بۆ یەکلاکردنەوەی ھەڵوێستەکانی، کورد گوێ لە کێ بگرێ؟

هاوڕێ جەمال
  2026-03-07     212

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمەریکا- ئێران، بەدرێژایی مێژووی نوێی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ئەمە بۆ یەکەم جارە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ڕووبەڕووی ھەڵوێستێکی ڕووگیری لەمجۆرە بووبێتەوە لەبەرامبەر ئەو لایەنانەی کە کەم و زۆر پەیوەندی ھاوسەنگیان لەگەڵیدا بووە بە وێنەی ئەمریکا و ئێران.
 ئێستا لەسەرووبەندی ئەو جەنگەی بەرپابووە لە نێوان ئەمەریکاو ئێران، بە حوکمی جیۆپۆلیتیکی ھەرێمی کوردستان کورد لە نێوان ھەڵوێستی پشتگیری و بێ لایەنی لەم جەنگە تێماوەو قورسەو زۆریش قورسە ئەو ھەڵوێستە بە سنگ دەرپەڕاندنەوە بەیانکا، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ھەرکامیان ھەڵبژێرێ باجی خۆی ھەیە.
 ڕەنگە ئەوەی ئەم دۆخەی بۆ کوردی باشور قورستر کردبێ ، غیابی دامەزراوە شەرعیەکان بێ، لەسەروو ھەموویانەوە پەرلەمانی کوردستان، چونکە پەرلەمان وەک مەرجەعێکی سیاسی و قانونی * ئەکرا لەم دۆخەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕایەو لە جیاتی ئەوەی ھەموو چاوەکان لەسەر سەرۆکی پارتی و یەکێتی بن، کە ئاخۆ چی ئەڵێن و ھەڵوێستیان چیە لەسەر ئەم جەنگە، بەتایبەت پاش پەیوەندیە تەلەفونەکەی سەرۆکی ئەمریکا پێیانەوە، ئەوکات ئەکرا پەرلەمان بەتەواوی ڕەنگ و دەنگی جیاوازەوە قسەی کۆتایی ھەبوایە لەسەر ئەم دۆخە، خۆ گەر نەشیبوایە لە ئێستا باشتر بوو لەبەر ئەم ھۆکارانە:
١-ھەڵوێستی پەرلەمان ھەڵوێستێکی شەرعی و یاساییە، بەڵام ھەڵوێستی سەرکردە سیاسیەکان ھەڵوێستێکی حزبی و تاکە کەسیە.
٢-کەمکردنەوەی لۆدی سیاسی لەسەر سەرکردەکان و سپاردنی ئەم دۆسیەیە بە مەرجەعێکی باڵاتر کە پەرلەمانی کوردستانە.
٣-بە حوکمی ھەمەڕەنگی و ھەمە دەنگی پەرلەمان، یەکلاکردنەوەی دۆسیەیەکی لەمجۆرە قورس ئەبوو، بەمەش ھیچ کام لە دوو بەرەی بەشەڕ ھاتوو، نەیانئەتوانی ھاوێنەی یەکلاکردنەوەی ھەڵوێستی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەسەر جەنگەکە، لە دوو سەرکردە یاخود دوو حزب کورت بکەنەوە.
٤-ھەموو ھەڵوێستێک کە پەرلەمان بینوێنێ باجەکەی کەمترە لە ھەڵوێستی حزبی و تاکەکەسی لەبەر ئەوەی گەر لە حاڵەتی یەکەمدا بەرپرسیارێتیەکە ھاوبەش بێ، ئەوا لە حاڵەتی دووەمدا بەرپرسیارێتیەکە ئەکەوێتە ئەستۆی سەرکردەیەک یان دوان.
 لێرەوە بەناچاری ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ جیاوازی نێوان بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەلایەن حزب و سەرکردەی سیاسیەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردنێک کە سپاردەی دامەزراوە شەرعی و ھەڵبژێردراوەکان کراوە.
 بێگومان بەڕێوەبردنی یەکەمیان دیدگاو ئاسۆی داھاتووی نەتەوەیی، بەرتەسکترو کورتبینانە ترە بە بەراوورد بە بەڕێوەبردنی دووەم، ھەر ئەمەش وا ئەکات بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی کۆمەڵگە بترازێ بۆ ئەستۆی حزب و سەرکردەکان و قورسایی ھەر لێکەوتێکی خراپ لە بەرامبەر ھەڵوێستە سیاسیەکان نەچوونە ژێرباریان بێ لەلایەن زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە.
* دەرئەنجام
 چەنێک ئەم دۆخەی ھاتۆتە پێش یەخەی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، و لێکەوتەی خراپی ھەبووە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و تەنانەت سەربازیشەوە، ھێندەش وانەیەکە بۆ ھێزە سیاسیەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی، کە پشکی شێریان بەرئەکەوێ لە پەکخستنی دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان، بەوەی چەندین وێستگە ھەن لە خەباتی مێژووی نەتەوەییدا کە بەتەنھا حزب و سەرۆک دەرەقەتی تێپەڕاندنیان نیەو ھەروا بە ئاسانی بێ دوودڵی ئەستە لە تاقیکردنەوەی یەکلاکردنەوەی ھەڵوێستیان دەربچن.

*لە ماددەی دووەم بڕگەی یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە«پەرلەمان لە ھەرێمدا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاوێریکردنە، مەرجەعی سیاسی و یاساییە .....»

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×