گرنگە پارتی و یەکێتی وێنە گەورەکە ببینن

هاوڕێ جەمال
  2026-02-07     906

 پارتی و یەکێتی ئەو دوو ھێزەی کە دێیتە سەرباسی کوردو  دۆزە ڕەواکەی، بەناچاری پێویستت بەوەیە ناوی ئەم دوو ھێزە بەھەموو ئەو ڕەخنەو گلەییانەی لێمان ھەیانە، بخەیتە سەر گۆی نووسین و شیکردنەوەکانت، چونکە واقعەکە بەجۆرێکە پارتی و یەکێتی بوونەتە دوو سەوڵ کە بەلەمی کوردایەتی لە گێژاوی شەپۆلی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ئاڕاستە ئەکەن.
 

  *پارتی و پرسی ڕۆژئاوا
لەگەڵ دەستپێکی ڕووداوەکانی ئەم دوایەی کوردستانی ڕۆژئاوا، و فشارخستنەسەر کوردو ھێزەکانی سوریای دیموکرات، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕۆڵێکی گرنگ و میحوەری پێدراوە لە ئاڕاستەکردنی دۆخەکە، ئەوەتا لەلایەن نوێنەرەکەی ترەمپ و خودی شەرعی سەرۆکی سوریا لای بەلادا کراوەو قسەی لێوەرئەگرن.
 ئێستا وادەرئەکەوێ دۆسیەی کوردانی سوریا درابێتە دەست سەرۆکی پارتی، و ھەر خۆشی چاودێرە بەسەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەی کراوە لەنێوان حکومەتی شەرع و ھێزەکانی سوریای دیموکرات.
 کۆبوونەوە یەک لەدوا یەکەکانی مەزڵوم عەبدی لە ھەولێرو سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ ھەولێرو جەختکردنەوەیان لەسەر پاراستنی مافەکانی کوردانی ڕۆژئاوا بە سەرپەرشتی و چاودێری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی ڕوونن کە پارتی چیدی لەمە بەدوا تەماشاکەری دۆخەکە نابێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەرۆکەکەیەوە دۆسیەی ڕۆژئاوا سەرپەرشتی ئەکا.
 

*یەکێتی و ستراتیژی کارکردنی لەعێراق
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ دەستپێکی بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا، ڕۆڵی سیاسی و مەیدانی ھەبوو لە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و ھێزەکەی، بەڵام لەم فشارەی ئەم دوایە کە خرایە سەرناوبراوو کوردستانی ڕۆژئاوا، بەڕوونی ھەستت بە غیابی ئەم حزبە ئەکرد لە ناوجەرگەی ڕووداوەکاندا.
 بەڵام لەملاوە ئەوەتا ئەو حزبە لە ڕووداوەکانی عێراق و پێکھێنانەوەی دامەزراوەکانی لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆک کۆمار، ڕۆڵی گەورەی پێدراوە.
 واتە ئەوەی دەوڵەتانی وەک تورکیاو سوریا لە ڕۆڵ بەخشین بە پارتی و سەرۆکەکەیان ئەنجامیاندا، ھێزە عێراقیەکان بە گشتی بە شیعەو سوننەوە بە یەکێتی و سەرۆکەکەیان بەخشیەوە.
 یەکلاکردنەوەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەداھاتوودا، بەلەبەرچاونەگرتنی داخوازیەکانی پارتی لەبەرامبەر خواستەکانی یەکێتی تێڕوانینەکانمان ئەسەلمێنێ.
 وێنەکە تائێرە لە سوودی ئەم دووھێزەیەو گەر بەچاوی ناحیزیانەش بڕوانینە کۆی پرۆسەکە ئەتوانین بڵێین لەسوودی کوردانی باشوور، و دۆزی کوردە بەگشتی، بەڵام ئاخۆ ئەم دووھێزە تا چ شوێنێک بەدوای ئەم بردنەپێشەوە و دەسئاوەڵاکردنە ئەڕۆن؟
  لە جیاتی وەڵامی ئەم پرسیارە ئەڵێین، پێویستە لەمەبەدوا ئەم دوو ھێزە (پارتی و یەکێتی) بۆ ئەو خاڵە بگەڕێن کە کۆیاندەکاتەوە، ئەو جوگرافیایەی خۆیانی بەخاوەن ئەزانن، ئەم دەسکرانەوەیەی بۆ پارتی و یەکێتی ڕەخسێنراوە گەر وریانەبن ئەنجامەکەی ڕۆیشتنە بەدوو ھێڵی تەریب کە یەکگرتنەوەیان لە خاڵێکدا ئەستەمە.
بەمانایەکی تر ئەکرێ وێنە گەورەکە ئەوەبێ؛ ئەوەی ئەمڕۆ بۆ یەکتی و پارتی خراوەتە ڕوو، و پێشکەشیان کراوە، لە کردنیان بە سەرە ڕمی ڕووداوەکانی گۆڕەپانەکە، تیژکردنیانبێ لەیەکدی و ھاندانیانبێ بۆ سازشنەکردن لەسەر داواکاریەکانیان پەیوەست بەشێوازی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێک کە دواجار ئەو جوگرافیایە پێویستە ھەریەک لەم دوو ھێزە تێیدا یەکتر ببڕن نەک وەک دووھێزی تەریب سیاسەت بکەن، چونکە سیاسەتکردنێکی لەمجۆرە قومارکردنە بە داھاتووی چارەنووسی نەک ھەرێمی کوردستان بەڵکو دۆزی کورد لە ناوچەکەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×