پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمیسارانی باڵای کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)لەلایەن بەرھەم ئەحمەد ساڵحەوە، زۆرترین قسەو باس لەسەر سێ تەوەربوو:
١- پیرۆزباییەکانی بەرپرسە حزبیەکان، لەناویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتێکدا ناوبراو فیگەرێکی دیاری یەکێتی یەو تائێستاشی لەسەربێ ناوبراو بەڕەسمی بێ بەریبوونی خۆی لەو حزبە ڕانەگەیاندووە.
٢- لێدوان و قسەکانی بەشێک لە لایەنگران و بەرپرسی سیاسی حزبەکەی بەرھەم ساڵح بەوەی تاوەکو لە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێم بوو ، غەدری زۆری لێکراو، قەدری نەزانرا، و پێزانینیان نەبوو بۆ کارەکانی و نەک ھەر ئەمە بەردەوام تەنگ و چەڵەمەیان بۆ دروستدەکرد.
٣- بەشێکی تر لە ھاوڵاتیان دڵخۆشن بەوەی ناوبراو کوردەو وەک سیمبولێکی نەتەوەیی لەسەر ئاستی جیھان دەیناسن و پێیان وایە، پڕکردنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن کەسایەتیەک لەسەر ئاستی خۆرھەڵاتی نێوەڕاست بازدانێکی جۆریە لە کارو پیشەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەک ژمارەیەک لە ھاوڵاتیان وەرگرتنی ئەو پۆستەیان لەلایەن ناوبراوەوە ھیچ پێ گرنگ نیە.
لەم وتارەدا ئەکرێ لەسەر ھەریەک لەو خاڵانە بدوێین، بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژنەبێتەوەو حەوسەڵەی خوێنەر تاقەت پڕوکێن نەکەین ، بەم چەند خاڵە بۆ چوونەکانمان لەسەر ئەم بابەتە پوختەداڕش ئەکەین:
١- با لە غەدرکردنەکەوە دەستپێ بکەین، ڕەنگە ئەوانەی ئەم قسەیە ئەکەن، خودی بەرھەم ساڵح ئەم قسەیە نەچێ بە عەقڵیا، لەبەرئەوەی ناوبراو لەو ڕۆژەوەی پێی ناوەتەوە ناو خاکی کوردستان قۆناغێکی زەمەنی نەبووە کە تێیدا ناوبراو پۆستێکی پێ نەدرابێ، ھەر لە سەرۆک وەزیرانەوە لەسەردەمی دوو ئیدارەیی و یەک ئیدارەیی تاوەکو ئەگاتە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری سەرۆ وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان و تەنانەت پۆستی حزبیش وەک جێگری سکرتێری گشتی لەسەردەمی تاڵەبانی باوک، ئیتر ئەبێ ئەم غەدرە کامەبێ لێی کراوە!.
٢- سەبارەت بەوەی کە گرفت و کێشە و لەمپەڕ لەبەردەم کارە حکومی و ئیداریەکانی دروستکراوە، ئەوانەی ئەمجۆرە تێڕوانینەیان ھەیە بۆ دەسەڵات و حکومەت کەم و زۆر لە سروشتی دەسەڵات تێنەگەیشتوون.
نەک لە ھەرێمی کوردستان لە تەواوی دنیا، لەبەرامبەر ھاوکێشەی دەسەڵات ھاوکێشەی کۆمەڵێک ئاڵەنگێڕی ھەیە، کە ئەوانەی خاوەن سەلیقەو دانایین لەبواری ئیدارەدانی کێشەکان ئەبێ زۆر سروشتی لەم ھاوکێشەیەی دەسەڵات تێبگەن و بەلایانەوە سەیر نەبێ، و نەبێتە جێی تێڕامان، ئەی دەسەڵات وەرگرتن بەواتای چیدێ؟ جگە لە خزمەت و لەھەمانکاتدا ململانێی و ڕەخنەو ئاڵانگێری.
٣- سەبارەت بەوەی ئەمە بۆ یەکەم جارە کەسێکی خۆرھەڵاتی ئەو پۆستە وەربگرێ، ڕاستە ناوبراو کوردەو ھاوڵاتی کوردستانە، بەڵام نابێ ئەوەمان بیرچێ ناوبراو تا ئەو کاتەش کە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقی وەرگرت خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانی بوو، دەستووری عێراق ناچار بە وازھێنانی کرد لەو ڕەگەزنامەیە، جگە لەوەی بەشێکی زۆری ژیانی لە ئەمریکاو ئەوروپا بردۆتەسەر.
٤- سەبارەت بەو تێڕوانینەش کە ناوبراو کوردەو پڕکردنەوەی ئەم پۆستە بۆ کوردان جێی شانازیە، ڕەنگە ھەر ئەوەندە بە کوردان ببڕێ کە بڵێن جێی شانازیە گەرنا ئەو پۆستە پۆستێکی جیھانیەو ناکرێ ئومێدی کوردانەی لەسەر ھەڵچنرێ، لە ئاوپێ خواردنەوەی ھەستی کوردانە ھیچی تری لێ بەدینایە بۆ دۆزێکی ڕەوای وەک دۆزی کورد.
٥- ئەوانەشی پێیان وایە وەرگرتنی پۆستێکی لەو شێوەیە ھیچ نیە، کورتبینی یاخود نەخوێندنەوەی واقعە بەو پێگەیە، چونکە پێوانە بەو ئەرکانەی ناوبراو لەپێشتر گرتوونیەتە ئەستۆ، پێموایە لەم پۆستەشی سەرکەوتوو ئەبێ و جێ دەستی بەسەر مەلەفی پەنابەران وەدەرئەکەوێ.
٦- پەیوەست بەپیرۆزبایی کەسایەتیە حزبیەکانیش لە ناویشیاندا، کەسایەتیەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان ، پێموایە ئەم پیرۆزبایانە ئەچنە خانەی فرۆشتنەوەی مەوقیفی حزبی و بەس.