چالێنجەکەی باڤڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید

هاوڕێ جەمال
  2026-01-16     1280

  پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان وەک ھەر پرۆسەیەکی ناو کایەکانی کۆمەڵگا کەم و زۆر گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوەو ئەبینێ، لێرە باس لەوە نیە بە ئیجابیە یاخود سلبی قسە لەسەر گۆڕانکاریە، چونکە کاتێک باس لە گۆڕانکاری ئەکەین باس لە پرۆسەیەکی گشتگیر ئەکەین، ئەم گشتگیریە بەجۆرێکە چاک و خراپ لەخۆی کۆدەکاتەوە، چاک و خراپیش لە پرۆسەی سیاسی ھێندەی بەرژەوەندی سیاسی حزبی حوکمی بەسەردا ئەدا ھێندە ناگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و فەردی، ئەمە بەو مانایەی لە پرۆسەی سیاسیدا پێودانگەکان بۆ گۆڕانی ئیجابی یاخود سلبی پێودانگی حیزبین، بەھۆکاری ئەوەی ھێشتا ئێمە خاوەنی یەک گوتاری نەتەوەیی نین و لەسەرەتای نووسینەوەی یەک گوتاری نەتەوەیین، گەرچی بەم دوایانە چەند ڕووداو پێشھاتێک ھاتنە پێشێ کە دەکرێ ئومێدی گەڵاڵە بوونی ئەم گوتارەیان لەسەر ھەڵچنین، بەنموونە ڕووداوە سروشتیەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ و بەدەمەوەھاتنی تەواوی خەڵکی کوردستان بۆ ھاوکاری و دەستگیرۆیی خەڵکی ئەو شارۆچکەیە، ھەروەھا ڕووداوی ھێرشەکانی ئەم دوایەی حکومەتەکەی ئەلشەرع بۆ سەر ھەردوو گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسودی کوردنشینی شاری حەلەبی سوریاو ھاو خەباتی و ھاودەنگی ھێزە سیاسیەکانی باشور ، ھەریەکەو بەشێوازی خۆی، ئاماژەی سەردەرکردنی چرۆی ئەو گوتارە ستراتیژیە نەتەوەییەن کە بەدرێژایی چەندین ساڵە لە ئەزموونی حوکمڕانی ھێزە سیاسیەکانی باشور بوونی نیە.
 پێویستە لێرەدا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی گۆڕانکاریدا بکەین، مەرج نیە ئەو گۆڕانکاریەی لە پرۆسەی سیاسی بەدیدەکەین وەک شۆڕشێک بەسەر کایەی سیاسیدا وێنای بکەین، و سەرلەبەری ھێزو حزبە سیاسیەکان یاخود ھەر ھیچ نەبێ کاریگەرەکانیان بەنموونەی یەکێتی و پارتی لێک بەینەوە، بەڵکو لێرەدا مەبەست لە گۆڕانکاریە لە ستراتیژی ئیشکردن و خەباتی ئەو حزبانە بۆ چۆنیەتی مومارەسەکردنی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان.
  بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی چەمکەکان و بۆچوونەکان، با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ شێوازی کاری سیاسی یەکێتی و پارتی لە دوو دەیەی ڕابردوو، تێبینی ئەوە ئەکەین ئەم دوو ھێزە چ بەتەنیا یاخود بەیەکەوە پرۆسەی سیاسیان بەڕێوەبردووە (پرۆسەی سیاسی بەگشتی بەحکومەت و کابینەی وزاریشەوە) ، ئەم مامەڵەیە لەگەڵ یەکدی لە ستراتیژ و تەنانەت تاکتیش ھەر خۆیان چەرخی پرۆسە سیاسیەکەیان پێ سووڕاندووە، واتە ھێزی سێیەم و چوارەم لەم بەینەدا ئامادەیی نەبووە، جا ئەو ھێزانە یا خۆیان جورئەتی ئەو بەشداریەیان نەبووە یاخود یەکێتی و پارتی ئەو درگایەی بەڕوویاندا نەکردۆتەوە، (بۆ نموونە ئەزموونی گۆڕان پێشتر چ بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت بێ پارتی و چ بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی بێ یەکێتی).
 ئێستاش داواکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ھەماھەنگیردن لە نێوان ھێزە سیاسیەکان بۆ ڕاستکردنەوەی باڵانسی سیاسی وەک ناوزەدی کردووە، و بەدەمەوەچوونی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەو داواکاریە وەک گۆڕانێکی جۆری لە پرۆسەی سیاسی ئەژماردەکرێ، بۆ ؟ چونکە وەک ئاماژەمان پێدا پێشتر جووڵە سیاسیەکان کە داینەمۆی پرۆسەی سیاسین لە نێوان دوو حزب قەتیس مابوونەوە، جا لێرەدا گرنگ نیە ئەوەی لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ ھەیە تاکتیکە یا ستراتیژ؟ چونکە لەھەردوو بارەکەدا ئەوەی پرۆسەکە بەخۆیەوە ئەیبینێ جیاوازە لەوەی پێش خۆی ، بەحوکمی ھاتنەناوەوەی ڕەگەزێکی نوێ بۆ نێو ململانێکان.
 یەکێتی و پارتی پێشتر ھەرخۆیان شەڕیان لەدژی یەکدی ڕائەگەیاندو ھەرخۆشیان ڕێککەوتنی ستراتیژیان لەنێوان خۆیان ئیمزا ئەکرد، بەڵام لەئێستایا ئەوەتا بێ یەکدی لەگەڵ ھێزی تر  لە بەغداو ھەرێم چالێنجی یەکدی ئەکەن، ئەمەش بە مانا (رۆبێرت دال)* یەکە واتە فراوانبوونی فەزای دیموکراسی و گۆڕانکاری لە پاوانخوازی دەسەڵات لەلایەن ھێزێکەوە.


*رۆبێرت دال گەورە فەیلەسوف و بیریاری ئەمریکی (١٩١٥—٢٠١٤ ز)خاوەنی بیرۆکەی حوکمی پۆلیارکی لەبەرامبەر دیموکراسی ، ئەو حوکمەی کە دەسەڵات ئەبەخشێتە زیاد لە ھێزێک بۆ ڕکابەریکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی ھاوچەرخدا، دال پێی وایە ئەم سیستمە زیاتر لە ڕووی واقعیەوە نزیکە وەک لە سیستمی دیموکراسی نموونەیی ئەوەی کە بە حوکمی گەل لەلایەن گەلەوە ناسراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×