ئایا پارتی  بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدێنێ؟

هاوڕێ جەمال
  2025-11-21     878

پاش ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستا مقۆمقۆی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم لەلایەن پارتیەوە بەبێ یەکێتی یەکێکە لە باسە گەرم و گوڕەکان، پرسیاری گرنگ لێرە ئەوەیە ئایا پارتی ئەتوانێ بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبێنێ؟
 لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر کرد و پاش چەند گەڕێک لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی، ھیچ کام لەم دوو ھێزە نەیانتوانی پێکەوە حکومەت پێکبھێنن، بێگومان بەجیاز ھیچ کامیان ئەو ڕێژە دەنگەی نەھێناوە کە بگاتە ڕێژەی (٥٠+١) تاوەکو بەتەنھا حکومەت پێبھێنن، لێرە ناچینە ناوەرۆکی ھۆکارەکانی پێکنەھێنانی ئەم حکومەتە بەڵکو گرنگە بەشوێن وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەبین.
 بەخوێندنەوەی واقعی کوردستان (نەک لەبەر ڕۆشنایی حوکمڕانیەکی ڕەشید )وەڵامەکە نەخێرە لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:
١- بەدرێژایی حوکمی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی لەدوای ڕاپەڕینەوە پێکھێنانی کابینەکانی حکومەت پرەنسیپی تەوافوق جێگەی پرەنسیپی پێکھێنانی حکومەتی لەسەر بنەمای زۆرینەگرتۆتەوە، کە پێموایە ئەمەی دووەمیان ئەتوانین بڵێین حوکمی ڕەشیدە، نەک یەکەمیان چونکە حکومەتی تەوافقی دوورترە لەبنەما دیموکراسیەکان و زیاتر حکومەتێکە بۆ ڕازیکردن و سوودمەندبوونی ھێزە سیاسیەکان لە غەنیمەی حکومەت نەک پێکھێنانی حکومەتێک کە ئامانج لێی ئاڵوگۆڕی ئاشیانەی دەسەڵاتبێ.
ھەرلەبەر ئەوە قورسە پارتی بتوانی ئەو نەریتە بشکێنێ.
٢-گەر پارتی ھەنگاوێکی لەوجۆرە بنێ ئەبێ چاوەڕێی ھەنگاوێکی لەوجۆرەشبکا لەلایەن رکابەرەکانیەوە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق، بەمانایەکی تر ئاوت کردنی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم یەکسانە بە ئاوتکردنی پارتی لە حکومەتی عێراق، چونکە کابینەکانی حکومەتی عێراقیش لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ھەر لەسەر بنەمای تەوافوقی بووە نەک زۆرینەو کەمینەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران.
٣-ڕاستە ئەم دوو حزبە ناکۆکی بەرژەوەندی سیاسی جیایان ھەیە بەڵام لەولاشەوە بەرژەوەندی ئابووری ھاوبەش لە زۆر سێکتەردا کۆیکردوونەتەوە ھەر لەسێکتەری وزەوە بیگرە تا ئەگاتە سێکتەرەکانی وەبەرھێنان و بانک و گەیاندن و زۆر سێکتەری دی، کە زۆر زەحمەتە ھەروا بەئاسانی دەستبەرداریانبن، ئەم فشارەی پارتیش لە ئێستایا کردوویەتیە سەر یەکێتی زیاتر بۆ تەسلیمبوونی ئەم حزبەیە بە داخوازیەکانی پارتی و ھێنانەخوارەوەی سەقفی داواکاریەکانی نەک ئامانجی پارتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم بەبێ یەکێتی.
٤-لە ھەمووی گرنگتر ڕەھەندە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکانە و کاریگەریانە لەسەر ھەنگاوەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ، ھەرێمێک کە ھەریەکە لە تورکیاو ئێران لەلایەک و ئەمریکاش وەک زلھێزێک لەلایەکی تر دەستیان ھەیە لە تان و پۆی حوکمڕانیەکەیدا ، ھیچ لۆژیکێکی سیاسی ئەوە قبوڵ ناکا ھیچ کام لەم دوو ھێزە بێ حساب بۆ کردن بکرێنە دەرەوەی حوکمڕانی ھەرێم.
٥- دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١١/١١ ی ئەمساڵ بەجۆرێکە، قورسە ھیچ کام لەم دوو ھێزە  دەستبەرداری بنکەی جەماوەری خۆیانبن چونکە پارتی لە زۆنی سەوز دەنگی زیادیکردووەو یەکێتیش لە زۆنی زەرد کورسی زیادی کردووە، ئەم دەرئەنجامەش پاڵنەری سەرەکی پشت دەستپێوەگرتنی پارتیە بە پلەی یەکەم بۆ ئەندام و لایەنگرەکانی لەسنووری یەکێتی، چونکە ھەنگاوی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم بەبێ یەکێتی بە دیوێکی تردا واتە سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ ھەرێمێکی دوو ئێدارەیی پاکتاوی سیاسی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×