جوتیارەکەی نەمسا و کاک نەوشیروان

چیا عەباس
  2020-05-19     1352
لە سێیەم ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان چەندین نوسین و شێکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسی بۆ مێژو و کارەکانی دەکرێت، پێم باشبو ئەمساڵ باسی چەند لایەنێکی تری ژیانی دور لە سیاسەت و دەرهاوێشتەکانی بکەم.

رۆژێکی تاریکی ساردی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦  کاک نەوشیروان روخۆش و کراوە پێی گوتم: " دەزانی کە لە نەمسا دەمخوێند لە پشوی هاوین بە شەمەندەفەر و زۆر جاریش بە لیفت ( وەستان لە سەر رێگا و پەنجە بەرزکرنەوە بەڵكو کەسێک بوەستێت و مەسافەیەک بە ماشێن بۆ شوێنی مەبەست ببریت) زۆربەی وڵاتانی ئەوروپام بینیوە. باسی ئیعجابی خۆی بە ئیتاڵیا بۆ کردم، پێدەچو پاش سەردانی ئەو وڵاتە بەدوای وردەکاریەکانی مێژو و شارستانیەتە مەزنەکەی ئیتالیادا چوبێت.
دەرباری ژیانی لە ڤێنای پایتەختی نەمسا بۆی باسکردم کە ئەو سەردەمانە ژمارەیەکی کەمی کورد لەو وڵاتە نیشتەجێبون و لە رێکخراوێکی بچوکی خوێندکارانی کورد خۆیان رێکخستبو و پەیوەندیان لە گەڵ یەکتر هەبو.
بێئەوەی هیچ پرسیارێک یا داوای باسکردنی ژیانی تایبەتی خۆی لێبکەم خۆرسکانە و بە روخسار و نەغمەی دەنگێکی داپۆشراو بە تێکەڵاوبونێکی تامەزرۆیی لە گەڵ قەتماغەیەکی میلانکۆلیکی (غەمبار) بۆ یادەوەری و حەنین بۆ ئەو سەردەمەی ژیانی ئەم چیرۆکەی ژیانی بۆ گێرامەوە.
لە بەشێکی پشوی هاوینەکان دەبوا کار بدۆزمەوە بۆ بژێوی ژیان، لە پشوی هاوینی ساڵی دوەمی خوێندنەکەم بیستم جوتیارێک نزیک لە ڤێنا بەدوای کەسێکدا دەگەرێ بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە مەزرەعەکەی کار بکات. کاتێک جوتیارەکەم بینی پرسیاری زۆری لێکردم، لە کۆتاییدا و بە لەهجەی فەرماندەیەکی سەربازی پێی گوتم: لە سبەینێەوە دەست بەکار دەکەیت، ئەمە ئەرک و مافەکانتە:
بەیانیان لە کاتژمێر چوار لە خەو هەڵدەسیت، بەرچایی ئامادە دەکەیت، جل و بەرگی کار لەبەر دەکەیت، ئاژاڵەکان سەرژمێر دەکەیت تا بزانین هیچ کەمیان نەکردوە، لەوەرکردن و کارە پێویستەکانی تر دەکەین. لێرە ژوری خۆت هەیە و دەتوانیت بمێنیتەوە،  ئێمەی جوتیار پشوی کۆتایی هەفتەمان نیە دەبێت بەردەوام کارەکانمان بکەین، کاتێک مەجال هەبو دەتوانیت داوای پشو بکەیت.
کاک نەوشیروان دوای گێرانەوەی وردەکاری ئەرکەکانی کە قورس بون، گوتی:
ئەو چەند هەفتەیەی ژیانم لە گەڵ ئەو جوتیارە نەمساویە وێستگەیەکی زۆر هەستیاری وەرچەرخاندنی ژیانم بو. ئەو ئەزمونە فێری بیرکردنەوەی سودبەخش، پلان دارشتن، جێبەجێکرن، بەدواداچون، راستگۆیی ، خۆکۆنترۆڵکردن، ئیلتزام و دیسیپلینی کردم.
بۆ خۆم دوای ئەوەی نەمسام بەجێهێشت و بۆ شۆرشی هەستانەوە گەرامەوە کوردستان، زورێک لەو شتانەی لای ئەو جوتیارە فێریان بوم وەک پێوەری گرنگ لە ژیانی رێکخراوەیی و پێشمەرگایەتیدا پێرەوم کردن.

رێویە بریندارەکەی باخەکەی ماڵی کاک نەوشیروان
لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی رابردو، ئەو سەردەمە کارگێری رێکخستنی مەڵبەندەی دەرەوەی یەکێتی بوم، بەردەوام بۆ کاری رێکخراوەیی و حزبی سەردانی لەندەنم دەکرد. کاک نەوشیروان ئەوساڵانە لە کوردستان دور کەوتبوەوە و لە خانویەکی بچوکی کۆنی سێ ژوری شارەوانی لە ناوچەی ئیلینگی لەندەن لە گەڵ هاوسەرەکەی شوعلە خان و سێ منداڵەکەی دەژیا، خانوەکە لە پشتەوە باخچەیەکی بچوکی هەبو، لەو سەردانانەم بۆ لەندەن دەچوم بۆ لای کاک نەوشیروان و هەر جارێک بۆ نانخواردنی نێوەرۆ بانگی دەکردم.
بیست ساڵ دواتر بۆ سەردانی کاک نەوشیروان چوم بۆ لەندەن، خۆی و منداڵەکانی هەر لەو خانوەدا دەژیان و باخە بچوکەکەش لەو وەرزە ساردەشدا رێکوپێکتر لە جاران بەرچاو دەکەوت.
یەکەم رۆژم لەوێ بۆ نانخواردنی نیوەرۆ دو کورەکەی و دۆستێکی نزیکی و کاک ئامانج لەوێ بون، نانخواردنەکە لە سەرمێزێکی بچوک کە بەزۆر جێگای چوار نانخۆر دەبوەوە بەرێمان کرد. لە کاتی نانخواردندا بینیم کە رێویەک لە باخەکە کە لە پشت مەتبەخەکەوە بو بە شەلەشەل و قاچی برین پێچکراو دێت و دەروات.
بەم دیمەنە زۆر سەرسام بوم، پرسیم ئەو رێویە چی دەکات لە باخەکەتان؟
کاک نەوشیروان دەستپێشخەری وەڵامدانەوەی کرد و گوتی: ساڵانێکە پەرلەمانی بەریتانیا راوکردنی رێوی قەدەغە کردوە، جوتیارەکان بەمە زۆر نیگەرانن چونکە خورادن و مرانی مەر و ماڵاتیان لەلایەن رێویەوە زۆر تەشەنەی کردوە، بۆیە داویان بۆ دادەنێن و دەشیان کوژن، بۆیە ریویەکان رویان لە شارەکان کردوە و دیمەنێکی ئاساییە لە باخی ماڵان و گشتی شارەکان رێوی ببینن. لێرەدا کۆتایی بە دانیشتنەکە هات، بۆ خۆم مەراقی برینپێچی رێویەکە بوم، دواتر کاک ئامانج بۆی گێرامەوە کاتێک کاک نەوشیروان رێویە برینداەرەکی بینی داوای لێکردم خواردنی لە باخەکە بۆ دابنێـ تا ماڵی بێت، دواتر برینپێچی بکە و ئاگات لێ بێت کاتێکیش چاکبوەوە با رێویەکە مشوری خۆی بخوات.
ئەوەی دواتر بیستم رێویەکە چاکبوبوەوە و جار جاریش سەردانی باخەکەی دەکرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×