عەبقەریەتی شەیتان و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی !!

محەمەد خۆشناو
  2026-02-08   

شەیتان بونەوەرێکی یاخیە ، سەرپێچی لە فەرمانی خودا کرد و ڕەتیکردەوە سوجدە بۆ ئادەم ببات و ، بەمە لەعنەتی لێکرا و لە بەهەشت دەرکرا ، لە ژەنەڕال « دێڤید پاتریۆس » فەرماندەی سەربازی پێشووی سوپای ئەمەریکا لە عێڕاق و سەرۆکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا کە لە کونی دەرزیەوە ئاگای لە هەموو ئەوەی لە ژووری نووستنی سیاسیەکان لە جیهان ڕویدەدا هەیە و ، لێیان پرسی ؛ لەبەرچی دەستت لە گەورەترین هەواڵگری لە جیهان   کێشایەوە گووتی ؛ شەیتان هۆکار بوو ، پێیانگووت ؛ جا شەیتان چ پەیوەندی بەو کارەوە هەیە ! وەڵامیدایەوە : هەڵیخەڵەتاندم و خیانەتم لە ژنەکەم کرد و لەوە ترسام خیانەت لە نیشتیمانەکەشم  بکەم ، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەم خستەسەر  مێزی نوسینگەی ئۆباما و ، جا واملێمەکەن دەستبخەمە ناو  گیرفانم و لیستی ناوی ئەو کەسانە دەربهێنم کە بەناوی فەزیڵە و ئەخلاق بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوە و گەلان دەدەن لەکاتێکدا ئەوان نوقمی خیانەتی سپی و ڕەش بووینە…. هەروەها لە « بیل کلینتۆن »ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا-یان لەسەر چیرۆکەکەی لەگەڵ « مۆنیکا لوینسکی » پرسی ، وەڵامی دایەوە : شەیتان لەگەڵ شەهوەتدا نووست و ، بەرگەی سەرنجراکێشیی مۆنیکا-م  نەگرت و لەبەردەممدا هیچ بژاردەیەک نەما تەنها داوای لێبووردنکردن لە هێلاری و لە گەلی مەزنی ئەمەریکا .
هەموو ئەو ئابڕوچوونانەی کە لە ئەمەریکا لەنێو سەرکردە و سیاسی و بزنسمان و هونەرمەند…تاد ڕوودەدەن و کارە قێزەوەنەکانیان ئاشکرا دەبن ، بەڵگەی ئەوەن کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی شەفافە و قبوڵی ڕەفتاری تاوانی نوخبەی سیاسی  و بزنسمان و ئەستێرەکانی هونەری و وەرزشی ناکات و ، هەمیشە بەڵگەنامەکان دەخرێنەڕوو و ، وەک ئەو ناوچە لەعنەتیەی ئێمە نیە کە دەشاردرێنەوە و گوێش نادەنە ئابڕووچونەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە .
شەیتان کە بەروەڕووی مرۆڤ دەوەستێتەوە وەسوەسە دەکات ، شەیتان لەجەوهەردا هەر تەنها بونەوەرێک نیە ، بەڵکو ڕێبازێکە ، هێزێکی خارق نیە ، بەڵکو زیرەکییەکی لادەرە ، شەڕانگێزێکی فەوزەوی نیە ، بەڵکو بلیمەتێکی ساردە ، دەزانێت چۆن  مرۆڤ دژی خودی خۆی ئیستیغلال بکات ، کاتێک ئێمە خوێندنەوەیەکی ووشەیی بۆ خوێندنەوەی هێمایی بەجێدێڵین ، وێنەکە لە ڕیشەوە دەگۆڕێت بەمە ؛ توانایی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵات و ، زیرەکی بۆ ئامرازێک  بێ پەیوەستێکی ئەخلاقی و ، بەمەش شەیتان دەبێتە بلیمەت ، نەک لەبەرئەوەی بەهێزە ، بەڵکو لەبەرئەوەی  قانیعکەرە ، داوا لە مرۆڤ ناکات کە شەڕانگێزبێت ، بەڵکو کەشوهەواکەی بۆ ئامادەدەکات و ، پاشان بەجێی دەهێڵێت و ،  دەچێت خەریکی باقیەکەی تر دەبێت ، بلیمەتی شەیتان لەو واقیعە سەردەمەی ئێستاماندا ئەوەیە کە پێویستی بەوە نیە خۆی بشارێتەوە و لە شاراوە ئیشبکات ، لەو سەردەمەدا شەیتان  فێربووە جلی سیستەم و نیزام لەبەربکات و ، بە زمانی ژمارە دەئاخڤێت و ، لەسەر مێزی بڕیاربەدەستان دادەنیشێت و ، بۆتە پسپۆر و پاساو بۆ تێکدانی مرۆڤ بەناوی « لێهاتوویی » دێنێتەوە و ، لە ڕووی سیاسیەوە گەلان بە هاوکێشەکانەوە سەیردەکات ، ئەوەتا دەبینین کە ماوەی چەند ڕۆژێکە جیهان بە دوورگە شەیتانیەکەی « جیڤری ئیبستین »ی گەورە گەوادی جیهانی ئەمەریکی سەرقاڵکراوە ، کە وەکو شەیتانکەی شاعێری گەورەی ئینگلیز « جۆن میلتۆن » لە شاکارە بەناوبانگەکەی « بەهەشتی لەدەچوو » وایە کە هەمیشە لە ئازارێکی دەروونی وادا دەژیا کە نەیتوانی بەرگەبگرێت و ، ئیبستین-یش لەبەر ئەو ئازارە لە ساڵی 2019 لە بەندینخانە خۆی کوشت ،  ئەو ئابڕووبەریە وەک پەتای کۆڕۆنا بڵاوبوەوە ، کۆڕۆنا جیاوازی نەدەکرد لەنێوان مرۆڤەکان ، هەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک ، بەڵام پەتای ئیبستین ئەو دەستبژێرانەی کردە ئامانج کە جیهان بەڕێوەدەبەن، , سیاسەتمەداری دیار و سەرۆکی وڵاتان و ئەمیر و وەزیر و بزنسمان و مامۆستای زانکۆ ، لەوانە ئەو چەهرە سەخیفە کە ناوی تۆم باراک- لە لیستەکەدایە و ئەمەریکا بۆ ئەو ناوچەیەی ئێمەی داناوە ، ئیبستین  وەحشێکی شەیتانی بوو ، بەڵام لەهەمان کاتدا عەبقەری بوو کە دەستەبەری چێژ و مەلەزاتی بۆ ئەو نوخبەیە دەکرد کە تەمەنایان بۆ دەکرد و ، پاشان  «ئەو » ئیستیغلالی ئەو زانیاریانەی دەکرد کە لێیوەردەگرتن بۆ بەدیهێنانی پارە و نفوزی زیاتر لەسەر ئەوان ، ئەو نوخبەیە کە نە ڕەوشت و نە پڕنسیپ نەیدەجوولاندن ، تەنها چێژی شەهوانی لە غەریزە شەڕانگێزیەکانیان نەبێت ، قووڕسە تاوانباری هەموو ئەوانە بکرێت کە چووینە ناو بازنەی ئیبستین ، لەوانە فەیلەسوف و زمانناس « نئۆم چۆمسکی » کە نامەی ڕێزوئیحترام-یان لەگەڵ ئیبیستین ئاڵوگۆر دەکرد و ، هەروەها « لاری سارمز »ی ئەکادیمیست و سەرۆکی زانکۆی هارڤارد.
پەتای ئیبستین هەر لە ئەمەریکا نیە ، لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانە هەیە و ، ئەمە هەرتەنها ئابڕوچوونێکی سیاسی و سێکسی نیە ، بەڵکو داڕمانی ئەخلاقی ئەو دەستبژێرەیە کە لەڕووی سیاسی ئابووری جیهان بەڕێوەدەبەن .
بەکورتیەکەی ئەو تسۆنامیە شەیتانیە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای داوە ، ئەمە نە میدیاکارێک یان ڕۆژنامەنووسێک داینەهێناوە ، بەڵکو وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەو گەندەڵخانەیە و داچۆڕانەی لەنێوەندی نوخبەدا ئاشکرا کردووە کە مۆنۆپۆلی فلوسی جیهان- یان کردووە ، ئەمە شکستی ئەو شارستانیەیە کە بانگەشەی بۆ بەهاکان دەکرد ، ئەم  تسۆنامیە هاواری  دەنگێکی تاساوی  قوربانیانیەکانی ئەو دوورگەی شەیتانەکان بوو  کە ڕزگاربووبون لە دۆزەخی دورگەی شەیتان  و بەهێزەوە هاتنە ناو کۆمەڵگای ئەمەریکا ، دەنگێکی بە ئازار و مەینەتدار کە لایەنێکی لاوازی چیرۆکەکە بوو ، ئەم دەنگە بوو کە پاڵپشتی گەورەی پیاوانی قانون و دادوەری بەدەستهێنا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×