دارستانی کوردان... و رۆحەکەی !

چیا عەباس
  2023-04-13     452

کوردستان دارستانێکی چر و پری بەرینە، ئێستا زەبر و قەدەری زەمان بەری خۆریان لێگرتوە، رۆحەکەشی سروشتێکی مەعنەوی هەیە و دەستی لێنادرێت و هەناوی دارستانەکەی لەخۆ گرتوە و لەیەک جیاناکرێنەوە، لە گەڵ ئەوەشدا ئێستا رۆحە رەسەنە ئەزەلیەکەی نامۆ بوە بە دارستانەکەی.
هۆڵەندیەکان پەندێکیان هەیە دەڵێت: بە هۆی دارەکانەوە دارستانەکە نابینرێت، بە واتایەکی تر سەرقاڵبونی زۆر بەوردەکاریەکانەوە چیتر دارستان و رۆحەکەی نابینرێت و هەستی پێ ناکرێت، قەدەری کوردیش ئێستا ئەمەی بەسەرهاتوە.
بێ ژمارە داستان و فرمێسک و خەندە و پاسەوان و رێبوار و خەمخۆر و چەتە و ژیان و نەمان و خۆشەویستی و کینە و راوچی و نێچیر لە نێو هەناوی رۆحی دارستانەکەدا چاویان بەدنیا هەڵهاتوە و گوزەراون. ئێستا نەک تەنها چەند وشکەڵانیەکی تەنراو بە درک و داڵ و خرنۆک بەڵکو بێ ژمارە گورگ و درندەی تر و گیانلەوەرە بێ ئامانەکانیش رۆحی دارستانەکەیان زامدار و خوێناوی کردوە.

دێرزەمانێکە زاکرە و ناخ و رۆح و جەستەمان بە رەنگ و بۆن و مەرام و بەروبوم و روناکی و تاریکی و چیرۆکەکانی ئەو دارستانە ئاشنابون. بێ ژمارەن ئەوانەی بۆ کانیاوێک، بەری دارێک، چڵە گوڵێک و خەندەی کۆرپەلەیەک گڵکۆیەکی رەنگینی باڵا هەڵکشاویان بۆ حەوانەوەی ئەزەلیان بەرۆحی دارستان بەخشیوە. ئێستاش هەمو چرکەیەک سەدای هەمیشە زیندوی نێو گڵکۆکان بە گوێی گەڵا و لق و پۆپە بێ ژمارە زەردهەڵگەراوەکانی دارستانەکەدا سرودەکانی سەردەمی منداڵی دەچرنەوە و دەیان لاوێننەوە، فرمێسکی کانیاوە هەڵچوەکانی گڵکۆکان دڵۆپ دڵۆپ دەپرژێنە نێو جەرگە سوتاوەکانی منداڵە پێپەتیە بێ دایک و باوکەکانی نیشتمان.
لە کتێبی زەوی سەخت و ئاسمان دور لە بەرهەمی مارف ئاغایی (١٩٦٦-١٩٩٨) دا لە سەر گڵكۆ هاتوە:
بەربەیانی
لەسەر کێلی ڕۆژهەڵاتی ئەم گڵکۆیە
هەر دڵۆپێک
دەبێتە پەیکی گزینگ و تاریکایی دەشواتەوە.
ئەمە چیرۆکێکی نیشتمانی کوردانە، ئەمەی باسی دەکەم رۆحە رۆمانسیە رەسەنەکەی کوردبون و کوردایەتیە، ئاوێنەیەکی واقعی ئەو دو چەمکە تۆمەیە، چیرۆکێکە ئەلفی هەیە و بای دیار نیە، هاوکات کەمیش نین ئەوانەی وا بیردەکەنەوە ئایا ئەم رۆحە زادەی دارستانەکەیە یاخود دارستانەکە زادەی ئەو رۆحەیە؟ هەرچۆنێک بێت مەحاڵە لە یەک جیابکرێنەوە. سەرەرای هات و هاوار و دەهۆڵ و زورنای سیاسی ئەم دارستانە نیشتمانی هەمو کوردانە و رۆحەکەشی ژیان و وزە و ئومیدبەخشە بۆیان و کورد بەرەو خۆری ئازادی هەڵدەکشێنێت.
لە گێژاوی گەردەلولی نێو دارستانەکە چەندین رۆبن هودی کوردی و راوچی و بازرگان و دەڵاڵ و دەستگرەوە و فاڵچی و شێخی ساختەچی دوعا و نزا و فریادرەسی شەبەح ئاسا و ئاغا و دەرەبەگە مۆدێرنەکان دانە تیژەکانی تەڵەکانیان لە لارێ و تولەرێ و بندار و سوچ و قوژبنەکانی دارستانەکەدا چەقاندوە.
باسم لە بەناو " رۆبن هود" ە کوردەکانی ئەم دارستانەیە، باسم لەوانەیە کە بە دە دەست هەگبەکانیان لێوان لێو دەکەن بە بەروبوم و ئاو و هەوای دارستان و لە کوخە زێرینە قەشەنگە هەڵتۆقیوەکان لە لوتکەی باڵاترین درەخت ناوبەناو پاڕچەیەک نانە وشکە و توێکڵێکی رەق و قومێک ئاوی باران فرێدەدەنە خوارەوە.
یاسا و رێساکانی ئێستای دارستانی کوردان هاوشێوەی ئەوانەی جەنگەڵن، هێز و دڕندایەتی و بونیادی پتەو و سوچ و روکنی گرنگ و خاوەن تیر و کەوان و دەنگی بەرز و گر و دەستە و تاقمی گوێرایەڵ و سەکۆی نمایشکردن و هاوارکردن لە دابینی کوخە زێرین و باڵا هەڵکشاوەکان روخساری جۆرێکی تری " رۆبن هود" ە کوردەکانی دارستانی نیشتمانن. بەشێک لەمانە سەردەمانێک پاسەوانی دارستان بون، ئێستا دەستیان بۆ سەروی خۆیان پان کردۆتەوە و هاوکاتیش هات و هاواریانە گوایە کوخە زێرینەکانی ئاغاکانی دارستان رادەماڵن. ئەمانە بازرگانە رەشەکانی دارستانەکەن، هەمو چڕکەیەک چاویان لە کوخەکانی لوتکەی درەختە بەرزەکان چەقاندوە و دەستەکانی سواڵکردنیان پانکردۆتەوە، ئەمانە ئەو جۆرە رۆحگیرانەن کە بۆ ئاغاکانی دارستانەکە هەوڵی نەزۆک دەدەن بۆ خزاندنی رۆحە رەسەنەکەی دارستان بەرەو هەڵدێر. لە گەڵ ئەوەشدا فرمێسکی تمساح ئاسا بۆ رۆحە رەسەنە زامدارەکەی دارستان دەرێژن .
یاسایەکی سروشتیە هەرچەند هەوڵ بدەیت روحی رەسەنی دارستان بشاریتەوە ساتێک هەردێت شنەبای خودی دارستان و پایزی تەمەنی درۆ کۆتایی پێدەهێنێت.
لە مێژە خەڵکی دارستان فێربون سەبر و خۆراگری ئەیوبییان هەبێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×