ڕەمەزانی پیرۆز ، مانگی زۆر خواردن و زیادبوونی سواڵکەران !

محەمەد خۆشناو
  2023-03-25   

هەموو ئایینە ئاسمانیەکان ڕۆژوویان هەیە ، چەند خۆش دەبوو خوای گەورە ڕێکەوتێکی وای هێنابا ، کە هەرچەند ساڵێک جارێک ڕۆژووی هەموو ئاینەکان کەوتبا یەک مانگ و زیاتر ، ڕۆژوو هەر تەنها قۆرخکراو نیە بەسەر موسڵمانان ، ڕەمەزان پێویستە ببێتە مانگی هەمووان ، خۆشی هەمووان و نوێژی هەمووان بۆ یەک خودا کە خاوەنی ئەو گەردوونە بەرفراوانەیە و ، هەمووان بەجیاوازی ئایینی هەریەکەو بەدیدگای خۆی دەیپەرستن .

مانای ڕۆژوو لە ئایینێکی ئاسمانی بۆ ئاینێکی تر جیاوازە ، «مەهاتما گاندی »ڕابەری هیندستان ، بڕوای بە ئایینە ئاسمانیەکان نەبوو ، ئەو هیندۆسی بوو ، بەڵام لە خوادن زۆر بەڕۆژوو دەبوو ، ئەو فەلسەفەیەکی لە ڕۆژووگرتندا هەبوو کە کەس نەیبوو ، فەلسەفەکەی لەسەر بنچینەیەک بوو کە ڕۆژوو  ئەو چاوەیە وەک ئەو چاوەی کە لەسەردایە تا جیهانی تایبەتی ناوەوە ببینێ و ئاشکرای بکات و ، داوای لە ئەوانی دیکە دەکرد کە وەک ئەو بکەن ، بەڕۆژووبونی گاندی ڕووناکیەک بوو  سەرچاوەی تیشکەکەی لە ویژدانیدا دەهات ، هەر ئەو فەلسەفەیە بوو کە وایلێکرد سەبر و پشووی درێژبیت بۆ بەرەوڕووبونەوەی کۆڵۆنیالیزمی ئینگلیز بەسەر وڵاتەکەی و ، لە قۆناغێکدا ئەو سەبرە بووە بەرگریەکی ئاشتیانە کە شەڕی بەریتانیای لە وڵاتەکەی بە مانگرتنی ئاشتیانەی مەدەنی پێکرد ، بەم شێوەیە گاندی لە ڕۆژووگرتندا ووزەیەکی مەزنی لە کار و لە بەرگری و لە خۆڕاگری بەدیهێنا ، بەڵام بەداخەوە ئەگەر سەیری ڕۆژووگرتن لەکن ئێمە لە مانگی ڕەمەزاندا بکەین کە بۆتە مانگی خۆراک و سفرە و مێز ڕازاندنەوە بە خواردەمەنی و دامە و دۆمینە و کۆنکان و نووستن ، لەو بڕوایەدام  لە ڕەمەزاندا بەکاربردنی خۆراک دەبێتە دوو بەرابەر  ، من تا ئیستا لەوە ناگەم کە ئەو زیادە لە بەکاربردنە چۆن  لێیتێبگەین ؟! جگە لەمە ڕەمەزان بۆتە مانگی سواڵکەران لە گۆڕەپان ، شەقام ، سوپەر مارکێت ، بازاڕەکان پڕ دەرۆزەکەر دەبێت ، ئەو سواڵکەرانە هونەرایەتی لە سواڵکردندا دەکەن ، ئەوان داهێنان دەکەن لە فێڵ و قۆڵبڕیندا ، نمایشێکی بەهێز  لە خۆواپیشاندانی نەداری و ناخۆشی و ونبوون و سەرلێشواوی پێشکەش دەکەن کە کەم ئەکتەر هەیە وای پێبکرێت ، ئەو  لەشکری سواڵکەرانە وێنەیەکی ناشیرین دەدەنە شارەکان ، ئەو جوانیەشی کە هەیەتی دەیشێونن ، چونکە ئەوان دەزانن کە چاودێریەکی بەهیزیان لەسەر نیە .

هەق وایە مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوتەکان و بانگخوازان باسی ئەو دیاردە ناشیرنانە لە ڕەمەزان و دوای ڕەمەزان بکەن و ، ئامۆژگاری خەڵک  لە زۆر خواردن و فڕدانی بۆ ناو تەنەکەی زبڵ و خاشاک و سوپای دەرۆزەکەران بکەن ، مامۆستایانی ئایینی ساڵەهای ساڵە بایەخی مانگی ڕەمەزانمان بۆ دووبارە دەکەنەوە کە هەموومان دەیزانین ، کاتی ئەوەیە گووتارەکانیان بۆ ئەوانە بێت کە قۆڵی خەڵکی دەبڕن و بێ هۆکار نرخی کەلوپەل بەرز دەکەنەوە و  کەلوپەلی ماوەبەسەر چوو دەفرۆشن ، ئەمانە هی ئەوەن ڕیسووای دونیا و قیامەت بکرێن کە ڕۆژوو و زەکاتدان دادیان نادات ، ئەوە بخرێتەڕوو کە بەرزکردنەوەی دەنگی بڵندگۆکانی مزگەوتەکان لە کاتی نوێژدا ئازار بە هەمووان دەگەیەنێت و ، داوا لە نویژکەران بکەن کە لەکاتی نویژدا بە ئۆتۆمبیلەکانیان شەقامەکان نەگرن و ، پێیان بڵێن کە ئاو بەفیڕۆدان گوناهێکی گەورەیە و ، فڕەدانی خۆراک و دەبەی ئاو و زبڵ و خاشاک لە ڕەوشتێکی خەراپەوە دێت و ، ئامۆژگاریان بکرێت کە کەمێک ڕۆژوو دەمینێت با نەکەنە هەراوهۆریا و بە شێتانە ئۆتۆمبێلەکانیان پێش بانگدان نەئاژۆن کە زۆر جار کارەساتی نەخوازراوی لێدەبیتەوە .

مانگی ڕەمەزان بۆتە مانگی داچۆڕانی کەلوپەلی نیشتیمان و پاشەکەوتی تاکەکان ، پێویستە ئێمە دیدگای خۆمان لەسەر ئەوەی لە ڕەمەزان لەسەری ڕاهاتووین بگۆڕین و شێوازێکی هاوچەرخ و دروست بگرینەبەر .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×