پرسە هەستیارەکانی کوردستان بە هەڵدانی زارەکانی بەخت و مەزاج و بەرژەوەندی کاتی و هروژاندنی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و پشتئەستور بە وڵاتان و هێزە دەرەکیەکان بە خزمەتی کورد ناشکێنەوە. گەلێک لە ئەزمونەکان دەییسەلمێنن ئەو جۆرە کارکردنە هەمیشە ماڵوێرانی و لاوازبونیان لێکەوتۆتەوە. بزانین قۆناغەکانی مێژو چیمان پێدەڵێن!
قۆناغە گرنگەکانی نیو سەدەی باشور
رێککەوتنی ئازاری ١٩٧٠ و یەکگرتنەوەی دو باڵەکەی پارتی و هەڵگیرسانەوەی شۆرشی ئەیلول لە ١٩٧٤ و تا شکستکەشی یەکێکە لە قۆناغە گرنگ و هەستیارەکانی بزافی کوردایەتی. لەلایەک زۆربەی ئاراستەکانی کوردایەتی ( بێجگە بەشە کوردستانیەکەی حزبی شیوعی عیراق نەبێت لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی کوردایەتی ئەو قۆناغە بون و هاوکاری سەدام بون، هەروەها تاقمێکی بچوکی خۆفرۆشی باڵی مەکتەبی سیاسی کە بە یەکگرتنەوە رازی نەبون بونە داردەستی رژێمەکەی سەدام و دو تا سێ بەرپرسی باڵای ناو پارتیش چاویان لەو تاقمە خۆفرۆشە کرد). هەرچەندە مەزبەڵەی مێژو زۆربەی ئەمانەی لە خۆگرت بەڵام بۆ کورد زەرەربەخش بون.
دروستبونی یەکێتی و بەرپاکردنی شۆرشی هەستانەوە، راستەوخۆش سەرهەڵدانەوەی شەر و گرفتە مێژویییەکانی نێو باڵە جیاکانی کوردایەتی تا چەند ساڵێک پێش راپەرین قۆناغێکی گرنگی تر بو کە نزیکەی ١٢ ساڵی خایاند. تەرەفی پارتی هەڵەیەکی مێژویی زۆر گەورەی کرد کاتێک لەبری ئەوەی ئەرێنانە بەدەنگ ئەم روداوە هەستیارەوە بچێت پشتئەستور بە تورکیا کەوتە دژایەتیکردنی بە شێوازێکی توند وخوێناوی، وێرای رۆڵی هەستیار و گەورەی یەکێتی لەو قۆناغەدا بەڵام یەکێتیش فریشتە نەبو. سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ لەو سەردەمە زۆر دژوارەدا نێوان ئەم دو هێزە کە بەرامبەر یەک دوژمن لە سەر خاکی کوردستان کاریان دەکرد و ئامانجی نەتەوەیی هاوبەشیان هەبو، ئەم روداوانە دوای نزیکەی نیو سەدە، نەک تەنها لە باشور، بەڵکو لە کوردستانی گەورەش بزافی کوردایەتی دوچاری گرفت و کێشە و قەیرانی ئێجگار مەترسیدار و گەورە کردۆتەوە، کە تا ئەم چرکەیەش کورد بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
بۆ هەڵسەنگاندنی دروست و زانستی ئەم قۆناغە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنە بۆ مێژوەکەی بکرێت کە لە ناوەراستی پەنجاکانی سەدەی پێشو دەستی پێکردوە.
قۆناغێکی گرنگی هەستیاری تر لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی ١٩٨٨ دەست پێدەکات، لەو سەردەمەدا راپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ رودەدات، لێرە بەدواوە پەڵکەزێرینەی ئایندەیەکی گەشی خوازیار لە ئاسمانی کوردستان بەدیدەکرێت، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان و دروستکردنی حکومەتی کوردستانی لە باشور و چەسپاندنی فیدرالیەت و کردنەوە بە روی دنیای دەرەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ئەو گۆرانکاریانە و پاراستنی کورد، پرسەکانی کیمیاباران و ئەنفالیش دەچنە نێو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، باشوری کوردستان بە رێگەی فرۆکەخانەکانیەوە بەروی دنیای دەرەوە کرایەوە و رەوەندێکی بەهێزی کوردی ئەرکە نەتەوەییەکانی بەپەرۆشی و دڵسۆزیەوە جێبەجێدەکرد....تاد.
لەم قۆناغەدا، سەرەرای ئابڵوقەی ئابوری و سەربازی رژێمی سەدام، کورد پیرۆزترین و مەزنترین ئیرادە و نیەتی بەرگریکردن و هاورێزی و کارکردنی بۆ ئایندە سەلماندوە.
تەمەنی هیوا و ئومێدی کورد کورت بو، شەری ناوخۆ ١٩٩٤ سەرەتایەکی ترسناکی تری کەنارگیرکردنی ئیرادەی کورد بو، ئەم شەرە خۆپەرستیە دەیان ساڵ کوردی بەرەو دواوە برد، لە باشوری کوردستان دەروازەکان بۆ داگیرکەران و دوژمنان و گەمەکەرە ساختەچیەکان واڵا کران و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستیان بە تەحەکومکردن بە ئیرادەی کورد و حوکمرانیەکەی هەرێمەوە کرد، لە بەرامبەریشدا تەبایی و لێکتێگەیشتنی سەرکردە و هێزەکانی کوردیان لە باشور بە پارە و دەسکەوتی ژەهراوی زیندە بەچاڵ کردن.
کارەساتی ٣١ ئۆگۆست رویدا، لێرە بەدواوە شەرە مێژوییەکە لە سەردەم و کەش و هەوای جیاواز لە جاران سەری هەڵدایەوە. بەغدا و تاران و تورکیا لە سایەیدا گەمەی خۆیان دەکرد.
" بەزەیی" و خەمی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم دۆخە گەیشتنە ئاستێک کە بیڵ کلنتۆنی سەرۆکی ئەو سەردەمەی ئەمریکا سەرکردەکانی کورد لە نامەیەکدا بە توندی بەئاگا بهێنێتەوە و هەرەشەی راگرتنی پشتیوانی و هاریکاریان بکات. ئەم سەرۆکە، وەک بەڵگە بڵاوکراوەتەوە ، لە گەڵ سەرۆک میترانی فەرەنسا کە باس لە چارەیەک بۆ پرسی کورد دەکەن دەڵێت: کوردەکانم خۆش دەوێت، زۆربەی پسپۆر و شارەزایان دەڵێن کورد ناتوانێت حوکمرانی خۆی بکات. پێدەچێت لەو سەردەمەوە دۆسیەی کوردی باشوریان بە تورکیا راسپاردبێت.
دوای راگرتنی شەری ناوخۆ بەزەبری ئەمریکا ئاهێک بە هیوا و ئومێدی کوردا هاتەوە، مەخابن ئەم ئاهە دوای روخاندنی سەدام بوە پلاسیپۆیەکی سیاسی مەبەستدار، لە سەردەمی سەرۆک بوشی کور ئەم پلاسیبۆیە کاریگەری نەرێنی لەسەر باشور هەبوە، هەر لە هەفتا و هەشتاکانی سەدەی پێشو چەند باڵادەستێکی ئیدارەی بوش، لەوانە رامسفیڵد و ۆڵفۆفیتز، لە پنتاگۆن کارمەندی گەورە دەبن، لە راپۆرتێکدا دەربارەی ئایندەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەنوسن:
کوردەکانی عێراق بە چەند دەسکەوتێکی فەرمانرەوایی و ئیمتیازات رازی بکرێن.
لەو بەینەدا پارتی و یەکێتی رێکەوتنێکی ستراتیژیان گرێدا و بەدەر لە کاریگەرە نەرێنیەکانی لێکەوتەی باشیشی بۆ باشور هەبو.
ئیدارەی بوشی کور پاش چارەکە سەدەیەک لە راسپاردەکە کاری لەسەر کرد، چۆن؟
یەکەم: دابەشکردنی دەسەڵات نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای چەند خاڵێکی رێکەوتنی ئاگربەست لە واشنتۆن دو ئیدارەیی بەرهەم هێنابو، بۆ رازیکردنی هەر دولا لە خزمەتی سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بە رەچەتەی ئەمریکی مام جلال بوە سەرۆک کۆمار و مسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم، ئەمە سەرەتایەکی گومانلێکراو بو کە بەریتانیا لە پشت پەردەوە و پیاوەکانی لە عێراق و کوردستان رۆڵێکی گەورەیان تێدا هەبو بە پێرەوکردنی پرەنسیپە ژەهراویە دێرینەکەی: فرق تسد و احکم. پشتگیری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ دابەشکردنی هەرێمە بچوکەکەی باشور و دو ئیدارەیی شاردراوە روکردنە بەغدای وێرانە و تازە دەسەڵاتدارە خۆپەرست و چاوچنۆک و کینەدارەکەی ئاکامەکەی بو.
کەم نەبون ئەوانەی بەگەیشتنی حزب و سەرکردەکانیان بەو پێگانە شایی و رەشبەڵەکیان بۆ ئەم زەمینەسازیە شاردراوەی کارەساتەکانی داهاتوی نەتەوەکەیان بەرپاکرد.
دوەم: یاسای حوکمرانی لە قۆناغی گواستنەوەدا کە برێمەر سەپاندی و مام جلال پێی رازیبو لەتکردنی باشوری چەسپاند و ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستانی خستە ژێر رەحمەتی دەسەڵاتی بەغدا و خواستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیەوە، دواتر لە مادەیەکی پلاسیبۆ ئاسای دەستوری هەمیشەیی عیراقدا بە مادەی ١٤٠ ناسراوە و هێزە کوردیەکانیش بە شانازیەکی بێ مانا بە شان و باڵیدا دەیان خوێند.، مادەیەک هەر لە سەرەتاوە لە گیانەڵڵادا بو، ئێستا پێچەوانەی رۆحەکەی بەخەستی جێبەجێ دەکرێت.
سێیەم؛ چەسپاندنی مەبدەئی " تەوافق " لە حوکمرانیدا و رازیبونی دەسەڵاتدارانی کورد لەسەری ( وەک خۆیان دەڵێن لە ناچاریەوە و لە ژێر فشاردا بو)، بزمارێکی تر بو کە ناحەزانی کورد بۆ لێدان لە تابوتی خەونی کورد بەکاریان هێناوە. ئەو سەردەمە کورد لە عیراق زۆر بەهێز و رێکخراو بو و تا رادەیەکی باش ماکرۆ پێکهاتەکانی دەوڵەتی هەبو، زۆربەی ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان لەژێر دەسەڵاتیدا بو، نەدەبو دەسەڵاتدارانی کورد بەم ئاوردانەوە خێرخوازیانە و چاوی بەزەییەوە و بە مادەی ١٤٠ رازی بن. عزەت شابەندەر، بیرمەندی گەورەی جارانی شیعەکان، دەڵێت: لە گەڵ روخاندنی سەدام و گەرانەوەمان بۆ عێراق تێگەیشتین دەبێت بۆ ماوەیەک واز لە خەونی دروستکردنی کۆمارێکی ئیسلامی لە عێراق بهێنین، پەنامان بۆ مەبدەئی سازان برد تا پێگەی خۆمان بەهێز بکەین.
عەرەب وتەنی: " الابکم یفهم من الاشارة". چەمکی سازان لە عێراقی وێرانەدا نەک پوچەڵکردنی هزری دیموکراسی بو، بەڵکو هاوکاتیش هەوڵێکی جدیش بو بۆختوکەدانی کورد و دەستەمۆکردنی ئیرادەکەی. وشەی بریقەدار لەسەر کاغەز هیچ بەهاو و مانایەکی نامێنێت کاتێک هەر لایەنێکی پەیوەندار بەو کاغەز و دەقەوە نیەتی پاکی نەبێت، لە بەغدا هەروا دەرچو.
چوارەم: دەستوری هەمیشەیی عیراق
دۆستێکی دێرینی کورد Peter Galbraith ، سیاسەتمەدار و دیپلۆمتکاری ئەمریکی، یەکێک لە راوێژکارەکانی کورد بو لە دارشتنی دەستوری هەمیشەیی عیراق لە نامەیەکی ئەو سەردەمەدا کە بۆ پارتی و یەکێتی ناردویەتی دەڵێت: " پێم سەیرە ئێوە داوا لە عیراق دەکەن مافەکانتان بۆ شۆرکاتەوە.....تاد". سەرەرای رۆڵ و هەوڵەکانی پسپۆرە یاسایی و دەستوریەکانی کورد لەسەر پرسی دەستور، بەڵام تێبینیەکی هەستیار لە شوێنی خۆیدایە: باس و پێشنیازە دروستەکانی ئەو بەرێزانە لە وڵاتێکی دامەزراوەیی ولە کەش و هەوای دیموکراسی ومتمانە و نیشتمانپەروەریدا چاوەروانی ئەرێنیان لێدەکرێت، لە وڵاتێکی وێرانەدا کە ١٥ سەدەیە بەدەست کێشە و قەیرانەکانی ئاینی و مەزهەبی و سیاسیەوە خەڵتانی ئۆقیانوسێک لە خوێن بوە، لە وڵاتێک بەهاکانی سەربەخۆیی و سەروەری یاسا و دامەزراوەیی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاین و کەمایەتیەکان و ئاسایشی لە تەواوی دارماندندا بون، لە وڵاتێکدا هێزێکی دەرەکی تاکرەوانە داگیری کردوە دەبێ چ کاریگاریەکیان دەبێت! وەڵامەکە بۆ خۆی زۆر رونە! پێدەچێت هەندێک دەسەڵاتداری کورد پەلەیان بوبێت لە سایەی دەستوردا دەست لە پشکێکی چەور لە کێکەکەی عراقدا گیرکەن، زیادە بۆ ئەمەش بەشێک لە دانوستکارانی کورد نە ویستویانە و نە هەوڵی جدیشیان داوە وەڵامێکی جدیان بۆ فشارە بێتامەکانی ئەمریکا لە پرسی دەستوردا هەبێت، هەرچۆنێک بێت دەستورێکی نیوەچڵی لاسەنگ پەسندکرا. چەند هەرزەکارێکی سیاسی کورد دەیانگوت ئەمە بەشداری گرنگی کوردە لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێ، بەڵێ پاش بیست ساڵ ئێستا ئاکامەکانی بە تامی تفت و تاڵ دەچێژن، ماوەیەکیشە دەسەڵاتدارانی بەغدا داوای هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن و پێیان وایە کورد شایستەی زۆر کەمترە.
دەستوری هەمیشەیی عیراق بە بەراوردکردن بە دەستورەکانی پێشوی عیراق و ئەو وڵاتانەی بەشێکی کوردستانی گەورەیان داگیرکردوە هەنگاوێکی باش بو. کاتێک کورد لەو سەردەمەدا بەم دەستورە قایڵ بوە گەلێک بەرپرسی کورد و فاکتەری تر رۆڵی زۆر هەستیاریان هەبوە، تێگەیشتن لەو واقعە دەمان گەیەنێتە سەر خاڵێکی زۆر هەستیار، ئەویش: ناشێت ئایندەی نەتەوەیەک بخرێتە بەر رەحمەتی قەزا و قەدەر وزەبری ناچاری و دەسەڵاتی بەرامبەری باوەر پێنەکراو ومەزهەب پەرست و بەرژەوەندیە خۆماڵی و دەرەکیەکان. لە رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریکا و عیراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هیچ زامنێکی مسۆگەر بە کورد تێیدا نەچەسپاوە، لە دوای ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر و شکستی سەربازی داعش هەمو ئاکامەکانی ئەو گەمە سیاسیە قێزەوانانە تەنها نەتەوە و هاوڵاتیان باجێکی گەورەیان داوە.
ئەم دەستورە نەبوە زەمینەی چارەی گرفت و گرێکوێرە گەورەکانی نێوان کورد و بەغدا، وەک:
دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، پێگەو رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە، یاسای هایدرۆکاربون، ئایندەی ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان و پرسەکانی بودجە و موچە....تاد. لێرەدا رۆڵی نادیار وناجێگیر و بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتدارانی کورد لەم پرسانەدا کەوتۆتە بەردەم گەڵێک پرسیاری جدیەوە.بێگومان ئایندە وەڵامی هەمویان دەداتەوە، کورد وتەنی کەڵەشێریش نەخوێنی رۆژ هەر دەبێتەوە.
پێنجەم: دروستبونی گۆڕان
دروستبونی گۆڕان و سەرکەوتنە مەزنەکەی لە یەکەم بەشداریدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەردەمێکدا کە چارەکە و نێوە موچە نەبو، داعش بونی نەبو، گوزەرانی خەڵک مامناوەندی بو، سەلماندی کە خەڵک لە مەقامی سەرەکیدا تینوی ئازادی و دادپەروەری و سەروەری یاسا و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشچون بەرەو ئایندەیەکی گەش بو.
ئەم وەرچەرخاندنە پشتئەستور بە رێگای ئاشتی و پەرڵەمانی مەزنترین دەسکەوتی کوردە لە سەرجەم کوردستانی گەورە لە سەدەی بیست و یەکدا. ئەم هەڵسەنگاندنە هیچ پەیوەندی بە نەوشیروان مستەفا و هاورێکانی نیە کە ئەو هەنگاوە بوێرانەیان کرد، بەڵکو گۆرانێکی نەوعی بو لە ئەقڵیەتی سیاسی بزافی کوردایەتیدا کە پشتئەستور بە هاوڵاتی و دور لە نەریتی چەک و توند و تێژی بەرەوئایندەیەکی گەش برۆیت. قەڵسبونی ئەقڵیەتی کلاسیکی کوردی بەم وەرچەرخاندنە و کورتبینینی دەسەڵاتدارانی گۆڕان و هەڵە کوشندەکانی وارسە سیاسی و خێزانیەکانی نەوشیروان مستافا دوای وەفاتی بزوتنەوە سیاسیەکەیان زۆر لاواز کرد، بەڵام هەرگیز ناتوانن هزری گۆرانکاری ریشەیی لەناو بەرن، چونکە گۆرانکاری ریشەیی خواستێکی نەتەوەیی و پێویستیەکی مێژویی و قەدەرێکی مەحتومە.
شەشەم: گەمەکانی دەسەڵاتدارانی کورد
نەوشیروان مستەفا، سەرکردەی ناوداری کورد، لە ماوەی دوا سی (٣٠) ساڵی ژیانیدا لە مێژو ترساوە، بۆیە خۆی زۆر دور راگرتوە لە گەمە و مناوەرەی سیاسی مەترسیدار لەسەر ئایندەی نەتەوە و نیشتمانەکەی، زۆر تایبەت لە گەڵ ولاتانی دراوسێ و تەنانەت لە گەڵ بەغداشدا، بۆیە لە زۆر لاوە دژی وەستاون و شەریان کردوە. لە چەند رۆژانێکدا پاش دروستبونی گۆڕان ناحەزەکانی زۆر ئەزیەتی خۆی و بزوتنەوەی گۆڕان یان داوە، لەو سەردەمانەدا گەر بیویستایە دەیتوانی بەهەمو شێوازێک بەرگری بکات، هەمو جۆرە پێشنیاز و بۆچونی لەسەر ئەو ئەگەرە رەتکردۆتەوە، دەیگوت با ئەوان ئەزیەتمان بدەن بەڵام هیچکات نابێت ئێمە ببینە هۆکارێک بۆ ئەزیەتدانی نەتەوەکەمان. تەنانەت لە سەردەمی شەری ناوخۆی ١٩٩٤-١٩٩٨ خۆی لە شەرەکە دور راگرتبو و هەوڵیکی جدی لە گەڵ مسعود بارزانی داوە بۆ راگرتنی شەرەکە.
کۆسرەت رەسوڵ، کەسایەتیەکی تێکۆشەر و سەرکردەیەکی ناوداری یەکێتی، کاتی خۆی، کە مام جلال و کاک نەوشیروان لە ژیاندا بون، پێشنیاز بۆ نەوشیروان مستەفا دەکات چیا و نما و دو کۆرەکەی خۆی و دوانەکەی مام جلال یش سەرپەرشتی و گۆشەیان بکات، ئەو سەرکردەیە ترسی هەبو گەر ئەمە نەکرێت لە ئایندەدا دەبنە کێشە. مەخابن نەوشیروان مستەفا رەدی ئەم بۆچونەی کردۆتەوە. ئێستا بەشێکی ئاکامەکان دەبینین.
نێوان مام جلال و یەکێتی و پارتی و بنەماڵەی بارزانی لای زۆربەمان زانراوە و زۆریش لەسەری نوسراوە. ئەوەی مەبەستمە بیڵێـ: سەرەرای لێکترازانی ناوەراستی شەستەکانی سەدەی پێشو و چەند خولی شەری خوێناوی نێوان حزب و هێزەکانیان لە گەڵ دەیان رێکەوتنی ستراتیژی و لۆکاڵی و حوکمرانی و کاری باشیشیان بەڵام سەرکەوتو نەبون لە دارشتنی زەمینیەکی بەهێزی متمانە و راستگۆیانە بۆ پێکەوە ژیان و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و مامەڵەی دروستی هاوبەش لە گەڵ بەغدا.
تا رادەیەک ئەم ئەقڵیەتە لەم سەردەمەدا بەبەرچاوی دنیاوە حوکمرانی هەرێمێکی بچوکی لەتکراو و گەمارۆدراو و داگیرکراو دەکات، هەرێمێک شادەماری گوزەرانی و ئەمنی بەدەستی دەر و دراوسێکانە بەچاودێرکردنێکی دەرەکی گومانلێکراو، کە لە کارەساتەکانی ٣١ ئۆگۆست و ١٦ ئۆکتۆبەر و سەردەمی داعش تاقیکراونەتەوە.
بێگومان زۆربەی هێزەکانی تری کوردستانیش بێبەری نین لە رۆڵی نەرێنیان لە روداوەکانی ئەم قۆناغە هەستیارانەی مێژودا، هەریەک پشکی خۆی تێدا هەیە، زۆر تایبەت هێزە ئیسلامیەکان لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابوردو.
زۆر گرنگە کە نەوەکانی سەرکردە دێرینەکانی کورد لە باشور کە ئێستا جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەیەوە لەم ئەزمونانە فێربن، بەلایەنی کەمەوە جارێکی تر پەنا بۆ چەک و توندوتیژێ نەبەن کە تەنیا هاوڵاتی باجەکەی دەدات.
چاوەروانین !