بەدرێژایی مێژوو ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ، ئەتوانین بڵێین پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەرەوەی خۆی بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی یەکەم ئەوەبووە پەیوەندیەکانی لە گەڵ حکومەتی ناوەند ھەمیشە لە دەرەوە، واتە لەدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی عێراق، بۆ ناوەوە ڕێکخستووە.
ئەمەش بە ھۆکاری ئەوەی ھەرێمی کوردستان، ئین پوت و ئاوت پوتی پەیوەندیەکانی لەسەر بنەمای پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داڕشتووە، قۆناغێک کە عێراق خۆی لە گۆشەگیریەکی نێودەوڵەتیدا ئەبینیەوە.
ئەمجۆرە لە سیاسەتی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ھەرێمی کوردستان(خۆی ڕاسترە بڵێین پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ دەرەوەی خۆیان، چونکە پەیوەندیەکان ھێندی پەیوەندی حیزبی بوون ھێندە پەیوەندی دامەزراوەیی نەبوون)، لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١ ەوە تاوەکو پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە٢٥ ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام بوو، ھەرچەندە کۆدەنگیەکی سیاسی لەسەر ئاستی تاک و حزبەکانی باشوری کوردستان لەسەر ئەم گشتپرسیە ھەبوو، بەڵام دەرئەنجامی ڕیفراندۆم بەوەی کە نەیتوانی ئامانجەکەی بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە عێراق بەدیبھێنێ، ئەتوانین بڵێین سەرەتای وەرچەرخانی ئەم پەیوەندیانە بوو لە ناوەوە بۆ دەرەوە، واتە ئین پوت و ئاوت پوتی پەیوەندیەکان لە دوای ڕیفراندۆمەوە پێچەوانەبوونەوە.
جیاکردنەوەی ئەم دوو قۆناغە بەمانای ئەوە نایە، کە پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی دابڕاوبوون چ پەیوەست بە حکومەتی عێراق لە سەردەمی پێش ڕیفراندۆم، چ پەیوەست بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە دوای ڕیفراندۆم، بەڵام ئێمە لێرە باس لە پەیوەندیەکی گشتگیر دەکەین لەم دوو قۆناغەدا.
ئەوەی لەسەر زەمین ھەستی پێدەکرێ ئەوەیە کە ڕەھەندە نێوەدەوڵەتیەکان کە جاران بەشێکی زۆری گرەوو ڕیسکەکانی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستانی پێوە گرێدرابوو، لە ئێستایا ئەو ئەرزشەیان نەماوە، گەر ھەشبێ بە پێچەوانەی قۆناغەکانی پێشوو، بۆ زیاتر سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی عێراقە نەک ھەرێمی کوردستان.
بێ باک بوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێکنەکەوتن و پێکھاتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرخەری ئەم ڕاستیەن.
ھەر خۆی پارتی و یەکێتیش درکیان بە ڕاستی ئەو واقعە کردووە کە تێیکەوتوون، ئەوەتا ئەبینین حکومەتی ھەرێم خەریکی ناردنی وەفد و ڕێککەوتنە لە گەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسانەی کە تاوەکو دوێنی وەک پایەکانی دەوڵەت سەیردەکران، بە نموونەی بودجەو ھێزی پێشمەرگەو ئاسایشی سنوورەکان و پەیوەندیەکانی دەرەوە، بە جۆرێک ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم پرسانە زیاتر دەچنەوە ژێر دەسەڵات و ھەیمەنەی حکومەتی ناوەند.
بەکورتی لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکانی لە ناوەوە بۆ دەرەوە ڕێک ئەخا لە کاتێکدا پێشتر لە دەرەوە بۆ ناوەوە ئەم پەیوەندیانە دروستدەکران.
پرسیاری ھەرە گرنگ و چارەنووسساز بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە، ئایا ئەم پەیوەندیانە لەسەر ئەم بنەمایە تا کوێ دەڕۆن؟ ئایا ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی دەستوری لەبەرمەبنای پەیوەندیەکی لەمجۆرە مەترسی ئەوەی لێناکرێ ڕۆژ دوای ڕۆژ بپوکێتەوە، پوکانەوە تا ئاستی دەسەڵات و ئیمتیازی پارێزگارێک لە پارێزگارەکانی شارەکانی عێراق؟.
پێموایە ھۆکاری پرسیارێکی لەمجۆرە ھەر ئەوە نیە وەڵامێکمان چنگ کەوێ، بەڵکو زیاتر وەک مەترسیەک درکی پێ دەکرێ، مەترسیەک بەشێکی ھۆکارەکەی ھەر ئەوەیە کە لەسەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێدا، ھۆکاری ئەوەی کە پەیوەندییەکان ھێندەی لەسەر بنەمای حیزبی بوون، ھێندە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی نەبوون، ڕەوینەوەی ئەم مەترسیەش بەندە بە دەستبەرداربوونی بەرژەوەندی پەیوەندی حیزبیانە لە پێناو پەیوەندیەکی نیشتیمانسازی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەی کورد، چونکە ھێشتا مێژوو زۆری بەبەرەوە ماوە، ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکانیش لە گۆڕانی بەردەوامدان و ئەم گۆڕانەش گۆڕان لە پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان بە ناوخۆو دەرەوەی خۆی دێنێتە ئاراوە، ئەوەی گرنگە ئەوانەی سەروکاری چارەنووسی قەزیەی کوردیان بەدەستە پەند لە ڕابردوو مێژووی کۆن و نوێ وەربگرن.