستەبەرکردنی جۆری مامۆستا و پەرەپێدانی تواناکانیان و  خوول و مەشقپێکردنی بەردەوام و ، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویان دەبێت ، بۆیە بەقەد ترسناکی ڕۆلی نیشتیمانیان دەبێت موەچەیەکیان هەبێت کە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆلە بن ، با مووچەی مامۆستا هێندەی ڕاوێژکاری وەزارەت یان نزیک لەو پلەیەدا بێت، بەمە وانە و قووتابخانەی تایبەت ئەو ڕۆلەیان نامینێت و ، خوێنکارێک بەرهەم دەبێت چەکدار بە مەعریفە و زانست و ڕۆشنبیری ، هەروەها تەحدیەکی تر هەیە لە کوردستان ئەویش لە منداڵەکانمان و گەنجان نیە ، تەحدیەکە لە کلتووری دایکوباوکانیانە کە نیزام وایلێکردوون پێوەری سەرکەوتنی منداڵەکانیان بڕوانامە بێت نەک وەرگرتن و فێربوون ، دواجار دامەزراوەی فیرکردن هەر ڕۆلی ئەوە نابێت کە فێرکردنی تەقلیدی تێدا بڵیتەوە ، بەڵکە پێویستە ڕۆله سەرەکیەکەی بریتی بێت  لە داڕشتنەوەی ویژدان و بونیاتنانی کەسایەتیکی دروست و چاندنی بەهای ئەخلاقی و مرۆیی کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زیرەکی دەستکرد و دونیای دیگیتاڵی کە وادێت و بەڕێوەیە ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی خوێنکارانی زانکۆی دهۆک یەکەمین کەس بوو کە ئاماژەی بەو خاڵکە گرنگە کرد کە مەسەلەکە هەر تەنها لە زانست و فێربوون نیە ، مەسەلەکە لە کۆمەڵێک بەهادایە بەهای لێبووردەیی و یەکترقبوڵکردن کە وا لە قووتابی بکات مرۆڤ بێت و ، قووتابخانە و زانکۆ دەبێت ئەو شوێنە بێت کە خوێنکار دەچێتە ئەوێ  بۆئەوەیە لەگەڵ هاوپۆلەکانی بسازێن و ، مومارەسەی کارامەیی و لێزانیەکانی سەدەی بیست و یەک بکەن و ، فێری ئەوەبێت کە لەچواچیوەی یەک تیمدا کار دەکەن و ، بەجیاوازی ئاین و بۆچوونی جیاجیا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و هەریەکە گوزارشت لەخۆی دەکات و ، کێبڕکێی زانستی و وەرزشی دەکات و لە هەڵەکانی فێردەبێت .

هەلی زۆرمان لەبەردەمدایە ، کە دەسەڵات گەڕانەوەی تەعلیم بۆ شوێن و پێگەبەرزەکەی خۆی بکاتە ئەولەویات و ، تەدەخولێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوە بکات لە هەرجۆرە دەستێوەردانی حزبی و کەسی  لەو دامەزراوە پیرۆزە و دەستێوەردان لێی بە تاوان دابنرێت ، چونکە خوێندن و فێرکردن هەر تەنها پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نیە بەڵکو  کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەییە و موقەدەسە ، کوردستانیش پسپۆر و شارەزای ئەوتۆی هەیە کە بەدیدگایەکی ستراتیژی کاربکەن و پێوەر بۆ ئەنجامەکەی دابنێن و دەست بەجێبەجێکردنی بکەن و هەموو پێیوە پابەند بن ، بایەخترین و گرنگترین شت ئەوەی هەمانە سەرمایەی مرۆییە و ، ئەمەش ئەو هەلەیە کە دەربازمان دەکات  ، ئەمە کلیلی دەرگای چوونە ناو سەردەمێکی نوێی ڕووناکی و بەختەوەریە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×