تۆم باراک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، کە لە ھەمانکاتدا لەمانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو بە فەرمی وەک نێردراوی ترمپ و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سوریاش دەستنیشانکرا، واتە تۆم باراک لە یەک کاتدا ھەم باڵیۆز و ھەم نێردراوی ئەمریکایە بۆ ھەریەک لە تورکیاو سوریا، ئێستاش دەنگۆی ئەوە ھەیە لە جێگەی مارک ساڤایا نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دۆسیەی ئەم وڵاتەشی درابێتە دەست.
لەماوەی ڕابردوو بە تایبەت لەسەر وەختی گرژیەکانی حکومەتی سوریاو ھێزەکانی ڕۆژئاوا بە ئێستاشەوە ئەم کەسایەتیە، زۆرترین قسەو باسی لەبارەکراوە، بەتایبەت تێڕوانینەکانی بۆ شێوازی حوکمڕانی لەو وڵاتانەی کە دۆسیەکانیان بەڕێوە ئەبا.
زۆرترین ڕەخنە کە بۆ ئێمەی کورد گرنگە و لەم پیاوە ئەگیرێ ئەوەیە، باوەڕی بە سیستمی مەرکەزی ھەیە و دابەشکردنی دەسەڵات ڕەت ئەکاتەوەو پێی وایە لەو وڵاتانەی ئەم سەرپەرشتی دۆسیەکانیان ئەکا، پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکان لە دەوری خێڵ و عەشیرەت دەسوڕێنەوە،نەک چەمکی ھاوڵاتیبوون.
کاتێک دێینە سەر ھەڵسەنگاندنی کەسی ئەکرێ ئەو ڕەخنانەی کە لە باراک ئەگیرێن، لەبەر چاوبگیرێن و لەوە تێبگەین ئەم کەسایەتیە لە ڕووی ئیدارەدانی دەوڵەت و شێوازی پەیوەندی لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە چۆن بیردەکاتەوە، بەس ئایا باراک کەسایەتیەکی سیاسیەو بەس یاخود جیبەجێکاری ستراتیژی وڵاتێکی زلھێزە لە پارچەیەک جوگرافی دیاریکراودا؟
بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوەی کەسایەتیەکی سیاسیە، لە ھەمان کاتدا جێبەجێکارو کارەکتەرێکی بەھێزی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، ئەمە بە ھۆکاری ئەوەی بۆچوونەکانی باراک یەکانگیرە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەنگژەو قەیرانەکانی ناوچەکە (لانی کەم بۆ ئەم قۆناغە).
لەگرنگترین ئەو خاڵانەی بۆچوونەکانی ئەم سیاسیە ئۆتۆکراسیە، لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو سەرۆکی ئەو وڵاتە لەم قۆناغەدا یەکدەگرێتەوە بریتین لە:
١- کەمتر باوەڕی بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ھەیە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان، و زیاتر ھانی لایەنە ناکۆکەکان ئەدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کێشەو قەیرانەکانی ئەم دوایەی کوردستانی ڕۆژئاوا بەشێکبوون لەم تێڕوانینە.
٢- زیاتر ڕەھەندە ئابووریەکان و قازانج ئەکاتە بنەمای کارکردنی نەک دادپەروەری، و ھەر لەو گۆشە نیگایەشەوە مەبەستیەتی کێشەکان بەلایەکدابخا.
٣- تۆم باراک باوەڕی بە دەوڵەتی مەرکەزی ھەیە نەک فیدرالی و خۆسەری یا ھەر مۆدێلێکی تری دژە مەرکەزی.
٤- ئۆقرەیی سیاسی پێ لەپێشترە وەک لە سیستمی دیموکراسی.
لێرە لەوە تێ ئەگەین کە بۆچی ئەم کاراکتەرە کراوە بە رووکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، و سەرەڕای ئەرکەکەی وەک باڵیۆزێک ئەرکی نێردەی وڵاتەکەی پێ سپێردراوە، چونکە گەر باڵیۆز ئەو کەسایەتیە سیاسیەبێ کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی خۆی ئەکا لە وڵاتی میوان، بەشێوەیەکی ھەمیشەیی بە ڕەچاوکردنی نەریتە دیبلۆماسی و پرۆتۆکۆلی و یاساییەکان، ئەوا نێردە زیاتر بۆ ئەرکێکی سیاسی و زەمەنێکی دیارکراو ئەمێنێتەوە.
کەواتە دەرئەنجام ئەوە تۆم باراک نیە بە ویستی خۆی سیاسەتی ئەمریکا لەم ناوچەیە جێبەجێ بکا، بەڵکو ئەوە ئیدارەی ترەمپە کە ئەیەوێ لە ڕێگەی باراکەوە سەرلەنوێ نەخشەی ناوچەکە داڕێژێتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی بۆچوون و ڤیژنەکانی بەسیاسەتی مامەڵەکردنی وڵاتەکەی لەگەڵ ناوچەکە دێنەوەیەک.