نزیکەی ھەفتەیەک زیاترە لە ماوەی مانگی ٧ / ٢٠٢٥ ماوە نا ماوە دڕۆنی چەکی ملیشیاکانی عێراق کە ئەوان پێی دەڵێن « سلاح المقاومە » دەگرنە ھەرێمی کوردستان بەئامانجی ھەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم و وەدەرنانی کۆمپانیا بیانیەکان ، ھەر لەوماوانەشدا لە ڕاگەیاندن و وتووێژە سیاسیەکان ھاتووە کە وڵاتەیەکگرتووەکان گووشارێکی زۆری کردووە کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە ژمارەیان دەیان گروپن چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن ، کەچی وتەبێژی ئەمنی کتائیبی حزب اللە لە عێراق دەڵێت : « چەکی مقاوەمە متمانەی ئیمامی مەھدیە بە موجاھیدەکان و بڕیاری وازھێنان لێی تەنھا ئیمام دەتوانێت بیدا و بەبێ فەرمانی ئەو ڕادەستی ناکەین » ، « ئەو »گوێ بە مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق سیستانی نادات کە داوای ئەوەدەکات کە چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەت بێت ، ھەروەھا بێگومان وازھێنان لە بیرۆکەیەکی ھەڵە مقاوەمەشە وەک نیلسۆن ماندێلا گوتبووی ، پاشان وەرە سەیری ھەموو ئاینەکانی دونیا بکە ھیچکامیان ناڵێن چەکی ئێمە چەکی ئەو کەسەیە کە رزگارمان دەکات…..مافی خۆتە ھەر عەقیدەی ڕزگارکەر بۆخۆت پیادە بکەیت ، بەڵام چی بەوانە دەڵێی کە لەو وڵاتەدان و بڕوایان بەو عەقیدەیە نیە !! پاشان چۆن ڕێگە بەخۆت دەدەیت کە عەقیدەکە بکەیتە کۆگای چەک و تەقەمەنی و مرۆڤی پێ ئازار و ئەزیەت و زەلیل بکات ، ئەدی ئەم چەکە بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین و لە دەریانانی زاییۆنیزم نیە کە ھەر وەک خۆتان دەڵێن ؟! باشە ئەو «موجاھیدە!!» چەکدارانەی عێراق وانەیان لە جەنگی غەززە و لوبنان وەرنەگرت و نەیانبینی کە چەکی مقاوەمە نەیتوانی ڕێگری لە دوژمن بکات و نەیتوانی گەل بپارێزێت و ھەتا نەیتوانی ژینگەکەشی بپارێزێت و ھەتا ئەوەی بەکرێشی گرتوون و وەک ڕۆبۆت بەکاریان دێنێت نیتوانی بیانپارێزێت !! ھەروەک دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئەو گۆڕانکاریە ستڕاتیژی و جیۆسیاسیە لە ناوچەکەدا لە قوڵایی و ڕەھەندەکانیدا تەجاوزی ئەوەی کردووە کە ڕوودەدات کە ئێستا لە جەنگی لوبنان و غەززە و ، ئەوەی لە کەوتنی نیزامی ئەسەد و ، ئاشکرابوونی ئەو ڕاستیانەی لە جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەدیار کەوتن ، باشە ئەو ملیشیایانە ئەو ئەزموونانە نابینن کە ڕوویاندا ، ئەمە قسەکەی ئەنیشتاین دەسەلمێنێت کە دەڵێت دووبارەکردنەوەی ھەمان تاقیکردنەوە بە ھەمان ئامراز و چاوەڕوانی ئەنجامی جیاواز جۆرێکە لە شێتی ) بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو میلیشیا چەکدارانەی عێراق لە وەھم و خیاڵدا مەستی سەرکەوتنن ، ئەم سەرکەوتنەیان بۆتە ھۆی خۆبەزلزانین و تەمبەڵی عەقلی و ڕەتکردنەوەی خوێندنەوەی پێشھاتەکان ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە فێربوون لە فەشەل دەرگای خۆبەزلزانی و شوێنکەوتنی پێشھاتەکان و پێداگری لەسەر سەرکەوتن دەکاتەوە ، دڵنیاین کە مەھدی مونتەزەڕ و کەسی تر بوونی نیە ، چونکە ئەمە لە قورئان-دا نیە کە سەرچاوی بنچینەیی عەقیدە و تەشریعی ئایینیە ، چەک تەسلیمکردنی چەکی ملیشیاکان بەھێمنی بێت یان بە گووشاری ھێز بۆتە پێویستیەکی حەتمی و شتێک نامینێت بەناوی سوپای مونتەزەڕ کە ھەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعە لەسەر مینبەرەکاندا ڕەسمی نەخشەی ئەو سوپایەیان دەکرد ، چەک داماڵینی ملیشیاکان ڕێگای بووژانەوەی ئابووری و پێشخستنی زانستە لەو وڵاتە ، ئەمە بۆتە بارگرانایەکی قورس بەسەر عێراق و بەرکەوتنە بەر دیوارێکی داخراو ، لە سەردەمێک داین چیتر شوێنی کۆمەڵێک وەھمی تێدا نابێتەوە ، وەھمی مەھدی چاوەڕوانکراو و دەوڵەتی ئایینی ئوسوڵی و وەھمی بزوتنەوی کۆنی ڕزگاری نیشتیمانی چەپ کە لەسەر تووندوتیژی دامەزراوە و وەھمی دەوڵەتی ئاسنینی مارکسی - لینینی و وەھمی ( یا عمال العالم اتحدوا - ئەی کرێکارانی جیھان یەکگرن ) ، خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لەو بومەلەرزەیەی دارستانەوە دێت ، دارستانێک دەبێت یاریکەرێکی باش بیت ئەگەر نا دەبێت ببیتە یاریگا .