ڕۆژی ٢٠٢٥/٧/١١ گەواھیدەری ڕووداوێکی مێژوویی بووین لە خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، ئەویش ڕووداوی چەک دانانی گەریلاکانی ئەو پارتە بوو لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری ئیدارەی ڕاپەرینی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
لێرە پرسیارەکە ئەوە نیە وەک ھەندێک کەسی کورت بین و ناھۆشیار بەخەباتی تاک و جڤات بۆ ئازادی و دادپەروەری ئەیکەن؛ کە چەکتان دانا بۆ پێشتر چەکتان ھەڵگرت؟ بەڵکو پرسیاری دروست و واقعی ئەوەیە؛ گەر خەباتی چەکداری نەبوایە دەوڵەتی تورک لەسەر چ بنەمایەک گفتوگۆو دانوستانی لەگەڵ کورد ئەکرد؟
لەخوارەوە ھەوڵ ئەدەین لەژێر چەند تایتڵێکی جیاوازدا زیاتر بەناوەرۆکی ئەم پرسیارو وەڵامەدا ڕۆبچین.
*چەک وەک کارتی فشار
ھەڵەیە گەر چەند کاتە وا لە چەکی دەستی گەریلامان ڕوانیبێ دەوڵەت و سوپای تورکیا ھەڵ ئەتەکێنێ و ئەیھێنێتە سەرچۆکان، چونکە ھەمووکات چەکی دەستی گەریلا لە کارتێکی فشار بەولاوە ھیچی تر نەبووە.
بەمانایەکی تر ئەوە کارتی چەکە، وا لە ئەردۆغان و باخچەلی و ھاوشێوەکانیان ئەکا بێنە گفتوگۆی چارەسەری کێشەی کورد لە باکور، نەک ھێزی چەک، چونکە ھەموان ئەوە ئەزانین ھێزی گەریلاو ھێزی دەوڵەتی تورک بەدرێژایی مێژوو، دوو ھێزی ناھاوسەنگ بوون.
*چەک لە ئامرازی بەرەنگاریەوە بۆ سیمبولی ئاشتی
ئەو چەکانەی گەریلا لە پرۆسەیەکی ئاشتی و مەدەنی بەبەرچاوی جیھان و ڕاگەیاندنەکان دانران و کڵپەیان لێ ھەڵسێنرا، گەر لە ئێستادا ئاماژەبن بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکور و پاشان تەواوی تورکیا، ھەر ئەو چەکانەبوون ڕۆژگارێک وەک سیمبولی بەرەنگاری لێیان دەڕوانرا، بە واتایەکی تر ئەکرێ چەک لە کاتە جیاوازەکاندا ماناو ئاماژەی جیاوازی پێ ببەخشرێ.
گەر لەسەردەمێکدا سیمبولی بەرەنگاری و جەنگ و ھێزی ڕەق (Hard Power)بێ، ئەوا لە سەردەمێکی تردا ئەکرێ وەک ھێزێکی نەرم (Soft Power ) و سیمبولی ئاشتی لێی بڕوانرێ.
*چەک و نۆستالۆژیا
گەر لە سادەترین پێناسەیدا، نۆستالۆژیا بریتیبێ لە سۆزو خۆشەویستی بۆ ڕابردوو، ئەوا ئەتوانین بڵێین چەکی دەستی گەریلا پاش دانانی ئەبێتە بەشێک لە نۆستالۆژیای خەباتی ئەو ھێزە، ھەموو کاتێک نەک پەشیمانی بە بیروباوەڕی ئەو جۆرە لە خەبات پێوە دیارنابێ، بەڵکو سۆزو خۆشەویستی ئەو قۆناغە لە زەمەنی ئێستایا ئامادەیی ھەیەو بەشێکە لەو مێژووەی کە نەک گەریلا بەڵکو ھەموو کوردێکی دڵسۆز شانازی پێوە ئەکا.
*چەک و خەباتی مەدەنی
یەکێک لەو تێڕوانینانەی بۆ خەباتی مەدەنی و خەباتی چەکداری ھەیە ئەوەیە ؛ کە ئەم دوو جۆرە لە خەبات ھاودژی یەکن، لە کاتێکدا تێڕوانینی دروست ئەوەیە کە تەواوکەری یەکن بەڵام لە دوو زەمەنی جیاوازدا، چونکە ئەوە دۆخ و ڕەوشی جیاوازە ئەوە فەرز ئەکا کامیان پێش کامیان بکەوێ، گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەو ڕاستیە درک پێ ئەکەین، کە نە تورکیای حەفتاکان کە گەریلا چەکی لەدژ ھەڵگرت ئەو تورکیایەی ئێستایە، نەو ئەو دۆخە جیھانیەش کە ھاتۆتە پێش ھەمان دۆخەی ئەو کاتەیە، واتە بارودۆخەکان گۆڕانکاریان بەسەردا ھاتووە، بۆیە ئاساییە خەباتەکانیش لە قۆناغێکەوە بگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکی تر.
*کۆتایی
ئەوەی ئەمڕۆ پاش دانانی چەکی گەریلا بۆتە جێی دڕدۆنگی و ھەستیاری لای کوردانی دڵسۆز بۆ مافی نەتەوەکەیان ئەوەیە ؛ ئایا دەوڵەتی تورک ئەوەندە جێی باوەڕە کە ھەروا بەو سانایە چەکی بۆ بخەیتە ناو مەنجەنیقی کڵپە سەندووەوە؟ پێموایە گەر لە چەکمان ڕوانی وەک ئەو چەند خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەکرێ بەشێکی زۆر لەو دڕدۆنگیەمان بڕەوێتەوە، بەتایبەت ئەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێ کە پرۆسەکە ھاوتەریب لەگەڵ ھاتنەپێشی لایەنی بەرامبەر کە دەسەڵاتدارانی تورکیان بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و کلتوری و سیاسیەکانی کورد دەچێتە پێشێ.
سەرەڕای ئەوەی کە دەرفەتی ئاشتی بۆ ھەردوولای ھاوکێشەکە وەک یەکەو چەنێک لە دۆخی جەنگ و کوشتاردا ھەردوولا لە زیاندان، ھێندەش شکستھێنانی پرۆسەی گفتوگۆو سەرپێخستنی ئاشتی بە شکستی یەک لایەن ناشکێتەوە، بەڵکو ھەموولا زەرەرمەندی ئەوشکستە ئەبن.