بۆ واز لەمەسرور بارزانی ناهێنن؟

چیا عەباس
  2020-05-25     1946

دوای شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم لە ژێر فشاری دەرەکی، تایبەت ئەمریکا، مسعود بارزانی وازی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم هێنا.
بەرەی ئۆپزسیۆن بەرامبەر بە روداوەکانی دواتر هیچی پێنەکرا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیانراوێکی راگەیاند تێیدا پشتگیری کرد لە حکومەتێکی سەقامگیر لە هەرێم کە لە لایەن پارتی و یەکێتی و بە هاوکاری هێزەکانی تر بەرێوە ببرێت.
لەو ساتەوە لوتکەی دەسەڵاتی پارتی ئامادەسازییان کردوە چۆن بۆشاییەکانی دەسەڵاتی هەرێم لەلایەن خانەوادەی بارزانیەوە پر بکرێنەوە.
دروستکردنی بارەگای بارزانی، کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەو سێ کوچکە ستراتیژیە بو بۆ کۆنترۆڵکردنی حوکمرانی هەرێم و بواری ئابوری و پەیوەندیەکان و پرسی نەوت لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتی پارتیەوە.
سەرۆکی هەرێم بێ کێشە لە پەرلەمان دەنگی پێویستی پێدرا، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئیسلامیەکان ئۆپزسیۆنبونیان هەڵبژارد، یەکێتی کنەکن و بۆڵەبۆڵی دەکرد، پارتی لە بەرامبەردا نەرمیەکی بێئەندازەی بەرامبەر گۆڕان پیشاندا و دەسەڵاتدارانی گۆڕانیش هەڵپەیان بو دڵفراوانی و نەرمی پارتی و دڵگرانی لە یەکێتی بقۆستنەوە. یەکێتی لە سایەی سەرکردایەتیە کلاسیکیەکەی پێش کۆنگرە لە روانگای ئەزمونەکانی سەردەمی مام جلال لە گەڵ پارتی رەزامەند بو بە بەشداریبون لە کابینەی نۆ تا لە قافڵەکە دوانەکەون و لەو نێوەندەدا گەمە پارادۆکسەکانی خۆیان بەرێبکەن، جەستەیەکی ماندوی بێدەنگ لە ناو دەسەڵات و جەستەیەکی چالاکی بزێوی نارازی لە دەرەوەی.
هەر لە سەرەتاوە بناغەی کابینەی نۆ لە سەر رێکەوتن و تێگەیشتنی هاوبەشی ستراتیژی دانەرێژرابو، بەرژەوەندی حزبی و کەسایەتی و هەڵپەی سیاسی و مادی و پۆست و پێگە کەرەستە شاردراوەکانی بناغەی کابینەی نۆ بون.
ئەم گرتبونەوە بێسەوروبەرەی حوکمرانی بە بەرگی چاکسازی و دروشمە سواوەکانی دوا سێ دەیە نمایشکرا. حکومەتێک بە سێ هێزی یەکەمی هەرێم دروستکرا بەڵام لە ئەرزی واقیعدا لە سەر کەمتر لە دو پێ وەستاوە.    
مەسرور بارزانی بۆ یەکەمجار گەیشتە واجهەی لوتکەی حوکمرانی و بۆ یەکەمجاریش بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی فەرمانرەوایی کەوتە ئەستۆی، زۆر جیاواز لە ئەرک و کارە سنوردارەکانی پێشتری.
نزیکەی ساڵێکە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەدەستەوەیە، لە سەرەتا چەند پێوەرێکی بۆ کابینەکەی راگەیاند، لەوانە کابینە شانۆی پروپاگەندە و کاری حزبایەتی نیە، هەر وەزیر و بەرپرسێکی حکومی ئەرکەکانی خۆی لە چوارچێوەی بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دور لە کاریگەری حزبەکەی جێبەجێ بکات، دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان، راگەیاندنی نیەت بۆ پرۆژە یاسایەک بۆ چاکسازی و روکردنە بەغدا بۆ چارەی بەشێکی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. کۆی ئەم روداوانە بونە مایەی بوژاندنەوەی بچێک ئومێد تێکەڵ بە گومان و پرسیار کە گۆرانکاری لە شێوازی بەرێوەبردنی هەرێم دەکرێت.
زۆری نەخایاند مەسرور بارزانی چەند بریار و هەنگاوێکی گرتەبەر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران لای خۆی، ئەویش بە دانانی چەند یاریدەرێک بۆ خۆی لە بوارە جیاکانی حوکمرانید، لێرەوە دەنگی نارازی نێو دو هێزەکەی تری حوکمرانی بەرزبوەوە، هەنگاوەکانیان بە سازدانی کابینەی سێبەر وەسف دەکرد و بە بێ متمانەیی بە وەزیرەکانیان لە حکومەتدا لێکدانەوەیان بۆ دەکرد. هەرچەندە روداوەکە و نارازی بەرامبەر لە " زوبعة في الفنجان" دەچو، بەڵام ئاسەوارێکی زۆر نەرێنی لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی کابینەی نۆ جێهێشت.
تایبەت یەکێتی یاخیبونێکی خەستی بەرامبەر ئەمە و سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستپێكرد، چونکە یەکێتی ئەوسا و ئێستاش خوازیاری شەراکەتی یەکسانە یاخود بەلایەنی کەمەوە شەراکەتی رێژەییە لە گەڵ پارتیدا.  
بەستنی کۆنگرەی یەکێتی و دەرچون لێی بە کۆمەڵێک بریار و پێکهاتەی رێکخراوەیی و روخساری نوێ لە لوتکەی دەسەڵاتیدا دڵگرانی و حەزەری پارتیان لێکەوتەوە، پارتی دەیزانی دەسەڵاتی نەوەی گەنجی نوێ ( لە ئەدەبیاتی سیاسی پارتیدا بە گروپەکەی کارەساتی ئۆکتۆبەر ناوزەد کراون) تموحێکی زۆر و نەفەسی پێداگری توند و نیەتێکی شاردراوەی تۆڵەکردنەوەیان هەیە.
یەکەم هەنگاوی جدی لەو روەوە ئەزمونی تفت و تاڵ بو لە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکێتی بە سودوەرگرتن لە سۆزداریەکی روکەشی شیعە و رکابەری خەستیان بۆ دەسەڵاتی پارتی کاندیدی یەکێتیان هەڵبژارد، ئەمەش تەنها بۆ خەستکردنەوەی ململانێ و ناکۆکیەکانی نێو ماڵی کورد بو، چونکە عەرەبەکان دەزانن ئەو پۆستە هێچ بەهایەکی کاریگەری نیە تا خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن، بەڵکو کوردیان بە لێکترازان و ناکۆکی زیاترەوە پێوە سەرقاڵ کردوە.
خۆپیشاندانە خوێناویە بەرفراوانەکانی عێراق، کێشەی موچە و بودجە،  دابەزینی نرخی نەوت، لاوازی کابینەی عبدالمهدی، قوڵبونەوەی کێشەکانی نێو ماڵی شیعە، سەرهەڵدانی کۆرۆنا ئەو دڵۆپانە بون سەتڵەکەیان پرکرد و ئاویشی لێبرژێت.
لە سایەی توندبونی هەڵوێستی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا بەرامبەر پارتی و پشتگوێخستنی چەند داواکەریەکی دەسەڵاتدارانی پارتی و حکومەتی هەرێم دەرباری موچە گۆمەکە لە هەرێم، تایبەت نێوان یەکێتی و پارتی، زیاتر شڵەقا. 
زۆری پێنەچو لەرزۆکی و شڵەقاوی جومگەکانی کابینەی نۆ سەر ئاو کەوتن، هاوکاتیش تا دەهات فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن هەڵوێست و رەفتارەکانی خەستتر دەکرد.
خەڵک زۆر باش دەزانێت بێجگە لە ناکۆکی و رقەبارایەتی مێژویی نێوان ئەو دو هێزە تەماحەکانی نەوەی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەک بۆ فشارخستنە سەر پارتی و لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتەکانی حوکمرانیەتی تا وەک شەریکێکی یەکسان لە فەرمانرەواییدا پەسندی بکات، لەلاکەی تریشەوە بۆ بەدەستهێنانی سۆز و پشتگیری خەڵکی نارازیە بەلای خۆیدا.
وەک بەشێک لەم هەوڵانەی یەکێتی پرسی لامەرکەزی لە ناوچەکانی دەسەڵاتیان بەخەستی وروژێنراوە، کامپینێکی خەستی راگەیاندن بەرپا کراوە، لە گۆڕان نزیک بونەتەوە و دەرباری پەیوەندیان لە گەڵ گۆڕان خەبەریان بۆتەوە و لە چەکمەچەی بیرۆکانیان دەقە تۆز لێنیشراوەکانی رێكکەوتنەکانیان دەرهێناوە.
پارتیش فریشتە نیە و لای خۆشیەوە هەڵمەتێکی توندی راگەیاندن و لێدوانی بەرامبەر بە یەکێتی بەرێدەکات، هەر دو هێز قەوانەکانی پێشو دەچرنەوە.
مەسرور بارزانی راشکاوانە باسی لە دۆخی ئاڵۆز و دژواری سیاسی و ئابوری هەرێم کرد، زۆربەی هۆکارەکانی خستە ئەستۆی کابینەکانی پێشو. ئەم هەڵوێستە لەلایەک بێبەری ناکات لەوەی حزبەکەی خۆی و لوتکەی خانەوادەی بارزانی بەرپرسیاریەتی سەرەکیان لە دروستبونی ئەو دۆخەدا هەبوە، لەلاکەی تریشەوە ئێستا ئەرکێکی سەرەکیەتی بەشێوازێکی گونجاو و شەفاف هەوڵی جدی بدات بۆ رێگەچارەیەک. بۆخۆم چاوەروانی جدیم نیە بەم کەرەستە پەرتەوازە و نەگونجاوەی کابینە و پەرڵەمان رێگەچارەیەکی جێگیری دادپەروەرانە بدۆزرێتەوە، ئەزمونەکانی رابوردو سەلماندویانە ئەوە یەکسانە بە سوراندنەوە لە بازنەیەکی داخراوی ناسراودا، کە لەو بازنەیەدا برامان برایەتی و کیسەمان جیا دەسەپێنرایەوە، ئێستا خواستی بنەرەتی میللەت ئەوەیە برامان برایی و کیسەکان بۆ میللەت بێت.   
بەسیاسیکردنی دروستی داوا رەواکانی خەڵک ئەرکێکی پێویست و رەوایە، سەرەرای ئەمە وەک تاکێکی کورد کۆمەڵێک پرسیاریشم لا دروستبوە:
- گەر گۆڕان و یەکێتی ئەوەندە بێزار و نارازین لەم دۆخە بۆچی بە فەرمی لە حکومەتی هەرێم ناکشێنەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت ناکەن؟
- بۆچی هێزە بەرپرسەکان بەفەرمی خۆیان بێبەری ناکەن لەسەرجەم ئەو کارە قێزەوەنانەی لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی حوکمرانی هەرێم و خۆجێیەکان  کردویانن؟
- بۆچی هەوڵ نادرێت بەرەیەکی میللی پاک و بێگەرد و دڵسۆز و پەسندکراو لەلایەن جەماوەرەو کۆبکرێتەوە و رۆڵی ئۆپزسیۆنێکی جێگیری باوەرپێکراو لە دەرەوەی پەرلەمان جێبەجێ بکات؟
- بۆچی وەک دەستپێشخەریەک و بۆ دەربرینی نیەت پاکی سەروەت و سامانی کۆمپانیاکانی حزب و بەرپرسەکانیان لە پرۆژەیەکی ئابوری مەزنی فرەچەشندا بۆ فریاکەوتنی میللەت و نیشتمان وەبەرناهێنن، دڵنیاش بن لە دوا مەتافدا سودی سیاسی و مادی زیاتریان لێ دەست دەکەوێت؟
- بۆچی وەک دوا ئەڵتەرنەتیڤ ئامادەسازی ناکەن بۆ فرە هەرێمی لە باشوری کوردستان بەمەرجی یەکریزی و یەکگرتویی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا.
ئەگەر ئەمانە و چەند پرسیاری تر بێ وەڵام بمێننەوە، هەرچی بەرامبەر ئەم کابینەیە بەشێوازە کلاسیکیەکان بکرێت ناچنە چوارچێوەی بەدیهێنانی مافە رەوا زەوتکراوەکانی هاوڵاتیان و چارەکردنی جێگیری قەیرانەکان، کە زۆربەی هێزەکان بەشێک بون و هەن لە پرۆسەکانی دروستکردنی قەیرانەکان و کەڵەکەبونیان.
بەپێچەوانەوە بۆ واز لە مەسرور بارزانی ناهێنن با بزانین چی پێدەکرێت؟ 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×