لەپەراوێزی جەنگی ئیسرائیل‌و حەماس، پەیامێک بۆ سەرکردەکانی کورد لەباشور

چیا عەباس
  2023-11-03     659

لە ٧ ئۆکتۆبەر کاتێک حەماس هێرشیکی درندانەی کردە سەر هاوڵاتیانی جولەکە لە سەر سنوری غەزە و ئیسرائیڵ و چەند هەزارێکیان کوشت و بریندار کرد و بەدیل گرتن، ئیسرائیڵ لە زاری سەرۆک وەزیرانەکەیەوە جەنگی دژ بە حەماس راگەیاند.
هەرچەندە تاسەر ئێسک لە گەڵ دابینکردنی مافە رەواکانی فەلەستینەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتیەکی رەوا و جێگیر و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینەکانی ناوچەکەم بەتوندیش دژم بە هەر دەنگ ونیەتێک کە ئاگری ئەو شەرە خۆشتر بکات و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بەکاری بهێنێت.
ئێمەی کورد لەم پارچە بچوکەی کوردستانی گەورە کە ناوی هەرێمی کوردستانە و کەسایەتیەکی دەستوری و سیاسی و مەعنەوی لەسەر ئاستی دنیادا هایە بێبەری نابین لە جۆرەها ئاکامەکانی ئەم جەنگە خەست و هەستیارە. لەلایەک توندرەوی نەتەوەیی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە خەستتر دەبن و ناکۆکیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی قوڵتر و بەرفراوانتر دەبن، لەلایەکی تریشەوە هەر چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان بەدەسەڵاتە جیاوازەکانیانەوە و بەپاڵپشتی جەمسەرە ناحەزەکان بە ئەمریکا و ئیسرائیڵ دەکەونە خۆیان بۆ دارشتنەوەی نەخشەی سیاسی وهاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، ئەم راستیە ئێستادا سەری هەڵهێناوە، وەک حزب اللە لە لوبنان، حوثیەکان لە یەمەن و میلیشیا شیعەکان لە عێراق شەرێکی بە وەکالەتی سنوردار بۆ حەماس و جەمسەرە ئیقلیمیەکان دەکەن.
ئەم فرە هێزە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کورد بەگشتی، تایبەت لە باشور و رۆژئاوا، بەپاڵپشت و هەواداری ئەمریکا و ئەوروپا تەنانەت ئیسرائیلیش دەبینن.
ئەم هەرێمە بەدەست درندەیی و چاوچنۆکی و شۆڤینزم و فاشیزمی نەتەوەیی و مەزهەبی ناوچەکەوە دەناڵێنێت، رۆژ نیە تێپەرێت لێمان نەکوژن و بە فرۆکە و درۆن  تۆپ بارانمان نەکەن. دەسەڵاتدارانی مەزهەبی بەغدا وەک دراکۆلایەکی خوێنمژ رۆژانە لە بونیاد و بەهاکانی ئەم هەرێمە دادەتاشن، مەبەستیانە وەک داشی دامە یەک بەدوای یەکدا داراماڵن و جارێک تر کورد زەلیل بێتەوە.
ماوەیەکە دەبینین دەسەڵاتی کورد لەم هەرێمە تاقانەدا زۆربەی ئیرادەی خۆیان لەدەستداوە و تادێت ملکەچی ئەو رەوش و دۆخە سەپێندراوە دەبن.
شاند دوای شاند بە بوکێ بارانێ بەرەو پایتەختی مالکی و خەزعەلی و عامری و سەدری تاوانبار و دز رێگای بیبابان دەگرنە بەر، بەڵکو رەحمێکیان بجوڵێت و تورەکەیەک موچەیان بدەنێ. تێدەگەم ناچاری و هەڵەکانی خۆشیان ئەمەی بەسەریاندا سەپاندوە. بەڵام پێش ئەوەی ئەم عەمرەیەی گەرمیان وکوێستان بۆ کەعبەی شۆڤینزمی بەغدا بگرنەبەر بۆ پرسیارێک لەخۆیان ناکەن: ئایا هیچ ئەڵتەرنەتیڤێکی تریان نیە؟ گەر نیە ئەوە شایستەی هیچ بەرپرسیاریەتێک نین و باشترە بێدەنگ سوچی قەناعەت لە ماڵەکانیاندا بگرن. بە کوردی و کورتی دەرکەوتوە هیچ شتێکی هەستیار و گرنگیان پێ ناکرێت، لە بازنەیەکی داخراوی مەترسیداردا کز و مات دەسورێنەوە. ئەم دۆخە ئێستا و ئایندەی هەرێمی، بەواتایەکی تر ئومێدی کورد لە کوردستان گەورە، خستۆتە بەر رەحمەتی رەشەبایەکی رق و کینە و گەر زو فریا نەکەوین دەبێتە زریانێکی کوشندە.
بۆیە سەرکردەکانی کورد بەگشتی و باشور بەتایبەت دەبێت زۆر باش لەم واقعە تێبگەن، بەپێچەوانەوە تا ماوە شەرمەزاری مێژ و ئایندە و نەتەوەکەیان دەبن و هەرچێشیان لە مێژودا کردوە دەدەن بەدەم ئەو زریانە چاوەروانکراوەوە.
ئەوەی مەبەستمە لێڕەدا روی قسەکانم لە سەرکردەکانی کورد لە باشور دەکەم، تایبەت مسعود بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی. سەرەرای ئەوەی دەشزانم خۆیان و خانەوادە و حزبەکانیان بەرپرسیاریەتی گەورەیان هەیە لە نەهامەتی و قەیران و کێشە خەستەکانی ئەم هەرێمەدا، و....تاد، بەڵام سەرکردەی دو هێزی مێژویین.
گەر ئێستا ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن و حکومەتێکی نیشتمانی بەرفراوان لە هەرێم دروست بکەن وسەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەگەرە ترسناکەکان یەکگرتوانە ئامادە بکەن و گەر لەو پارەیەی لایانە موچەی هەرێم دابین بکەن و گەر پێویستیش بکات حاڵەتی نائاسایی لە هەرێم رابگەیەنن و بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لیستەکان کراوەتر و بەرفراوانتر بکرێن و ....تاد ئەوا هەنگاوی جدی دەگرنەبەر بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەرە بەهێزەکان.
لێرەدا ناشێ ئاماژە نەکەم بە دو قۆناغی گرنگی مێژوی نزیکمان، کاتێک مسعود بارزانی تەحەدایەکی دوربینی واقیعێکی سەپێندراوی کردوە: کاتێک داعش موسڵی داگیر کرد پێی وابو کورد خۆی لە ئاگری ئەم " دراوسێیە تازەیە" دور رابگرێت، کاتێک داعش توشی شکستی سەربازی هات و بینی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چ پلانێکی بێ بایەخیان بۆ رۆڵی کورد، سەرەرای هەزاران شەهید و بریندار و ماڵوێرانی، لەو دۆخەدا هەیە، مسعود بارزانی پێداگری لە پرۆسەی ریفراندۆم کرد، هەرچەندە شکست بەپرۆسەکە هێنرا بەڵام ئاماژەیەک بو بۆ ئەو راستیە مێژوییەی کە کورد ریفراندۆم بکات یاخود نەیکات دوژمنەکانی بەردەوام مەبەستیانە کورد زەلیل و کۆیلە بن. مرۆڤ یەکجار دەمرێ ئیتر بۆچی هەر رۆژێک بەشێکی لێبکوژن.
ئێستا کاتیەتی سەرکردەکانی کورد لە باشور هەنگاوێکی بوێرانە بگرنە بەر تا واقعی نالەباری ئێستای هەرێمی کوردستان راست بکەنەوە. ئەم جەنگەی ئێستا ئیرادەی زۆربەی داگیرکەر و دوژمنانی کوردی لە ناوچەکە گەمارۆ داوە و دەستێشیان ئەوەندە کراوە نەماوە، بۆیە هەڵێکی گونجاوە هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێش بچین. هەر سەرکردەیەکی کورد لەم ساتەدا خۆی لەبەرپرسیاریەتی دۆخەکە دور رابگرێت، دەکەوێتە بەردەم گەڵێک پرسیار و گومانی جدیەوە.   

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×