گەندەڵی دارایی و کارگێڕی یەکێکە لە کێشە باوەکانی ئەو دەسەڵاتانەی خاوەنی پرەنسیپی شەفافیەت نین، ھەر بۆیە ئەبینین بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی گەل، لە دەرئەنجامی نەبوونی دەزگایەکی چاودێر بەسەر خەرجی و داھاتی ئەو دەسەڵاتەوە، بەفیڕۆ ئەچێ.
دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانیش وەک کیانێکی سەربەخۆ لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی (١٩٩١ )ەوە بەھۆی نەبوونی ئەم پرەنسیپەوە واتە پرەنسیپی شەفافیەت بەدرێژایی سی و ئەوەندە ساڵەی تەمەنی بەردەوام گیرۆدەی ئەم پەتاو درمە بووە کە ناوی گەندەڵیە.
ئێستا کە لە عێراق و لەسەر دەستی سەرۆک وەزیرانە نوێیە گەنجەکەی ھەڵمەتێکی دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی ، لە ژێر ناوی ( ئۆپراسیۆنی ھەڵمەتی بەرەبەیان) ، گەندەڵکارانی دەستپێکردووە، لە شەقامی کوردی دەنگێک دەبیستین داوای جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ھەرێمی کوردستانیش ئەکا ، بۆ ئەوەی لێرەش گەندەڵکاران بەھەمان چارەنووس بچن!.
کێشەی لە مێژینەی کورد ئەوە بووە بەردەوام داوای لە بێگانە کردووە برینەکانی ساڕێژبکا، لە کاتێکدا نوژدارو پزیشکی کەم نەبووە، ھانای بۆ دەروودراوسێ بردووە لە کاتێکدا نێوماڵی خۆی لە ھیچی کەم نەبووە!.
ئەکرێ دەسەڵات لەم ھەرێمە ئەو پرسیارە لەخۆی بکا، باشە لەگەڵ بوونی چەندین دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە، بۆ ئەبێ خەڵک داوا لە دەسەڵاتی ناوەند بکا پرۆسەی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمیش جێبەجێبکا؟؟!!.
دەزگاکانی وەک چاودێری دارایی، دەستەی دەسپاکی، داواکاری گشتی، لەسەروو ھەمووشیانەوە پەرلەمانی کوردستان بەدەر لە ئەرکە تەشریعیەکەی وەک دەزگایەکی باڵای چاودێرێش بەسەر دام و دەزگاکانی حکومەتەوە، لەو دەزگایانەن گەربێت و دەستیان کراوەبێ و داواکاریەکانیان جێبەجێکرێ، یاخود باشترە بڵێین جێبەجێ بکرایە، ئێمە ئێستا لەبەردەم دۆخێکی تردا ئەبووین، دۆخی حوکمی ڕەشید*، و سەرلەنوێ ھەموارکردنەوەی یاساکان و بونیاتنانەوەی دامەزراوەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتینی ئیداری لە فەرمانگەکان.
بەڵام ئەوەتا لە واقعدا ڕاستە ئەو دەزگایانە بوونیان ھەیە ،چەندین خەڵکی چالاک وەک سەرچاوەی مرۆیی گرنگ کاری تێدا ئەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی لەسەر ئاستی دەسەڵات ڕێگەیان بۆ ئاوەڵا نەکراوە، و سەپۆرت ناکرێن تاوەکو بەو پەڕی گوڕو تینەوە بێنە مەیدان، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەپوکێنەوەو ھیچ ڕۆڵێکیان نیە لەسەرخستنی نەک ھەر حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان بگرە ئەو ئەرکانەش کە بەپێی یاسا لە ئەستۆیان نراوە!!..
بەبڕوای ئێمە گرنگە خەڵک فشاربکا ئەو دەزگایانە کارابکرێن و ئەرکی خۆیان وەک ئەوەی لە یاسای دەزگاکاندا ھاتووە جێبەجێکەن کە لە دەرئەنجامدا دژایەتی و نەھێشتنی گەندەڵیە بۆ نموونە یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ و یاسای دەستەی گشتی دەسپاکی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١١ ی ھەموارکراو، ھەروەھا یاسای داواکاری گشتی ژمارە (١٥٩)ی ساڵی ١٩٧٩ و یاسای پاشکۆی ئەم یاسایە ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی کوردستان، واتە ئێمە نە ڕووی سەرچاوەی مرۆییەوە نە لە ڕووی بوونی دەقی تەشریعیەوە نە لە ڕووی بوونی دامەزراوەوە ھەرێمی کوردستان کەمووکوڕی نیە، ڕاستە ئەکرێ ھەندێک لە دەقی یاساکان ھەمواربکرێن یاخود شێوازی ئیشکردنی دامەزراوەکان گوڕانکاری جۆریان بەسەردابێ، بەڵام وەک پێشتر ڕامانگەیاند ئەکرێ ئەمە بۆ قۆناغی پاش یاخود ھاوشان لەگەڵ قۆناغی بەگژا چوونەوەی گەندەڵی بخرێنە سەرپێ بەمەبستی چەسپاندنی حوکمێکی ڕەشید.
ئێستاش کە باس باسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێیە، ئەکرێ وەک مۆرکێکی نوێی ئەو حکومەتە، پرۆسەی بەگژا چوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکی گۆڕانکاری جۆری بێ لە شێوازی حوکمداری لە ھەرێمی کوردستان ، ھەروەک ئەو دەستپێکەی کە حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە عێراق ئەنجامیدا، زێدە ڕۆیی نیە گەر بڵێین حکومەتی داھاتووی ھەرێم چارەنووسی بەستراوەتەوە بە سەرکەوتن و تێپەڕاندنی قۆناغی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، جا یا ئەوەتا لەو تاقیکردنەوە سەرکەوتوو ئەبێ یاخود لەم قۆناغە چەقبەستوویەدا ئەمێنێتەوە.
*حوکمی ڕەشید بەو جۆرە حوکمە ئەڵێن کە تێیدا دەسەڵات بە ڕێگەیەک پیادەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە و کاروباری گشتی ھاوڵاتیان ئەکا کە گەشەکردن و سەروەری یاساو بەشداری ھاوڵاتیان لە دروستکردنی بڕیارەکانا مسۆگەربکا.