رێسانەوەی تەشیەکەی شیرین

چیا عەباس
  2024-02-11     392

یادەوەریەکان بەشێکی هەستیاری ژیانن، هەرچەندە پیریش دەبن بەڵام هەمیشە ناخ و دەرون زیندو رادەگرن و دەیان وروژێنن و ئاراستەشی دەکەن.
زۆربەی نەوەکانمان لە باشور بۆ دەیان ساڵ بەدەست ستەم و زوڵمی رژێمەکانی بەغدا و دەسەڵاتدارانی نەتەوەکانی درواسێمان چێژتوە، لە دوای راپەرینیشەوە بەدەست دەسەڵاتی کوردیەوە زۆر دەردەسەری و نەهامەتیان بینیوە.
ئەم جۆرە واقعە تەنها چیرۆکی ئێمە نیە، سەدان ملێۆن هاوڵاتیانی دەیان وڵات لە سایەی کۆلۆنیالیزم و داگیرکردن و شەر و مۆنۆپۆلی سەربازی و حوکمرانی و دارایی و گەندەڵی نەهامەتی و دەردەسەری دنیایان بینیوە.
لەم سەردەمەدا، وەک شەستەکان و هەفتاکانی سەدەی رابوردو جارێکی تر جەمسەرگەری لە دنیادا تۆختر دەبێت، دەبینین ئەو سەدان ملێۆن کەسە بونەتە چەند ملیارێک و رێگایەکیان گرتۆتە بەر بۆ گۆرینی ژیانیان و بەدەستهێنانی پێگەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی شایستە و رەتیدەکەنەوە ببنە بەشێک لە جەمسەرگەری ئەم سەردەمە. بێگومان دیاردەی کۆچی بە کۆمەڵ لە دنیا بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و دۆخی ئاڵۆز و دژواری ناوچەکەمان ئاوێنەیەکی ئەو رەوشە مەترسیدارە و ئەو هەوڵانەیە بۆ ئەو گۆرانکاریانەی کە چاوەروان دەکرێن.
دو هێزی سەرەکی دەسەڵات، پارتی و یەکێتی، لە سەردەمی راپەرینەوە بەسود وەرگرتن لە سۆز و پشتگیری نێودەوڵەتی سەرەتا دەسەڵاتی خۆیان چەسپاند، دواتر کیانی هەرێمی کوردستانیان لەتکرد و ساڵانێک شەری خوێناوی یەکتریان کرد کە بەچاوسورکردنەوەی ئەمریکا رایان گرت. لەو ساتەوەش ئەوەی بۆ گۆرانکاری لە سیاسەت و حوکمرانیدا کراون بەرادەی سەرەکی لە بەرژەوەندی خۆیان و تاقمەکانی دەوریان بون.
دەسەڵات زۆر سودمەند بو لە پرۆسەی شکستخواردوی سەربەخۆیی ئابوری و بۆ هاوڵاتیش وێرانکەر بو، رێکەوتنی ستراتیژی ئامرازێکی پلاسیبۆ ئاسا بو بەمەبەستی قۆرخکاری و دەمکوتکردنی خەڵک، دابەشکردنی پۆست و پلە لە کوردستان و بەغدا بۆ دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەندبونیان بو، پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بۆ رازیکردنی دەسەڵاتە نوێکانی بەغدا و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان بو، گەرچی بەشێک لە هۆکارەکانی شەرکردنی داعش لە ناچاریەوە بو، بەڵام کورد تێێدا زۆر زەرەرمەند بو، هەزاران شەهید و ژمارەیەکی زۆرتر بریندار و پەککەوتە و مالوێرانیەک بە قەبارەی ستەمەکانی سەدام، زیادە بۆ ئەمەش کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەری دوای شکستی سەربازی داعش کوردی گەرانەوە بۆ پێش بەیانی ئازاری ١٩٧٠.
ئێستاش هەمو هەم و هەوڵ و وەهمی دەسەڵات لە یەک تورەکەدا کۆکراوەتەوە: دابینکردنی موچە. هەر رۆژەو شاندێکی تەتەر ئاسا رەوانەی بەغدا دەکەن و کاتێک دەگەنە چۆڵی قوڵفە خەزعەلی و عامری و هاو مەزهەبەکانیان بەو " درۆ و دەلەسەیەی" وەک ئیرس بۆیان ماوەتەوە رایدەگەیەنین قاسەکەی بەغدا بەتاڵە. لەمە سەیر و سەمەرتر ئەوەیە، دوای وەفاتی مام جلال دو کورد، پاش بێنە و بیبەی زۆری نێو ماڵی کوردی، وەک سەرۆكیک بۆ کۆمار دانراون،  بێجگە دامرکاندنەوەی چاوچنۆکی مەعنەوی و دەسکەوتی مادی هیچی تریان بەرهەم نەهێناوە و چاوەروانی هیچ لوتفێکی تریان لێ ناکرێت.
ئەمە بەشێکە لە ئاکەمە وێرانکەرەکانی ئەو جوتە دەسەڵاتە، سەرەرای ئەم واقعە دەبینین بەشێکی زۆری گروپە نارازیەکان لە دەسەڵات لە ئێستادا تەشیەکەی دەسەڵات دەرێسنەوە، چاویان لە دروستکردنی حزب و بەرەی هاوشێوەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان تیژکردوە کە بە دەستەواژەی بریقەدار و وەعدی زل رازاندیوانەتەوە. مایەی سەرنج راکێشانە بەشێکی بەرچاوی کەسانی ئەم تاقمانە تا سەر ئێسک لە دەسەڵاتە فعلیەکەی هەرێم و بەغدا تا سەر ئێسک دەسەڵاتدار و  سودمەند بون و بەرپرسیاریەتی گەورەیان لە شكست و نەهامەتی و دەردەسەریەکانی کوردی باشور هەبوە. گەر ناوتان دەوێت لیستێکی زیاتر لە ٥٠ ناو ناسراون لە گەڵ بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی هەندێکیان وەک عەرەب وتەنی:
من فمک ادینک.
سەرەرای ئەم نەهامەتی و ماڵوێرانیە یەکێتی کۆنفرانس دەکات و دەبێت بە دو سێ لەتەوە، پارتی کۆنگرە دەکات و دەسەڵاتی بنەماڵە زیاتر دەچەسپێنێت. گۆڕان کۆنگرە دەکات و چاوەروان دەکرێت ببێت بە دو سێ لەتەوە، تاقمە نارازیەکان تەشاور دەکەن و کارنامەی ستالین ئاسا دادەرێژن، هزرەکانی هەستانەوە و بەرهەڵستی و دیدگای بەدیل و بزوتنەوەی ئایندە و ....تاد قەوانە سواوەکان دەچرنەوە. کورت و کوردی پێگەیەکیان لە ناو دەسەڵاتدا دەوێت، سورانەوەیەکە لە بازنە سواوەکانی مێژودا. پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە بۆچی کورد لە باشور، بە دەسەڵات و زۆربەی نارازیەکانیشەوە، ناتوانن بزافی کوردایەتی لە باشور بخەنە سەر رێرەوێکی دروست ؟
کێشەی بنەرەتی لەوەدایە دەسەڵاتداران وا بیردەکەنەوە کە حوکمرانی لە کوردستان بە ئیرسی حزبی و بنەماڵە بۆیان ماوەتەوە، هاوڵاتیش ناچارە گوێرایەڵیان بن، گەر ئەوان نەبن ئیتر کوردستان دەبێتە بیابانێکی چۆڵ و تەنراو بە سەراب.
نارازیەکان وا بیردەکەنەوە گەر ئەوان نەبن ئیتر گورگ کورد دەخوات و کوردستان هیچی بەسەر هیچەوە نامێنێت و ئەوان فریادرەسن. ئەوەی لە پلەی یەکەمدا پێویستە گروپە نارازیەکان خۆیان لە فڵتەری مێژ و سیاسی و حزبی و گەندەڵکاری بدەن، هەموش سود وەربگرن لەوەی وتراوە: دنیا بۆ سوڵتان حەمید نەماوە!
کاتێک سەیری ئەزمونەکانی دەسەڵاتدارەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی بکەین دەبینین چۆن دوای ئەوەی پێێ دەوترا بەهاری عەرەبی یەک لە دوای یەک وەک گەڵای پایز هەڵوەرێن و هاوکاتیش چۆن جێگرەوەکانیان بونەتە مایەی وێرانکردنی وڵاتەکانیان، نمونەکانی لیبیا و سودان و یەمەن و میسر ئەم راستیە دەسەلمێن.
شەری حەماس و ئیسرائیڵ سەلماندویەتی گۆرانکاری لەم ناوچەیە وەک پلاسێنتایەک گرێدراوە بە پرۆسەی سیاسی و ئیرادەی نێودەوڵەتیەوە، ئەمە لە کاتێکد ئیسرائیڵ خاوەنی بەهێزترین سوپای ناوچەکەیە لە گەڵ چەکی ئەتۆمیشیدا.
کورد وتویەتی: بەقەد بەرەی خۆت پێت راکێشە، ئەم‌ کۆپله‌ شیعرەی باڵای شاعیری گەورەی کورد پەشێو لە شوێنی خۆیدایە:
له‌وه‌تی من هه‌م، سه‌رنجم داوه‌،
ڕێگه‌ی گوڵگوڵیی ته‌خت و به‌خت و كام
به‌ بن كه‌وانه‌ی تاقێكدا ده‌ڕوا
كه‌ نه‌ویتره‌ له‌ خاچی باڵام.
من قه‌ت ده‌سكاریی به‌ژنی خۆم ناكه‌م
هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ر ده‌نێمه‌وه‌.
نه‌مام بوم زریان نه‌یچه‌ماندمه‌وه‌،
خوایه‌، به‌ پیری… نه‌چه‌مێمه‌وه‌.



 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×