بەدرێژایی مێژوو ، جەستەی ژن چ وەک بابەتێکی تابۆ و بڤە چ لە فکری ئایینی، چ وەک بابەتێکی سیمبولی بۆ ئازادی تاکەکەس، یا وەک کارخانەیەک لەسیستمی سەرمایەداری بۆ وەدەستخستنی سەرمایە، جێی مشتومڕو لێکۆڵینەوە بووە.
کاراکتەری ژن لە فکری ئایینی، و تەنانەت لە ھزری مرۆڤایەتی و تێڕوانینە فەلسەفیەکان بۆ مرۆڤ بەگشتی و ئافرەت بەتایبەتی، ھەروەھا ھەموو ئەو ئەفسانانەش کە دواجار ھەر لەسەر بەرھەمی عەقڵی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێن، قسەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە، ئێمە لەم باسە کورتەدا ئەمانەوێ، جەستەی ژن لەچەند رەھەندێکی جیاوازەوە بخوێنینەوە، کە ھیچ کام لەو رەھەندانە مامەڵە لەگەڵ جەستەی ژن ناکەن وەک بەشێک لە پێکھاتەکانی مرۆڤ لە رووی بایۆلۆژی و فسیۆلۆژی کە پێویستە رێزی لێ بگیرێ و بپارێزرێ، بەڵکو بەدەر لەمە، وەزیفەو ئەرکێکی تری پێدەسپێرن کە دوورە لە ئامانجی دیاریکراوی خۆی.
— جەستە وەک ئامراز
جەستەی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ وەک ھەر ئامانجێکی تری بەردەست، بۆ خودی مرۆڤ سودی ھەبێ.
بەڵام کێشەی گەورەو سەرەکی لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، ئەوکاتەی جەستە وەک ئامرازێک بۆ ئامانجێکی تر یان بەمانایەکی تر وەک ئاماژەی بەھایەکی تر مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.
بۆنموونە جەستەی ئافرەت تا ئەو شوێنە ھیچ کێشەیەک بەدوای خۆیا ناھێنێ، کە وەک یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ ببینرێ، بەڵام کاتێک ئەم جەستەیە رەھەندێکی ئایینی وەرگرت لەرێگەی داپۆشینەوە، یان رەھەندێکی فێمینیستی یا وەک ئاماژەیەکی ئازادی لە رێگەی رووتکردنەوەوە لێمانڕوانی، ئەو کات دەبێتە کێشە، چونکە جەستە لە ئامانجەوە دەبێتە ئامراز، خۆی کێشە بنەرەتیەکەش ھەر ئەمەیە، گۆڕینەوەی (ئامانج)و (پێدراو) بە (ئامراز)و (کاڵا).
بەمانایەکی تر کاتێک ژن ئازادی خۆی لە رووتکردنی جەستەی یان بەشێک لە جەستەی ئەبینێ، ئەوا بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ جەستەی بووەتە دیلی خودی ئازادی، یان ئەو ئافرەتە باڵاپۆشەی پێی وایە بە لەبەرکردنی، جلوبەرگێکی ئاودامان و باڵاپۆش، ھەنگاوێک لە خوا چووەتە پێش، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ ئایینی کردۆتە دیلی جەستە، رونتر بدوێیین، ژن پەیوەست بە ئازادی بە جل و بەرگەوە، بۆی ھەیە و ئازادە جلی کورت یادرێژ بپۆشێ، لێرە قیاسی ئازادی جلە نەک جەستە، ھەروەک پێوەری دینداریش بۆ ژنێکی مولتەزیم بەدینەوە ناکرێ ئەو قوماش و دیزاینەبێ کە جل و بەرگەکەی جەستەی پێدا ئەپۆشێ.
— جەستە وەک چەکێکی ئایدیۆلۆژی
سادەترین پێناسە بۆ ئایدیۆلۆژیا، بریتیە لە قاڵبدانی فکرو تێڕوانینەکان، بۆ جیھان و موفرەدە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان، بە ئایدیایەکی موتڵەق، کەخۆی سەرچاوەی حەقیقەت و راستی موتڵەقە.
ئەی مەبەست چیە لە جەستە وەک چەکێکی ئایدیۆلۆژی؟ بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین، پێویستمان بەوەیە لە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیا تێبگەین، وەک وتمان گەر یەکێک لە پێناسەکانی ئایدیۆلۆژیا بریتیبێ لە قاڵبدانی فکرو تێڕوانینەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ئەگەرو گریمانەی موتڵەق، کەواتە پێچەوانەکەی بریتیە لە تێڕوانینیکی تەواو مرۆڤانە بۆ بەھاو پرەنسیپە گەردونیەکان، کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گرنگی و بایەخی خۆیان لەدەستنەداوە.
جەستەش وەک بەشێک لەپێکھاتەی بایلۆجی مرۆڤ، کاتێک ئایدیۆلۆژیا دەیەوێ بیخاتە خزمەتی خۆیەوە، یەت و دەیخاتە چوارچێوەی کۆمەڵێک موفرەدەی وەک ئازادی و یەکسانی و حەرام و قەدەغە و ھتد....بەمەش وەک چەکێک شەڕی ئایدیۆلۆژیاکانی تری پێئەکا.
رەنگە تێڕوانینی ئایدۆلۆژیانەو نا ئایدیۆلۆژیانە بۆ جەستە بەم نموونەیە باشتر روونبکەینەوە: کچێکی دەرۆزەکەر لەسەر شەقامێک کەوتووە، و جلەکانی بەشێوەیەک رووت و رەجاڵن، بەتەواوی جەستەی دانەپۆشیوە، رەنگە ئەو خەڵکەی بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێ بەزەییان پێیدا بێتەوە، و روتیەکەی نەک نابێتە مایەی گازندەی خەڵک، بەڵکو دەبێتە مایەی جوڵاندنی ھەست و سۆزی بەزەییانەی رێبواران، ئەی چی گەر ھەمان کچ وەک داکۆکی لە ماف و ئازادیەکانی، جلەکانی بەشێوەیەک دیزایینکرابن کە ھەمان ئەو شوێنانەی جەستەی دیاربن کە لە دۆخی یەکەمدا ھەیبوو، ئایا کاردانەوەی خەڵک و رێبوارانی ئەو شوێنە ھەمان کاردانەوەی حاڵەتی یەکەمجار ئەبێ؟ بێگومان نەخێر، بگرە دەبێتە ھۆی رق ئەستووربوونی خەڵک و دوورنیە چەندین تۆمەت و قسەی نارەواشی نەخەنە پاڵ.
ئایدیۆلۆژیا چ ئایینی بێ یاخود نائایینی، بۆ مانەوەی خۆی ھەوڵئەدا، ھەموو ئەو شتانە بخاتە خزمەتخۆیەوە، کە مرۆڤایەتی خۆیانی بەخاوەنی ئەزانن، وەک ئایین، نەتەوە، نیشتمان، جەستەش بەھەمان شێوە.
— جەستە وەک کارخانەی سەرمایە
گرنگترین خەسڵەتی سیستمی سەرمایەداری، بەکەرەستەکردنی وجودە بەمانا گشیەکەی، لە نێویشدا مرۆڤ بەتایبەت، لەم سیستمەدا ھەموو بووەکان، (مرۆڤ، دین، ھونەر، زانست، گیاندارەکان، ....) دەبنە کەرەستەی وەربەھێنانی سەرمایە.
دەرھەق بەمرۆڤ، ئەم سیستمە زۆر بێ مۆراڵانە ئیش لەسەر پارچە پارچەکردنی مرۆڤ دەکا، و بۆ ھەر پارچەیەکی نرخێکی لەسەر دادەنێ، رەنگە نموونەکانی وەک کیم کارداشیان و جێنیفر لوبێز بەدانانی بیمە لەسەر ران و سمتیان، یا نموونەی یاریزانانی وەک دەیڤد بێکھام و مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ* ، بەدانانی بیمە لەسەرقاچیان، بەرجەستەی ئەم تێڕوانینەبن، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری جوانکاری و ئێکسسواراتی ژنان، وەک کۆمپانیاکانی لانکۆم، شانێل، کۆتی، نیترۆجینا و چەندانی تر، کە ساڵانە بە ملیارەھا دۆلار دەخەنە سەرسەرمایەکانیان، نموونەیەکی زیندووی کارکردنی سیستمی سەرمایەدارین لەسەر بەکاڵاکردنی جەستەی مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەت ژنان،
لەبەر ئەوە بەلامانەوە سەیر نەبێ، پێشکەشکارێکی کچ لەکۆتایی ھەموو بەرنامەیەکیدا ریکلام بۆ سپۆنسەری جل و بەرگ و مەیکەپەکەی بکا، یا بەشێکی زۆری سۆشیال میدیا بۆ ریکلام و خستنە رووی بەرھەمی ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری فاشیۆن و جوانکاریدا کارئەکەن، لەکاردابن، بەمەبەستی وەدەستخستنی بڕێکی خەیاڵی لەقازانج ، ھەر بۆ نموونە کۆمپانیای شانێل( CHANEL) لەساڵی ٢٠٢٤ بڕی قازانجی وەدەستھاتووی زیاتر بووە لە ٣،٤ملیار دۆلار**.
رەنگە کە باس لە سیستمی سەرمایەداری ئەکەین راستەو راست بیرمان بۆ ئەوەبچێت، کە ئەم سیستمە تەنھاو تەنھا کار لەسەر ئەو فاشیۆن و جلوبەرگانە دەکا کە تاکێکی لیبراڵ و رۆژئاوایی دەیپۆشن، بەڵام لەراستیا ئێستا فاشیۆن و دیزایینی جلوبەرگی ئەوەی پێی دەوترێ باڵا پۆش رۆژ لەدوای رۆژ لەپەرەسەندندایە، ھەر بۆیە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەم بوارە، ھاوتەریب لەگەڵ بەرھەمھێنانی جلو بەرگ و ئێکسسواراتی تایبەت بە ژن و کچی کلتوری رۆژئاوایی، خەریکی بەرھەمھێنان و دیزایینکردنی جلوبەرگ و بابەتی جوانکاریشن بۆ ژنان و کچانی باڵا پۆش، بەنموونە کۆمپانیا بەناو بانگەکانی وەک گوچی و گابانە و زارا و چەندانی تر.
کۆتایی:
لەبەر رۆشنایی ئەو تێگەیشتنانەی سەرەوە، ئەتوانین بڵێیین، جەستەی ژن لەو کاتەی بووە ئامراز، خرایە خزمەت ئامانجێکی دیاریکراو، لەو شوێنەشدا بووە چەکێک بەدەست ئایدیۆلۆژیاییەکی باوو سەردەمیانە، جەستە لە مانا بایۆلۆژیەکەی خاڵیدەکرێتەوەو مۆرکێکی زیھنی و ئایدیۆلۆژی پێدەبەخشرێ، سیستمی سەرمایەداریش لە رێگەی ئەوەی پێی دەوترێ جیھانگیری( Globalization)، زۆر بێ مۆراڵانە ئەم بە ئامراز کردن و بەچەککردنی جەستەی بۆ ئایدیۆلۆژیاکان قۆستۆتەوە و وەبەرھێنانی لەسەر ئەکا.
http://*https://www.tbsnews.net/sports/most-expensive-insured-body-parts-footballers-267412?amp
http://https://www.forbesmiddleeast.com/ar/lifestyle/hobbies/french-chanels-profits-to-decline-28-in-2024