گرتە ڤیدیۆکەی کاک نەوشیروان‌و چەند راستیيەک

چیا عەباس
  2019-04-12     1519
ئارام ئەحمەد لە ناوەختدا و دوای دو ساڵ گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و بە وتەی خۆی نمای کوری کاک نەوشیروان بۆی ناردوە، بە لێکدانەوەی ئارام ئەحمەد مەبەستی قسەکانی کاک نەوشیروان لە ڤیدیۆکەدا هاورێکانیەتی لە گۆڕان، بۆ ئەو مەبەستە رونکردنەوەیەکی دەرباری ڤیدیۆکە بڵاوکردۆتەوە تا قەناعەت بە خەڵک بهێنێت کە کاک نەوشیروان لە هاورێکانی گۆڕانی زۆر دڵگرانە.
لێرەدا ئەو مافە بە خۆم نادەم بە مزاج لێکدانەوە بۆ قسەکانی کاک نەوشیروان بکەم و بۆ مەرامی تایبەت بەکاریان بهێنم، نما هەڵەیەکی گەورەی کردوە کاتێک قسە و باس و لێدوانە تایبەتەکانی باوکی بە ڤیدیۆ بەملاو و ئەولادا بڵاودەکاتەوە و وەک دانەوێڵە بۆ دۆست و نەیار رۆیان دەکات.
بێگومان تۆمارکردنی ئەو روداوە بە ڤیدیۆ بەبێ رەزامەندی کاک نەوشیروان نەبوە، نازانم شتی لێ دەرهێنراوە یاخود نا، بەڵام بێگومان مەبەست لێی پەیامێکە کە بۆ دەرەوەی گۆڕان بو، پرسیارێکی بەجێ ئەوەیە بۆ کاتی خۆی بڵاونەکراوەتەوە و نزیکەی دو ساڵ دوای مردنی کرا؟ 
بۆ خۆم بۆ ماوەی مانگێک تا کۆتایی مانگی ٢٠١٦ لای کاک نەوشیروان بوم لە ماڵەکەی لە لەندەن، لەو ماوەیەدا چەندین روداوی گرنگی وهەستیار لە کوردستان رویاندا، هاوکاتیش پەیتا پەیتا لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و سەنتەری بریار سەردانیان دەکرد. بەوردی خواستەکانی میوانەکان و خۆی بۆ بەندە و چەندین هەڵسوراوی گۆڕان کە سەردانیان دەکر دەگێرایەوە.
من ناڵێم کاک نەوشیروان گلەیی و رەخنەی لە بەشێک لە هاورێکانی لە گۆڕان نەبوە، بەڵام لە سەر هەق بوە و هەڵسەنگاندنەکانی خۆشی بەوپەری رێزەوە بۆ هاورێکانی دەربریوە، لە خەسڵەت و هیمای ئەودا نەبو رێگا بە هیچ کەسێک بدات ڤیدیۆی بگرێت و تۆماری باسکردنی نەک تەنها هاورێکانی بەڵکو نەیار و رکابەرەکانیشی بکات.
شەوێک یەکێک لە ژمارە گەورەکانی پشت نەوەی نوێ لە کوردستانەوە هاتبو و سەردانی کرد، پاش زیاتر لە سەعاتێک دانیشتنی دو قۆڵی میوانەکە رۆیشت، لێم پرسی ئەوە کێ بو، گوتی ئەمە فڵانی کوری فڵانە و ئەمە وایە وایە، لە فزوڵیەتی خۆمەوە لێم پرسی چی لە جانابتان دەوێت، گوتی: لە بیرتە چەند رۆژێک لە مەوبەر ( پێویست بە ناوهێنان ناکات و کەسەکە لە ژیاندایە) کەسێکی زۆر نزیک لە سەنتەری بریار هات بۆ ئێرە و خۆشت دانیشتبوی، داوای لێکردم دوا هەوڵ بدەم باڵە ناکۆکەکانی ناو یەكیتی رێکبخەم و ئەوانیش رازین من براگەوەرەیان بم، هەر چۆن پێش ئەویش پەرلەمانتەرەکەی یەکێتیش کە هات بۆ ئێرە و نزیک لە لوتکەی سەنتەری بریار هەمان داوای لێکردم. لەدرێژەی باسکردنەکەدا گوتی: ئەوانە مەبەستیانە من بەکار بهێنن، ئەوان هەمو شتێکیان تێکداوە و هاوسەنگی هێزیان زۆر لاسەنگ کردوە و لاوازیشیان کردوین، پێشم وتون نە دەبمە برا گەورەی کەس و نە برا گەورەیی کەسیش قبوڵ دەکەم، خۆتان هۆکاری ئەو دۆخەن، هەر هەنگاوێک بنێن بۆ چاککردنی رەوشی خۆتان من پشتگیری دەکەم.
دەرباری هاورێکانی لە گۆڕانیش چەند جارێک راستەوخۆ بە تەلەفۆن قسەی لە گەڵیان دەکرد، هەرچی لە ناخ و دڵیدا هەبو بە رێزەوە پێی دەگوتن.
جارێک بەرپرسێکی باڵای گۆڕان لە کوردستانەوە بۆ پرسێکی تایبەت تەلەفۆنی بۆ کرد، لە کۆتایی قسەکردنەکەدا بە هاورێکەی گوت: ئێوە خۆتان چ بریارێک دەدەن من لە گەڵتانم.
دو هەڵسواری گۆڕان لە دانیشتنەکە ئامادە بون، ئێستا لە مەکۆی سەرەکی کاردەکەن، شایەتن کە بە کاک نەوشیروانم گوت: پێم باشە بۆچونی خۆت لە سەر پرسەکان پێشوەخت بە هاورێکانت بڵێی تا بەرچاویان رون بێت چیت دەوێت، چونکە دوا بریار لای خۆتە. لە وەڵامدا گوتی پێم باشە هاورێکانم ئەوپەری سەرپشک بکەم لە بریاردان، من دورم لێیان زۆر شت هەیە ئەوان لە من باشتر لێیان بە ئاگان، بۆیە ئەوان چۆنیان بە باش زانی منیش هاورایان دەبم.
کاک نەوشیروان بەو شێوازە مامەڵەی لە گەڵ هاورێ و دۆست و نەیار و رکابەرەکان کردوە، راشکاوانە و راستگۆیانە، نەک بە لەغز و وەک حەزورە، تا ئەم ئەو نان و پیازی پێوە بخۆن.

چیا عەباس
رۆتەردام: ١٠ی ئەپریڵی ٢٠١٩
    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×