بەڵێ گۆڕان کارنامەیەکی ڕەسەن بو
چیا عەباس
2019-12-20   2565
ماوەیەکە لێرە و لەوێ هەڵمەتێکی ژێر بە ژێر بۆ ناوزراندنی نەوشیروان مستەفا سەریهەڵداوە، ئاساییە لە کڵتوری سیاسی نفاق و چەواشەکەری خۆمان رکابەر و ناحەزەکانی خوالێخۆشبو ئەو جۆرە هەڵمەتانە ناو بە ناو بوروژێنن، ئەوەی مایەی گومان و پرسیارە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان و تەنانەت چەند هاوکارێکی رەخنەبێژی نزیکی خوالێخۆشبو هاوشان سەرقافڵەچیەتی ئەو هەڵمەتە لە گەڵ رکابەر و ناحەزە مێژوییەکانی کاک نەوشیروان بکەن.
مەبەستی سەرەکی لەم هەڵمەتانە تێکشاندنی هزری گۆرانکاری و چاکسازیە لە سەرجەم بوارەکاندا، کاک نەوشیروانیش کراوەتە ئامانج بۆ ئەوەی بە خەڵکی بڵێن باوکی رۆحی و سیاسی ئەو هزرانە بۆ خۆی باوەری پێیان نەبوە، نابینن موڵکداریەتی گۆڕان و کۆمپانیای وشەی لە سەر وارسەکانی تاپۆ کردوە و هیچ جیاوازیەکی بنەرەتی لە گەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی تردا نەبوە. ئەم راوکردنە لە گۆمێکی ناروندا نیەتی گوماناوی راوچیەکان بەرجەستە دەکەن.
بۆ خۆم چەند نزیک و دور بوبوم لە کاک نەوشیروان بە ئەرکێکی ئەخلاقی خۆمی دەزانم بێدەنگ نەبم، بەرگری کوێرانەی لێ ناکەم و بەرامبەر هەر هەڵمەتێکی نارەوا بەرامبەری تا وزەم تێدا بێت خاڵ لە سەر وشەکان دادەنێم، چەندیش بە ئاگابم ژێر بەرە دێنمە سەر بەرە. ئەو بەرێزە لە ژیاندا نیە، مێژوی خۆی سەلماندویەتی هیچ پێویستی بە بەرگریکردنی کەس نیە، ئەوەی پێویستە رامالینی دەمامکەکانە لە روخساری درۆ و درۆزن و بوختان و دوروەکان، ئەوانەشی پێچەوانەی ئەم بۆچونەن فەرمون ئەمە ئەرز و گەز.
تەقدیسکردنی کاک نەوشیروان کارێکی مەحاڵە چونکە خۆی نەیویستوە و هیچکاتێکیش نەک کاری لەسەر نەکردوە بەڵکو بەتوندی دژیشی بوە. ئەم راستیە ئەو مافە ناسرێتەوە کە کاک نەوشیروان وەک خۆی لە هەناوی مێژودا بژیت.
ئەوەندی من ئاگام لێبێت خوالێخۆشبو لە ساتەکانی سەرکەوتنە مەزنەکان و شکستەکانیشدا پاڵی لێنەدابوەوە، بەردەوام شەری بۆ پرەنسیپەکان دەکرد، دوای کیمیاباران و ئەنفال دروستکردنی هێزە تایبەتەکان. وەک ئامادەسازی بۆ راپەرین، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان، پێکهێنانی یەکەم حکومەتی هەرێم، خولەکانی شەری ناوخۆ ( ئەوانەی بەم ئاخری زەمانە بونەتە کۆتری ئاشتی ئاگرخۆشکەری ئەو شەرە بون لە کاتێکدا دەیان بەڵگەی بەردەست دەیسەلمێنن کاک نەوشیروان چ رۆڵیکی گەورەی لە کۆتایی هێنانی ئەو شەردەا هەبوە) ، دارشتنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، ریفۆرمی ناو یەکێتی، سەرکەوتنی گۆڕان، هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و سەردەمی دەرکردنی گۆڕانیش لە حکومەت.
خوالێخۆشبو دەیتوانی وەک سەرکردە و کاریزمایەک پاڵی لێبداتەوە، لە گەڵ مسعود بارزانی رێک بکەوێت و دڵی رابگرێت و ئەویش چی بویستایە لە مادە و پێگە بە خۆی و خانەوەداو و دۆستەکانی دەدا. رەخنەژەنەکان زۆر بێ ئەمەکانە و بە بێ ویژدانیەکی مەبەستدار چاویان دەنوقێنن لە ئاستی ئەو خاکی و سادەیی کاک نەوشیروان، تا وەفاتیشی پاڵتۆیەکی لەنگەی لە بەر دەکرد، تا وەفاتیشی لە ژورێکی دو مەتر بە دو مەتری تاریکدا کاری دەکرد و دەژیا.
بازنەکانی دەسەڵاتی ئێستای گۆڕان و بەشێک لە دۆستەکانی پێشوی هێشتا تێنەگەیشتون کە چێژی رەسەنی گۆرانکاری لە بەردەوامبونە بۆ ئامانجەکانی ئەو هزرە، نەک هەراجکردنی سیمبۆڵ و مێژوەکەی. ئەگەر ئەمە ئاماژەیەک بێت ئاماژەیە بۆ عجزی ئەو کەس و گروپانە لە بەردەوامبون بۆ گۆرانکاری.
خۆ گۆڕانخوازە رەسەنەکان لە گوێی گادا نەنوستون تا بێ ئاگابن لە مێژوی هەریەک لەو رەخنەژەنانەی ئەم سەردەمە.
بەشێک لەو دۆست و هاوکارانەی لە سەردەمی خەباتی شاخەوە و تا وەفاتیشی دڵسۆزانە و بە ئاکارێکی بەرزەوە لە گەڵیدا بون، مەخابن تا ئەم چرکەیەش هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان روکەشانە و سەرپێیانە و لە ناخێکی هەڵچوی تورەوە دەکەن.
ئەو بەرێزانە هێشتا نایانەوێت دان بەو راستیەدا بنێن کە کاک نەوشیروان پێش گۆڕان و لە سەردەمی گۆڕانیشدا لە جەنجالێکی سیاسی و رێکخراوەیی دژوار و خۆپەرست و فێلباز و پاشقولگەر و درۆزندا ژیاوە، ئەم واقیعە لای چەند دۆستێکی نزیکیشی لە ئێستادا، بە هۆی بێ ئومێدی و غیابی دیدگای رۆشنی گۆرانکاری لایان، بۆتە مۆتەکەیەکی سیاسی بۆیان، بۆیە بێ ویژدانانە و بە میزاجی شەخسی بێ بنەمای فکری کەوتونەتە گیانی مێژو و نیەت و بریارەکانی کاک نەوشیروان. بۆ خۆم ئەم هەڵمەتە نەزۆکە وەک پەردەپۆشکردنی عجز و غیابی دیدگای دروستی گۆرانکاری و مایەپوچی سیاسیان دەبینم. ئەمانە لایان وایە هێرشکردن باشترین ڕیگەی بەرگریکردنە، بەرگریکردن لە چەندین شکستی شەخسی و سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی و .... تاد.
کارێکی شەرمەزاریە لە سایەی کەم و کوری و چەند هەڵەیەکی سەرکردەیەکی مەزندا عجز و عەیب و عاری خۆت بشاریتەوە، جا ئەمە لە رکابەر یا خود لە نزیکەکانی کاک نەوشیروانەوە بێت هەمان ئامانجیان هەیە.
پێم باشە بۆ ئەوانەی گومان دەچێنن لە نیەت و خواستی کاک نەوشیروان دەرباری موڵکەکانی کۆمپانیای وشە و گۆڕان بێن بە بەڵگە و نامە و دۆکیۆمێنتەوە قسەکانیان بسەلمێنن، دور لە قسەی ریزکراو و ئینشائی و پۆپلییست ئاسا، بێگومان وەڵامی دروستیان دەدرێتەوە.
بۆ ئەوانەی گومان لە سەر رەسەنبونی دروستبونی گۆڕان دروست دەکەن، پێشئەوەی تیرە ژەهراویەکانیان ئاراستە بکەن با بچن چاوپێکەوتنە مێژویەکەی کاک نەوشیروان لە گەڵ گوڤاری گۆڵان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ بخوێننەوە، ئەو سات تێدەگەن دروستبونی گۆڕان زادەی فکرێکی رەسەنە، ئەو کارەش بە پیاوی خۆی دەکرا نەک ئەوانەی لە پەراوێزی مێژویەکی بەسەرچودا تیرەکانیان بە تاریکیەوە دەنێن. لە ئێستادا بەم نوسینە لە زنجیرەیەکی فرە ئەڵقەدا چاوەروانم.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ١٩ی دەسەمبەر ٢٠١٩