ئەگەر یەکێتی رازی بێت تەنها پارتی حوکمرانی بکات !

چیا عەباس
  2022-10-27     660

شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر، دو روداوی زۆر هەستیار و بەیەکەوە گرێدراو، دۆکیۆمێنت و بەڵگەکان دەیسەلمێنن بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هێزە ئیقلیمەکان ئەنجام دراون.
دوای ئەم روداوانە کێرڤی نیمچە سەروەری و دەسەڵاتی هەرێم روی لە داكشاندنێکی مەترسیدار کرد و تا ئەم چرکەیەش بەردەوامە. جارێکی تر کورد خزێنرایەوە نێو چوارچێوەی عێراق و نیوەی خاکی نیشتمانەکەشی زەوت کرایەوە،  
ئێستا هەرێمی باشوری راپەرین و خوێنی سەدان هەزار شەهید و کیمیاباران و ئەنفال و ماڵوێرانی بۆتە کاڵایەکی سیاس و ئابوری و سەربازی و هەواڵگری بەدەست چەند ئیرادەیەکی سیاسی ناوخۆ و دەرەکیەوە.
لەم دۆخە دژوارەدا پەرلەمانێکمان هەیە ناو بە ناو نوزەنوزێکی شەرمنانە دەکات،
ئەم پەرڵەمانە بە کردار و هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی نزیکەی ٧٠٪ ی ئەندامانەکانی لە فراکسیۆنە جیاکان شکستی هێناوە ببێتە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ سەروەری یاسا و چاودێری جدی حکومەت و لێپرسینەوە و ئارامی سیاسی و دیدگای نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەش. پەرڵەمان کراوەتە (حلبة الصراع) ی حزبی و شەخسی و بۆ تەشهیرکردن و ناوزراندن و گەرمکردنی تونی ناکۆکی و ململانێ لاوەکیەکان و... تاد، بەگشتی پەرڵەمان رۆڵی نەرێنی بەرچاوی هەبوە و هەشیەتی. لەم کەش و هەوایەدا پۆپۆلیستەکانی پەرڵەمان شاگەشن بە قۆزینەوەی ئەم رەوشە. خۆزگە چەند چاودێر و رەخنەگرێک تۆماری لێدوان و باسەکانی ئەو دەیان پەرڵەمەنتارانەیان کۆدەکردەوە تا خەڵک بزابێت چون ئەمانە لەسەر قوت و داهاتی میللەت بەهاکانی پێگەکەیان زۆر نزم دابەزاندوە.
پەرلەمانتار بە هات و هاوار و سنگ دەرپەرین و بۆکس وەشاندن و هاویشتنی بوتڵ و پێڵاو و زۆرەبڵی و چرپەچرپی ژێر لێو نابێتە نوێنەری خەڵک بەڵكو تەنها و تەنها دەبێتە ئاوێنەی جۆری بۆچون و رەوشت و ناخی خۆی و زەمینەکەی.    
ئۆپزسیۆن بە مانای ئۆپزسیۆنی کاریگەر و خاوەن کارنامەی رۆشن لە پەرڵەمان و دەرەوەشی بونی نیە، بەغدا کلیلی قاسە گەورەکەی لایە و لەسایەی ئەو دۆخەی هەرێمیشدا هێدی هێدی دەمان دۆشیت، رۆژ دوای رۆژ لەسەرخۆ کیسەڵ ئاسا بەرەو نیشتمان و کۆمەڵگاکەمان دەکشێت، درواسێکان کوردستان و حوکمرانی ئیبتزاز دەکەن و بونەتە مەترسی جدی لەسەر نەتەوە و خاک و کوردستانیان و بۆ فرە مەرامەکانیان بەکارمان دەهێنن، زلهێزەکانی دنیا بۆ بەرژەوەندیە گرنگەکانیان چاوبازیەکی شەرمنانەی دوفاقەیی لە گەڵمان دەکەن و ....تاد.
لە ئێستادا باشوری کوردستان پێگەیەکی گەلێک گرنگی ستراتیژی هەیە، ئەڵقەی ناوەندی سەرجەم دەوڵەت و هێز و مەزهەب و ئاراستە دژ بەیەکەکانی ناوچەیەکی هەستیاری دنیایە: عەرەب، تورک و فارس، سوننە و شیعە، توندرەو و میانرەوی ئاینی و سیاسی، هاوکاتیش سەرچاوەیەکی گرنگی ئایندەیە بۆ کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو و وزە. بۆیە هێزە پەیوەنددارەکان بەم پرسانەوە تا ئەم چرکەیەش سەبری ئەیوبیان لە گەڵماندا هەیە.
هەرچەندە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم گێژاوەدا گەمەی بۆ راگرتنی هاوسەنگی کردوە و تا سود لە هەموی وەربگرن، بەڵام دەرەقەتی ئەو هاوکێشە قورسە نەهاتوە، بەڵكو سودیان لێکردوە تایبەت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
سەرەرای ئەم هەمو نەهامەتی و دەردەسەری و نەگبەتیە دەبینین چۆن دو هێزی دەسەڵاتدار لە حوکمرانی و سیاسەتدا بەردەوام کۆسپ و کێشە بۆ یەکتر و بۆ فرە فەرمانرەواییەکان دەخولقێنن، با باسی دو ئیدارەیی جارانی کەرکوک نەکەین، دنیا شاهیدی ئەوەیە چۆن پاش ساڵێک کێشمەو کێشە و چاوشارکێی لەبەلای ئەم دو هێزە کوردێک، گرنگ نیە کێیە و چۆنە و سەر بەچیە، بە ئیرادەی زۆرینەی ئەو هەمو هێزە نەیار و غەیرە کوردە وەک سەرۆکێک بۆ کۆماری وێرانە دادەنێن. گەر دەسەڵاتدارنی کورد، کە لە واقیعدا نوێنەرایەتی کەمینەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن، لە ناچارییەوە گرەویان لەسەر ئیرادەی دەرەوەی خۆیان کردوە، دەیانتوانی سەربەرزانە بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان ئەو پۆستە وەک دیاریەکی کورد ببەخشنە پێکهاتەکانی تری عێراق و میللەتیش بەم شانۆگەریە سەرقاڵ نەکەن.
ماوەیەکە دیاردەی گواستنەوەی وەلای چەند بەرپرسێکی دەزگا ئەمنیەکانی دو زۆنەکەی هەرێم و کوشتن و تەسفیەکردن و گوشار و هەرەشە لە یەکتر دەیسەلمێنن پرسی ئاسایشی نەتەوەیی بە چ ئاستێکی مەترسیدار گەیشتوە، ئەم روداوانە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی هاوڵاتیانیشیان خستۆتە بەردەم مەترسی زۆر گەورەوە. سەرەرای ئەم دۆخە مەترسیدارە کە لە لێواری تەقینەوەدایە پێدەچێت بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بێباک و بێخەمن!
سەرجەم ئەم روداو و بێنە و بیبە ئاماژەی زەقن کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەییان دەربریوە بۆ تەسلیمبون بە ئیرادەی غەیرە کورد، بەشێکیش لێیان بە زەبری تۆقاندن و قۆرخکاری و ستەمکاری مەبەستیانە پشکێکی باشی پاداشتی ئەم تەسلیم بونەیان مسۆگەر بکەن، هەرگیز ناشێت و نابێت رێگاشیان پێبدرێت ئەم تەسلمبونە بە دەسکەوت بە کورد بفرۆشنەوە.
ئایا دەبێت خەڵکیش تەسلیم بەم واقعە بێت و چاوەروانی رەحمەت و شەفاعەتی نادیار بکات؟ یاخود بوکەبارانی بۆ بەرێبکات، لەم دۆخەدا پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە: چی باشە بکرێت؟
بۆ دانانی سنورێک بۆ دارمانی زیاتری ئەم تاقانە هەرێمەی کوردستان چەند ئەگەرێک لە ئارادان، پێشوەخت جەخت دەکەمەوە لەوەی مەبەست لە ئەگەرەکان عەرەب وتەنی " انقاذ ما یمکن انقاذە":
یەکەم: خەباتی چەکداری، ئەگەرێکی ناواقعی و زۆر ئەستەم،
دوەم: راپەرینی جەماوەری، ئەمەش ئێستا واقعی نیە چونکە مەرجەعێکی بەهێزی باوەرپێکرا و رێزلێگیراو و خاوەن متمانەی جەماوەری پێویستە، کە ئێستا بەرچاو ناکەوێت، هاوکاتیش کێ ئامادەیە خوێنی خۆی بۆ ئاکامێکی نادیار ببەخشێت، ناشیت رۆڵ و کاریگەری هێزە ئیقلیمیەکان و نێودەوڵەتی لە روداوێکی لەوجۆرە بەهەند وەرنەگیرێت.
سێیەم: تسونامیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە کە تەر و وشک بەیەکەوە بسوتێنێت. زۆر ئەستەمە هێزەکانی پشت روداوێکی لەمجۆرە ئەوەندە حسابی ورد بۆ بەرەی کورد لە باشور بکەن و باش فێربون چۆن مامەڵە لە گەڵ دۆخی سیاسی کورد بکەن. هاوکات لەم ئەگەرەشدا دەکەوێتە سەر ئەوەی کورد لە ئەرزی واقعدا چ هێز و توانای یەکگرتوی هەیە! زۆر ئەستەمە دۆخی سیاسی باشور وەک پێویست بتوانێت قوڵایی ستراتیژی خۆی بدۆزێتەوە و رێکی بخات.
چوارەم: پەرلەمان، ئەم ئەگەرە وەک راکردن وایە بەدوای سەرابدا.
پێنجەم: حکومەتێکی لێهاتو و دەستپاک و یەکگرتو کە شایستەی متمانەی خەڵک بێت. کوردی باشور ٣١ ساڵە ئەم ئەگەرەی لە چوارچێوەی پارتی و یەکێتی و بەشێک لە هێزەکانی تر تاقیکردۆتەوە، هەرچەندە ئەم حوکمرانیە لەچەند ساتێکدا کاری باشی کردوە، بەڵام لە دوا مەتافدا شکستی هێناوە لە پاراستن و گەشەپێدانی خەسڵەتە نەتەوەیی و نیشتمانی و یاسایی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی حوکمرانی.
شەشەم: دو هەرێمی، ئەم ئەگەرە لە تیۆریدا وروژێنەر و ئومێدبەخش دەردەکەوێت، بەڵام لە ناخیدا پارادۆکسێکی مەترسیداری نەتەوەیی و نیشتمانی لەخۆ دەگرێت! بۆچێ؟
ئەزمونەکانی زیاتر لە سەدەی رابوردوی کوردستان دەیسەلمێنن هەرکاتێک بزافی کوردایەتی رو لە بەهێزبون بوە دوژمنان و نەیاران و هێزە زلهێزەکانی دنیا یەکسەر چەپۆکێکیان لێداوە: نمونەکان زۆر زۆرن و دەشیسەلمێنن کە کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی بزافی کوردایەتی زەمینەخۆشکەری بنەرەتیش بون بۆ ئەو چەپۆک وەشاندنانە. جا  چ کورد بە فەرمی ببێت بە دو لەتەوە، گەمارۆدراو لەلایەن تورکیا و ئێران و عێراق کە شادەمارەکانی ئابوری و ئاسایشی ئەو دو هەرێمە دەمێننەوە. 
بۆ خۆم لە ئێستادا باشترین چارەی کاتی ئەوەیە سەرجەم دەسەڵاتەکانی حوکمرانی بدرێتە دەست پارتی، یەکێتی لە حکومەت بکشێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بزوتنەوەی گۆڕانە، باوەر ناکەم کە ئەویش لەو حاڵەتەدا توانای مانەوەی لە حوکمرانیدا بمێنێت، پەرڵەمان سر بکرێت، حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای بێلایەنی و تەکنۆکراتی پێکبێت، سەرۆکی هەرێم بدرێتە کەسایەتیەکی هێمنی خانەوادەی بارزانی دور لەم هەمو جێگر و راوێژکار و چەمەلەغ و موچەخۆرانە کە ئێستا تەنها بۆ رازاندنەوەیەکی بێ بەرهەمی ئەو پۆستەیە، هەرێم تەنها یەک نوێنەری دەسەڵاتداری لە حکومەتی فیدرالی هەبێت، فراکسیۆنە کوردیەکان لە بەغدا نێو خۆیان لەسەر فۆرمێکی کارکردنی یەکگرتو رێکبکەون.
ئەنجومەنێکی باڵای کوردستان لە سەرجەم پێکهاتە عرقی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دروست بکرێت بۆ چاودێریکردنی وردی دۆخەکە. ئەم دۆخە تا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە کۆتایی ساڵی ئایندەدا پێرەو بکرێت، ئاکامەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەبنە باشترین سەنگی مەحەکی هەڵسەنگاندن.  
زۆربەی ئەزمونەکانی دنیا دەیسەلمێنن لە کاتەکانی قەیرانە سەخت و ئاڵۆزەکاندا رۆڵی سەرکردە زۆر هەستیارە: ئەزمونەکانی جوەکان، چین، ئێران، هندستان، فەرەنسا، ئینگلتەرا، سنگاپور، باشوری ئەفریقا، یۆگۆسلاڤیای جاران، تورکیا دوا شەری یەکەمی جیهان، روسیای لینین و ستالین، عەرەب لە جەنگەکانی لە گەڵ ئیسرائیل، فەلەستینەکان و گەلێکی ئەزمونی تریش لە ساتە هەر سەختەکانیاندا پەنایان بۆ گێژاو و فەوزا و بێنە وبیبەی کۆرپە دیموکراسیەکی سەقەت نەبردوە.
کورد وتەنی: لەو قورە هەر ئەو تۆزە چاوەران دەکرێت، نزیکەی شەست ساڵە رەوشی سیاسی کورد لە باشور بۆتە بە دو لەتی توند بەرامبەر بەیەکتر. لەو دەیان ساڵەدا نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە شەری توند و خەستی بەرامبەریاندا کورد و کوردستان باجێکی زۆریان داوە، دەیان ساڵەکانی تریش بەردەوام بۆ یەکتر لە کەمیندابون، فشاری نێودەوڵەتی رێگربوە لە هەڵگیرسانەوەی شەر. ئاوابونی تارمایی شەر کارێکی زۆر گرنگ و باشە بەڵام ئەڵتەرنەتیڤەکانی شەر، سەرەرای دو رێکەوتنی ستراتیژیش، شكستیان خواردوە ببنە جێگرەوەیەکی دروستی ئارام و جێگیر بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان، لە هەمو ئەمانەدا باجی گەورە هەمیشە میللەت و نیشتمان داویانە، ئەوە کێیە عەسای سحری بەدەستەوەیە بۆ گۆرینی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە کە بەتوندی رەگ و ریشەی داکوتیوە، با بفەرموێت، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز! وەک وتوشیانە: کردار شەرتە!
خۆشمان بوێت یاخود ترش بۆ دنیای دەرەوە و پرسە ناوخۆییەکان وعیراقیش بێ رەزامەندی پارتی هیچ پرسێکی گرنگ بەرێوەناچێت، ئەم واقعە ئاماژە نین کە پارتی تەنیا هێزێکی دروست و گونجاوە بۆ حوکمرانی بەڵکو لە پلەی یەکەمدا هێزێکە توانای ئەوەی هەیە بۆ پێگە و دەسەڵاتی ئێستای خۆشی بێت رێگری بکات لەوەی ئەوەی ماومانە لەدەست نەدرێن، لە ئێستاشدا ئەوە گرنگترین مەبەستە.  
هێزەکانی تر، تایبەت یەکێتی، هێزی رەسەنی هەڵقوڵاوی سەردەمی خۆی بو،هێزی شۆرشگیر و خەباتکەر و بوێر و داهێنەر بو، خاوەنی قوربانی بێئەندازەیە لە بزافی کوردایەتی، دەسکەوتی زۆر مەزنی بۆ بزافی کوردایەتی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەمانەشدا، زۆر تایبەت دوای وازهێنانی کاک نەوشیروان لە یەکێتی و دواتر کۆچی دوایی کاک نەوشیروان و مام جلال ئیتر یەکێتی ئەو هێزەی جاران نەماوە،
لەم دۆخەی ئێستادا بۆتە گەمەکەرێکی نارونی شەبەح ئاسا لە پرۆسەی بەئاراستەبردنی حوکمرانی و بزافی کوردایەتی لە باشور. کورد، تایبەت لە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا، لە سایەی بەشێک لە سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ئەو هێزەدا کەمتر ئارامی و دڵنەوایی چێژکردوە. سەیری دۆخی ناوخۆی یەکێتی بکە، سەیری هەڵوێستە ناجێگیر وپەرتەوازەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای بکە، سەیری بازرگانی رەش و کارە توندرەوکانی بەشێکی پێکهاتەکانی ئەم هێزە بکە، سەیری تەسفیاتی یەکتری نەیارانی ناو خودی ئەم هێزە بکە، سەیری قۆرخکاری ئابوری و ئیداری و ئەمنی زۆنی دەسەڵاتی ئەم یەکێتیەی ئێستا بکە... لەو باوەرەشدام یەکێتی تەنها هێز نیە ئەو کارانە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا گەر یەکێتی بەخۆیدا نەچیتەوە و ماڵە تاریک و بچوکەکەی ئێستای گەورە و رۆشن نەکاتەوە و رێکی نەخاتەوە و نەبێتەوە بە چەپکە گۆڵەکەی مام جلال ئەوا دڵنیام کورد بەم یەکێتیەی ئێستا باجی گەورەتر دەدات و ئازاری قورستر دەچێژێت.
بێگومان بۆچونێکی واقعی هەیە کە دەڵێت یەکێتی لە حوکمرانیدا هاوسەنگی راگرتوە، بێگومان تا مام جلال دەسەڵاتدار بو ئەو هاوسەنگیەی راگرتبو، دوای رێکەوتنی راگرتنی شەری ناوخۆ هیچکات لە گەڵ پارتیدا نەیگەیاندۆتە سەر مریشکە رەشە، خوالێخۆشبو باش دەرکی دەکرد بەوەی ماڵوێرانی گەورەی کورد لە پێکدادانی حزبەکەی و پارتیدا دەبێتە واقعێکی وێرانکەر.
یەکێتی، وەک وتراوە، بە سەبرە و تەقلە بە فیل ڵیدەدات. کاتێک دەسەڵاتدارانی یەکێتی متمانەیان بە ئیرادەی رەسەنی شاردراوەی ناو هەناوی حزبەکە هەبێت ورێز لە مێژوەکەی خۆی بگرێت، دەبێت بێ کێشە و ئەمسەر و ئەوسەر بەوە قایڵ بێت کە پارتی ئەم نێوە پارچەیەی باشوری کوردستان بۆ ماوەیەک بەرێوەببات، خۆ ئەمە نە کۆتایی کورد و نە کوردستان و نەیەکێتیشە ! خۆ یەکێتی بە تۆپ و فرۆکە ودرۆن و پارە شۆرشی نوێی بەرپا نەکرد، بە هیمەتی خەباتکەران و پشتیوانی جەماوەر و بە چەکە بەسەرچوەکانی ئەو سەردەمە و ....تاد یەكیک لە شۆرشە مەزنەکانی کوردی تا ئاستی راپەرین و حوکمرانی خۆماڵی بەریوەبرد.
نازانم ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای یەکێتی لە چیان کەمە وا بێئۆقرە پەلاماری زۆر شت دەدەن، خۆ ئەوان لەبەرئەوەی وارسی مام جەلال ن و کوری مرۆڤێکی تێکۆشەری وەک هێرۆ خانن خەڵک چەند شتێکیان لێ قبوڵ دەکات و سەبری لە گەڵیان هەیە، ئەمە کەمکردنەوە نیە لێیان بەڵکو زمانێکی راشکاوی واقعی و ئازاردەرە.

لە کۆتاییدا ئەم بۆچونە سیاسەی خۆم لەوەوە سەرچاوەی کردوە خۆم بە خاوەنی سەرجەم کوردبونی ژیانم دەزانم.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×