منداڵ و پاشماوەکانی شۆرش

چیا عەباس
  2023-11-08     334

شۆرشەکان لە مێژودا ئاسەواری بەرچاو و جیاوازیان لە مێژوی مرۆڤایەتی و نەتەوە و وڵاتەکاندا جێهێشتوە، لێکەوتەکان بەچاک و خراپەوە زادەی سەردەمەکانیان بون، دواتر لەلایەن نەوە و پاشماوە و وارسەکانی شۆرشەوە بەچاک و خراپدا ئاراستە کراون. بۆ ئەوەی زۆر دور نەرۆین نمونەی شۆرشەکانی ناوچەکەمان و کوردستان بەهەند وەردەگرین. لەزۆربەی ئەم نمونانەدا منداڵ و پاشماوەکانی شۆرش لە سەرکردە و حزب و خانەوادە و پاشکۆکانیان رۆڵی هەستیاریان لە پوچەڵکردنەوە و لادانی شۆرشەکانی باو و باپیر و حزب و سەرکردەکانیان هەبوە. تەنانەت لە مێژوی ئاینەکانیشدا ئەمانە رویانداوە.
با دور نەرۆین باسێکی ئەو سەرهەڵدان و شۆرشانەی لە ناوچەکەمان رویانداوە بکەین. بەناو شۆرشی ١٤ جولای ١٩٥٨ لە عێراق لە سەردەمەکەیدا وەرچەرخاندنی گەورەی لە سیستەمی حوکمرانیدا بەرپاکرد کە خواستی زۆرینەی گەلانی عێراق بو، بەڵام ئاکامەکانی ئەم روداوە دەردەسەری و ماڵوێرانی و جەنگ بون کە وڵاتەکەیان کردۆتە کەلاوەیەکی بێ وێنە بۆ شەمشەمە کوێرەکانی شۆرش و وڵاتەکە.
بێگومان پاشماوەکانی شۆرش لە حزب و نەتەوەپەرستی توندرەو و شۆڤینیزمی مەزهەبی و هەڵگرانی هزرە چەقبوستوەکان بکەری سەرەکی ئەم وێرانەکردنەن، ئەم پرۆسەیە تا ئەم چرکەیەش بەخەستی بەردەوامە. ئێستا شتێکی ئەوتۆ لە عێراقدا نەماوە مایەی ئارامی و سەقامگیری و دادپەروەری و هیوای ئایندە و خۆشگوزەرانی و گەشەکردن بێت. ئیتر نازانم روداوی جولای ١٩٥٨ و جونی ١٩٦٣ و کودەتای ١٩٦٧ و شەری ئێران و عیراق و داگیرکردنی کوێت چیان بە عێراق بەخشیوە بێجگە ویرانی و کوشتنی زیاتر لە دو ملیۆن هاوڵاتی و بەرقەرارکردنی حوکمی قەرەقوش و گەندەڵ و مرۆڤ دوژمن.
روخاندنی رژێمی سەدام بەزەبری دەرەکی ئەنجامدرا، نە شۆرش و نە راپەرینی جەماوەری ئەوەی پێنەکراوە، بەڵام منداڵ و پاشماوەکانی دژەکانی سەدام تەواوکەر و درێژەپێدەری وێرانەکردنی خواست و ئاواتە رەواکانی هاوڵاتی و گەلانی عێراقن و لە حوکمرانی و خواستە نەتەوەیی و مەزهەبیە شۆڤینزمەکانیان و گەندەڵیدا لە جیهاندا بێ وێنەن.   
شۆرشەکانی کورد لە باشور و لە سەرەتاکانی سەدەی پێشودا هەڵگری پەیامی رەسەنی نەتەوەیی بون و بەشێکی بەرچاویش لێیان داکۆکردنیش بو لە چینە هەژارەکان و کەمایەتیە ئاینیەکان. زیندانیکردن و دورخستنەوە و کوشتن و لەسێدارەدانی سەرکردە و سیمبۆڵەکانی ئەو سەرهەڵدان و شۆرشانە سەلمێنەری حاشاهەڵنەگرن لەخواستە رەوا و رەسەنەکانیان لەو سەردەمانەدا.
شۆرشی ئەیلول لە ١٩٦١ بوە دەربری ئاوات و خەونەکانی نەتەوەی کورد لە باشور و کوردستانی گەورەش، بۆیە میللەت بە پەرۆشی و دڵسۆزیەوە بەدەنگیەوە چو و بە شۆرشی خۆی دەیبینی و ئامادەی هەمو قوربانیدانێک بو. مەخابن بەشێک لە منداڵەکانی شۆرش و پاشماوەکانی هزرە نامۆ و هاوردەکراوەکان و ئەقڵیەتی چەقبەستوی سەرکردەکان هێدی هێدی خەونە گەورەکەی کوردیان لەباربرد.
لەو ساتەوەش و تا ئەم چرکەیەش کورد بەدەست ئەو لەباربردنەوە دەناڵێنێت. سەرەرای ئەمانەش لە شۆرشی ئەیلول دەسکەوتێکی مەزنی درووینەکرا کاتێک حکومەتی عیراق ناچاربو دان بنێت بەمافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد.
شۆرشی هەستانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول روداوێکی زۆر هەستیار و کاریگەر بو بۆ زیندوراگرتنی بەرگریکردنی کورد لە خاکەکەی، لەو پێناوەشدا دەیان هەزار قوربانی بەخشیوە، مەخابن شۆرشی گوڵان و شۆرشی هەستانەوە وێرای ئەوەی تەواوکەری یەکتر نەبون بەڵام تاسەر ئێسک دژی یەکتریش بون.
لە مێژوی چ میللەتێکدا رویداوە دو شۆرش بەسەرکردایەتی هاوخەباتان و منداڵەکانی شۆرشی ئەیلول لە یەک پانتایی جوگرافی سنوردار و هەڵگری هەمان ئاوات و خواست دەریایەک خوێنی منداڵەکانی یەکتر برێژن، ئەم نەگبەتی و کارەساتە لە بزافی بەرگری فەڵەستینیەکانیش رویانداوە و لەم ساتانەشدا ئاکامە کوشندەکانی بەرچاون. تەنانەت سەردەمی حوکمرانی هەرێمی کوردستان سەرکردە و منداڵ و پاشماوەکانی ئەم دو شۆرشە قێزەوەنترین نمونەی شەری کورد کوشتنیان بەرێکردوە.
لەشۆرشی هەستانەوەدا منداڵ و نەوەکانی بانگەشەی بەرگری لە مافی هەژار و جوتیار و لێقەوماوانیان دەکرد، کەچی لەیەکەم هەڵمژینی هەوای ئازادیەوە بەشێکی بەرچاو لێێان هێدی هێدی بونە ئاغا ودەرەبەگ و زاڵم و بار بەسەر زۆربەی توێژ و چینەکانی نەتەوەی کوردەوە، نیشتمانیان کردە موڵکی خۆیان و میللەتیش کرێچی. حوکمرانی هاوبەشیشیان لە گەڵ پارتی ئامرازێک بو بۆ دەسکەوتی نارەوا و چەوساندنەوەی نەیارەکانیان. لەهەموی سەیروسەمەرەتر وارسەکانی ئەم شۆرشانە کۆنە جاش و خائین و خۆفرۆش و بکوژانی نەوە تێكۆشەرەکانیان  خزانۆتە نێو دەسکەوتەکانی میللەتەوە و وەک قەڵای بەرگری بۆ خۆیان بەکاریان دەهێنن. سەیرە منداڵ و پاشماوەکانی شۆرش بەکردار لە مێژوی خۆیان  هەڵدەگەرێنەوە و تاسەر ئێسک لەکەداری دەکەن، بۆچی بەم رۆژە گەیشتون، ئەرکێکی هەستیار و گرنگ بۆ زانایانی شۆرش بۆ لێکۆڵینەوە.
ئیسلامیەکان لە ئێران شۆرشێکیان بەرپاکرد کە روداوێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بو و لە پەنایدا دەسەڵاتیان گرتە دەست، لە کارە سەرەتاییەکانیان کوشتنی سەدان تێکۆشەری کورد بو و پێشێلکردنی مافەکانی نەتەوەیەک. دەبێت ئەوجۆرە شۆرشانە چ مانا و بەهایەکیان هەبێت کاتێک بە زەبری فیشەک و ئاگر دەنگی زوڵالی نەتەوەیەک دەکوژێت...!
سەرهەڵدان و شۆرشەکانی کورد لە رۆژهەڵات و باکور تا ئەم چرکەیەش بەشێوەیەک لە شێوەکان و جیاواز لە یەکتر کونجی شۆرشگیریان پاراستوە، لەئەرزی واقیعشدا بونەتە رادعێک بۆ دوژمنان و نەیارانی حوکمرانی کورد لە باشور و رۆژئاوا، قوڵاییەکی ستراتیژیان دارشتوە کە زۆرئەستەمە لەناوببرێت.  
شۆرشێکی کورد لەم سەردەمەدا کە بە ئەقڵیەتێکی جیاواز لە کلاسیکیەکان و شێوازێکی کراوە و پەسندکراو لای دنیا دەرەوە شۆرشی رۆژئاوایە، سەرەرای کەم و کوریەکانیان و دژایەتی توندی شۆڤینزمی نەتەوەکانی دراوسێ بۆیان و هەمەجیەتی داعش بەڵام سەرکەوتون لە راگرتنی کیانەکەیان و دابینکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە باڵاترین ئاستدا.
ناشێت بازێک بەسەر شۆرشی فەلەستینیەکان بدەم، سەرەرای ئەوەی کورد بەردەوام پشگیریانی کردون، مەخابن سەرکردە و پاشماوەکانی شۆرشی فەلەستینی بە رق و کینە و لە روانگای دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینیەوە هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد هەبوە. دامەزرێنەری حەماس، شێخ یاسین، کە ئیسرائیڵ کوشتی. لەسەردەمی ئەنفالەکاندا فەتوایەکی دەرکرد کە کوشتنی کوردی حەڵاڵ کرد. دەیان هەزار فەلەستینی رویان لە عێراق کرد بۆ پشتگیری سەدام و شەرکردنی کورد. ئەمە شۆرشە یاخود پاشکۆیەکی دەم چەورکراو، با خۆیان وەڵام بدەنەوە.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×