ئاوردانەوەیەک لە چەند وێستگەیەکی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی

چیا عەباس
  2023-06-29     723

کاتێک باس لە نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی دەکرێت راستەوخو ئینتباعێکی گشتی دروستبوە کە باسکردنەکە تەنها لە بازنەکانی ململانێ و ناکۆکی و شەر نێوان ئەو دو سەرکردەیە دەسورێتەوە. ئاشکرایە کە ئەو دو سەرکردەیە جیاوازی و کێشەیان لەگەڵ یەکتر هەبوە، بەڵام لە چەند وێستگە و پرسێکی زۆر هەستیاردا هاورا و راستگۆ بون لە گەڵ یەکتر. ئەمانەش زەمینەخۆشکەر و گرنگ بون بۆ چەند روداوێکی ئەرێنی زۆر هەستیار. 

بەگرنگی دەزانم باسێکی پەیوەندیەکانی خوالێخۆشبو لە گەڵ مەسعود بارزانی بکەم، ئەوەندەی من لێی دەزانم و بیستومن و خوێندومەتەوە. ئەم بەشە گرنگەی مێژوی باشوری کوردستان شایستەی باسکردن و لێکۆڵینەوەیە، تایبەت لەلایەن ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاری روداوەکان و ئەو پەیوەندیانە بون. کاک نەوشیروان لە چەند نوسینێکدا تیشکی خستۆتە سەریان، مەخابن کاک مسعود بێدەنگ بوە و حزبەکەشی لە چەند قۆناغیکدا درێغیان لە هێرش و ناوزراندن نەکردوە. 


پێش راپەرین
له‌ مانگی کانونی دوەمی ١٩٧٧ به‌شی رێکخستنی یه‌کێتی بڵاوکراوه‌یه‌کی تایبه‌تی ناوخۆی 17 لاپه‌ره‌ ده‌رباری پەیوەندیەکانی یه‌کێتی و پارتی بڵاودەکاتەوە.
(بەشیکی دەقەکانی بڵاوکراوەکە وەک خۆیان دەنوسمەوە). له‌ سه‌ره‌تای رونکردنه‌وه‌که‌ باسی دۆسیەی دوای شکستی شۆرشی ئه‌یلول و چۆنیه‌تی دروستبونی یه‌کێتیی ده‌کات، هه‌روه‌ها چۆن پارتی کێشه‌ و کۆسپی بۆ یه‌کێتیی دروست کردوه.... له‌و کاتەدا لە ناو ریزه‌کانی یه‌کیتی دا چه‌ند ره‌ئێکی جیا جیا له‌سه‌ر ق.م. هه‌بو:
- ره‌ئێکیان مه‌لا مسته‌فا و کوره‌کانی به‌ گه‌وره‌ترین خائینی مه‌سه‌له‌ی کورد و نۆکه‌ری شای ئێران و ئیمپریالیزم دائه‌نا و ق.م ده‌سکه‌لای ده‌ستی ئه‌وانه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر جۆره‌ نزیک بونه‌وه‌یه‌ک – په‌یوه‌ندیه‌ک و دانیشتنێک له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا به‌ کارێکی زیان به‌خش بۆ کوردایه‌تی پێشکه‌وتوانه‌ ئه‌زانێ و ....تاد. ( نوسەر: بەشێک لە پێداگرە سەرسەختەکانی ئەم بۆچونە ئێستا سوژدە بۆ مسعود بارزانی و پارتی دەبەن). (ئەمەی خوارەوەش بۆچونی کاک نەوشیروان و هەوادارانی بوە کە کۆبونەوەکەیان لێ ئاگادار کردۆتەوە):

- ره‌ئێکی‌ تر ‌لای وه‌هابو ناکۆکی نێوان یه‌کێتی و ماڵی به‌رزانی و ق.م. ناکۆکی نێوان دو رێبازی سیاسییه‌ و شێوه‌یه‌که‌ له‌ شێوه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی نه‌ک ناکۆکی نێوان چه‌ند که‌س یا چه‌ند عه‌شیره‌تێک له‌سه‌ر له‌وه‌رگا و کانیاو، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ گه‌ره‌کمانه‌ سه‌رکه‌وتنی رێبازێکی سیاسی دیاری کراوه‌ ..... پاش کۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێدوانێکی زۆر دوایین ره‌ئی دوەم په‌سه‌ند کرا و بریارد درا به‌و جۆره‌ ره‌فتار بکرێ  و هه‌نگاوی یه‌که‌م بنرێت که‌ بریتیه‌ له‌ په‌یوه‌ندی کردن به‌ مه‌سئوله‌کانی ق.م. ه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڤاڵ جه‌لال تاڵه‌بانی نامەیەکی نوسی بۆ یه‌کێ له‌ مه‌سئوله‌کانی ق.م و له‌ گه‌ڵ ئه‌و نامه‌یه‌شدا نامه‌یه‌کی نوسی بۆ کاک ئیدریس و کاک مه‌سعود که‌ به‌رێگای ئه‌و مه‌سئوله‌ پێان بگات. مام جلال لە ١٤/٨/١٩٧٦ نامەیەک بۆ ئیدریس و مسعود بارزانی بۆ ئەو مەبەستە دەنوسێت
( دەقی نامەکە پارێزراوە).


راپەرین و دواتر
کاک نەوشیروان رۆڵێکی گرنگی هەبوە لە زەمینە خۆشکردن بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستانی بۆ ئەوەش لە گەڵ خانەوادەی بارزانی هەوڵی زۆری داوە و ئاکامەکەشی وەرچەرخاندنێکی ئەرێنی گەورە بو.
لە گەڵ داگیرکردنی کوێت بیرکردنەوە لە بەرپاکردنی راپەرینێکی جەماوەری لە باشوری کوردستان لای سەرکردایەتی یەکێتی، تایبەت کاک نەوشیروان، سەرهەڵدەدا. بۆ ئەو مەبەستە چەندین کۆبونەوە و تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە گەڵ لایەنەکانی بەرەی کوردستانی و زۆر تایبەت لە گەڵ مسعود بارزانی و پارتی بەرێوەدەچن. کاک نەوشیروان لە گەڵ کاک مسعود چەندین دانیشتن و ئاڵوگۆری بابەتەکە دەکەن. کاک مسعود تەحەفوزی خۆی دەردەبرێت کە ئەگەرێکی بەهێزە لەو حاڵەتەدا سەدام چەکی کیمیاوی بەرامبەر بە کورد بەکاربهێنێتەوە.
لە دوا مەتافدا کاک نەوشیروان پێی دەڵێت: با ناوی خوای لێبهێنین، گەر سەرکەوتو بین هەموی بۆ تۆ دەگەرێنمەوە و گەر شکستیشمان هێنا بەرپرسیاریەتەکەی دەخەمە ئەستۆی خۆم. لە دوا مەتافدا کاک مسعود رەزامەند دەبێت بۆ بەشداری لە راپەرین. دواتر بەشێک لە هاوکار و هاوحزبیەکانی کاک نەوشیروان رەخنە و گلەیی زۆریان لێکرد کە پارتی هێناوەتەوە نێو گۆرەپانەکە، لە وەڵامدا دەیگوت پەراوێزکردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی کارێکی نابەرپرسانەیە....!
بە قەناعەتی توندی خۆم وێرای ئەوەی کاک نەوشیروان لە باڵی جەلالی بوە بەڵام هیچکات جەلالی نەبوە.. لە یادەوەریەکانیدا بەوردی ئاماژە بەم پرسە دەدات، هۆکارەکەشی کاک نەوشیروان بەدرێژایی تەمەنی پرسی نەتەوە و نیشتمان کەرەستەی بنەرەتی کاری سیاسی بوە نەک هزر و فکری هاوردەکرا و نامۆ.
لێرەدا ئەوەی شایستەی باسکردنە چەند هاوکارێکی کاک نەوشیروان لە سەرکردایەتی یەکێتی ئەویان وەک رکابەرێکی توند و دڵرەق بەرامبەر بە خانەوەداوی بارزانی و پارتی نمایش کردوە و خۆشیان سودەکانی تایبەتیان لەو شانۆگەریەیان دروێنە کردوە.
لە ساتەکانی راپەریندا کاک مسعود روبەروی چەند کۆسپ و تەنگژە دەبێتەوە لە نێو هەندێک لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی سەر بە حزبەکەی، ریپۆرتاژێکی رۆژنامەگەرێکی گوڤاری National Geographic کە لەو کاتانەدا لە کودستان دەبێت (بەداخەوە ژمارە و بەرواری گوڤارەکەم لا نەماوە) ئەمە دەسەلمێنێت. لەو ساتانەدا کاک مسعود بروسکەیەک بۆ کاک نەوشیروان دەکات و داوای لێدەکات ماڵێکی بۆ دابین بکات تا بارەگایەکی جێگیری هەبێت، کاک نەوشیروان لە وەڵامدا بۆی دەنوسێت: " هەمو کوردستان ماڵی تۆیە"، سەری رەش بژاردە دەکرێت.
( دەقی بروسکەکان لای چەن عەدەد جیهازێکی یەکێتی بە پارێزراوی ماون).
لە دانوستانەکانی خولی دوەمی بەرەی کوردستانی سەردەمی راپەرین لە گەڵ سەدام مسعود بارزانی سەرۆکی شاندەکە دەبێت و کاک نەوشیروانیشی لە گەڵدا دەبێت. کاک مسعود لە حسێکی مێژوییەوە رێکەوتنی لە گەڵ سەدام پێ باش بو، سەرکردەکانی تری کورد لێیان کرد بەهەرا و خواستەکەیان رەتکردەوە. پێشتریش لە کاتی رزگارکردنی کەرکوک لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کاک نەوشیروان سەرکردایەتی هەڵمەتەکەی دەکرد، نامەیەک بۆ هاورێکانی لە یەکێتی دەنوسێت و دەڵێت: ئێستا بەهیزین با لە گەڵ حکومەتی عیراق گڤتوگۆ بکەین،
مام جلال ( لە رێگەی گەرانەوە بۆ کوردستان دەبێت) و زۆربەی هاورێکانی تر ئەم بۆچونە رەتدەکەنەوە بەپاساوی ئەوەی ئەمریکا لە چەند مانگێکدا سەدام دەروخێنێت. گەر زاکیرەم یاوەرم بێت ملازم عومەر نامەکەی مام جلالی بینیوە و رەنگبێ لاشی مابێت.
سەرەرای ئەوەی لە خولەکانی شەری ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی کاک نەوشیروان زۆربەی کات لە دەرەوەی وڵات دەبێت، بەڵام بە رێگەی نامەوە لە گەڵ کاک مسعود هەوڵ دەدا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، دەقی چەند نامەیەکی نێوانیان پارێزراون.

 

روخاندنی سەدام و عێراق

عیزەت شابەندەر کەسایەتی ناسراوی شیعە و جاران یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حزبی دەعوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لە گەڵ کەناڵێکی عێراقی نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەڵێت: ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا و بە خواستی ئیسرائیڵیش تەنها سەدامی نەروخاند بەڵکو دەوڵەتی عێراقیشی روخاند، تا ئەم عێراقەش وا بمێنێت هیچکات ئیسرائیڵ ئامادە نیە وەک چۆن مامەڵە لە گەڵ وڵاتانی تری "عەرەبی" دەکات یەک بست لە گەڵ عێراقدا بیکات.
ئەم هەڵسەنگاندنەی شابەندەر چەندین مانای سیاسی قوڵ و ئاڵۆزی تێدا حەشاردراوە، شابەندەر ناراستەوخۆ پێمان دەڵێت روخاندنی رژێمی سەدام سەرەتای نەمانی دەوڵەتی عێراقە، لەلاکەی تریشەوە دەسەڵاتی نوێی عێراق چی بکات ئایندە نادیار و ناجێگیرە و عیراق سەقامگیری نابینێت. بۆ پشتگیری لەم بۆچونەی شابەندەر سەرۆک بوشی کور پێش داگیرکردنی عێراق گوتبوی کە عێراق دەگەرێنێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەراست، لە ئەرزی واقیعیشدا وایکرد.
بەگشتی کورد لە باشور لەم هاوکێشەیە تێنەگەیشتبو، نەوشیروان مستەفا و مسعود بارزانی پێشتر، پێش روخاندنی سەدام، دەرکیان بەم مەترسیە کردبو. هەر لە سەردەمی راپەرینەوە نیەتێکیان بۆ رێکەوتن لە گەڵ سەدام هەبو، لەو باوەرەدا بون عێراقێکی لاواز بۆ کورد هەڵەی باش دەرەخسێنێت، بەڵام کورد باجێکی گەورەی تێكشکاندنی عێراق دەدات، چونکە کورد لە چوارچێوەی ناسنەمای یاسایی نێودەوڵەتی عێراقدا ناسراوە و لە هیچ لایەکەوە رێگەی پێنادرێت لەوە دەرچێت.
سەرکردەکانی تری کورد لە ژێر کاریگەری هزری عێراقچیەتی و حنانێکی وەهمی بۆ شەراکەت و بەرژەوەندیە ئیقلیمیەکاندا دانیان لە بەشێکی کێکەکەی دوای سەدام جیر کردبو. روداو و دۆکیۆمێنتەکانی کۆنگرەی ئۆپزسیۆنی عێراقی لە لەندەن سێ مانگ پێش روخاندنی سەدام ئەو راستیە دەسەلمێنن. شابەندەر لە هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: ئێمەی سەرکردەکانی شیعە دوای روخاندنی سەدام گەراینەوە بۆ وڵات، لە باوەر و زهن و گۆشەکردنی مەزهەبیدا فێرکرابوین دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق دروست بکەین، بەڵام کاتێک بینیمان ئەمریکا باڵادەستە ئەو ئاواتەمان بەکاتی بەلاوە نا و چەمکی دەوڵەتی سێکتاریزمان بژاردە کرد، هەرچۆنێک بێت قسەکانی هاتنەدی.

ئەمریکا و ئەو دو سەرکردەیە
مسعود بارزانی ناهەقی نیە بەچاوی گومانەوە بروانێتە رۆڵی ئەمریکا و پرسی کورد. شکستی شۆرشی ئەیلول و مامەڵەی نابەجێی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ خوالێخۆشبو مەلا مستەفای باوکی تەبخەیەکی فرە لایەن بو کە ئەمریکا رۆڵی گرنگی تێدا هەبوە، راپۆرتی کۆنگرێسی ئەمریکی لەسەر شکستەکە بەناوی راپۆرتی بایک و نزیکەی بیست دۆکیۆمێنتی باوەرپێکراو ئەو راستیە دەسەلمینن.
ئەمریکا بەردەوام سەیری کاک نەوشیروان و هاورێکانی وەک زەمینەخۆشکەڕیکی گرنگ بۆ هزری چەپ و مارکسیزم لە باشور و رۆژهەڵات و باکوری کوردستان لە هەفتاکانی سەدی پێشو بینیوە، دواتریش وەک هاندەرێکی کاریگەری گرنگ بۆ رۆڵی تێکۆشەرانی باکور و رۆژئاوا لە زەمینەخۆشکردن بۆ ئەزمونی حوکمرانی رۆژئاوا.      

کاک نەوشیروان دەیگێریتەوە لە دارشتنی رەشنوسی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرەرای فشاری زۆری ئەمریکا و سەرکردەکانی تر لە گەڵ مسعود بارزانی لێتێگەیشتنی هاوبەشیان لا گەڵالەبو کە ئایندەی کورد لە عیراقی " نوێدا" لەرزۆک و نادیارە و وەک ئەوە وایە بە سەر پردی "صراط المستیقم" دا هەوڵی پەرێنەوە بدەیت، هەر دوکیان سەرکەوتو بون چەند برگەیەک لە دەستوردا بچەسپێنن کە زەمانەتی رۆڵی کورد لە ئایندەی هەرێم و عیراقدا بکات، ئێستا پاش بیست ساڵ ئاکەمەکانی ئەو پێشبینینە دێنەدی. ( کاک نەوشیروان لە نوسینێکی تایبەتدا باسی ئەم تەوەرە دەکات).
دوای شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر شیعەکان ماڵ ئاواییان لە سیستەمی تەوافق کرد و دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا و مام جلال فرە فشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتی بارزانی گەیاندە لوتکە. ناشێت کاڵفامانە بیربکەینەوە و نەڵێین هەمو ئم روداوانە بە گڵۆپی کەسکی ئەمریکا و سەرلەقاندنی رازیبونی ئێران و تورکیا رویان نەداوە. ( ئاوردانەوەیەک لە بروسکە و فاکسەکانی باڵێۆزی ئەمریکا لە عیراق و چەند ئەمریکیەک کە بەناو دۆستی کوردن رۆڵی خۆپەرستی و دوفاقەیی ئەمریکا دەسەلمێنێت، بێگومان قوباد تاڵەبانی لەم رۆلەی ئەمریکا بەئاگابوە و هەوڵیشی داوە زەرەر لە نیوە بگەرێتەوە.، بەڵام گوێیان لێنەگرتوە، زۆر تایبەت لەلایەن دیبلۆماتێکی ئەمریکی ساختەچی و گەدندەڵچی وەک زاڵمای خەلیل زادی بە رەچەڵەک ئەفغانی).
بۆ خۆم لە بەرەی نارازیەکانم لە دەسەڵات، ئەوە مانای ئەوە نیە تەر و وشک بەیەکەوە بسوتێنم و کوێرانە حوکم بدەم چونکە نارازیبونەکەم مزاجی و پوچەڵ دەبێت و لە دنیای خەیاڵپڵاویدا دەگیرسێمەوە.
کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد و دەوڵەتی ئیسڵامی راگەیاند مسعود بارزانی پێی وابو" ئاگرە سورە لە خۆمان دور رابگرین"، نەوشیروان مستەفا لەو باوەرەدا بو ئەم شەرە شەری کورد نیە، هەڵەی کوشندەی داعش ئەوە بو ویستی پەلاماری هەولێر بدا، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەو سەردەمەی ئەمریکا لە پەیامێکیدا گوتی: هەولێر هێڵی سورە ( تێبنی بکەین دەڵێت هەولێر و ناوی کوردستان و شوێنەکانی تر نابات)، ئەم پەیامەش پارادۆکسێکی سیاسی ئاڵۆز و ساختەکاریانە بو: بۆچی؟
لەلایەک سنوردانانێک بو بۆ داعش تا زیادەرۆیی نەکات، لەلاکەی ترەوە ئامادەسازی بو تا کورد لە ئەرزی واقیعدا ببێتە هێزێکی سەرەکی بۆ شەرکردنی داعش و ئەمریکاش هێزی ئاسمانی و لۆجیستیک دابین بکات، ئەمەش هەروا دەرچو. دوای شکستی داعش و هەزاران شەهید و برینداری هێزەکانی پێشمەرگە پاداشتی ئەمریکا بۆ کورد رادەستکردنەوەی ناوچە کوردستانیە ئازادکراوەکان بە کەرکوکیشەوە بە دەسەڵاتی میلیشیاکانی بەغدا بو، تا ئەم چرکەیەشی لە گەڵدا بێت ئەمریکا چاوبازیەکی بێشەرمانە لە گەڵ پاشماوەکانی داعشیش دەکات. ئەم کارەساتە کەمەرشکێنەرە زۆر بە بێباکی و بێخەمی و بێشەرمانە لە لایەن هیزەکانی باشور و پەرڵەمانە دەستەمۆ کراوەکە خۆڵی مردوی بەسەردا کرا.
رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئیدارەی ئۆباما و حکومەتی بەغدا پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق یەکێکە لە هەرە گەمە پیس و قێزەونەکانی ئەمریکا بەکوردی باشور، کاک نەوشیروان لەم بوارەدا بە وردی شێکردنەوەی بۆ کردوە، راستگۆیانەش بە بریت مەکگۆرگی وتوە: ئێوە هەر خەمی سیاسەتی پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری عێراقن، دو پرس کە هەر زۆر کاڵبونەتەوە. دواتر مسعود بارزانیش لە پرۆسەی ریفراندۆمدا نەچوە ژێرباری فشارەکانی ئەمریکا بۆ دواخستنی، بە واتایەکی تر بۆ لەباربردنی. ئەمریکا لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆرانی خستە ژێر فشارێکی سیاسی بی ماناو و نرخی رەتکردنەوەی بارزانیش بۆ داواکەی ئەمریکا لەمەر ریفراندۆم دورخستنەوەی بو لە پۆستی سەرۆکی هەرێم.
بۆ خۆم لەو باوەردام نەوشیروان مستەفا و مسعود بارزانی، لە هەڵسەنگاندن و هۆکاری جیاوە، لە چەند وێستگەی ستراتیژیدا هاورا بون و جیاوازیشیان هەبو. وەک: گەر هێزە دەوڵەتی و ئیقلیمیەکان کورد وەک داشی دامە بەکار بهێنن باشترە لە گەڵ بەغدا نزیک بینەوە تا ئاستی رێکەوتن، گەر ئەمە نەکرا دەبێت کار بۆ رێگای عوسیانی مەدەنی بەلای کاک نەوشیروانەوە و ریفراندۆم بە لای کاک مسعودەوە بکرێت. پیویستە کورد داهاتی سامانی نەوتی بە شەفافی و عەدالەت بەکار بهێنێت بەلای کاک نەوشیروانەوە و بەلای کاک مسعودەوە بۆ رازیکردنی هێزە ئیقلیمەکان و بۆ خۆشیان تا ئەوەندە بەرۆکمان نەگرن، دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەک بگرن و تەجنیدی ئیجباری بەیاسا رێکبخرێت، کاک مسعود لەمەدا دودڵ بو و پاشەکشەی کرد لە روانگای ئەزمونەکانی خولەکانی شەری ناوخۆ. هەر دو هاورا بون پشتێنێکی ستراتیژی ئەمنی بەدەوری سنوری باشوری کوردستان لە گەڵ ناوچەکانی تری عێراقدا دروست بکرێت، پارتی تا رادەیەک لە سنوری دەسەڵاتیدا ئەوەی کرد، بە ناو هاورێکانی کاک نەوشیروان لە یەكێتی هەزار و یەک بەهانەیان هێنایەوە بۆ دروستکردنی کۆسپ بۆ ئەو پرۆژە ستراتیژیە نەتەوەییە لە ناوچەکانی ژێر رکێفیاندا. هەر دوکیان هاورابون ئێران درواسێکی بەهێزی مێژویی کوردە لە باشور: کاک نەوشیروان دەیگوت بە درێژایی خەباتی کورد لە باشور ئێران کارئاسانی و یارمەتی سەدان هەزار ئاوارەی کوردی کردوە، هەزاران برینداری پێشمەرگە و مەدەنی لە ئێران چارەکراون، دەیان هەزار کورد بەرێگەی ئێرانەوە رویان لە وڵاتانی تر کردوە، ئێران لەو ساڵانەدا یارمەتی سەربازی و لۆجیستیکی و هەواڵگری کوردی کردوە، لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا ناتوانین دانی خێر بە ئێراندا بنێێن. پارتی و بنەماڵەی بارزانیش لە سەردەمەی شۆرشی ئەیلولەوە زۆر سودیان لە ئێران کردوە، لە گەڵ ئەوەشدا چونەوە ژێر رکێفی ئێرانیان بەکارەسات بینیوە.


گۆڕان و مسعود بارزانی 
لەگەڵ دروستکردنی گۆڕان پارتی بەگشتی هەڵوێستێکی سەرەتایی ئاشکرای نەبو و چاوەروانی کاردانەوەی یەکێتی دەکرد، بە مەزەندی خۆم نیگەران نەبو کە بەرەی یەکێتی و مام جلال بوە بە دو لەتەوە. نێچیرڤان بارزانی واقعبینانە هەڵسەنگاندنی بۆ کرد و راشکاوانە رایگەیاند کە گۆران ئەمرێکی واقعە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. مسرور بارزانی لە لێدوانەکانی لە گەڵ ئەمریکیەکان خۆی نەداوە بەدەستەوە، بەڵکو ترسی خۆی دەربریوە کە گۆڕان و تایبەت کاک نەوشیروان لە دوا مەتافدا لە گەڵ یەکێتی تەواوکەری یەکتر دەبن و لە پەرلەمانی کوردستان دەتوانن گەورەترین کوتلە دروست بکەن، فازل میرانی سکرتێری گشتی پارتی هاواری مەسرور بارزانی دەبێت و دەشڵێت ئەستەمە پارتی بەمە رازی بێت.
لەو بەینەدا بۆ خۆم هیچ لێدوانێکی کاک مسعودم لەو سەردەمە لەسەر گۆڕان نەبیستوە و نەبینیویشمە. لە سەرچاوەیەکی زۆر باوەرپێکراو بیستومە کاتێک کاک مسعود لە گەڵ دروستبونی گۆڕان لە مام جلال پرسیار دەکات: نەوشیروان چی دەوێت؟ دەڵێن مام جلال لە وەڵامدا گوتویەتی: نەمانی دەسەڵاتی من و تۆی دەوێت!
بۆ مێژو ئەوە دەسەڵاتی یەکێتی بو کە لەگەڵ سەرکەوتنی گۆڕان چەندین ئیجرائات و هەنگاوی نارەوا و ستەمکاری و دژ بە پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت بەرامبەر گۆڕان گرتە بەر، وەک سزادانی سیاسی، موچەبرین، دەرکردن لە کار، گرتن، ئەشکەنجەدان، گەمارۆدانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان بە دەبابە و مودەرەعە ژەنگاویەکانی سەدام و ....تاد.
لە گەڵ سەرهەڵدانی ١٧ ی شوبات و بەردەوامبونی خۆپیشاندانەکان مام جلال و مسعود بارزانی هاورا دەبن کۆتاییان پێبهێنن، هەر دو لا هێز ئامادە دەکەن و هێزێکی چەکداری پارتی بۆ ئەو مەبەستە بەرەو سلێمانی بەرێدەکەوێت. وەک دەگێرنەوە و زانراوە ئەو سەردەمە بەرهەم ساڵح بەرپرسی ئەمنی سلێمانی دەبێت و لاری نابێت بە زەبری چەک پەلاماری گردی زەرگەتە و بەرپرسانی گۆڕان بە کاک نەوشیروانیشەوە بدەن، ئەوەی ئەو زاتە و و هاوبیرەکانی  لێی تێنەگەیشتبون بە کارێکی لەو جۆرە نەک تەنها سلێمانی بەڵکو سەرجەم کوردستان دەبو بە پارچەیەک ئاگر و ئەوانیشی پێوە دەسوتا.
بۆ خۆم زانیاری وردم نیە، بێجگە ئامادەیی پێشمەرگە، تایبەت بەشێکی بەرچاوی پێشمەرگە دێرینەکان، و خەڵکی سلێمانی کە بە خوێنی خۆیان بەرگری بکەن، چیتر رێگر بوە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، هێزی دەرەکی...عێراق.. ئێران! نایزانم!


سەرەڕای ئەمانەش  ... !
کاتێک خوالێخۆشبو حەمایل خان دایکی مسعود بارزانی وەفاتی کرد کاک نەوشیروان لە هەستی بەرپرسیاریەتی و رێزگرتن بەشداری پرسی خوالێخۆشبوی لە سلێمانی کرد، مسعود بارزانی لە وەفاتی کاک نەوشیرواندا نەی ویست ئەركیکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و سیاسی خۆی بەرامبەر یەکێک لە هاوسەرکردەو و تێکۆشەرێکی بێ وێنەی نەتەوەکەی بەجێبهێنێت، زیادە بۆ ئەمەش بەدەر لە هەمو پێوەر و سنورەکان چاوی پۆشی لەوەی بە کاریگەری چەند جامبازێکی سیاسی نەوشیروان مستەفا بەیاسای بەناو دژە تێرۆر تومەتبار بکرێت، کارێک گەر راست نەکرێتەوە مەحاڵە  لەبیر بکرێت، چونکە ئەوە لەکەدارکردنی بەهایەکی مەزنی مێژوی کوردە.
کاک نەوشیروان بۆ بەشداری لە حکومەتی هەرێم چەند جارێک سەردانی مسعود بارزانی کرد و ئاکامەکەی رێکەوتنی هەر دولا بو بۆ بەشداری لە حکومەتی هەرێم، وەک دەیگوت: چوار ساڵی ئارامی. مسعود بارزانی و پارتی لە هەڵسەنگاندنێکی هەڵچوانە و نارەوادا بریاری دورخستنەوەی گۆڕان یان لە حکومەت دا کە بەشێک لە ئاگرخۆشکەرەکان زهنە تێکدەرەکانی ناو یەکێتی بو. ئەم روداوە لە رابوردو و ئێستا و ئایندەشدا کفنی بۆ پرسی بە دیموکراتیزەکردنی پرۆسەی سیاسی درو.    
لە دوا ساتەکانی ژیانیدا جارێک لە کاک نەوشیروانم پرسی پاش دەیان ساڵ مامەڵەکردن لە گەڵ مسعود بارزانی چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەیت؟
لە وەڵامدانەوەیەکی راستەوخۆدا گوتی: ئەوەی مەبەستیەتی راشکاوانە باسی دەکات، بێجگە بەرپرسیاریەتیە سیاسی و حزبیەکانی مەرجەعێکی گرنگی خانەوادەی بارزانیشە بەو پێکهاتە ئاڵۆز و گەورەیەی ئێستا، پیاوێکی ئیداری بەتوانایە، لە دیبلۆماسیەتدا کەسانی پسپۆر و ژیری لەدەور نیە وەک لە پرۆسەی ریفراندۆمدا دەرکەوت، لە پارەدا دەستبڵاو نیە و لە بواری سەربازیدا ورد نیە.

ئەم تەوەرە زۆر قوڵتر و بەرفراوانترە لەوەی لێرەدا باسم کردون، هیوادارم ئەو بەرێزانەی زیاتریان لایە دەوڵەمەندتری کەن و هەڵەکانی بەندەش راست بکەنەوە.
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×