زانکۆکانمان…بینایە و باڵەخانەن !!

محەمەد خۆشناو
  2025-08-03   

زۆربەمان دەزانین کە لە ھەریمی کوردستان دەیان زانکۆ و پەیمانگای حکومی و ئەھلی ھەن کە ساڵانە ھەزاران خوێنکار دەردەچن ، ڕاستە خوێندن و تەعلیم بەردی بناغەی ھەر پێشکەوتنێکە و بنچینەی پێکھێنانی ھزری مرۆڤە ، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پەو شێوەیە نیە  ، چونکە ھەرێمی کوردستان نە بازاڕێکی کاری وای ھەیە کە ئەو ھەموو دەرچوانە لەخۆبگرێت و نە دەرچووەکانیش وا بەتوانا و لێھاتوون کە بتوانن  بەچەکی زانست  ھەلی کار دابین بکەن و جێی خۆیان بکەنەوە و ھەروەھا ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو ھەموو ژمارەیە نیە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و گۆڕانێک بەرەو باشتر بکەن  ، خوێندن و فێربوون لەکن ئێمە بۆتە کاری بازرگانی و وەک کاڵایەکە دەفرۆشێ و دەکڕدرێت بەتایبەتی زانکۆکانی ئەھلی و بە پاڵنەری ھێنانەدی قازانج سەیردەکریت ، بێئەوەی ئاوڕ لە ئایندەی نەوەکان و سروشتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکەی نێوانیان بدرێتەوە ، گەورەترین کێشەی زۆرینەی وەبەرھێن و دەوڵەمەندەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنھاوتەنھا بیر لە قازانج دەکەنەوە   شوقە لەسەر شوقە دروست دەکەن چونکە بازاڕی خانوبەرە  قازانجی لە ھەموو کەرتەکان زیاترە و جێی سەرسوڕمانە کە زۆربەئ شوقەکانیش چۆلن ، نازانم لەبەرچی ناچن کارگەیەکی مۆدێرن کە ببێتە مایەی گەشەی ئابووری  یان زانکۆیەکی کوالێتی بەرزی  فێربوون  و تۆکمە و مەرجدار  بکەنەوە کە ستراتیژیەتی تەعلیمی ھەبێت و پێشەنگ بەرھەم بھێنێت ،  کەچی بۆ ئەزموونی خوێندنی زانکۆش ھەر بایەخ بە بینا و باڵەخانە و ڕواڵەتی دەرەوە لە ھۆڵی خوێندن و ئاھەنگی دەرچوان بەبێ دەسکەوتی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی بەرھەمەکانی خودی پڕۆسەی تەعلیمیی دەدەن ، جارێ لەو سەدان بڕوانامەی ماجستەر و دکتۆرا  بە پلەی « ئیمتیاز » گەڕی کە  ھەندێکیان ھەرگیز بەمێشکدا نەدەھات ببێتە خاوەن « د »  ئەو ھەموو دالە-ی لێرە ھەیە لە ژاپۆن و ھەندێک وڵاتی ئەوروپاش نیە ، مامۆستای لاواز قوتابی لاوازتر بۆ بازاڕی کار بەرھەم دێنێت ، بەڕاستی لە وڵاتێکداین پڕی بڕوانامەی جۆراوجۆرە و بەدەگمەن بڕوانامەیەکی ڕاستەقینە دەبینیت ، ئێستا بازاڕی ڕەشی تەعلیم ھەیە و چ بڕوانامەکەت بوێت بەدەستیدەھێنیت ، زانکۆکان بە باڵەخانە و بیناکانەوە لە دەرەوە و ناوەوەی شارەکان لە فراوانبووندان و ، لەکاتێکدا خودی ستافی زانکۆ پاشەکشەی کردووە و دابەزیوە ، بازاڕی « نەخاسە »لە زانکۆکاندا ھەیە ، ئەگەر لە ستافی ھەندێک لەو زانکۆیانە ووردبیتەوە ، ئەوجا بە ھەردوو چاوەکانت قەبارەی تراژیدیاکە بە تەوزیفکردنی کەسانی بێتوانا و بێئاستی فێربوون و زانست دەبینیت و ئەوانەی کە مێژووێکی ڕاستەقینەی پیشەییان نیە بۆئەوەی بۆشاییەکە پڕبکەنەوە ، بەڕاستی ستاندارێتی و  پێوەر بوونی نیە بەڵکو تەنھا بازرگانی و بازرگانی !!
بازرگانیی خوێندن و تەعلیم  ، زانست و فێربوونی لێتێکداوین و ، لەچوارچێوەی گەڕان بەدوای سەرچاوەدا ھەموو شتێک پێشێل دەکرێت ، جیھانێکە وەکو جیھانی مافیا و کارتێلاتە ، ھیچ زەبت و ڕەبتێک نیە و ، ھەربۆیە ملیۆنا دۆلار لە تێکەڵاویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندیە چەسپاوەکاندا لەسەریەک کەڵەکە دەبن و ، لەکۆتایدا  بەدەستی بەتاڵ نە زانست و نە فێرخوازانی زانست  دەبینیت تەنھا ئەوانە نەبێت کە خودا رەحمیان پێ دەبەخشێت یان ئەوانەی قەدەر پاڵیان پێوەدەنێت دوور لە جیھانەکانی مافیا !
زانکۆ و قوتابخانەکان کارگەن بۆ بەرھەمھێنانی ھاوڵاتی لێھاتوو و کێبڕکێکار ئەوانەن کە نرخی نیشتیمان بەرزدەکەنەوە ، ئەگەر کارگەکە بەھەمان ڕێگا وەک ئەوەی ئێستای ئێمە کاربکات ، ئەوە ساڵ دوای ساڵ و نەوە دوای نەوە  ھەمان زەرەر دەدورینەوە ، مادەکانی خامی ئێمە گەنج و منداڵەکانن ئەوانە باشترین جۆرن  ، بەڵام دێنە ناو سیستەمێکی فێربوونی سەقەت کە پێشھات و گۆڕانکاریەکان پشگوێ دەخات  ، بۆیە زۆر پێویستە  سەرلەنوێ دامەزراوە تەعلیمیەکان ھەر لە پێش قوتابخانەوە تاکو زانکۆ دابڕێژرێتەوە بۆ ئامادەکردنێکی شیاوی قووتابی کە کارامەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پتەو بکات و  بتوانێت تەنگوچەلەمەکانی بە ڕێگایەکی داھێنەرانە چارەسەر بکات و گەشە بە نیشتیمانەکەی بدات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×