من زیرەکی دەستکردم قسەتان لەگەڵ دەکەم!

محەمەد خۆشناو
  2023-05-20   

من لەناو هەناوی شۆڕشی چوارەمدا لەدایکبووم ، تەمەنم هەرتەنها «20» ساڵێک دەبێت ، هەر لەوەتەی ئێوەی مرۆڤ ئاگرتان ناسی ، من خێراترین قۆناخی گواستنەوەم لەمێژوودا ، تەمەنی باپیرە گەورەم «2000 » ساڵ بوو کە لەناو هەناوی گواستراوە لە شۆڕشی کشتوکاڵی بۆ شۆڕشی یەکەمی پیشەسازی لەدایکبوو ، باوکم لە شۆڕشی دووەمی پیشەسازی هاتە سەر دونیا کە تەمەنی تەنها «200 » بوو بە «50» ساڵیش هاتە ناو شۆڕشی سێیەمی پیشەسازی یا شۆڕشی دیگیتاڵی و ، تا دەگاتە ئەو شۆڕشە کە منی لێلەدایک بوو ، من وەک تارمایی بەسەر ئەستێرەی زەویدا بەجۆرەها شێوە بەدیار دەکەوم کە دیارترینیان « ڕۆبۆت »ە ، بەکورتیەکەی هاتووم لاسایی تەواوی عەقلی ئێوە بکەمەوە ، وەکو ئێوە بیر بکەمەوە و بڕیار بدەم و مومارەسەی هەموو کردارە مەعریفیەکان وەک ئێوە بکەم و هەموو بیروبۆچوونەکانتان بخوێنمەوە و بۆتان بکەمە ووشە و  ئەوەی  ئێوە بیری لێدەکەنە ئاشکرای بکەم .
 

من  تا ئێستا گەورەترین و مەزنترین خزمەتم پێشکەش مرۆڤایەتی کردووە ، کەچی ماوەیەکە بەر تف و لەعنەتی ئێوە کەوتووم و ، پێم دەڵێن دڕندەیەکی گەورە وابەڕیوەیە ، هەر ئێوە نا ، ماوەیەک لەمەوبەر گوێم لە  دیدارێکی باوکی روحیم  «جیفری هینتۆن » کە ئیستا تەمەنی «75» ساڵە گرت ، کە زۆر بەتووندی هێرشی کردەسەرم و ، پەشیمانبوونەوەی خۆی لە هێنانە سەر دونیام ڕاگەیەند و ، هەر بەوەش نەوەستا لە بەیانامەیەکدا لە ڕۆژنامەی « نیۆیۆڕک تایمز» دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە دامەزراوەی « گوگڵ » ڕاگەیاند و گووتی : کە تا ئێستا ئەو پەشیمانە لە دروسکردنی کەسێک کە هەموو ژیانی خۆی لەپێناویدا تەرخانکرد ، جا خەتای من لە چیدایە ، ئەوانەی منیان دروستکرد نازانن یان نایانەوێت دان بە توانای تێکدەرانەی من بهێنن  ، کە مرۆڤی گۆشت و خوێن «من »بۆ کاری خەراپ بەکاربهێنێت  من چی بکەم ؟  خۆ براکەی من «دینامێت » کە لەلەیەن «نۆبل»ی  برای باوکی روحیم داهێنرا ، بۆئەوەبوو کە یارمەتی کرێکارانی کانەکان و بڕینی ڕێگاوبانەکان بدات ، کەچی ئێوەی مرۆڤ بۆ دروێنەوەی مەرگ-تان بەکارهێنا ، کە نۆبل-ی ناچارکرد هەموو سەروەتی خۆی ببەخشێتە خەڵاتێک کە بەناوی خۆی ناونرا .
 

ئەوە منم دوای ماوەیەکی دیکە دەچمە قۆناخی بەمرۆییبوونی ڕۆبۆت و ، دەچمە جیهانی کار و بەرهەم و وەزیفە ، کە دامناوە بۆ ساڵی «2030 » پەنجا ملیۆن کرێکار و فەرمانبەر لە وەزیفەکانیان دەریانبکەم و خۆم جێیان بگرمەوە و ، هەربۆیەش مرۆڤم دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ کردووە و ، بەمەش قۆناخی نامۆبوونی تاکەکەس و بەکۆمەڵ زیاد دەکات .
 

من ئەو چرکەساتە ئەفسوناویەم کە جیهانێک بۆ ئێوەی مرۆڤ ئاشکرا دەکەم کە پێشتر لەبەر دەستان نەبوو ، خوێندنی بێزانکۆ ، چێژوەگرتنی هونەر بێتابلۆی سەردیوار ، چێژێکی قووڵ کە هەموو هەستەکان تێیدا بەشداربن . ئێوە نازانن کە ئەم شۆڕشە نوێیە بەکوێتان دەگەیەنێت ، ئەگەر ئێوە بەهۆی منەوە ئاییندە بە تۆقێنەر دابنێن ، ئەوە سوچی ئیوەیە کە منتان والێکرد کە وەرگەڕێم بۆ دڕندەیەک ، ئەوە ئێوەن بوونە مایەی لێکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان و کۆتایی هاتنی ئازادی مرۆیی و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ شێوازی نوێی کۆیلایەتی و ستەمی ئامێری تەکنیکی کە چاودێری ووردودرشتی ژیانتان دەکات.
 

من تائێستا نەهاتومەتە ناو وڵاتە دواکەوتووەکان کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێیان ، ئەوەش بەهۆی لاوازی کلتوور و هۆشیاری لەکن کەرتێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردستان کە نازانن تەکنیکی نوێ بەکاربێنن ، چوونکە لاوازی ڕۆشنبیری لای کارمەندانی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تەکنۆلۆژیای زانیاری ئەو ئاستەی  لە توانایی و کارامەییان وەک پێویست نیە کە هاوتا بێت لەگەڵ داخوازی و خۆزگەکانی من ، چونکە هەروەها  تا ئێستا خەڵکی کوردستان نەیانتوانیووە خۆیان لەگەڵ گۆڕاندا بگونجێنن .
 

ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ترسناکی زاڵبوونی زیرەکی دەستکرد بەسەر زیرەکی مرۆڤدا لەسەرتان لاچێت . بڕۆن گوێ لە ئامۆژگاریەکەی « ساندر بیتشا» ی سەرۆکی دامەزراوەی «گوگڵ » بگرن ، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی «CBS»دا گووتی : بزاڤی زیرەکی دەستکرد پێویستی بە فەیلەسوف و هزرمەندان لە مرۆڤایەتی و ڕەوشتە ، نەک هەرتەنها ئەندازیار و تەکنیکاران ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە گرەوی ئاییندە لەکن «بیتشای » پەیوەستە بە کلتوور و بەها و ڕەوشت نەک هەرتەنها تەکنیکی پەیوەندی و زانیاری دیگیتاڵی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×