William Safireو سەید کاکە، دو کورسی چۆڵیش

چیا عەباس
  2022-11-19     902

بۆ دروست تێگەیشتن لە زەمینەی مێژویی ململانێی و کێشەکانی دو هێزە دەسەڵاتدارەکەی باشوری کوردستان پێویست دەکات لێکۆڵینەوەیەکی واقعی چروپر بکرێت تا ئەم بەشە هەستیارەی مێژو نەکەوێتە بەر رەحمەتی فرە ئاراستە سیاسی و فکریە جیاوازەکانەوە.  
ئەوەی ئاشکرایە کە دوژمنانی و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە بزافی کوردایەتی بە شەقکردن و لەتلەت کردنی لاواز بکەن، هێزەکانی کوردیش لە ناچاریەوە بوبێت یاخود ئارەزومەندانە بۆ مانەوەی خۆشیان و لاوازکردنی یەکتر رۆڵیان لەو پرۆسەیەدا هەبوە. ئەمە بەشێکی هەستیاری ئەو دیاردە موزمنەیە کە ناوەراستەکانی پەنجاکانەوە سەریهەڵداوە.
پیویست ناکات لاپەرە قێزەوەنەکانی ئەو مێژوە بجوینەوە، خولانەوە لەو کارەساتانەی مێژودا هیچی تازەمان پێ نابەخشێت گەر هێڵێکی ئەستور بەژێر لایەنە هەستیارەکانیدا نەکێشین.
داگیرکردنی کوێت و وەڵامی دنیا و راپەرین و روخاندنی سەدام تێکچونی هاوسەنگی کلاسیکی هێزی لە ناوچەکەمان بەرپاکرد، گەمەکەری زلهێزی تر، تایبەت ئەمریکا، بە قورساییەکی بێئەندازە هاتنە ناو گۆرەپانەکە، ئەم روداوە فشارە کلاسیکیەکانی دەر و دراوسێی سەر دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان سنوردار کرد و بواری هەناسەدان و جموجۆڵی بۆیان رەخساند. باجی ئەم دەرفەت رەخساندنە فرە کوێخایەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بە بەسەر ئیرادەی سیاسی باشوردا چرتر و راستەوخۆتر بو و دەسکەوتی مەزنی فەرمانرەوایی خۆماڵی و رۆڵی کورد لە بەغدا کەوتنە نێو داوێکی توند و سەختی فرە قولابەوە.
William Safire ، نوسەر و رۆژنامەگەری بەناوبانگی ئەمریکا و دۆستی کورد و زۆر نزیکیش لە خوالێخۆشبو مەلا مستەفا لە وتارێکیدا دوای راپەرین لە رۆژنامەی نیۆرک تایمز بڵاوکرایەوە نوسیویەتی: گەر ئەمریکا جدیە لە هاریکاری کوردەکانی عیراق دەبێت ئیدارەی ئەمریکا هەر دو سەرکردەی کورد، مسعود بارزانی و جلال تاڵەبانی بانگهێشی کۆشکی سپی بکات، بارزانی بە Mr. Inside  ناوی بردبو و مام جلال یش بە Mr. Outside، بەواتای بارزانی بۆ بەریوەبردنی کوردستان و تاڵەبانیش بۆ کاروباری دەرەوە و دیبلۆماسی. هاوکات ئەو مرۆڤە دوربینە چاوەروانی کارەساتی دەکرد گەر ئەمریکا ئەو هەناگەوە نەگرێتە بەر.
لەو ساتانەدا سەردانی کوردستانم کرد و وتارەکەم لە بارەگای سوشیالیست لە شەقڵاوە پیشانی دکتۆر محمود عوسمان دا، بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: منیش Mr. Between ، بێگومان دواتر زانیم کە دکتۆر لە نزیکەوە سەفایری ناسیوە.
لە دانیشتنەکەدا چەند بەرێزێک ئامادەبون، یەکێک لییان، دواتر زانیم کە سەید کاکە بو، گوتی: من سەرکردەکانی کورد بناسم و ئەمریکا ئاوا باسیان بکات چاوەرانی شەرێکی قورس دەکەم.
زەمەن رۆیشت، کۆندۆلێزا رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک جۆرج بوشی کور، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: کوردی باشور بۆڵەبۆڵی چی دەکەن هیچکات وەزعیان وا باش نەبوە،
دوای روخاندنی سەدام برێمەر لە یادەوەریەکانیدا بە ئەرێنی باسی رۆڵی سەرکردەکانی کورد ناکات، ئەم راستیانە تا ئەم ساتەش ئاوێنەی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە کوردی باشور.
لەو کەین و بەینەدا، تایبەت لە سەردەمی کلنتۆنەوە، دۆسیەی کوردی باشور لەلایەن ئەمریکا و دۆستەکانیەوە تا ئەم چرکەیەش بە تورکیا راسپێردراوە، ئەم راسپاردنە هاوسەنگی هێزی نێوان پارتی و یەکێتی بە سودی پارتی لاسەنگ کرد. مام جلال زو دەرکی بەم هاوکێشەیە کرد و لە سەردەمی تورگت ئۆزاڵەوە هەوڵیکی زۆری دا بۆ راستکردنەوەی و تا سەردەمی ئۆردوگانیش بەردەوام بو، بەڵام هیچی ئەوتۆی لێ دروێنە نەکرد .
رێکەوتنی واشنتۆن نێوان مام جلال و مسعود بارزانی و وردەکاریەکانی ئەو رێکەوتنە خاڵی وەرچەرخاندن بو لە جۆری پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. مام جلال دوای رێکەوتنەکە  لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەگەریدا دەڵێت: مادلین ئۆلبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرپەرشتکاری رێکەوتنەکە، پێی گوتین: " بۆتان نیە شەر و دانوستاندن و رێکەوتن لە گەڵ عیراق بکەن، بۆتان نیە پەلاماری یەکتر بدەن و .... بێ رەزامەندی ئێمە.
ئەم پەیامە سیاسیە زۆربەی کاتەکان بە وردەکاریەوە لە لایەن مام جلال و مسعود بارزانی پێرەوکراون، سروشتی ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دو هێزەی لە گرژی و توندیەوە گۆری بۆ شێوازێکی جێگیری ململانێکردنی نەرم، لە واقیعدا رێکەوتنی واشنتۆن هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بو بۆ دو ئیدارەییەکی شارداروە، هەرچۆنێک بێت کورد لەمە زەرەری نەکرد، چونکە پێچەوانەکەی ماڵویرانیەکی زۆر گەورە دەبو. سەرجەم ئەم روداوانە و ئەوانەی دواتریش راستی بۆچونەکانی سەفایر و سەید کاکە یان سەلماند.
وەفاتی نەوشیروان مستەفا و مام جلال زەمینەخۆشکەر بو تا گۆرەپانی سیاسی و حوکمرانی هەرێم بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رەهای پارتیەوە، خانەوادەی بارزانی و پارتی جومگە بنەرەتیەکانیان گرتۆتە دەست، هاوسەنگی لە گەڵ بەغدا ناجێگیرە و شیوازی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر لاسەنگ بوە. ئەم دۆخە لە گەڵ رۆحی رێکەتنی واشنتۆن نەگونجاوە، ئەمریکاش چاودێریکی بێدەنگە چونکە لە ناوچەکە سەرقاڵی پرسی زۆر گرنگترە،  ئاکامەکەشی شێوازی گرژی و توندی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەری هەڵداوتەوە، وەک کورد دەڵێت خەریکە لە گرێژنە دەردەچێت.
مەخابن لەم سەردەمەدا هەق و رەوایەتی لە سیاسەتدا بونەتە پاشکۆی روداوەکان، هێزی چەکدار و پارە و پەیوەندی و راگەیاندن و هەواڵگری شوینیان بەو چەمکانە شلۆق کردوە.
رۆڵی دەسەڵاتی کوردیش لە باشور لە رۆڵی جوندیەکی شەترەنج کەمتر نەبێت زیاتر نیە.
لە گەڵ تێكچونی نێوماڵی یەکێتی زیاتر لاسەنگی لە گەڵ پارتی خەستتر بوە، دو ئاراستە گەورەکەی ناو یەکێتی، بەرەی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ناکۆکی و ململانێکانیان هاویشتۆتە ناو تەرزاوی ئەو لاسەنگیەوە و گەمەی ناجێگیر و مەترسیدرای پێدەکەن.
لە مام و مەرجەعەوە بۆ ... و لە تێکدەری رەوتی کوردایەتی بۆ پیرۆزبایی و نزیکبونەوە لێی و... روەکانی دراوێکی تەکتیکی سیاسی هەزاران جار دوبارەبوەوەیە کە لە دور و نزیکەوە لە گەڵ کرۆکی بزافی رزگاریخوازی کورد یەک ناگرنەوە.. و هاوکاتیش لاسانگیەکەی خەستتر کردوە و شێوازی ململانێکانی نێوانیان و لەگەڵ پارتیشدا بەرەو توندی و تاریکیەکی مەترسیدارد بردوە، لە ئاکامیشدا پارتی ئەو تەرەفە دەبێت کە دوا پێکەنین دەکات.
بۆ خۆم وەک کەسێکی ئۆپزسیۆن خواستمە دەسەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی نەک لاوازتر بن، بەڵکو بشگۆرێن، بەڵام هەرگیز ناشێت ئەم خواستەم لەسەر حسابی دەسکەوت و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەم بێت، کاتێک ئەوە بخوازم هیچم کەمتر نابێت لە دوژمنانی کورد و کورد کوژەکانی مێژو.
گەرانەوە بۆ ململانێی جێگیر و ئارام لەم دۆخەی ئێستادا تاکە رێگایە نێو پارتی و یەکێتی، زۆر باشترە یەکێتی بۆ دارشتنەوەی دۆخی ناوخۆی و بەدەستهێنانەوەی متمانە پێی لە حکومەتی هەرێم بکشیتەوە و زیاتر سەرقاڵی رێكخستنەوەی نێو ماڵی خۆی بێت و ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ خۆی و ناوچەکانی دەسەڵاتی دابین بکات.
بەشێکی نەوە تازە هەڵکەوتوەکانی ئیرسی سیاسی دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، پێش بریاردان، پێش پەنابردن بۆ توند و تیژی، پێش زاڵبونی مەزاجی شەخسیان لە کۆر و کۆبونەوەکانیان لە فرە عەرزەکانیان دو کورسی چۆڵ بەردەوام لە پێش خۆیان دابنێن، کورسیەکیان بۆ شەهیدان و قوربانیانی مێژو و ئەوەی تریشیان بۆ نەوەکانی ئایندە و ئەوانەی لە دایک نەبون، گەر بتوانن ئەم دو هزرە بە دروستی بەیەکەوە گرێبدەن باوەردەکەم هەنگاوێکی هەستیار دەگرنەبەر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×