ھەلی کار

هاوڕێ جەمال
  2022-06-26     613

گومانی تێدا نیە، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان، بە مووچەی بەرز و لە شوێنی باش دامەزراون، جا لە کەرتی گشتی، واتە حکومەت، بێ یا کەرتی تایبەت، دەستلەشانلێدراوی حزبە حوکمڕانەکانی کوردستانن، ئەوانەی بەبێ (OK) ی حزب ناتوانن ئیمزا لەسەر کاغەز بکەن.
بێکاری وەک پەتایەکی کۆمەڵایەتی، کە رۆژ لە دوای رۆژ رێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، بە راگەیاندنی چالاکی رێکخراوێک و دوان چارەسەرنابێ، ئەوەی دوێنێ بینیمان، گوایە چەندین ھەلی کارلەلایەن رێکخراوێکەوە راگەیەنراوە، کە نزیکەی ١٥٠٠ ھەلی کاربوو، وەک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، چ لە دۆخی بێکاریی ئەم ھەرێمە ئەگۆڕێ؟ لە کاتێکدا ھەر بۆ نموونە زانکۆیەکی وەک زانکۆی سلێمانی، ساڵانە نزیکەی ٥٠٠٠ خوێندکارو قوتابی لێیەوە دەردەچن، ئەمە چ جای دەرچووی ئەو ھەموو زانکۆو پەیمانگەیەی تر لە کوردستان.!
جگە لەمە خۆ ھەر ئیش دۆزینەوەو خستنە سەرکار گرنگ نیە، ئادەی وەزارەتی کارو دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر، تا چەند بەدوای ئەو ماف و ئیمتیازانەوە چوون، کە پێویستە کارکەرێک (Employee) لە شوێنی کارەکەی ھەیبێ؟ من ناڵێم مافی کرێکارێکی ئەوروپایی یا ئەمریکایی، بەڵکو ئەو ماف و ئیمتیازانەی کە لە یاسا کۆنەکەی کاری عیراقی ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ نەک یاسا نوێیەکە ژمارە ٣٧ ساڵی ٢٠١٥ دا ھاتووە؟.
با حکومەت بچێ لەوە بکۆڵێتەوە، ئاخۆ تا چەند وەرگرتنی کارمەند لە کەرتی تایبەت لەسەر بنەمای لێھاتویی و شارەزاییە؟
گەرچی دامەزراندن لە کەرتی حکومی چارەسەری کێشەی بێکاری ناکا، بەڵام ھەمووان ئەو راستیە ئەبینین، کە ساڵانە بەھەزارەھا فەرمانبەر خانەنشین ئەکرێن، بەڵام ئەوە چەندین ساڵە بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو نەبێ، کە بریتین لە دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی و یەکەمەکان، دامەزراندن وەستاوە، خۆ دەکرێ لە شوێنی ئەوانەی خانەنشیندەکرێن ، کەسانی تر دابمەزرێن.
بێکاری قەیرانێکی ھەروا سادە نیە، بەم ھەوڵانە حکومەت وابزانێ خۆی لە ژێر بار گرانیەکی لەمجۆرە رزگار کردووە، گەر تێبینی بکەین بێکاری یەکێکە لە پۆینتە سەرەکیەکانی بەشێکی زۆری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتیەکانی وڵاتە دیموکراتەکان، و ئەو سەرۆکەی لە سایەی حوکمڕانیەکەیدا رێژەی بێکاری کەمی کردبێ چانسی ھەڵبژاردنەوەی بۆ خولێکی تر زیاترە.
حکومەتی ھەرێم گەر مەبەستیەتی کار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و رەخساندنی ھەلی کار بکا، پێویستە پلانی زاستی و دیراسەکراوی ھەبێ، لە ھەمانکاتدا لە پەرلەمانەوە بەیاسایەکی کۆنکرێتی پاڵپشتی ئەم ھەوڵە بکرێ، لە ھەمانکاتدا وەبەرھێنانی ناوخۆیی لەرێگەی پەرەپێدان بە کەرتەکانی پیشەسازی، و کشتوکاڵ، ھەروەھا گەشتیاری زیادبکا، تاوەکو دەستی کار لەم بوارانەدا وەگەڕخرێن، دەنا بە کردنەوەی پێشانگەی لەمجۆرەی ئەمڕۆ و ھەوڵی تری لەو جۆرەی دوێنێ، ھیچ ئومێدێک بۆ خستنەسەرکاری گەنجانی بێکار بەدینایە، و ئەم جوڵەو ھەوڵانە بەراورد بەو ھەموو بێکارەی ھەیە، وەک ھێنانی ئاوە لە بێژنگدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×