ڕێگا قیرڕێژکراوەکانی کوردستان

هاوڕێ جەمال
  2025-10-20     477

بەم دوایانەو لەسەر وەختی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، سەرۆکی حکومەت لە زۆنی خۆی، ھەڵمەتێکی تایبەت بە ئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەکی ڕێگاو بانی  دەستپێکردووە، و وەک دەستکەوتێکی گەورە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە بۆ ھاوڵاتیانیان نمایشکرد.
 باوەڕناکەم ھیچ تاکێک لەم ھەرێمە دڵخۆش نەبێ بەخستنە سەری گەر تاکە خشتێکیش بێ بۆسەر دیواری ئاوەدانی ئەم ھەرێمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە پڕۆژانە بەس نین، یاخود بڵێین دڵی تاکی ئەم ھەرێمە ئاو پێ ناخۆنەوە گەر لەبەرامبەردا وەڵامی ئەو پرسیارەیان بە باش دەستنەکەوێ ئاخۆ ئەم شەقامانەی سەرۆکی حکومەت کە دوێنێ کردنیەوەو ئەوانەشی کە ڕەنگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەچەند ڕۆژی داھاتوو بکرێنەوە، چی لە گوزەران و گیرفانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئەگۆڕێ؟
لە زانستی ئابووری، دوو زاراوە ھەن گرنگن بۆ پێوانەکردن و ھەڵسەنگاندنی گەشەی ئابووری ھەر وڵاتێک پەیوەست بەداھاتی ھاوڵاتیەکانی، ئەوانیش: بەرھەمی گشتی ناوخۆ  ( الناتج المحلی الإجمالی Gross Domestic Product) ھەروەھا تێکڕای داھاتی تاک لە ساڵێکدا(  متوسگ دخل الفرد Average Income ).
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە، ئەوەی یەکەمیان ئاماژەیە بۆ کۆی بەھای دراوی ھەموو ئەو کاڵاو پڕۆژە خزمەتگوزارە گشتیانەی لە ماوەی ساڵێکدا لەناوخۆی وڵاتدا بەرھەم ھێنراوون، بەڵام ئەوەی دووەمیان ئاماژەیە بۆ داھاتی تاک لە ساڵێکدا لەسەر بنەمای دابەشکردنی کۆی بەھای بەرھەمی ناوخۆ بەسەر ژمارەی دانیشتوانا.
بۆ نموونە GDP ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتۆتە نزیکەی ٢٩ ترلیۆن دۆلار، لە کاتێکدا تێکڕای داھاتی تاک لەو ساڵەدا نزیکەی ٨٣ ھەزار دۆلار بووە،  بەڵام وڵاتێکی وەک قەتەر تێکڕای داھاتی تاک لە ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٨٢ ھەزار دۆلاری ئەمریکی بووە لە کاتێکدا GDP ئەو وڵاتە نزیکەی ٢١٧ ملیار دۆلار بووە.
 لەمەوە دەرئەکەوێ مەرج نیە ھەرکاتێک بەرھەمی گشتی ناوخۆ زیادیکرد لە بەرامبەریشدا تێکڕای داھاتی تاک زیاد بکا، چونکە ئەم ھاوکێشەیە بەندە لەسەر ژمارەی دانیشتوانی ھەر وڵاتێک، سەرەڕای سروشتی ئەو سیستمە ئابووری و سیاسیەی ئەو وڵاتە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پەیڕەوی ئەکا، ھەر لە سیستمی گومرگ و بانک و باج و بیمەوە بیگرە تا ئەگاتە سیستمی کۆنتۆڵی کوالیتی شمەک و پرۆسەی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، و گرنگیدان بەدامەزراوە چاودێریەکان لەسەر کەرتی گشتی و تایبەت، ھەروەھا ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لەپاڵ دیاریکردنی ڕێ و شوێنی یاسایی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، و لە ھەمووی گرنگتر پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
  ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان دەخوێنرێتەوە ئەوەیە؛ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی نزیکەی ٣٠٪‏ مووچە خۆری حکومەتن، و زێدە ڕۆیی نیە گەر بڵێین لە ٢٠٪‏ یشی ھەر چاوی لەسەر داھاتی مووچەخۆرانە، ئەم داتایە بەناچاری ئەوەمان پێ دەڵێ گەر حکومەتی ھەرێم مەبەستیەتی تێکڕای داھاتی تاکەکانی بەرزکاتەوە، پێویستە پێش ھەموو شتێک بیر لەدابینکردنی مووچەی ھاوڵاتی و فەرمانبەرەکانی بکاتەوە، چونکە ئەم ھەنگاوە ئەچێتە خانەی بەرزبوونەوەی تێکڕای داھاتی تاک لە ساڵێکدا، ھاوشان لەگەڵ ئەمەدا گرنگە حکومەت ئەو  چالاکیە ئابووریانەی تر پشتگوێ نەخا کە ڕۆڵیان ھەیە لە بەرزکردنەوەی بەرھەمی گشتی ناوخۆ واتە(GDP)، لەوانە: بوژاندنەوەی کەرتی وەبەرھێنان و گەشتیاری و زیادکردنی ھەناردەو کەمکردنەوەی ھاوردەی کاڵا و دابەزاندنی بەکاربەری (استھلاک) ناوخۆیی لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەو کەلوپەل و شمەکانەی ھاوردە دەکرێن، ئەمە سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارە گشتیەکان لە بواری تەندروستی و فێرکردن و لێکۆڵینەوە زانستیەکانی ناو کەرتی خوێندنی باڵا، لەگەڵ گرنگیدان بەھۆکانی گوستنەوە لە ترام و میترۆ و ھێڵەکانی پاس و تاکسی.
 ڕەنگە گەر چاو بخشێنین بەو سێکتەرانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، لە ھەمان کاتدا بەراووردی بکەین بەوەی حکومەتی ھەرێم ھەنگاوی بۆ ناوە، بەسبێ بۆ ئەوەی بڵێین ئەم شەقامانەی لێرەو لەوێ دەکرێنەوە، وەک عەرەب ئەڵێ بۆ ھاوڵاتیان بەگشتی( لا یسمن ولا یغنی من جوع ).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×