ھەڵبژاردن چی پێ وتین؟

هاوڕێ جەمال
  2025-11-13     275

*ڕەخنەی بەوەکالەت
 ئەوەی لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکانی ئێستاو پێشووتری ھەرێمی کوردستان بینرا، چ بۆ پەرلەمانی کوردرستان چ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەست بەجۆرێک لە پێشکەوتنی مەدەنی ئەکرێ لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان.
گرنگترین خاڵی ئەم پێشکەوتنە خۆی لەوەدا ئەبینێتەوە، حزبەکان لەبری یەکدی شکاندن و ناوو ناتۆرە دروستکردن بۆ یەکدی بە رەخنەو پێشکەشکردنی پڕۆژە کوورەی کەمپینەکانیان قاودا (گەرچی لە دواڕۆژەکانی بانگەشەی ئەمجارە، زمانی زبرو ڕەق لەلایەن سەرکردەی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات بەکاربرا بەڵام ئەم زمانە نەبووە زمانی گشتی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن).
 لەھەمووی گرنگتر حزبەکانی یەکێتی و پارتی لە زۆنی یەکدی ڕەخنەیان لەیەکدی ئەگرت، کە ئەمە بۆخۆی گەرمووگوڕی زیاترو زیندوێتی بە پرۆسەی سیاسی بەخشیوە لە ھەرێم، ڕەنگە ھۆکاری سەرەکی پشت ئەم دیاردەیە، بەجیا دابەزینی یەکێتی و پارتی بێ لە ھەڵبژاردنەکان، چونکە لەسەروەختی لیستی ھاوبەش نەک ئەم دوو ھێزە ڕەخنەی یەکدی ناکەن بەڵکو پشتگیری یەکدی ئەکەن بۆ سەرخستنی یەکدی، پێموایە چەنێک سیاسەتی یەکدی سڕینەوەو تەنانەت شەڕی ناوخۆش ململانێی سیاسی بەدیوە مەدەنیەکەی ئیفلیج و پەکخست، ھێندەش یەک لیستی بەتایبەت لەنێوان یەکێتی و پارتی لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو ململانێی سیاسی مەدەنی لە ھەرێم پاشەکشەپێکردبوو.
 ئەمڕۆ کە ئەبینی سەرۆکی حزبەکان لەدەرەوەی سنووری بنکەی جەماوەری و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکاندا، ڕەخنە لە ڕکابەرەکانیان دەگرن، کەمێک ئۆخژنی و ئاسوودەیی دێتەوە بەبەرتا لەبەرامبەر ئەو دۆخە نالەبارەی لە چەپاندنی ڕەخنەگرتن و بەرتەسکردنەوەی ئازادیە گشتیەکان لە ھەرێم دەبینرێ و ھەستی پێدەکرێ، (لەبەرخۆتەوە ئەڵێی ڕەخنەی بەوەکالەتیشمان قبوڵە گەر حزبێک بەڕۆژی ڕووناک لەوی تری بگرێ.)


*ھەڵبژاردن و گۆڕانکاری
 بۆ چوونێکی باو ھەیە ئەویش ئەوەیە کە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان وتەنانەت عێراقیش ھیچ ناگۆڕێ، ئەم قسە بەشێکی دروستە لەوشوێنەی کە نەخشەو قەبارەی سیاسی پارتەکان وەک خۆیان ئەمێننەوە، بەڵام ئەکرێ ئەو ھاوپەیمانێتیانەی لەدەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە دێنەکایەوە جیاوازبن، لەوشوێنەشدا وانیە، کە پەیوەندی بە دروستبوونی ھێزی نوێ و ئاڵوگۆڕی پۆستەکانەوە ھەیە لەسەربنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.


*بایکۆت
 پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنیش، وێنا گشتیەکە بەجۆرێکە کە ھەموان خۆیان بەبراوە ئەبینن، بە بەرەی بایکۆتیشەوە، ئەمەش سەلماندنی ئەو فاکتەیە کە فەزای گشتی ھەڵبژاردن بواری بۆ ھەموان ڕەخساندووە گوزارشت لە بۆچوونی خۆیان بکەن، و بۆ چوونەکەشیان لە چوارچێوەی پرۆسەی دەنگدان بەکردەیی بکەن.
 تەنانەت ئەو ھێزانەشی بەبەراوورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو دەنگ و کورسیان کەمیکردووە، ئەکرێ پێداچوونەوە بە ڕۆڵ و پێگەو ھەنگاوەکانی خۆیان بکەن و ھۆکاری پشت دابەزینی بنکەی جەماوەریان دەست نیشانبکەن، بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا.
 لێرەوە تەواو لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام، کە ھەڵبژاردنەکان بەتەواوی کەموکوڕیەکانیەوە، بەشداری سیاسی زیاتر بۆ ھاوڵاتیان فەراھەم دەکەن، و وەک ئامرازێک لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە ئەتوانێ ھۆشیاری تاک بۆ بونیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراس سەرپێخا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×