گۆڕینی دەسەڵات یاخود سیستەمی حوکمرانی لەهەرێم؟

چیا عەباس
  2023-06-15     409

وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئەوانەی خۆیان بە ئۆپزسیۆنی پەرڵەمانی لەقەڵەم دەدەن چەندین تەوەر لەخۆ دەگرێت، هێزە ئیسلامیەکان وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە:
" اعتصموا جمیعا بحبل اللە و لاتفرقوا" کەم یاخود زۆر پێرەو دەکەن، هاوکاتیش بەشیک لێیان کێشەی ئەوتۆیان لە گەڵ دەسەڵات و سیستەمی حوکمرانی نیە چونکە سەبری ئەیوبیان هەیە و پێشیان وایە خراپیەکانی دەسەڵات نیعمەت و بەرەکەتە بۆ ئەوان تا لە سایەیاندا گەشەبکەن. هەرچەندە سەلـمێنراوە ئەم چاوەروانیەیان واقیعی نیە بەڵام بیر لە ئەڵتەرنەتیڤەکانی تر ناکەنەوە و پشتیشیان ئەستورە بە جەمسەرە مەزهەبیەکانی ناوچەکە، بەکورتی پەلەیان نیە و شوێنیان گەرمە. هەرچەندە چەند کەسانێکی زۆر دڵسۆز و بەئاگا کاریان لەگەڵ دەکەن بەڵام  لەخودی دەسەڵاتدارەکانیانەوە ناوبەناو گوێبیستی نوزەیەک دەبین
ئەوەی لە پەرڵەمان دەمێنێتەوە نەوەی نوێ و چەند ئەندام پەرڵەمانی بەناو سەربەخۆیە. نەوەی نوێ کۆپیەکی ئەزمونی شکستخواردوی بزوتنەوەی گۆڕانە، گۆڕانێک کە سەرکردە و کەسایەتیەکی مەزنی وەک نەوشیروان مستەفا رابەرایەتی دەکرد جامی ژەهرەکەی خواردەوە کاتێک ویستی بە رێگەی پەرڵەمانەوە سیستەمی دەسەڵات بگۆرێت، بۆیە دواتر رایگەیاند ژیانی پەرڵەمانی لە کوردستان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بە واتەیەکی تر کێشە بنەرەتیەکە لە دەسەڵاتدا نیە بەڵکو لە سیستەمی حوکمرانیدایە و بەم لێدوانەشی شکستی شێوازی هزری گۆڕانی راگەیاند. ئێستا خێزانێکی چەند کەسی سەرقاڵی بازرگانی نەوەی نوێ ئاراستە دەکەن و خەونە نەزۆکەکەیان بۆ گۆرینی دەسەڵات بە خێرایی سەر پشتی کیسەڵ بەرێدەکەن. ناشێت باس لەوە نەکرێت چەند کەسێکی موخەزرەمی ئەم حزب و ئەو هێز کە ئیستا لە هیچ شوێنێک شوێنیان نابێتەوە خۆیان بەم نەوە نوێیەوە هەڵواسیوە و تەماعی چەند دەسکەوتێکی تایبەتیان هەیە، چونکە سیستەمی حوکمرانیەکە دەرفەتی بۆ ئە جۆرە هێز و کەسایەتی و گەمەچیانەی رەخساندوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە دەیان گروپ و ئاراستە و رەوت و تاقمە لە دەرەوەی پەرلەمان کە لەسەر یەک خاڵی هاوبەش کۆکن، ئەویش رەخنەگرتن لە دەسەڵات و وەستانەوە بەرامبەری، ئەم هێزە پەرتەوازە و تا رادەیەک چەواشەکەرە لە سایەی سیستەمی حوکمرانیدا کە بەناو پەرلەمانیە زەمینەی بازاری سیاسییان گەرم و خۆشە دەکەن، دەسەڵاتیش بەم گەمەیەیان دڵخۆشە و بەمەترسی نازانێت چونکە دەسەڵات لە باشوری کوردستان بەزەبری مێژو و چەک و پارە و ستەم کاردەکات نەک بەپێوەرەکانی دیموکراسی و پەرڵەمانی.
بەشێکی بچوک و سنورداری نارازیەکان لە دەسەڵات دیدگایەکی واقعی و لۆژیکیان هەیە بەرامبەر دەسەڵات، ئەویش کارکردن بۆ گۆرێنی دەسەڵاتی کوردی لە سایەی ئەم سیستەمی حوکمرانیەدا خەونێکی نەزۆکە و کوتنیەوەی ئاسنی ساردە، ئەوەی چەقی گۆرانکاری ریشەییە لە باشوری کوردستان گۆرینی سیستەمی حوکمرانیە، کە هاوڵاتی کەرەستە بنەرەتیەکەیەتی، کاتێک ئەوە ئەنجامدرا ئەم دەسەڵاتە وەک گەڵای پایزان هەڵدەوەرێت.
دەیان ئەزمونی میللەتەکانی دنیا ئەم راستیە دەسەلمێنن... با برۆین ئاورێکی ورد لە مێژویان بدەینەوە ئەوسات تێدەگەین چۆن زۆربەمان دوای سەرابێک کەوتوین.
با چی زیاتر میللەتەکەمان چەواشە نەکەین.
سیستەمی پەرڵەمانی لە عێراق و کوردستان و زۆبەی وڵاتانی ناوچەکەمان ئارایشتەکردنێکی ساختەکاری کرۆک و ناوەرۆکە بەسەرچو و خواستە نارەواکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانە. پلاسیبۆیەکی دیموکراسی زەرەربەخشە، نوسەری ناوداری مەغربی، فاطمة المرنیسي، دەربارەی سیستەمی دیموکراسی لە ناوچەکەمان دەڵێت: انها جرحها المتعفن....! ونستۆن چەرچڵ، سەرکردەی ناداری ئینگلیزیش دەڵێت: باشترینە لە سیستەمە هەرە خراپەکانی دنیا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×