گەندەڵی دوژمنی ژمارە یەکی پێشکەوتنە ، ئایا ھەر کاربەدەستانی دەسەڵات و حکومەت و سیاسیەکان گەندەڵن ؟! گەندەڵی لەناو کۆمەڵگای کوردستانی ، بۆتە کەلتوورێکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە ، ماوەیەک لەمەوبەر برادەرێکی مارکسی ، باسی لە کێشە و سەرئێشەی دروستکردنی خانووەکەی بۆکردم و ، پێی ڕاگەیاندم ، لەئێستاوە چیتر بڕوام بە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا نەما و ، ھەموو ئەوانەی بەشدار بوون لە دروستکردنی خانووەکەم ، لە کرێکار و پاسەوان و وەستا و ئەندازیارەوە بگرە تا دەگاتە فەرمانبەرانی تۆڕی جالجاڵۆکەی شارەوانی گەندەڵیەکانیان چیتر کەمتر نیە لە گەندەڵیی سیاسیەکان ، بەداخەوە کە دەچیتە ھەر فەرمانگەیەک یان پزیشکێک یان مامۆستای ئایینی یان دوکانێک….تاد وەک نێچیرێک سەیردەکرێیت کە پەلامارت بدەن !! ھەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان گەندەڵن ، واتە ھەموو چین و تووێژەکان بەشداری گەندەڵین ، تەنھا خانەنشینەکان نەبێت ، چونکە ھیچ کارێکیان لەدەست نیە ، ھەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە متمانە نەماوە ، بەڕاستی ھەموو خەتاکە خۆمانین ، ئەگەر خەتای خۆمان نەبێت ، زۆر جار ژیاننامەی ئەو کەسانە دەزانین کە خۆیان پاڵاوتووە کەچی ھەڵیاندەبژێرین بۆ پەرلەمان ، دەنگمان داونەتێ کەچی دەشزانین ھەندێکیان شیاوی بەخێوکردنی دوو بزنە بەدۆ نین و دەستنادەن بۆ یاسادانان ، پرسیارەکە لێرەوەیە لەبەرچی بەگشتی مرۆڤ گەندەڵی دەکات ؟ و ، لەبەرچی بەتایبەتی کاربەدەست لە پێگەی سەرکردایەتی گەندەڵی دەکەن ؟ لە تێڕوانینێکی دڕامی کۆکەرەوەی نێوان تڕاژیدیا و کۆمیدیا و کۆمیدیای ڕەشدا ، ئەوە دەبینین کە ھەندێک کەس یان ھەندێک کاربەدەست ھەر لەسەرەتاوە گەندەڵن و ، توانیویانە دیمەنی گەندەڵیەکەیان بشارنەوە و کاتێک ئەو کاربەدەستە کارێک یان پۆستێکی سەرکردایەتی وەردەگرێت و ، ھەستبەوەدەکات کە ئاستی ماددی زۆر کەمترە لەو کەسانەی کە مامڵەیان لەگەڵ دەکات ، واتە لەو کەسانەی کە تەمەننا ئەوە دەکەن لە خزمەتی دابن بەھۆی سەڵاحیاتی پۆستەکەی کە بە ئیجابی یان سلبی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانیان دەکات ، بۆیە کاربەدەستەکە بیرلەوەدەکاتەوە کە ئەو ئێستا دەسەڵاتی ھەیە بێئەوەی سامانێکی وای ھەبێت کە زامنی ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەران بۆ خێزانەکەی بکات کە شیاوی شوێن و پێگە باڵاکەی بێت ، ھەروەھا ھۆکارێکی تری گەندەڵی کەسان بەتایبەتی کاربەدەستان ئەوەیە کە کاربەدەستەکە دوای ڕۆیشتنی تەمەن لە خوێندن و کار لەپێناوی ژیانێکی پیشەیی سەرکەوتوو ھەست بە بێھیوایی دەکات بێئەوەی چێژ و خۆشی لەو شتە مەعنەوی و ماددیانە وەرگرێت کە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی دەرگای بۆ کراوەتەوە و ، ئەمەیە وایلێدەکات کە بڕوا بە قسەکەی« ھینری کیسنجەر » ھزرمەندی دبلۆماسی بھێنێت کە دەڵێت : ( دەسەڵات گەورەترین چالاککەرەوەی « منشگ » سێکسیە ) ، ئەم ھەستە وا لە کاربەدەست دەکات کە لەو قۆناخەی تەمەنیدا پێش ئەوەی کاتەکەی درەنگ بێت و لەدەستبچێت زۆر چڵێسی دەسەڵات و سامان دەبێت و ھەوڵی چێژوەرگرتن لە ھەموو خۆشیەکانی ژیان دەدات ، جا لەبەرئەوەی خۆشی و چێژ بێ سامان نابێت بەتایبەتی دوای نەمانی دەسەڵات ، بۆیە دوای دەستبەردابوونی لە پۆستەکەی دەبێت پارەی شیاو بەدەستبێنێت بۆ زامنکردنی ژیانێکی خۆش بۆ ئاییندە بۆ خێزانەکەی .
لەسەر ئەو بنەمایە پاسەوانیکردن لە گەندەڵکار یەکێکە لە ھۆکارە بابەتیە دەرەکیەکان بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە ژیانمان و لە دامەزراوەکانمان و ، باشترین میکانیزمی کاریگەریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەوەیە ، کە لەسەرەتاوە ڕێگە بە کەسی گەندەڵکار یان ئەوەی ئامادەی گەندەڵیە و ھیچ لێھاتوویی و شایستەی پیشەیی و ئەخلاقی تێدا نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە سەرکردایەتیە نەدرێت و ، ڕێگە نەدرێت بە ھەبوونی بوارێکی پاسەوانیکردن لە تەنیشت کاربەردەست ، چونکە بە سروشتی کەسایەتی و ئەو ئامەدەییە تایبەتیەی کە ھەیەتی فاکتەری یەکلاکەرەوەیە بۆ بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و بۆ ھەموو ئەو چوارچێوەییەی کە تێیدایە و ھەرەوھا بۆ چالاکردنی ئامادەباشی بۆ گەندەڵی لەکن ھەر مرۆڤێک یان ھەر کاربەدەستێک .