بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا بۆتە یانەیەک

چیا عەباس
  2023-05-06     552

بە هۆی وردبینی وتێگەیشتنی کاک نەوشیروان كە كۆكەرەوەی بیر و بۆچونە جیاوازەكان بو، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە بەدین و عەلمانیەکان، لە هەڵچو بۆ میانڕەو،  لە نەتەوەخوازەوە بۆ لیبڕاڵ و لە گەنج و پیر و ژن و پیاو و هەمو چین و توێژەكان بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی گەورەی جەماوەری هێنایە کایەی سیاسی نەتەوەی کوردەوە. ئێستا گەر حزبێک یاخود گرتبونەوەیەک هەبێت لەم باشورە سەرلێشواوەی کوردستان ناسنامە و رەچەڵەکی خۆی لێبوبێت بەبارێکی قورس ئەوە گۆڕانی ئەم ساتانەیە.
زیاترلە بیست ساڵ لەمەو پێش چەندین تێکۆشەر و کادر و رۆشنبیر و نوسەر لە گەڵ کاک نەوشیروان کاریان بۆ هزری گۆرانکاری کردوە. لەو سەردەمانەدا بەشێکی هەستیاری ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای گۆڕان لە دەریای نیعمەت و چەور و خۆپەرستی یەکێتیدا تا سەر ئێسک تەر بوبون. هەرچۆنێک بێت گزنگی سەرهەڵدانی هزری گۆڕانکاری هێدی هێدی لە ئاسۆدا دەبینرا، لەو ساتانەدا بەندە لە گەڵ چەند هاورێیەکی مەڵبەندی دەرەوە، بە بەرپرسی مەڵبەندەکەشەوە، بەباڵی ریفۆرم ناسراو بوین، کوتلەی سەر بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی هەزار و یەک کێشەیان بۆ دروست دەکردین، ئێمە خۆراگر بوین و نەچوینە ژێرباری فشار و چاوسورکردنەوەکانی لوتکەی یەکێتی. لە ساڵی ٢٠٠٧ دەسەڵاتدارانی یەکێتی  بریاری هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندی دەرەویان دا و مەڵبەندێکی کارتۆنیان نزیک لە ماڵەکانی خۆیان لە " شارە حەیاتەکە" هەڵتۆقاند و بە بریارێکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی ئەو سەردەمە کە لەسەر پارچە کاغەزێکی زەرد هەڵگەراو نوسراو بو ئێمەمانیان لە ریزەکانی یەکێتی دەرکرد (کۆپی نامەکە پارێزراوە).
زۆرینەی ئەم بەرێزە دەسەڵاتدرانەی ئێستای گۆڕان بەرپرسی هەستیاری ناو یەكیتی بون. لە سەر ئەو هەنگاوانە کونجی بێدەنگیان بژاردە کرد.
عبدالرزاق شریف لە زنجیرەیەک وتار بەناونیشانی: "ئیتر قسە دەکەم" بەوردی تیشکی خستۆتە سەر چۆنیەتی هاتنی بەشێک لەم بەرپرسانەی ئێستای گۆڕان بۆ ناو بزوتنەوەکە، بە کورتی وکوردی: دو دڵ، ناجێگیر، مەرجدار، نائومێدی لە رەحمەتی مام جلال پێیان و ....تاد. کە هاتیشن سەرەتا بەناوی ینک-ریفۆرم هاتن.
لام مەبەستە سەردێکی کورتی پەلەی ئەم زەمینە مێژوییە بکەم تا باشتر لە روداوەکان تێبگەین و کەسیش بە چیرۆکەکانی دەوری ئاگردان چەواشە نەکرێت.
ئەوەی گرنگە هەڵوێست و رەفتاری چەند بەناو هەڵسوراوی گۆرانە کە تا نەخۆشکەوتن و وەفاتی کاک نەوشیروان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی هەستیار لە ناو گۆڕاندا بون و هاوکاری دێرین و نزیک بون لە رێکخەری گشتی.
پاش وەفاتی کاک نەوشیروان کێشە و ململانێ و تەکەتولگەری و رق و کینە و نیەتی تۆڵەسەندنەوە تەسفیەی حساباتی پێشو نێوان بەشێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان هێدی هێدی سەرئاو دەکەوتن، چۆنیەتی هەڵبژاردنی یەکەم خانەی راپەراندن سەلماندەرێکی حاشا هەڵنەگری ئەو جۆرە ئەقڵیەتە داخراو وخۆپەرستەیە.
کاک نەوشیروان لە دوا هەفتەکانی  ژیانیدا و کاتێک رۆژانە لە لەندەن دەیبیست دۆخی ناوخۆی گۆران بەدەست ئەم هاوکارە دێرینانەیەوە دەناڵێنێت بریاری دروستکردنی گروپی راوێژی دا. بۆخۆم دژ بەو بریارە بوم و لە گەڵیدا بە حزوری حەمە تۆفیق لە ماڵەکەی کاک نەوشیروان لە لەندەن گوتم: کاک نەوشیروان لە دەقی بریارەکەت گروپی راوێژ زۆر مەتاتی و نادیار دارێژراوە، بە رەچاوکردنی ناسینی جەنابت بۆیان لەسەردەمی خەباتی شاخ و دوای راپەرینیش باشترە خاڵ لەسەر وشەکانی بریارەکەت دابنێێت، بەپێچەوانەوە چاوەروانیم بۆ ئیجابیەکانی کەمن. بە دەنگێکی حازمەوە گوتی: مانای دەستەواژەی راوێژ زۆر ئاشکرا و رونە و ئەو برادەرانەش لێی تێدەگەن. حەمە تۆفیق هاورای بۆچونەکەی کاک نەوشیروان بو.
پاش وەفاتی دەرکەوت بەشێک لەو هاوکارە دێرینانە چیان بەسەر گۆڕاندا هێنا، ژمارەیەکی کەم لێیان زو لە دۆخەکە تێگەیشتن و ماڵئاواییان لە گۆڕان کرد.
دۆخەکە گەیشتە ئاستی نزیک لە متمانەی سفری جەماوەری گۆڕان بە بەرپرسانی گۆڕان. ئەم دەستە شکستخواردوە بۆ شانۆگەری دەستیان لە کار کشانۆتەوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا وەک ئەوەی نە بایان بینیوە و نە باران بەردەوامن لە بەرێوەبردنی گۆران. لە ئاکامدا بزوتنەوەکە بوە بە یانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک رەنگ و خواست بۆ بەسەربردنی کات و تەمەن و بەرێکردنی کاری ئۆفیسی و کۆبونەوە بێ ژمارە و بێ ئەنجامەکان. سەرەتا ئەوەی بەدڵیان نەبو لە گۆڕان دەریان کردن، سزایان دان و جۆرەها تۆمەت و ناو و ناتۆرەیان بۆ هەڵبەستن، گوێیان لە هیچ رەخنە و پرۆژە و پێشنیازی بنیاتکەر نەگرت، هاوکاتیش دەست دەنێن بەسەر چەند ئەندامێکی گەندەڵی یانەکەیان و ناز و رازیان پەسند دەکەن.
بزوتنەوەکە بوە بە یانەیەکی هوایەتەکان چونکە ئیرادە و نیەتی بزوێنەریان نیە و شکستی کەمەر شکێنەریان دروێنە کردوە لە کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوریان.
وێرای ئەم سەرجەم شکست و پاشەکشانە سەرانی یانەی گۆران بۆ دابینکردنی دارایی و کەل وپەل و پێویستیەکانی یانەکەیان چەند ئەندامێکی دەستەی یانەکەیان دیاریکردوە: لە حوکمرانی هەرێم، لەحوکمرانیەکە لۆکاڵیەکان، لە پەیوەندیەکانیان و لە راگەیاندنیشدا، بۆ باقیش خوا کەریمە.
سەرەرای ئەم دۆخە تاڵەی یانەی گۆڕان هێشتا ئومێدێک ماوە بەو گەنج و ئیرادە زیندوانەی ناو ئەو یانەیە کە بە هەمو توانایەکیانەوە کار بۆ بەخشینەوەی ناسنامە رەسەنەکەی بزوتنەوە بە پرۆسەکە دەدەن.
ئەوانەشی هێشتا لەو باوەرەدان ئەم یانەیە بەهەندێک لەبغ و گەچکاری و پینە و پەرۆکردن و ریزکردنەوە و ئاڵوگۆری کەل و پەلەکانی و ...تاد هەڵدەسێتەوە پەنجەی پەشیمانی دەگەزێنن.... با بزانین بەچی دەگات!   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×