کوردکوژەکان!
چیا عەباس
2020-06-05   1051
شەشی حوزەیران ٥٧ ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر کۆمەڵ کوژیەکەی سلێمانی لە لایەن سوپای فاشستی عێراقەوە، ئەو ساتە تەمەنم ١٣ ساڵ بو روداو و وێنەکانی ئەو کورد کوشتنە بە زیندویی لە ناخ و دەرونمدا ماون.
لە مێژە سەرکردە و حکومەتە ستەمکارەکانی عێراق، سوپا و دەزگا مرۆڤ کوژەکانیان، سیخور و جاش و بەکرێگیراوە کوردەکان بکوژانی کورد و وێرانکەری کوردستان بون. بێجگە کوشتن و لە سێدارەدانی هەزاران رۆڵەی کورد ئەنفال و کیمیابارانیش دەیان هەزار قوربانیان لێکەوتۆتەوە.
لە ناوەراستی شەستەکانی سەدەی رابوردوەوە و دواتریش لە خولەکانی شەرەکانی ناوخۆ لە سەردەمی شاخ و دوای راپەرین بەشێکی زۆری هێزە سیاسیەکانی کورد کە لە بەرەی دژ بە بکوژە تەقلیدیەکانی کورد بونە بەشێکی ئەو هاوکێشەیە. هەرچەندە ئامارێکی ناوخۆیی بۆ قوربانیانی شەرە ناوخۆ، براکوژیەکانی کورد بەرچاو نەکەوتوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی بیانی بە نێوان هەشت تا دوازدە هەزار مەزەندەی دەکەن.
بە زەبر و جەزرەبەی ئەمریکا شەری ناوخۆ راگیرا، خۆشبەختانە لەو ساتەوە کە زیاتر لە بیست ساڵە دیاردەی کوشتنی کورد بە دەستی کورد لە باشور سەری هەڵنەداوەتەوە، بەڵام مەترسیەکەی لە ئاسۆدا خۆی حەشارداوە و چەند جارێک تەقینەوەی لە سان و ئاندا بوە.
لەو بەینەدا بەڵایەکی گەورەی تر یەخەی کوردی گرت، بەهۆی شەری داعشەوە هەزاران رۆلەی کورد بونە قوربانی و ماڵوێرانی نیشتمان.
کورد بەرامبەر بکوژانی لە داگیرکەر و دوژمن و خائینان بەرگریەکی سەختی رەوای پر شانازی و سەربەرزی کردوە، تاجە گوڵینەی خەباتی لە راپەرین و پێکهێنانی حوکمرانی خۆماڵیدا چەسپاند.
لەسایەی حوکمرانی خۆماڵی، دەسەڵاتە خۆخۆریە حزبیەکان، چاوچنۆکی دەسەڵاتداران، گەندەڵی، خۆپەرستی، پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ، قۆرغکاری ئابوری و گوزەرانی هاوڵاتی، کوشتنی رای ئازاد و پیشاندەران، سوکایەتی بە بەها کۆمەلایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردەواری، سزای سیاسی، نانبرین، چارەکە و نیوە موچە، زەلیلکردنی بەهاکانی هاوڵاتی و ...... بەشێکی هەستیاری ئەو سەردەمە تا ئەم چرکەیەش بەو دیاردانەشەوە بەرێوەبراوە.
ئەم کارانە رۆژانە، سەدان جار، لە هەمو سوچ و قوژبنێکی کوردستان، لە زۆر بواری گرنگی ژیانی هاوڵاتیان ساچمە ژەهراویەکانن کە بونیادی تاکی کوردیان زامدار و شەکەت کردوە، بۆیە هاوڵاتی کورد لەم دۆخە ئەوەندە بێ ئومێد بوە گەیشتۆتە ئاستی ئیفلیجبون، بێگومان بێ کارێکی جدی و کاریگەر ئەم ئیفلیجبونە قەبری تاکی کورد هەڵدەکەنێت.
بکوژە تەقلیدیەکانی کورد بە فیشەکێک، گوللە تۆپێک، بوتڵیکی تێزاب، بۆردومانێک، گازێکی ژەهراوی و چاڵە جەماعیەکان لە چەند چرکەیەکدا کۆمەڵکوژی کوردیان دەکرد.
ئەو دۆخەی ساڵانێکی درێژە کورد لە باشور تێیدا دەگوزەرێت یەکسانە بە ئەشکەنجەدانی بەردەوامی بونیاد و دەرونی تاکی کورد، هەر رۆژێک بەهایەک، خۆشەویستیەک، سۆزێک، یادەوەریەک، داواکاریەک، ئاواتێک و خەونێکی هاوڵاتی کورد پێشێل دەکرێن و بریندار دەکرێن، دەسەڵاتیش بە پلاسیبۆیەکی سواو و بەسەرچو پینەو و پەرۆی دەکات.
تەنها لاوانەوەی هاوڵاتی بە چرینەوەی هەزاران جاری هەمان میلۆدیای نارازی چارەی دەردەکانی ناکات، کاتیەتی ئیرادە و رۆحە غەمبار و زامدارەکەی هاوڵاتی بە میلۆدیایەکی نوێ ببوژێنرێنەوە.
ئەرکێکی سەرەکی یاخیبوەکان ئەوەیە ئۆرکێسترای سمفۆنیای بوژاندنەوە سازبکەن.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٥ حوزەئیران ٢٠٢٠