ئایا لە هەرێمی کوردستان ڕای گشتی دروستبووە

محەمەد خۆشناو
  2023-07-22   

ڕای گشتی بریتیە لە پێکهێنانی بیرۆکە یان حوکمدان لەسەر باباتێک یان کەسێک ، هەروەها کۆمەڵێک لە بیروباوەڕ دەگرێتەوە کە قابیلی گفتووگۆن بۆ ئەوەی بزانرێت ڕاستە یان هەڵەیە و ، هەروەها پەیوەستیشە بە ئەندامان لە کۆمەڵ و گروپەکان یان میللەتێک کە بەشدارن لە ڕەئی وێڕای جیاوازی چینایەتی یان کلتووری یان کۆمەڵایەتی ، ڕای گشتی جیایە لەگەڵ ڕای تایبەت کە ئاماژەیە بەکاروباری کەسیی کە پەیوەستە بە تاکەکەس ، کەواتە ڕای گشتی گوزارشتێکی ئاشکرا و ڕوونە کە ڕەنگدانەوەی بۆچوونی زۆرینەی کۆمەڵە بەرانبەر کێشەیەکی دیاریکراو و لەکاتێکی دیاریکراودا.

ڕەئی یان بۆچوون یان دیدگا بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی مرۆڤ ، منداڵی چوار یان پێنج ساڵان ڕەئی خۆی هەیە ، ئەگەر ڕێزی ڕاکەی نەگری تووڕە دەبێت ، هەتا لەناو ئاژەڵانیش ئەو شتە هەیە ، سەرۆکی مەیمونان ، ئەگەر بینی وا مەیمونێکی غەریب  بێئاگادارکردنەوە دێتە مەملەکەتەکەی ، ڕایەکی تری دەبێت و ، بەهەموو دڕندییەوە  هێرشی دەکاتە سەری ، زانینی ڕای گشتی بۆ وڵاتان و دەسەڵاتداران گەورەترین بایەخی هەیە ، دەتوانین بڵێین کە ئەو وڵاتانەی ڕای گشتی یان مەزاجی گشتی کۆمەڵگەکەیان دەزانن و کۆنتڕۆلی دەکەن ، ئەمە ئەو وڵاتانەن کە پاریزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات و گەلەکەی دەناسێت کە چی دەوێت و چی ناوێت…ئەمە یەکەمین هەنگاوە بەرەو ڕێگای بەختەوەری ، ئەوڕۆ  وڵاتان ملیارەها دۆلار خەرج دەکەن بۆ زانینی ڕا و بۆچوونی خەڵکی و ، ئەمە سندوقی دەنگدانە کە ڕێگەیان پێدەدات کە گوزارشت لە ڕای خۆی بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان .

زانا و فەیلەسوفی مەزن «دیکارت» دەڵێت من بیر دەکەمەوە ، کەواتە من هەم ) بەمانایەکی تر( من خاوەن ڕەئیم ، کەواتە من هەم ) لەبەر ئەوەی بیر بکاتەوە کەواتە خاوەن ڕەئیە و ، ئەگەر بیر نەمێنێت مانای ڕاوەستانی مێشکە لەکاردا دواجار واتە مردن ، کۆمەڵگەی زیندوو خاوەن ڕایە بە تاک و بە کۆمەڵ .

ڕاوەرگرتنی گشتی یان ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە و تووشی دەیان نەخۆشیش بووە ، بەو پێنەگەیشتنەشی پەرشوبڵاو و لێکترازاوە کە زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشبوونەی ئەو گەلەیە کە حزبەکان سەبەبکارن ، نەخۆشیەکی تری دەڵەمەی ڕای گشتی ئەوەیە کە ئەم چەمکە لەکن ئێمە نامۆیە چونکە داهێنانێکی ڕۆژئاواییە و غەریبە بە کلتوورمان و کاڵایەکی هاوردەکراوە و ، ئەمە لەباوەشی دیموکاسیەت نەشونومای کردووە کە بڕوای بە یەکسانیە و ، بڕوای بەوە هەیە کە تاکەکەس لەسەروی کۆمەڵە ، بەڵام لەکن ئێمە پێچەوانەیە کۆمەڵ لەسەروی تاکەکەسە و ، یەکسانیش لەنێوان کەسەکاندا نیە !  ڕای گشتی یان وەرگرتنی ڕای گشتی لەو ئیمانەوە هاتووە کە تاکەکانی کۆمەڵگا « گەل» ئەوە ئەوانن ڕەسمی سیاسەتی وڵاتەکە دەکەن بە هەلبژاردنی نوێنەری حزبەکان و جێبەجێکردنی داواکاری دەنگدەران ، بەڵام لەکن ئێمە ڕای گشتی میوەیەکی هاوردەکراوە نرخەکەی گەلێک زۆرە و ، بێ ئەویش دەتوانین بژین و ، ڕاوەرگران لە خۆرهەڵات ناتوانن ڕەئی ڕاستەقینەی ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە بەدەست بێنن بەڵکە «وەڵامە پەسندکراوەکانی کۆمەڵایەتی » بەدەست دەهێنن ، ڕای گشتی پێویستی بە لێکۆلەری بەتوانا لە زانستی ئامار و پسپۆر و شارەزایان هەیە ، ڕاوەرگرتنی گشتی و ڕای گشتی بۆ هەموو کۆمەڵگاکان وێڕای ئاستی هۆشیاری گەلەکەیان  شیاوە و دەبێت ، هەربۆیەش کۆمپانیای فرەڕەگەزەکان ساڵانە بەسەرکەوتوویی ملیارەها دوڵار خەرج دەکەن بۆ ڕاوەرگرتنی گشتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ، ئەمەش بەیارمەتی کۆمپانیای پیشەگەریی ڕاوەرگرتنی گشتی ، چارەسەری نەخۆشی دەروونی لەسەر ئاستی هۆشیاریەکەی ڕاناوەستێت ، بەڵکە لەسەر پێشکەوتنی زانست و لێهاتوویی پزیشکەکە دەوەستێت ، هۆشیاری گەل مەرجێک نیە بۆ وەرگرتنی ڕەئیەکەی ، بەڵکە هۆشیاری تایبەتمەندان « المتخصصین» لە ڕاوەرگرتن بریتیە لە یەکێک لەو مەرجانەی کە دەبیتە مایەی بەرەوپێشبردنی هەموو کۆمەڵگا ، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە تایبەتمەندانی ڕاوەرگرتنمان هەبێت ؟!

نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ڕاگەیاندن بە هەموو ئامرازەکانیەوە کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەیە و ئامرازێکی کاریگەریشە بۆ دروستکردنی ڕای گشتی ، ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگە هۆشیار و ڕۆشنبیرەکاندا چیرۆکی سەرکەوتن دەخاتەڕوو و بۆ ڕای گشتی دەگوازێتەوە ، بەڵام لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی  وەک ئێمە ، تۆ دەتوانیت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە گەمە بە هەستوسۆزیان بکەیت ، ئێمە پێویستیمان بە بەردەوام زانینی ڕاستەقینەی ڕای گشتی هەیە ، هەڵەیە گەر بڵێین سۆشیالمیدیا بۆتە بەدیلی ئەوەی کە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی چ دەگوزەرێت و ببێتە پێوەرێکی قبولکراو بۆ زانینی پلەی ڕازیبوون یان ڕەتکردنەوە یان پێوانی ڕای گشتیی ، لەوێ هەموو بەشدارن بە ڕەئی خۆی و ، هەمووش دەیانەوێت باری سەرنج بۆ ئەو ڕەئیە ڕاکێشن ، بەداخەوە وای لێهاتووە هەموو « ترند ، پۆست ، جریووە » ێک ببێتە ڕای گشتی و ، ئەوەی زیاتر جێی داخە هەندێک لایەن بەدوای ئەو ڕەئیە دەڕۆن بەو پێیەی کە ئەمە ڕای گشتیە  ، کەس وکو ڕۆمانووس و فەیلەسوفی  ئیتالی «ئۆمبییرتۆ ئیکۆ » وا جوان و واقیعی وەسفی بەشدارانی سۆشیالمیدیای نەکردووە کە دەڵێت « پێگەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕێگەی بە لەشکرێک لە گێلەکان داوە ، ئەوانەی تەنها لە باڕەکان دوای خواردنەوەی مەی قسەدەکەن بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن ، بەڵام ئێستا مافی ئەوەیان هەیە وەکو ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی هەلگرتووە قسەبکەن ، ئەمە هێرشی گەمژەکانە…) ، پێویستیمان بەزۆرێک لە ئارامی هەیە بۆ مامڵەکردن لەگەڵ سۆشیالمیدیا ، ئایا سوشیالمیدیا ڕەنگدانەوەی ڕای گشتیە ؟ بەڵێ گوزارشتە لە ڕای گشتی و ، وەڵامێکی تریش هەیە کە دەڵێت  : سۆشیالمیدیا  تەنها کەرتێکی بەسیتە لە کۆمەڵگا ، بەڵام دەنگی بەرزە ،  و زۆرینە بێدەنگن کە تائیستا لە دەرەوەی دائیرەی سۆشیالمیدیایە و ،  تائیستا لەنێوان هەردوو ڕادا پێناسە و مانای ڕای گشتی نادیارە ، زۆرجار گوێمان لە پێوانەی ڕای گشتی دەبێت ، بەڵام  میکانیزمەکەی چیە ؟ ئەمە پێوتستی بە بەرچاوڕوونی هەیە چونکە لەسەر ئەو کۆمەڵێک شت و ئەحکام بینا دەکرێن  ، ژمارە ڕاستگۆترین پێوانەی زانستیە ، ژمارەی بەکارهێنەرە ڕاستەقینەکانی سۆشیالمیدیا نەک ساختەکان یان ئەوانەی بە ڕیمۆت جوولە دەکەن ، ژمارەی سەیرکەرانی کەناڵەکان و ڕیژەی بینەرانیان و ، خوینەری ڕۆژنامە و سایتەکان … هتد ، ئەمانە هەمووی کە ناوی دەنێم ڕای گشتی کە دمانەوێت وەریگێڕین بۆ هێزی کاریگەر لەسەر ئەرزی واقیع .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×