کوردایەتی مایکڕۆفۆنیی، نیشتیمانپەروەری مایکڕۆفۆنی!!

محەمەد خۆشناو
  2025-09-13   

مەبەست لە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری مایکڕۆفۆنی ئەو کەسانەن کە لەناو حزبەکان و دەسەڵات یان لە دەرەوەی ئەوان و بەناو ئۆپۆزۆسیۆن دان ، کە دەمیان لەناو مایکڕۆفۆنە و لەبەردەم کامیڕادا کوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی دەفرۆشنەوە ! بەداخەوە چەمکی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەیان وا ناشیرین کردووە کە پێت شەرم بێت ناوی بێنیت ! بەڵام ھەستوسۆزی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە لەکن زۆرینەی خەڵکی کوردستان  ھەرگیز نەسواوە و ناشیرین نەبووە و قووڵە  ، بەتەئکید زۆرینەی خەڵک بێزارن ، تووڕەن لە دۆخی خەراپی ئابووری-یان ، تووڕەن چونکە خەریکە بەربەست بۆ ئەو ھیوایە دروستدەکەن کە لێی دەگەڕێت ، خەڵک لەو ڕووناکیە دەگەڕێت کە لە کۆتایی تۆنێلەکەدایە کەچی بەردەوام لێی دوور دەکەنەوە ! خەڵک لەوەش تووڕەیە کە دوای سەد ساڵ خوێنبەخشین بەو نیشتیمانە کەچی ئەنجامەکەی ماڵێکی کاولگەی پەرتەوازە و پڕ لە ڕقوقینە کە تێیدا بەرژەوەندی حزبی و کەسی لەسەرووی بەرژەوەندی ماڵەکەدایە ، تووڕەن لە بێباکی زۆرینەی سەرکردە سیاسیەکان بەرانبەر ئەو گۆڕان و پێشھاتانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینیت کە لەوانەیە وەکو دەرفەتە زێڕینیەکانی تر لە کیس بدرێن و ، دەیان تووڕەیی و بێزاری تر…..بەڵام وێڕای ھەموو ئەوانە ئەمە  ئەوە ناگەیەنێت کە ھاوڵاتیانە ھەرێمی کوردستان حەزیان لە کۆتاییھاتنی   دەسەڵات و ئیدارەدانی خۆیی ھەرێمی کوردستان بێتەوە ، ئەوان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی کوردی بە ھیچ دەسەڵاتێکی بێگانە ناگۆڕنەوە ، بەڵام دەیانەوێت شێوازی بەڕێوەبردین و ئیدارەدان بگۆڕدرێ و بەھێز بکرێ و کەموکوڕی نەھێڵدرێت و جۆرێک لە دادپەروەی ھەبێت  ، دەیانەوێت حزبەکان و دەسەڵات بەخۆیاندابچنەوە  ، چونکە ئەو بەخۆداچوونە بوو دەیان گەل و وڵاتی لە خەوی غەفڵەت و نەھامەتی  ھەستاندەوە ، سەیری چین بکە کە چۆن بووە ئەو ئەژدیھایەی ئێستا کە دەیبینین ، ئەمە ئەو کاتەبوو کە ( دینگ تشیاو پینگ )ی ڕابەری بووژانەوەی چین بەسەر ئەو ئامرازانە داچووەوە کە  (ماو تیسی تۆنگ )ی دامەزرێنەری کۆماری چین بەھەڵە لەسەری دەڕۆیشت  ، سەیری وڵاتانی پڵنگەکانی ئاسیا بکە کە بەخۆیانداچوونەوە و چ پازدانێکیان بۆ پێشەوە ھاویشت ،  ئێمە ناتوانین لاسایی پڵنگەکانی ئاسیا بکەینەوە ، بەڵام وەرە سەیری ڕواندا بکە کە « ٢٠ » ساڵ لەناو جەنگێکی کاولکاری ناوخۆ و قڕکردنی یەکتری ژیان و ، وازیان لەھەموو ھەڵە و ئەوەی لە ڕابردوو ڕوویدا ھێنا و  نیشتیمانەکەیان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیەکی داناو  ئەو وڵاتە واگەشەی کرد کە ئێستا بە ڕواندا دەڵێن  « سەنگاپورای ئەفریقیا » ، بەڵام کە دێینەوە لای خۆمان جیاوازیەکی زۆر گەورە دەبینین و ،  ھەمدیس قسە زلەکانی ئەو چەھرانە دەبینین کە لە تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیا بەتووڕەیی و خەمباریەوە و بە ڕیتمێکی نمایشکەرانە باس لە نیشتیمان دەکەن کە لەسەرووی ھەمووانی دادەنێن کە ئەمەشی لە ئەرشیفی دروشمی ھەشتاکان وەریانگرتووە  ، لەڕاستیدا کەسانی کوردایەتی مایکڕۆفۆنی دانوستاندن لەگەڵ ھاوڵاتی ناکات ، بەڵکو لەگەڵ کامیرادا دەکات !! ئەو کەسانە تائێستا لەسەر بەربەستی ڕابردودا وەستاون ، تەنگوچەلەمەکە لەوەدایە کە ئەو جۆرە لە کوردایەتی مایکڕۆفۆنی و نیشتیمانپەروەی مایکڕۆفۆنی دیمەنەکە ھەڵدەلوشن و ، لەدوای خۆیان نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە کە کەس نایانبینێت جێدێڵن ، نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە کەپسولەیەکی خێرا کاریگەر نیە ، بەڵکو پابەندییەکی ئارامی ڕۆژانەیە ، پڕۆژەیەکی ژیانە نەک وەرزێک بۆ عەرزکردن ، ئەوەی دەیەوێت خزمەتی نیشتیمان بکات با لەسەر کورسی کردار دانیشێت  نەک نمایشێکی شانۆگەریانە ، نیشتیمان بە ھاتوھاوار ھەڵناستێتەوە بەڵکو بەو عەقلە ئارامانەی کە کاردەکەن ، بەو دەستانەی کە بونیاتدەنێن ، بەو ویژدانەی کە چاوەڕوانی کامیڕا ناکات بۆئەوەی ببینرێت ، خۆشەویستی نیشتیمان بە دەسکەوت دەپێورێت نەک بەو مایکڕۆفۆنانەی کە لەبەردەمیاندایە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×